ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(1)

وەرزی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆییە، بەرهەمی جووتیارانی کوردستان ناو بازاڕی تەنیوە و هەڕاج و هەزانفرۆش دەکرێن. وەک خۆیان دەڵێن نرخی بەرهەمەکانیان ناکاتە تەنانەت تێچووی گازی موەلیدەکانیان و زیانی لێدەکەن. زیانی جووتیاری کورد لە ئەمساڵدا چەند قاتە. لەلایەک گەنم و دانەوێڵەکانیان سووتێندرا، لەلایەک عێراق گەنمەکەیان دەبات و پارەکەی دێت یاخود نایەت، لەولاشەوە لەنێو بازاڕەکاندا بەهەرزانی دەبێت بیانفۆشن. ئێستا نەک هەر دانەوێڵەکانیان وای لێدێت، بەڵکو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانیش تووشی قەیران دەبن و زیان دەکەن و بەرهەمەکانیان هەرزانفرۆش دەکەن. مەڕدار و شوانکارەکانیش زیان دەکەن گۆشت و شیر و ماستیان ناتوانێت ڕی بگرێت لەبەردەم ماست و شیری ئێرانی و تورکی و عێراقیدا! نەک هەر ئەوەندە ئەوەتا فەردە خیاری جووتیاری کورد هەرزانفرۆش دەکرێت و وەک جووتیارێک گوتی؛ "پارەی فەردە خەیارێک ناکاتە پارەی فەردەکەی"!

کەمی هۆشیاری تاک لە گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی یەکێکە لە هۆکارەکان لە گەشەنەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و سەربەخۆنەبوونی ئابووری کوردستان، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە لەو بوارەدا هیچ پلان و کردارێکی دروستیان نییە. ئەوەی بیری لێدەکەنەوە تەنیا ئەوەندەیە کە لەماوەیەکی کورتدا بیر لەوە دەکەنەوە هەندێک باج زیادبکەن لەسەر هەندێک بەرهەمی دەرەکی، کە لەڕاستیدا بۆ واقیعی هەرێمی کوردستان ئەوە بەهیچ ناچێت و هیچ سوودێکیشی نابێت بۆ جووتیاران و سیاسەتی ئابووری ناوخۆیی. بەپێچەوانەوە پێویستە دەسەڵاتدارنی هەرێم بیر لەوە بکەنەوە کە لە ئاستی ناوخۆیی پەرە بە بەرهەمە جیاجیا ناوخۆییەکان بدەن، پلانێکی دوورودرێژ بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان دابنرێت، بەپێی یاسا بەرهەمە ناوخۆییەکان بپارێزرێت. پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەربکات. پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پەرەپێدانی سیاسەتێکە هاووڵاتییانی هەرێم و ئابووری هەرێم پتەو دەکات.

(2)

هاوکێشەی (ئابووری سەربەخۆ، دەوڵەتی سەربەخۆ) دروست دەکات هاوکێشەیەکی دروست و راستە، بەڵام کام کەرتی ئابووری سەربەخۆیی لێدەکەوێتەوە پێویستی بەڕامان و بیرکردنەوەیە. دەسەڵاتدرانی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا گرنگیان بە دەرهێنانی نەوت دا و کەرتەکانی دیکەیان پشتگوێخست بەوەی ببێتە کرۆکی ئابووری هەرێم و ڕێگە خۆشکەربێت بۆ سەربەخۆیی سیاسی، بەڵام دواجار دەرکەوت دەرهێنانی نەوت بۆ هەرێمێک کە هێشتا سەربەخۆیی سیاسی نییە و دەوڵەت نییە پاشکۆیەتی و وابەستەیی زۆرتری دەکات نەک هەر بۆ وڵاتان بەڵکو بۆ تاخم و دەستە و گرووپ و کەسە چاوچنۆک و بازرگانانی بازاڕی ڕەش. ببینن ئەو بارودۆخەی ئێستای هەرێم لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت لەلایەک لە سایەی سیاسەتی نەوتی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەلایەک خۆی خستۆتە ژێر قەرزی دەیان ساڵەی دەوڵەتی تورکیا، لەولاشەوە کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی دەیان کۆمپانیای رووسی و تورکی و ئیماراتی و چینی و ...تد. لەتەک ئەوانەشدا دەیان بازرگانی سەرزل و ورگ زلی بیانی لەسەر شادەماری نەوتی کوردستان پارە دەخۆن و دەدزن.

دەرکەوت نەوت کرۆکی ئابووری سەربەخۆی کوردستان نییە، بەڵکو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی و ئاژەڵی بۆی هەیە ئەو کرۆکە بێت ئەوەش بەهۆی ئەوەی:

-لەلایەک سیاسەتی خۆبژێوی ئابووری وادەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی ببوژێتەوە و پێویست نەکات لە ئێران و تورکیا و عێراقەوە شت بکڕین و ئەو پارەیەی هەیە نەچێتە دەرەوەی هەرێم.

-لەولاشەوە بەو خۆبژێوییە لەو وڵاتانە دوور دەکەوینەوە لەژێر کاریگەری سیاسی ئەواندا نابین و بەرەو پشت بەستن بەخۆمان هەنگاو دەنێین. پێویستمان بە سنوور و بۆڕی و ئاو و پاپۆڕی ئەوان نابێت کە لەبەرانبەردا فشار و مەرجەکانیان بەسەرماندا بسەپێنن.

ڕەنگە لەوانەش گرنگتر ئەوە بێت کە میللەت بەهێز دەبێت و پشت بە ڕەنج و توانای جووتیار و وەرزێر و چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا دەبەسترێت، بەپێچەوانەی نەوتەوە کە توێژ و چینێکی نێودەوڵەتی لووشی داهات و قازانجەکانی دەدا بە هاوکاری گرووپێکی سنوورداری ناوخۆیی!

 

  • 1