ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینییەوە

چەمکی حوکمڕانی باش لە دەوڵەتداریدا

لە چوارچێوەی کارکردن بۆ بنیاتنانی دەوڵەت لە چیندا کە بەپێی یاسا حوکم بکرێت، و بنیاتنانی دەوڵەتی سۆشیالیستی کە یاسا حوکمی بکات، لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی بایەخێکی گرنگ بە چەمکی حوکمڕانی باش لە دەوڵەتداریدا درا، و ئەم بابەتەش لە سەرەتاوە پەیوەندی بە گەڵاڵەبوونی پرەنسیپە گشتییەکانی سیستەمی سیاسی چینەوە هەبووە، کە لە ماوەی ساڵانی 1949 پاش شۆڕش تا 1956دا دەرکەوت، و پاشان تێکڕای گۆڕانکارییەکان لە بواری سیاسەت و ئابووری و ڕەوشی کۆمەڵایەتی کارتێکردنی خۆی لەسەر ئاراستەکردنی ڕەهەندە سەرەکییەکان و گۆڕانکارییەکانی نێو شێواز و بابەتی حوکمڕانی، جێهێشتووە. 

بابەتەکانی "ئابووری ئاراستەکراو" و پاشان "شۆڕشی ڕۆشنبیری"، و دواتر گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە سەرجەم بوارەکانی ژیانی ئابووری و سیاسی گرتەوە، لە بواری گۆڕانکاری یاسا و ئاراستەی چەمکی حوکمڕانی لە دەوڵەت و لە حزبدا، ڕەنگی دایەوە.

ناوەڕۆکی یاساکان لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی چین پشتی بە "گەڵاڵەنامەی هاوبەشی کۆنگرەی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین" ساڵی 1949 کە ڕۆڵی دەستووری کاتی دەبینی، و دواتر "دەستووری کۆماری چینی میللی" کە لە یەکەمین دانیشتنی یەکەم ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێنەرانی گەل" لە ساڵی 1954، بریاری لەسەر درا، دەبەست.

بەڵام بە هۆی پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی لە چین و بوونی خولیای جیاواز و ململانێ لە سەرکردایەتی حزب و پاشان ئەنجامدانی "شۆڕشی ڕۆشنبیری"، بەشێکی زۆر لە یاساکانی کاری پێنەکرا، تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی حزب دەستپێشخەری وەرگرتەوە، و کاری بۆ کۆتاییهێنان بە بارودۆخی گێرەشێوێنی و ناهەمواری وڵات کرد، و ئەم ئاراستەیەش پێویستی بە بەهێزکردنی سیستەمی یاسای دیموکراسی و پەلەکردن لە دانانی سیستەمی یاسای دیموکرات لە هەموو بوارەکاندا وەک بناغەیەکی پێویست بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، هەبوو، و ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی تاڵ و ئازاربەخشی "شۆڕشی ڕۆشنبیری".

لە ساڵی 1978دا سێیەمین خولی تەواوی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی یانزەهەمین کۆنگرەی حزب ئەنجامدرا، و قۆناغی چاکسازی و کرانەوە دەستیپێکرد، و گەشەپێدانی دیموکراسی سۆشیالیستی و تەواوکردنی سیستەمی سەروەری یاسای سۆشیالیستی بوو بە بنەمای سەرەکی و چەسپاوی حزب و دەوڵەت.

لەو خولەدا دنگ شیاو بینگ ڕابەڕی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە پێناوی دابینکردنی دیموکراسی میللی پێویستمان بە چەسپاندنی سەروەری یاسا هەیە، و دەبێ کار بۆ بەدامەزراوەیی کردنی دیموکراسی و بە یاساکردنی بکەین، بە جۆرێک ئەم دامەزراوە و یاسایە بە گۆڕینی سەرکردەکان و گۆڕانکاری لە بۆچوون و ئەو مەسەلانەی بایەخی پێدەدەن، گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت. 

لە 4ی دیسەمبەری 1982دا پێنجەمین کۆنگرەی ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێنەرانی گەل بڕیاری دەستووری هەموارکراوی کۆماری چینی میللی دا، و لەو کاتەوە بە سوودوەرگرتن لە خاڵە پۆزەتیف و خاڵە نێگەتیفەکانی بنیاتنانی سۆشیالیستی لە چین، و خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە و نوێخوازی لە بنیاتنانی سۆشیالیستی، و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی سۆشیالیستی، هەموارکردن لە ساڵانی 1988، و 1993، و 1999، و 2004 لە دەستووری چین بە ئاراستەی چەسپاندنی سیستەمی سەروەریی یاسا و دیموکراسیی سۆشیالیستی کە بنەمای حوکمڕانی باشە لە بواری دەوڵەتداریدا، ئەنجام درا.

لە ئەزموونی حوکمڕانی باشدا بابەتی سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بابەتی ڕەچاوکردنی واقیعی گۆڕاو لە کۆمەڵگادا بەسترایەوە، بە جۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی پەرەسەندن و گۆڕانکاری ئابووری و پەرەسەندنی ژیانی خەڵک، و ئاسۆی ئایندەی دەوڵەت، و چارەنووسی گەل بگونجێت.

لەم پرۆسەیەی حوکمڕانی باش لە بواری دەوڵەتدارییدا، بایەخێکی تایبەت بە مەسەلەی دەستووری وڵات دراوە، و پاراستنی دەستوور و جێبەجێکردنی بە پێوەری پاراستنی ئیرادەی هاوبەشی حزب و گەل و مافی هاووڵاتی، و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی، دانراوە. 

لە ماوەی نێوان ڕاگەیاندنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە، تا ساڵی 2010 کە پانزەهەمین کۆنگرەی حزب بەسترا، و ئاراستەکەی بەرەو دامەزراندنی سیستەمی قانوونی سۆشیالیستی بوو، لە چیندا 236 یاسا، و 690 یاسای ئیداری، و 6800 یاسای خۆجێیی، بڕیار درا.

لە دوای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب سیاسەتی قوڵکردنەوەی چاکسازی لە سیستەمی سیاسییدا کە بە بنەمای حوکمڕانی باش دادەنرێت، چوار بواری گرنگی کردەوە کە ئەمانەن:

یەکەم: بەهێزکردنی بنیاتنانی سیستەمی سیاسی دیموکراتی سۆشیالیستی لە ڕێگای جەختکردن لەسەر یەکبوونی هەڵوێستی سەرکردایەتی حزب، و بەرپرسیاری گەل لە چارەنووسی خۆی، و سەروەری یاسا، و پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان گەل و ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل، و بەهێزکردنی سەرپەرشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل، و بایەخدان بە ڕۆڵی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین.

دووەم: چەسپاندنی سەروەری یاسا، و پاراستنی دەسەڵاتی یاسای دەستووری، و قوڵکردنەوەی چاکسازی لە سیستەمی دادوەرییدا.

سێیەم: چاکسازی لە سیستەمی ئیداری، و وەزیفەی گشتی، کە ئەمەش پەیوەندی بە بەردەوامبونی چاکسازی ئابوورییەوە هەیە.

چوارەم: بەهێزکردنی میکانیزمی چاودێری دەسەڵات، و سیستەمی چاودێری، بە جۆرێک گەل چاودێری دەسەڵات بێت، و دەسەڵاتیش بە شەفافیەت کارەکانی بکات. 

لە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی حزب لە 22ی ئۆکتۆبەری 2014، دوای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب، ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ ئاماژە بۆ چەندین خاڵی سەرەکی بە مەبەستی خێراکردن لە بنیانانی دەوڵەتی سۆشیالیستی بە پێی حوکمی یاسا دەکات، کە ئەمانەی خوارەوەن:

1ـ پابەندبوون بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی چین وەک زامنێک بۆ بەردەوامبوون لەسەر کاروانی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی، و سەروەری یاسای سۆشیالیستی. بەم جۆرە حوکمڕانی باش لە کاری دەوڵەتدارییدا پەیوەندی بە چەمکی حوکمڕانی باش لە کاری حزبیدا هەیە. ئەم هەنگاوەش بە بەهێزبوونی سەرکردایەتی حزب و کاری حزبی دەکرێت نەک لاوازکردنی.

2ـ ڕەچاوکردن و پابەندبوون بە قورسایی و شوێنی سەرەکی گەل وەک بنەمایەکی سەرەکی و بنەڕەتی و گشتگیر لە چەمکی حوکمڕانی باش، و لە دەوڵەتدارییدا. لەم خاڵەشدا سەروەری یاسای سۆشیالیستی لە ئەزموونی بینیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی، جیاوازی بەرچاوی هەیە بە بەراوردکردن لەگەڵ سەروەری یاسا لە سایەی سەرمایەدارییدا.

پابەندبوون بەم خاڵە مانای وایە کە سەروەری یاسا لە پێناوی گەلدایە و پشت بە گەل دەبەستێت، بە مەبەستی بەختەوەری گەلە، و گەلیش دەپارێزێت.

3ـ یەکسانی خەڵک و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بەرانبەر یاسا لە کاتی بڕیاردان و جێبەجێکردن و ئیلتزامکردن پێوەی، و لە کارەکانی دادگادا. بەم جۆرەش دەبێ کارەکان بە گوێرەی یاسا ئەنجام بدرێت، و هیچ کەسێک لە یاسا گەورەتر نییە. لەم بوارەشدا دەبێ کادیرەکانی حزب لە پاراستنی سەروەی یاسا، و لە ئەنجامدانی حوکمڕانی باش لە کاری دەوڵەتدا، پێشەنگ بن.

4ـ گرێدانی حوکمڕانی باش لە دەوڵەتداریدا لە بواری یاسا بە بابەتی بەها، و ڕەوشت. بۆیە ئەگەر یاسا ڕەوشتێکی نووسراو بێت، ئەوا ڕەوشت یاسایەکە لە نێو دڵدا، چونکە ڕەوشت و چەمکی ئەخلاق بنەمای یاسایە. لەم بوارەشدا بڵاوکردنەوەی پێوەر و بەهای سۆشیالیستی بنەمای ڕەوشتە، کە دەبێ کار بکەین لە نێو کۆمەڵگادا سەروەر بێت.

5ـ بە مەبەستی هێنانە دی پرەنسیپی سەروەری یاسا پێویستە ڕەچاوی واقیعی خودی چین بکرێت، و پێش بڕیاری هەر یاسایەک دەبێ هەلومەرجی خەڵک و وڵات، و نەریت و توانای جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بە هەند وەرگرین. بۆیە هەر نوێکارییەک لە بواری حوکمڕانی باش لە کاری دەوڵەتدارییدا ئەگەر ڕەوش و ژیانی خەڵک و تواناکان بە هەند وەرنەگیرێت، ئەوا ئاشووبە و گێرەشێوێنی دروست دەکات.

لە دوای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب، 180 بڕیار بۆ پتەوکردن و چەسپاندنی حوکمڕانی باش لە دەوڵەتدارییدا وەرگیرا. مەبەست لەو هەنگاوانە خێراکردن لە بنیاتنانی سیستەمی سەروەربوونی یاسای سۆشیالیستی بوو، و لە هەمان کاتیشدا ئاراستەی کارەکان بە شێوەیەکی پلانڕێژی و نەخشە بۆکێشراو بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوازێکی گشتگیر سەرجەم لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاساکان، و حوکم و بڕیارەکان و ئاراستەکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی سەرانسەری، بگرێتەوە، و یاسا حوکمی دەوڵەت و کۆمەڵگا بکات، و چەمکی عەدالەت و زانست لە داڕشتنی یاساکاندا هەبێت، و ڕۆڵی سەرەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل لە بڕیاردانی یاسادا بەرچاو بێت.

ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کە لە ساڵی 2017 بەسترا، چەمکی حوکمڕانی باش لە دەوڵەتدارییدا بە سێ بواری دیکە دەبەستێتەوە کە ئەمانەن: بەئەنجام گەیاندنی بنیاتنانی کۆمەڵگای ژیانی خۆشگوزەران بە شێوەیەکی گشتگیر، قوڵکردنەوەی چاکسازی بە جۆرێکی گشتگیر، بەڕێوەبردنی حزب بە دیسپلینێکی یەکلاکەرەوە و گشتگیر.

ڕاپۆڕتی کۆنگرە ئاماژە بەوە دەکات کە هەنگاوی گرنگ بۆ بنیاتنانی دیموکراسی و حوکمی یاسا نراوە، و پەرە بە سیاسەتی دیموکراسی سۆشیالیستی دراوە، و حوکمی دەوڵەت بە پێی یاسا بە شێوەیەکی گشتگیر بەرەو پێش چووە، و سیستەمی یەکبوونی ئۆرگانیکی نێوان ئیلتزامکردن بە سەرکردایەتی جزب، و سەروەری گەل و حوکمڕانی بە پێی یاسا ئەنجام دراوە، و پەرەسەندنی دیموکراسی سۆشیالیستی، و فراوانکردنی دیموکراسی ناوخۆیی حزب تا ڕادەیەکی زۆر، و پەرەپێدانی دیموکراسی ڕاوێژکاری، و پتەوکرنی بەرەی یەکگرتوو، ئەنجامدانی کاری داهێنەرانە لە خزمەتکردنی نەتەوە و ئاینەکان جێبەجێکراوە، و بایەخ بە بنەمای زانستی لە کاتی یاساداناندا، و جێبەجێکردنی بێ چەندوچوونی یاساکان و عەدالەت لە دادگادا، و پابەندبوونی گەل بە یاسا، و چەسپاندنی کاری هەر سێ لایەنی دەوڵەت و حکوومەت و کۆمەڵگا بە پێی یاسا و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنیدا، کراوە، و کار بۆ گەڵاڵەکردنی سیستەمی حوکمی یاسای سۆشیالیستی، و پتەوکردنی چاودێری لە سەرجەم لایەنەکان بەتایبەتی لە کارەکانی دەسەڵاتدا، بە باشی ئەنجام دراوە.

نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین جەختی لەسەر چەندین بابەت کە دوای هەژدەهەمین کۆنکرەی حزب لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزب خرابوونە ڕوو، کردەوە، و ئاماژەی بۆ پابەندبوون بە حوکمی یاسا، و حوکمڕانی دەوڵەت بەپێی یاسا بە شێوازێکی گشتگیر کە داواکارییەکی پوخت و زامنکاری سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینییە، کرد، و جەختی لەسەر کاری حزبی و جێبەجێکردنی سەرجەم کارەکانی سەرکردایەتی حزب بەپێی یاسا، کردەوە. بە هەمان شێوە ئاسۆی بەردەوامبوون لە پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تەواوکردنی سیستەمی یاسای سۆشیالیستی، و پەیڕەکردنی ڕێگای یاسای سۆشیالیستی و پابەندبوون بە دەستوور، و بنیاتنانی دەوڵەتی سۆشیالیستی کە یاسا تیادا سەروەربێت، گرێدایەوە.

لە هەمان کاتدا سەروەری یاسا لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی، بە چەمکی بڵاوکردنەوە و پەروەردەکردن گەل بە نەریت و بەها و ڕەوشتی سۆشیالیستی لە نێو کۆمەڵگا و لە بەڕێوەبردنی کاری دەوڵەتداری، و لە پەیڕەوکردن و ئەنجامدانی ئەرکی حزبی، لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبدا سەرلەنوێ ئاماژەی پێکرایەوە.

 

  • 1