ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەرچەندە پاش چەند کۆبوونەوەیەکى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى دەوڵەتى عێراق (سەرۆک کۆمار، سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆک وەزیران) و مشتومڕێکى درێژخایەن وەک بڵاوکرایەوە پەرلەمانى عێراق ڕۆژى دووشەم 24/6 وەزارەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لە مردن ڕزگارکرد و وەزارەتەکانى (بەرگرى، ناوخۆ و داد)ى پڕکردەوە، بەڵام کێشەى حوکمڕانى لە عێراقدا هەر گرێکوێرەیە و بەردەوامە، ئەم کێشەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمیشدا ڕەنگى داوەتەوە و خەریکە دەبێت بە ساڵێک نەتوانراوە بە هۆى هەمان ئەو گرفتانەوە کە لە عێراقدا هەیە (بەشبەشێنە و حزبایەتى تەسک و پاوانخوازى ...هتد) حکوومەتى نوێى هەرێم پێک بێت !!

هەرچەندە کێشەى حوکمڕانى لە عێراقدا پەیوەستە بە واقعى چینایەتى کۆمەڵگاکەوە، بەڵام بەپلەى یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵەى (2003- 2004) کە ئەمریکا پاش ڕووخاندنى (بەعس) ڕاستەوخۆ حوکمى عێراقى گرتە دەست، کە ناونرا ساڵەکەى (پۆڵ بریمەر) کە حوکمڕانى عێراق بوو. بریمەر کۆمیتەیەکى بەناوى (ئەنجوومەنی حوکم) پێکهێنا لە نوێنەرانى نەتەوەکان و ئاینەکان و مەزهەبەکان و تایەفە و خێڵەکان گوایە بۆ یارمەتیدانى خۆى لەگەڵ ئەوەشدا کە ستافێکى تەواوى لە شارەزایانى خۆیان لە دەور بوو.

ئەم ئەنجوومەنە لەبەرئەوەى هەریەکە لە تیرە و تایەفەیەک بوون بە درێژایى ئەو ساڵە نەیانتوانى لەسەر یەک بڕیار یەک پرۆژەى هاوبەش پێکبێن و ناچار هەر پێشنیازەکانى بریمەر)یان پەسەند دەکرد و دەبوو بە بڕیار، تەنانەت لە داڕشتنى دەستوورە کاتییەکەشدا ...

بریمەر واتە ئەمریکا بناغەى حوکمڕانى لە عێراقدا بەو جۆرە داڕشت و سەرۆکایەتییەکانى دەوڵەت و وەزیرەکان و کاربەدەستانى حکوومەتەکەى لەسەر بنچینەى (بەشبەشێنە و تایەفە و مەزهەب و نەتەوە و ئاین و خێڵایەتى دابەشکرد، هەروەها سەرچاوەکانى داهات و دەستکەوتیش !!

سەبارەت بە کێشەى کورد و حوکمڕانى لە هەرێمدا لەبەرئەوەى کە نوێنەرانى کورد یەک هەڵوێست نەبوون (بریمەر) توانى حوکمە زاتییەکەى (سەدام) 973ى سەپاند بەسەریاندا و ئەوە بوو لە دەستوورى کاتیدا لە دووتوێى مادەى (58)دا و لەوە دواتر لە مادەى (140)دا کۆکرایەوە، ئەو کێشەیە لە ساڵى 2005وە تا ئەمڕۆ نەک هەر چارەسەرنەکراوە بەڵکو بووە بە مایەى ناکۆکى لە نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەکەوە و لە نێوان پارتى و یەکێتى و حزبە کوردستانییەکانى تریشدا لەلایەکى ترەوە، چونکە (بریمەر) هەر ئەوکاتە دەسەڵاتەکانى هەرێمیشى دابەشکرد !!

ئەمریکا و پێشتریش بەریتانیا بە چاکى لە واقعى کۆمەڵگاى عێراق و کوردستان تێگەیشتوون و دەزانن چۆن گەمە بە کارتە سیاسییەکانەوە دەکەن، بەڵام وادەردەکەوێ ئێمە تا ئێستا لەوان تێنەگەیشتووین !!

ئەمریکا لە گەرمەى شەڕى داعش لە عێراقدا پێویستى بە هێزى پێشمەرگە هەبوو، بۆیە ئەوکاتە هەرایەکیان نابووەوە، گوایە ئەمڕۆ یان سبەى حکوومەتى سەربەخۆى کورد دادەمەزرێنن، بەڵام کاتێک کورد ویستى لە 25/9/2017 ڕیفراندۆم بکات، ئەمریکا بوو بە هاوکارى حکوومەتى بەغدا و ئێران و لە مانگى ئۆکتۆبەرى ئەو ساڵەدا هەموو ئەو ناوچانەى کە پێشمەرگە بە خوێن لە چنگى داعش ڕزگارى کرد بوون تەسلیم بە حکوومەتى مەرکەزى کرانەوە بە (کەرکووک)یشەوە !!

کەچى ماوەیەکە ئەمریکا دیسان (پشى پشى)مان بۆ دەکاتەوە .

 

 

 

 

 

                                                                           

 

  • 1