ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

(( دیموکراسی و هەڵبژاردن))

هەڵبژاردن پرۆسیسی دەنگدان بە حکومەت و دەسەڵاتە . واتە دەنگدان بە هەر حیزبێک ، دەنگ دانە بە دەسەڵات و سیاسەت و مەنهەجی ئەو حیزبە ، هەتا ڕابەری حکومەت بکات . دەنگدانەکان دەست نیشانی چوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو دەکەن . لە سیستەمی سەرمایەداریدا، دیموکراسی هەلبژاردن بەوەوە پەیوەست دەبێت کە حیزبە گەورەکان چییان بووێت و نەوێت ، لەو چوارچێوەیەدا، دەنگدان سنووردار دەکەنەوە .

کەواتە دیموکراسییەتی سەرمایەداری ، دیموکراسییەتی دەنگدان و هەڵبژاردنی سیاسەت و مەنهەجی سەرمایەداریە . ئەوان دەنگدانەکەیان ، لە چوارچێوەی دەنگدانێکی گشتی ئاشکرادا نییە ، بەڵکو دەنگدانی پشت پەردەیە . هەر دەنگدانێک سیاسەتی سەرمایەداری خستە (دژایەتی)ەوە ، نامۆیە و ڕێگای پێنادرێت . لێرەدا مەبەست لەوە نییە کە سیاسەتەکە سیاسەتی چینایەتی دژ بە سەرمایەداران بێت ، بەڵکو لەناو خۆشیاندا ، ئەم (دژایەتی)ە بوونی هەبوو ئەوا هەزارو یەک پیلانگێڕی دەکەن لە بەرامبەر یەکتردا . بۆ نموونە ئەوەی کە لە تورکیادا ڕووی داو حیزبی ڕەفاهی ئیسلامی زۆرترین دەنگیان هێنا بەڵام بە هەزارو یەک پیلانگێڕی سەرمایەداری بەڕێخرا دژ بە سەرمایەی مۆدێلی ئیسلامی (کەسیاسەتیکی تری لە پشتەوەیە) ، سەرۆکەکەی و حیزبەکەشیان خستە بەردەم دادگایی ئەو ووڵاتە . یان ئەو دەنگە زۆرەی ئیسلامیەکان لە جەزائیر بە دەستیان هێنا ، قبووڵ نەکردنی لە لایەن سەرمایەداران خۆیانەوەو ڕێگری کردن لە دەسەڵاتدا . ئەمانە و ڕووداوەکانی تری پێش و دوای ، هەر هەموویان ئەوەدەگەیەنن کە سیاسەتی ئەمڕۆکەی جیهان و سیاسەتی زاڵیش ڕێگە بەوە نادات کە مۆدێلێکی تری بەرگ و ڕوکاری سەرمایەداری ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی مۆدێلی ئیسلامیەکان ، بە هەمان بەرگ و ڕێچکەی جیاوازو هەمان ناوەڕۆکی سەرمایەداری و ئاڕاستەی جەمسەرێکی سیاسی و ئابووری بکرێت . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حیزبانەو هەموو حیزبەکانی تری سەرمایەداری ، پەیوەندی توندو تۆڵیشیان بە ڕاگرتنی پەیوەندی ئابوری وکۆمەڵایەتی سەرمایەدارییەوە هەیە . سەرمایەی شارنشین و گەشەکردوو ، لەبەر ئەوە دژ بەم ڕەووتانە ناجوڵێتەوە کە گوایە ئەم ڕەووتانە کۆنە پەرستن و ئەوانیش شارستانیەت و علمانیەت ڕێبازیانە ، بەڵکو خۆشییان بە تەواوی لە لیتە و بۆگەناوی کۆنەپەرستیدا ‌نقووم بوون ، لەبەرئەوەیە جارێکی تر کۆنەپەرستی خۆی زیندوو دەکاتەوە.. لە بەرامبەر ئەم ڕەووتانەدا لەبەرئەوە دەجەنگن ، ترسی ئەوەیان هەیە ئەم ڕەووتانە سیاسەتی جیاوازو جەمسەرگیری درووست بکەن ، بەرامبەر بە سەرمایەداری جیهانی مۆنۆپۆلی بەڕێ بخەن و ململانێی ناوچەیی بکەن لەگەڵیاندا ، بەرژەوەندیەکانیان بخەنە ژێر هەڕەشەی لەناو چوونەوە . ئەمەش بە شێوازی گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی جیاواز بە پەیوەندی سەرمایەداری نییە . بەڵکو ململانێی سیاسییە لە بەدەستهێنانە ئابوورییەکانی جهیاندا . ئەمە تەنها بۆ ئەفریقاو ئاسیاو بەشێکی ئەوروپا نییە ، بەڵکو ئەمەریکای لاتینییشی گرتووتەوە . ئەم شەڕە ناوخۆییە کۆنەپەرستانەیان ، شەڕی سیاسەتی بەرژەوەندی مۆنۆپۆڵی جیهانییە ، لەپێناوی سنووردارکردن و دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری یەکتریە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا . بە دەست هێنانی زیاتری بازاڕەکان و قازانجی زیاترو دەستکەوتەکانیان ، گەورەترین سەرمایە دەخەنە خزمەتی ئەم سەرۆک حیزبە و ئەو سەرۆک خێڵ و دەسەڵاتی لەسەرکار بە دەسەڵاتی عەسکەرتاریەت و بیروکراتیەت ناوزەند کردنیان و داوای دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی دەکەن و کە چەندێتی حیزبی تیادا هەبێت و ناونیشانی درۆ گەورەکانیان و مانشێتی گۆڤارو ڕۆژنامەکانیان دەبێت . لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پرۆسەیە لەپێناوی بەرگری لەهەمان دەسەڵات دەبێت و سەرووچاوەکان و ناوی حیزبەکان و سەرۆک خێڵەکان دەگۆڕێت . لەم هەلوومەرج و سەردەمانەدا ، هەڵبژاردنی سەرمایەداران و پرۆسیس کردنی لە پێناو زیندوو کردنەوەو تازەکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیانە . بەڵام دیموکراسی پرۆلیتاریا ، بە دەستەوەگرتنی کوتەکی شۆڕشگێڕی و دەسەڵاتی خۆیەتی ، زۆرینەی کرێکاران دەنگی پێدەدەن ، بە ئاشکرا داوای لەناوبردنی خۆشیان ئەکەن وەک چین بوونیان هەبێت ، لە پێناو سەقامگیر بوونی کۆمەڵگادا .

ئەو تێڕوانیانەی کە ووردە بۆرژوازی ڕابەری لیبراڵی ( ح.ک.ک.ع ) و (ح.ک.ک.آ ) و ( ح. ک.آ) هەیانە لەسەر هەڵبژاردنەکان تێڕوانینێکی زۆر ڕیاکارانەیەو هەڵقوڵاوی دێدگای ووردە بۆرژوازییە .

لە (سۆسیالیزم و پەرلەمانتیزم )دا دەڵێت{ باسی ئەوە هەر ناکەم کە تەنانەت یاساکانی هەڵبژاردن لە زۆر ووڵاتی جیهان ئێستاش گەلێک لایەنی غەیرە دیموکراتیکی تێدایەو بە جۆرێک داڕێژراوە کە حیزبە چکۆلەکان و کەمایەتی یەکانی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن ، کە نوێنەری بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کۆمەڵن بەڵام ناتوانن زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بە دەست بینن ، بە گشتی لە پەرلەمانەکان وەلا دەنرێن وە یا بە پێی دەنگەکانیان نوێنەریان نییە . ل١٢ (عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم وپەرلەمانتاریزم)}. ئەم لێکدانەوەی بەرگری کاری سەرمایەداری ، لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاری کردنی ڕێژەی دەنگدەرەکان و لەوێوە دەست نیشان کردنی دیموکراتیک بوون و نەبوونی هەلبژاردنەکان ، هیچ ناگەیەنێت ، بێجگە لەوە کە دەیەوێت بڵێت هەڵبژاردنەکان بە پێی نوێنەرایەتی ڕێژەیی بوو ، بازنەیی نەبوو ئەوا ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراتیک دەبێت . چونکە حیزبە چکۆلەکانیش ، کورسییەکانی پەرلەمان وە یان وەزارەتێکیان دەستگیر دەبێت . بە تەنها بەشدار بوونی حیزبە چکۆلەکانیش ، پرۆسیسی دیموکراتیک بوونی هەڵبژاردنەکانی سەرمایەداری ناگەیەنێت . کە لە بنەڕەتدا کێشەکان لەسەر ئەوە نییە ، کە لە هەڵبژاردندا جۆری هەڵبژاردنەکە دائیری (بازنەیی) دەبێت یان نیسبی ، چونکە هەر بارێکیان لە هەڵبژاردن هیچ جیاوازییەک ناگەیەنن کە شایەنی پیا هەڵدان بێت . تەنها لە زیندوو کردنەوەی جارێکی تری دەسەڵاتی سەرمایەداران و بۆرژوازییە ، چاوەڕوان هێشتنەوەی کرێکاران و خۆش باوەڕبوونیان لە بازنەی بە تاڵی هەڵبژاردنی نوێدا نەبێت هیچی تر نییە . هەر ئەو کاتەی کە هەڵبژاردنەکان نیسبی دەبێت و حیزبە چکۆلەکانیش کورسی پەرلەمانیان بە نسیب دەبێت لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا ، ناتوانن بڕوای زۆرینەی خەڵک بن لە پەرلەمانداو دەوری کاریگەریان لەسەر سیاسەت و یاساکانی ناو پەرلەمان و حکومەت هەبێت ، تا بتوانن سیاسەتی حیزبە گەورەکانلەمەنگەنە بدەن و بەرەنگاریان ببنەوە . حیزبەکانی چەپ و بۆرژوازی بەهەمووناونیشانەکانیانەوە ، هیچیان لە ئاستی حیزبێکی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا نابێت . داواکردنی حیزبە بچووکەکانیش بۆ چوونە ناو پەرلەمانەوە ، هیچ ناگەیەنێت ،بێجگە لەوە نەبێت کە ووردە بۆرژوازی دەیەوێت سەهمی خۆی بباتە ناو پەرلەمان و حکوومەتەوە و تیایدا داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن . لە زۆرترین کاتدا حیزبە گچکەکان دەبێت بچنە چوارچێوەی ئیئتلافێکەوە لەگەڵ حیزبە گەورەکان ، تا بتوانن لەو ڕێگەیەوە پارێزگاری لە خۆیان بکەن . دەبنە گوێ ڕایەڵی سیاسەتی حیزبی گەورە ، دەنگیان دەبێت بە دەنگی گەورەکان ، واتە ئەجێندای سیاسەتی حیزبی گەورە دەبێت بە سیاسەتیان . لەم بارەشیاندا سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن و ناتوانن دەنگیان دەنگی دەرچووی هەڵبژاردنەکان بێت ، یان لە هەڵبژاردنی بازنەیی دا (دائیری)دا ، دەکەونە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت . لە هەردوو بارەکەیاندا ، دەنگیان بوونی ئەوتۆی نابێت یان کاریگەریان نییە لەسەر ئەجێنداو سیاسەتی حیزبە گەورەکان ، هەموویان بەگەورە و گچکەکانیانەوە ، ڕووەکانی یەک دراون .

لەسەر مەسەلەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و حکومەتی سەرمایەداری ، چەپی لیبراڵ لە هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت { لە بابەت وسەرچاوەی ئاڵ و گۆڕەکان ، پێموانیە کەس بتوانێ حاشا لەوە بکا کە ئەو ئاڵ و گۆڕانەی لە زەمینەی مافی هاووڵاتیاندا پێک هاتوون و وە دەست هاتنی مافی دەنگ دانی گشتی، سەرەڕای موقاوەمەتی بۆرژوازی و حکومەتەکانی و دیارە سەرەڕای ناڕەزایەتی پەرلەمانەکانیش، بە هێزی شۆڕشە کریکارییەکان و خەباتی کۆمەڵایەتی کرێکاران ، بزووتنەوەی ژنان و ...، یانی بەهێزی خەباتێکی بەدەر لە پەرلەمان لە لایەن موخالیفانی پەرلەمانەوە لە پلەی یەکەمدا بە هێزی کرێکاران وەدی هاتوون و ئەمجار پەرلەمانەکان و حکومەتەکانی بۆرژوازی ناچار بوون ئەم ئاڵ و گۆڕانە بسەلمێنن . ل١٢-١٣ (عبداللەی مهتدی ،سۆسیالیزم و پەرلەمانتیزم)}. ئەم خۆش باوەڕییەی ووردەبۆرژوازی دەستی داوەتێ ، بێجگە لە بەرگریکردن لە دیموکراتیک بوونی هەڵبژاردنەکانی سەرمایەداری ، بەکەڵکی هیچی تر نایەت . مێژووی پرۆسیس کردنی هەڵبژاردنی گشتی لە پەرلەمانەکاندا ، لەو مێژووانەوە سەرهەڵدەدەن کە خودی سەرمایەداری لە مێژووەکەیدا تووشی تەنگژە بووە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگاکانیاندا ، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکادا . ترس لەو حەتمیەتە مێژووییەی کە بووەتە تارمایییەک بەسەر ئەم مێژووەوە ، کردەیەکی چارەنووس سازە بۆ کۆمەڵگا !. سەرمایەداری دەیەوێت لە بەرامبەریدا خۆی ڕابگرێت و درێژە بە تەمەنی بۆگەن بووی بدات . واتە جاریک لە ڕێگەی جەنگە جیهانی یەکان و کاول کارییەکانی و جارێک جەنگی ناوخۆیی دەگۆڕێت بۆ جەنگێکی دژەشۆڕشی کۆنەپەرستی قێزەوون و جارێکیش جەنگی ئەستێرەو لە لایەکی ترەوە جەنگی ساردی نێوان دوو بلۆک و لەئەملاشەوە بەهۆی دەنگدانی گشتییەوە دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر دەکاتەوەو بە هەموو ئەو ڕووداو دیاردانە دەیەوێت ، کرێکاران دەستیان لە شۆڕشەکەیان بەرببێ و کردە و هەوڵی شۆڕشگێڕانەیان لەناو بەرن . ئەوان لە سەرەتای مێژووی خۆیاندا سەرهەڵدانیاندا ، وەک بزووتنەوەیەک باسیان لە ئازادی دەکرد ، بەڵام کام ئازادییە (بێ گومان ئازادی لە فرۆشتنی هێزی کاردا لەلای کرێکاران و ئازادی بۆ کڕینی ئەم هێزەی کارە لە لایەن سەرمایەدارانەوە.) ڕاستە کاریگەری لە دەرەوە هەبوو، لە سەر پەرلەمان . بەڵام ئەم کاریگەریانە ، ئەگەر ڕێگر نەبووبێت ، نەبوونەتە پێشڕەفتی بزووتنەوەکان .

لە زۆرێک لە ووڵاتانی دنیادا ، ڕۆژی ٨ی مارس بە ڕەسمی هێشتا ناناسرێت و پشووی ڕەسمی نییە.. کەواتە زۆرێک لەو یادو بیرەوەریانەی کە پەیوەندە بە شۆڕش و چینی کرێکارەوە هەیە ، وەک شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ئەم دوو شۆڕشە کە پەیوەندی دیاریان بە مێژووی خەباتی چینی کرێکارەوە هەیە ، لە کام پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا تشریع کراوە و بە پشووی ڕەسمی دەناسرێت و ڕێگەی لە یاد کردنەوەی ناگرن . کەواتە ئەوەی وانە بێژانی سەرمایەداری باسی لە هێزو تواناکانی خەباتی چینی کرێکار کردووە بۆ سەر پەرلەمان و حکومەتەکانی سەرمایەداری ، پرۆسیس کردنی هەڵبژاردنی گشتی لە سیستەمی سەرمایەداریدا ، هیچ نییە، بێجگە لە خۆش باوەڕبوونی ووردەبۆرژوازی بە پەرلەمان و حکومەتی سەرمایەداری و دروست کردنی بیرو هۆش وگیانی کرێکاران و پەیوەست بوونی بە پەرلەمان و هەڵبژاردنی گشتی ئەم دەسەڵاتە .

کەواتە ئێمە ئەبێت لەو گۆشەنیگایەوە سەیری کاریگەری خەباتی چینایەتی چینی کرێکار بکەین لەسەر پەرلەمانەکان کە یاسای دڵخوازو پێویستی ژیانی خەبات و تێکۆشان و خواستی شۆڕشی کرێکارانی تێدا بێت . ئەم حاڵەتە بە هیچ جۆرێک لە پەرلەمانەکانی سەرمایەداریدا ، ڕێگەی پێ نادرێت . مارکس ووتەنی ( کە ووردە بۆرژوازی داوای هەرچ جۆرێک لە ژیانی ڕیفاهی دەکات لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا . داواکاری درێژ بوونەوەی ژیانی سەرمایەدارییە ) کەواتە نابێت لەو گۆشەنیگایەوە سەیری پەرلەمان و دیموکراتیک و نا دیموکراتیکی بکەین کە واعیزە خوێنانی سەرمایەداری باسی لێوە کردووەو دەکات . بەڵکو ئەو تەشریعانەی کە لە ناو پەرلەماندا ..... دەبێتە پەیڕەوی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی یاساکانی پەرلەمان ، لێرەوە دەتوانین دەست نیشانی دیموکراسی یەکەیان بکەین ، کە دیموکراسی بۆرژوازییەو کرێکارانی پێ فریوودەدەن و پەیوەندی کاری بە کرێ درێژە پێدەدەن .

لە بڕواو دیدی کۆمۆنیستە زانستیەکاندا ، ئاڵوگۆڕەکان لەسەر گۆڕینی ناوەڕۆک و ناوکی یاساکانی کۆمەڵگای سەرمایەدارییە ، نەوەکو لەسەر ڕووکارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سەرمایەداران . ئەو بۆ چونانەی کە گوێ لەمستی سەرمایەداری لە دەرەوەی سیاسەتەکانی پەرلەمان پێی دەڕوانێت ، تەنها خۆش باوەڕی بەرهەم دێنێت و سیاسەتی دیماگۆجیانە پەیڕەو دەکات ، هەروەها ئەوەندە لە ناو ڕیفۆرمدا دەتوێتەوە ، کە پرسی ستراتیژی دەخرێتە پێناویەوە ، هەوڵی لەپێناویدرێژکردنەوەی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریە. ئەم بارەش بەوە دەبینن کە لە ڕووکاری دەرەوەدا پەرلەمان گۆڕانکاری کردووە و کێشەکەی پەیوەندی بە ڕیفۆرم و داواکاری ڕیفۆرمیستانەی کرێکارانەوە هەیە هەر چۆنێک بێت ئەم ڕیفۆرمانە بە پێشڕەفتێک دابنێن و بزووتنەوەی کرێکارانی پێ لە مەنگەنە بدەن . واتە لە لای ئەوان ڕیفۆرم ڕۆڵێکی شۆڕشگێڕیانەی هەیە . واتە ڕیفۆرمی گەورەی وەک دیموکراتیک بوونی هەڵبژاردەکانی پەرلەمان (بە ووتەی خۆیان) ، لە کارە هەرە گەورەکانیانە . بەڵام ڕیفۆرم مانای ئاڵوگۆڕ پێک ناهێنێت ، بەڵکو مانای جێکەوتەو هێشتنەوەی هەمان پەیوەندی پێشوو دەگەیەنێت بەماکیاجێکی شێواوەوە . هەروەها ئەوەی کە ئەم ووردەبۆرژوازیانە هزرڕۆشنیان لەسەرکردووە ، ناوەڕۆکی بۆرژوازیانەی پەرلەمان ناگۆڕێت و لەگەڵ ئەوەشدا بە پێشڕەفتێک دانانرێت . ئەو واتایانەی کە لە بۆچوونەکانی گوێ لەمستانی بۆرژوازی و سەرمایەداریدا هەیە ، ئەوە دەگەیەنێت کە ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکان و خەباتی چینایەتی کرێکاران ، بخاتە چوارچێوەی داخوازی و ئاواتەکانی سەرمایەدارییەوە و ئارایشتی سەرمایەداری بە خشڵی دیدو بۆچونی ووردە بۆرژوازیانە بڕازێنێتەوە . ئەوانە دەنازانن چ درۆو فڕوفێڵێک بەکار بهێنن و دروستی بکەن تا بتوانن ئاڕاستەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بە ئاڕاستەی ڕیفۆرمیستیدا ببەن و لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا بەشێک لە داهاتی کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان بە دەست بهێنن ، شڵەژانێک بخەنە بەردەم ڕەوتی خەباتی کرێکارانەوە .

لە وەڵامی پرسیارێکدا ، گوێ لەمستانی لیبراڵیزم ، دوو شتی زۆر لێک جیا باس دەکات و درایەتی دەخاتە ناو بۆچوونەکانییەوە و دەڵێن{ ئەو پێش ڕەفتانەی سەرەوە کە خۆیان بە هۆی اعترازات و بزوتنەوەکان و شۆڕشەکان بەسەر بۆرژوازیدا سەپێنراون، هیچ گۆڕانێکی کەم و زۆریان لە چوارچێوە و ناوەڕۆکی بۆرژوازی پەرلەمانەکان دا پێک نەهێناوەو ناشتوانێ ئەمە بکەن . ل١٣(عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم و پەرلەمانتاریزم)}. مەبەستی پێشڕەفتەکان ، ڕیفۆرمی دەرەوەی هەڵبژاردنەکانە لە پەرلەمانی بۆرژوازی لیبرالیستدا . کەواتە ئەم پەرەگراڤە دوو ناوەڕۆکی لێک جیا بەیان دەکەن . ئەبێت بزوتنەوەکان و شۆڕشەکانی کرێکاران کە بەسەر بۆرژوازیدا سەپێنراون ، گۆڕانکاری لە یاسا و ڕێسای سەرمایەداریدا درووست بکات و بتوانێت لە شێوەی دەرەوەی دەرەوەی سیاسەتەکانی سەرمایەداری واوەتر بچێت . ئەگینا نە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بووەو نە ناڕەزایەتیەکی سەپێنراو بووە بەسەر سەرمایەداریدا . یان ووردەبۆرژوازی خزمەتکارانی لیبراڵیزم دەیەوێت ئەوە ڕابگەیەنێت ، کە پێشڕەفتییەک کراوە لە پەرلەماندا ، لەلایەکی ترەوە بزووتنەوەکانیشیانی گرێداوە بە ڕیفۆرم لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکاندا . پێشڕەفتەکان تەنها لەوەدا دەبینێتەوە کە هەڵبژاردنەکان نەبەستراوەتەوە بە مەرجی خاوەندارێتییەوە . ئەم دیدگایە ، پاساوهێنانەوەو چەکوشکاری کردنە بۆ ڕازاندنەوەی سەرمایەداری . ووردە بۆرژوازی دەیەوێت نەخش و نیگاری شێواوی سەرمایەداری ، بە جوانترین شێوە نیشان بدات . لە لای کۆمۆنیستە زانستیەکان ، پێشڕەفتیەکان بەندە بە بەدەستهێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و پرۆسیس کردنی دیموکراسیەکەی . لەبەرئەوەی فرماسیێۆنی سەرمایەداری لەوە تێپەڕیکردووە و دەرکەووتوە . ووردەبۆرژوازی دەیەوێت بە هەزارو یەک پینەوپەڕۆ و بیانووەوە ، پەیکەری سیاسی و ئابوری بە زیندوویی بهێڵێتەوە لە ئاوەز و بۆچوونی ئینسانیدا . هەروەها لەلایەکی ترەوە ، ووردەبۆرژوازی لیبراڵ ، مافی هاووڵاتی بوون و بەشداری کردنیش لە هەڵبژاردنەکاندا بەوە دەبینێتەوە کە شۆڕشە کرێکارییەکان و بزوتنەوەکانیان ئەمانەیان بەدەستهێناوە ، بەڵام بیر لەوە ناکرێتەوە کە دەستکەوتەکانی تەنها لە پێناوی چاکسازی سەرمایەداری بووە ، زیندوهێشتنەوەی پەیوەندی کارو سەرمایە بووە لە ناو پرۆسەی بەرهەمهێناندا . ئیلهام بەخشانی سەرمایەداری دەڵێن { بە پێچەوانەی یونانی کۆن، ئەوە نیە کە کۆیلەکان مافی ئەوەیان نەبێت کە بچنە پەرلەمان ، یانی کرێکاران وەک چینێکی کۆمەڵایەتی کۆسپێکی قانونی لەسەر ڕێگایان نییە . ئەو بێ مافییە ، بە هۆی خەباتی کرێکاری و لە هەل و مەرجێکی دیاری کراودا کە ئیمکانی لەناو چوونی ئەو بێ مافییەی پێک هێنا بوو ، لە ناو چووە . سەر ئەنجام بە هۆی شۆڕشەکان و بزووتنەوە کرێکارییەکان ، بۆرژوازی ئامادە نەبووە ئەوە بسەلمێنێ کە ((هاووڵاتی)) هەموو دانیشتوان دەگرێتەوە نەک تەنها خاوەنانی مالکیەت . ل١٥-١٦(عبداللە مهتدی ، سۆسیالیزم و پەرلەمانتاریزم)} . کرێکاران مافی دەنگدانیان هەیە لە سیستەمی سەرمایەداریدا . بەڵام ئەگەر دەنگ لەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی کۆمەڵ بدەن ئەوا بە ئاگر و ئاسن وەڵام وەردەگرنەوە . کام شۆڕش ، لە خوێندا هەڵنەکشاوە و دەسەڵاتی سەرمایەداران لەناوچوبێ . واتە هەڵبژاردنەکانی کرێکاران بۆ نوێنەرانی خۆیان نیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی سەرمایەداریدایە . هەروەها کۆیلەکان لە کاتی خۆیدا مافی دەنگدان و بەشداری کردنیان لە دەسەڵاتدا نەبووە ، شۆڕشەکەشیان بێ خوێن ڕشتنێکی زۆر نەبووە . هەروەها کۆمۆنەی پاریس ، سەرمایەداری بەدڵی خۆی دەسەڵاتی لە بەردەم شۆڕشگیراندا چۆڵ نەکردوو (٧٢) ڕۆژیش لە تەمەنی ئەو دەسەڵاتە ، بە بێ پیلانگێڕی و هێرشەکانی سەرمایەداری نەبووە . جیاوازییەکان لەوەدایە کە کۆیلەکان نەیان ئەتوانی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و لە سیستەمی سەرمایەداریدا کرێکاران مافی دەنگ دانیان هەیە وە دەست بردنیش بۆ دەسەڵات و پەرلەمانی سەرمایەداران وەڵامی ئاگرو ئاسنی دەبێت . لەوێدا بێ ماف کردنی کۆیلەکان لە هەڵبژاردن و دەنگدان ، دەسەڵات ودەنگ بۆ خاوەن کۆیلەکان دەبێت . لێرەدا مافی دەنگدانی کرێکاران بۆ هەڵبژاردن و بەیعەت دانە بە سەرمایەداران .

بێ مافییە کە لە مافی دەنگدان دایە . سیستەمی سەرمایەداری لە مانیفیستی خۆیدا ، هاووڵاتی بوونی بەیان کردووە ، هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە ، بەڵام هاووڵاتی بونی کرێکاران ، مانای لە دەست دان و توانەوە و لە بەین بردنی چینی کریکارە ، لە خەبات و کاریگەری و ڕۆڵی شۆڕشگێڕی . لەبنەڕەتدا پرۆلیتاریا پەیوەندی جیهانی خۆی ناخاتە چوارچێوەی سنوورو دەسەڵاتی یەک ووڵاتەوە تا بە هاوشاری یان هاو نیشتمانی و هاووڵاتی ، پەردە پۆشی بوونی چینایەتیانەی بکرێت و لە ڕۆڵە مێژوویەکەی لاببرێت ، ئەگەر نیشتەجێی ووڵاتە جیاجیاکنیش بێت .

ووردەبۆرژوازی گوێ لەمستی بۆرژوازی لە وەڵامی پرسیارێکیدا دەڵێت { پەرلەمان، لە هەندێک سات و سەردەمی هەڵکەوت و((استثنایی)) دا نەبێت ، هەرگیز مەیل و وویستی ڕاستەقینەی جەماوەر نانوێنێ ، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا وویست و مەیلی جەماوەر بە شێوەیەکی تەحریف کراو لە ((مجمع ی قانونی بەرهەڵست کارانی جەماوەر)) دا دەنوێنێ . ل١٧- ١٨ (عبداللەی مهتدی ،سۆسیالیزم و پەرلەمانتیزم)}. کاتێک کە پەرلەمان هزری بۆرژوازی و بەرژەوەندی سەرمایەداری نوێنەرایەتی دەکات ، لە هیچ کاتێکدا وویستی ڕاستەقینەی هەموو جەماوەر نانوێنێ . بە مانای بەرژەوەندی تەواوی داخوازی و بۆ پێویستییەکانی جەماوەر ، ئەبێت کام حاڵەتی (استثنایی) بێت ، کە ئەم حەریفەی بۆرژوازی باسی لێوە دەکات !؟ پەرلەمان نوێنەری کام داخوازی بووە و دەبێت ، ئەمەش لە درۆیەکی ڕووت بەو لاوە هیچی تر نیە .

کرێکارانی ئەڵمانیا کرێکەیان زیاد دەکەن ، لە بەرامبەریدا سەرمایەداران باج دەخەنە سەر شتومەکە بەکارهێنەرەکان و بە چوار قاتی زیاد کردنی کرێکانیان ، قازانج و سەرمایە دەگێڕنەوە بۆکۆمپانیا و بانکەکان و بودجەی دەوڵەت . لە لایەک ئەم ووردەبۆرژوازیە ڕازی نیە لە دەسەڵاتی پەرلەمان و لە لایەکیش پێی وایە هەندێک باری جۆراوجۆرو ناوازە هەیە ، دڵی چەپی بۆرژوازی ڕازی دەکات و پەرلەمان و وویستی ڕاستەقینەی جەماوەر ڕاڤە دەکات . سەیر نیە کە ئەم دید و بۆچوونانەی ووردەبۆرژوازی ، دڵی چەوسێنەرانی پێ ڕازی دەکەن و بەیانی نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەر بە گوێی سەرمایەداری دەدەن . سەرمایەداران لە نوێکردنەوەی دەسەڵاتیان ، هەڵبژاردنەکان بە پارە و پولێکی زۆر دەڕازێننەوە و لە پێناویدا چەند ملیۆن خەرج دەکەن . لەولاوەشەوە پەرلەمان کۆنترۆڵ دەکەن پەرلەمان ئەمانە کۆنترۆڵ ناکات ، ئەو دەسەڵاتەکەی لە هەر شوێنێک بێت ، دەبنە دەمڕاست و قسەکەری تەواوی جەماوەر و بەرژەوەندیەکانیان . بەخەیاڵی مژدەبەخشانی سەرمایەداری ، لە دەستوور و یاساکانی پەرلەماندا ، خاڵ بەندیەک بکەن ، مەیل وویستی ڕاستەقینەی جەماوەر بنوێنێت . جەوهەری هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی پەرلەمانی بۆ پارێزگاری و زیندو ڕاگرتنی بەرژەوەندی بۆرژوازی و سەرمایەدارانە . واتە ناکرێت بەرژەوەندییەکان باس بکەن و لادانی تیادا بکەن . بەڵکو ئەو خولگەیەی کە بۆ ڕەوتی هەسارەی سەرمایە درووست کردووە ، نە ترازێ و کاریگەری گەورەی لەسەر نەبێت ، بۆ ئەوەی چینی کرێکار بە مەیل و وویستی بەرژەوەندییەکانی خۆی نەگات ، یان دوورتر بخرێتەوە .

لە هەمان وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بەشێک لە وەڵامەکەیم لەسەرەوە هێناوەتەوە دەمڕاستی سەرمایەداری دەڵێت { بۆچی جارێک لە جاران هەڵناکەوێ لە کێشەی نێوان کرێکارو خاوەنکاردا کە ووڵاتێک دادەگرێ ، پەرلەمانەکان لایەنی کرێکاران بگرن و بڕیار بدەن کە دەوڵەت پۆلیس بنێرێ هەتا خاوەن کارەکان بە پێ ی حوکمی قانوون – نەک بە زەبری باتووم و گۆپاڵ و سەگ تێ بەردان ئەو جۆرە کە لەگەڵ کرێکارەکان دەجووڵێنەوە – پاشە کشە پێ بکەن ؟ ل١٩ (عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم وپەرلەمانتیزم)}. لەم پەرەگراڤەیدا جیاواز دەڕوانێتە پەرلەمان و دەسەڵاتەکەی و جیاوازیشی هەیە لەگەڵ ئەو تێڕوانینەی کە لە لاپەڕە (حەڤدە)دا هەیە ، تێڕوانین و ڕەخنەی خۆمان ئاڕاستە کردووە . قانوون قانوونی سەرمایەدارانە ، یاسای بڕیاردانە بەسەر کرێکاراندا ، نەک یاسای دادگای سەرمایەداران بێت . هەروەها دەسەڵاتیش بە پۆلیس وسەگەوە بۆ ئەو قانوون و یاسایانە لە خزمەتدان . ئەوپەڕی گەمژەییە کە وا بزانرێ یاساکانی سەرمایەداری قانونێکە ئەتوانێت دادگایی سەرمایەداران بکات ، کە چۆن لەگەڵ کرێکاراندا زەبروو زەنگی هەیە ، بێگومان وەکو ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا ، بەشداری دەکەن و دەنگی بۆ دەدەن .

لە بەرامبەر بە چینی کرێکاردا ، دەنگ بە یاسای زەبرو زەنگی سەرمایەداران دەدەن ، ، کەواتە زەبروو زەنگەکان و یاساکانیان ، بۆ پارێزگاری کردنە لە یاسای بێکارکردن و نەبوونی جێگەی نیشتەجێ بوون و ..... بۆ سەرمایەدارانیش یاسای پارێزگاری سەرمایەی سەرمایەدارانە و یاسای توندوتیژ کردنەوەی هەلومەرجی کارە . یاسای کام دەسەڵات لە پێناو دادگایی کردنی خۆیەتی !؟ بێ گومان هیچ دەسەڵاتێک ئەوە بە جێگە ناهێنێ . ئۆپۆرتۆنیستی چەپی لیبراڵ کارێکی وای کردووە کە چاوی داخات لە ئاست پرسێکی زۆر گرنگ ، کە هۆشیاری کرێکارانە ، لە دەنگدان و دەنگنەدان . کرێکاران کام هۆشیاریان هەیە ؟ دەنگ بۆ نوێ بوونەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی دەدەنەوە یا گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی کاری بەکرێ و سەرمایە بەپێشمەرجی هەوڵ و شۆڕشەکەی دەزانێت . بەرگریکارانی لیبراڵیزم ، لە لاپەڕەی (بیست و چوار)داو لە لاپەڕەکانی پێش و پاشیشدا ، ئەوەندە پێداگری لەسەر دەسەڵاتی زاڵی ئابوری و شێوازی بەرهەمهێنان و ئامرازەکانی دەسەڵاتی سەرمایەداری دەکەن ، خۆیانی بێ هیواو کرێکارانی بێ توانا کردووە یان (دەکات) لە بەرامبەر سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان ، بۆ لەناوبردنی پەرلەمان و یان بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان . ئەگەر حیزبە ڕیفۆرمیستەکان و ڕێکخراو یەکێتیە ڕیفۆرمیستیەکان ، کرێکارانیان لە دەوری خۆیان و سیاسەتەکەیان کۆ کردووەتەوەو دەنگ بە سیاسەت و ئامانجی پەرلەمانی دەدەن ، خودی سیاسەت و هۆشیاریەکی نادروستی کرێکاریانەی واقعی ئێستایە ، جموجۆڵەکانیان لەچوارچێوەی ئەو ڕێکخراوانەدا دەدۆزنەوە . بوونی سیاسەتی کرێکارانی کۆمۆنیست و هۆشیارییەکەیانە ، دەنگ بە پەرلەمان نادەن ، وە ئەتوانن هەموو ئەو دام و دەزگایانە بێ بەها و ڕسوا بکەن کە لە خزمەتی سەرمایەداراندایە . واتە پێش گرتن بەم سیاسەتانە ، بە کاری خود بە خودی بێ پرنسیپ و دیسپلین ناکرێت چونکە خۆشباوەڕبوونی کرێکاران و دەنگدان بە پەرلەمان و دەسەڵاتەکەی لە نەبوونی هۆشیاریییەوە دەبێت ، هەروەها هۆیەکی گرنگی هێشتنەوەی سیاسەت ودەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتەکەیەتی .. بێگومان کرێکاران پێویستی بە هۆشیاریەکی کۆمۆنیستانەی زانستیانە هەیە ، بتوانێت دەربڕی ڕاستی و تەواوەتی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی پرۆلیتاریا بێت ، چینەکان لەناوببات و بەهۆیەوە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی دامەزرێنێت .

 

  • 1