ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

-بەشی سێیەم-

دوای ئەوەی لیژنەی حزبی و پێشمەرگایەتی و بەرپرسی هێزەکەی پێشمەرگەکانی حزب، بەرنامەی ئەرک و کارەکانی هێزەکەیان داڕشت و بڕیاری جێبەجێکردنی درا و، کۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ تەواوی پێشمەرگەکان گرێدا و، لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی داڕێژراودا، هێزەکەی حزبمان بەبێ دواکەوتن و بەوریایی و ڕێکوپێکی بڕیاریاندا جۆرەها چالاکی سیاسی و فیکری ئەنجام بدەن و بارودۆخەکە بۆ جەماوەری گوندەکانی دەشتی کۆیە ڕوون بکەنەوە، لەهەمان کاتدا مەفرەزەیەکی ڕاپەڕاندنی ئەرکی بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەکانی پیاوانی ئەمن و بەعسی قوشتەپە لە بەرڕێ و پشتڕێ بەناوی مەفرەزەی شەهید ئازاد چاوشین بە بەرپرسیارێتی هاوڕێ کانەبی گەورە کە لێپرسراوی عەسکەری تەواوی هێزەکەی حزب بوو، وە ئەندامیەتی هاوڕێ موحسین دەشتی کە کادیرێکی پێشکەوتووی بواری حزبی پێشمەرگایەتی لێهاتوو و خاوەن ئەزموون و شارەزای تەواوی ناوچەکە بوو، هەروا پەیوەندییەکی فراوان و هەمەلایەنەی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە هەبوو، و هاوڕێی شەهید (سەلیم شێخ شێروانی و هاوڕێ کەمال ناسراو بە کۆسرەت) لەتەک هاوڕێیان لەمەفرەزەکەدا بوون، دوو هاوڕێی گەنج و لاوی زۆر ئازا و نەترس و وریا و شارەزای ناوچەکە بوون، هەموو کات و لەهەر بارودۆخێکدا ئامادەبوون ئەرکی حزبی ئەنجام بدەن، بەردەوام داوای ئەنجامدانی کاری پێشمەرگایەتییان دەکرد، بەتایبەتی دوای شەهیدبوونی هاوڕێ ئازاد چاوشین ئەنجامدانی کردەوەیەکی سەربازییان بەگرنگ دەزانی، بەندەش کە بەرپرسی سیاسی هێزەکەی پێشمەرگەکانی حزب بووم، شەرەفی بەشدارییم لەمەفرەزەکەی شەهید ئازاد چاوشین بۆ مەیسەر کرا.

ڕۆژی 12/7/1980 لە پێشمەرگەکانی هێزەکە جیابووینەوە و، بەرەو دەشتی هەولێر بەڕێکەوتین، دوای نوێژی شێوان بە گوندەکانی بیستانە و هەرەجە و سابڵاغ و سەردەشت و مورتکەی گەورەدا ڕەت بووین و هەندێ دۆست و ناسیاو و هاوڕێمان بینی و بەکورتی پڕوپاگەندەکانی پیاوانی ئەمن و بەعسیمان بەدرۆ خستەوە و، جەماوەرەکەش شاد و دڵخۆش بوون بەدیدار و کۆبوونەوەی کورت و ڕێکوپێک لەگەڵ هاوڕێیانی مەفرەزەکەدا هەر ئەو شەوە واتە شەوی 12/7/1980 بە پیکابێک لەجادەی کەرکووک-هەولێر پەڕینەوە و، چووینە نزیک گوندی یەدقزلەر، هاوڕێ کۆسرەت کە خەڵکی گوندەکە بوو بەدوای هاوڕێ (حاجی سابر)دا چوو، دەستبەجێ (مام حاجی سابر) گەیشتە لامان و گەلێک دڵخۆش بوو، هەندێ هەواڵ و دەنگ و باسی ناوچەکەمان لێوەرگرت و، دەربارەی بارودۆخی هێزەکەی حزب و دەنگ و باسی سیاسی قسەوباسمان کرد، دوای ئەم دیدارە مەفرەزەکەمان دابەشکرد و، ئەرک و کاری هەر یەکێک دیاری کرا، بڕیاردرا هاوڕێ کانەبی گەورە بچێتە ناو شاری هەولێر و ژمارەیەک دیدار لەگەڵ دۆستانی حزب ئەنجام بدات، هاوڕێ موحسین دەشتی بچێتە گوندی هێلەوە و دەوروبەری و دۆست و هاوڕێیان بەسەر بکاتەوە، هاوڕێ شەهید سەلیم و کۆسرەت و بەندەش بچینە گوندی شێخ شێروان و دەوروبەری بۆ هەمان مەبەست.

ڕێککەوتین شەوی 17/18/7/1981 لەهەمان شوێن یەکتر بگرینەوە، مەفرەزەکە شەوی 12/13/7/1980 لێکدابڕاین و هەریەکە و بەرەو شوێنی مەبەست ڕۆیشتین، ئێمە لەگەڵ هاوڕێ موحسین دەشتی تاکو نزیک گوندی هێلەوە بەیەکەوە بووین و، دوای ئەوە ئێمە لەگەڵ هاوڕێ شەهید (سەلیم) بەرەو گوندی شێخ شێروان لەڕێکردن بەردەوام بووین، زۆر ماندوو و شپڕزە بووین، بەهۆی گەرما و ڕۆشتنی لاڕێ واتە بەناو پەرێز و کێڵگەدا، بەیانی ڕۆژی 13/7/1980 دنیا ڕووناک ببوو، گەیشتینە سەر شینایی ماڵی هاوڕێ (سەلیم) کە لەنزیک گوندی شێخ شێروان بوو، کەس لەسەر شیناییەکە نەبوو، هاوڕێ شەهید سەلیم دەرگای ناعورەکەی ئاوی شکاند و، چووینە خوارەوە نزیک ئاوی ناعورەکە، هاوڕێ سەلیم گوتی ئێستاکە برا و ئامۆزاکانم دێن و، دەرگاکە دەبینن شکاوە، جون دەدەن و دەڵێن ئەمشەو دز هاتوونەتە سەر شیناییەکەمان، قسەکەی شەهید (سەلیم) ڕاست و دروست دەرچوو، کە کوڕەکان هاتن، هەمان قسەیان کرد و، گوتیان ئەمشەو دزیمان لێکراوە.

ئەو چەند ڕۆژەی لەم ناوە بووین، بەڕۆژ لەسەر شیناییەکە و ناو ناعورەکە دەبووین و بەشەویش دەردەچووین و، ئەرکەکانمان ئەنجامدەدا، بوونمان لەناوچەکەدا کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هاوڕێیان و دۆستانی حزب هەبوو، بەفراوانی هەواڵ و دەنگ و باسی هاوڕێیان بڵاوبۆوە و چالاکی و جموجۆڵی پیاوانی بەعسی کپ بوو.

شەوی 17/18/7/1980 بەرەو گوندی یەدیقزلەر بەڕێکەوتین و، درەنگانی ئەو شەوە گەیشتینە شوێنی بەیەکگەیشتن لەگەڵ هاوڕێیان (کانەبی گەورە و موحسین دەشتی) ئامادە ببوون و، بەدیداری یەکتر شادبووینەوە، هاوڕێ (حاجی هەینی و عەلی مەجید) لەشارەوە هاتبوون و ماوەیەک بەیەکەوە ماینەوە و، پاشان ئەوان بەرەو شاری هەولێر گەڕانەوە و، ئێمە بڕیارماندا بچینە ماڵی هاوڕێ حاجی سابر و ڕۆژی 18/7/1980 لە ماڵی ئەوان بین، چونکە دواکەوتین و ناتوانین بڕۆین بۆ شوێنی تر.... لەگەڵ هاوڕێ (حاجی سابر) ڕێککەوتین کە ئەوان بەخێزانەوە بچنە شاری هەولێر و، بەڕۆژ ماڵەکەیان چۆڵ بکەن، ئێمە لەماڵەکەیان بین، بیرۆکەکە جێبەجێ کرا و، ئەوان چوونە شاری هەولێر، ئێمە پێنج پێشمەرگە لەماڵەکە ماینەوە، کۆبوونەوەیەکمان گرێدا و باسی چالاکییەکانمان کرد و بڕیارماندا ڕاپۆرتێکی پوخت بنووسین و بۆ حزب ڕەوانە بکەین، هەروا لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەنجامدانی کارێکی سەربازییمان لەدژی دامودەزگاکانی حکوومەتی بەعس کرد، لەئەنجامدا ڕێککەوتین کە هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری کەرکووک – هەولێر لەنێوان پردێ و قوشتەپە بتەقێنینەوە، لەم کاتەدا شەمەندەفەرەکە تەداوری سەربازی لەبەغداوە دەگواستەوە بۆ هەولێر.. بۆ ئەم ئەرکە ژمارەیەک قاڵبی TNTمان پێبوو، بەندەش خولێکی ڕاهێنانم لەسەر جۆرەها تەقەمەنی و چۆنیەتی بەکارهێنانی دیبوو، تەقاندنەوەی هێڵەکەی شەمەندەفەرمان بەئاسانترین کاری سەربازی زانی، بۆ ئەم مەبەستە هەندێ وایەر و پاتریەکی ڕادیۆمان ئامادەکرد و بڕیارماندا شەوی 19/20/7/1980 TNTیەکە لەژێر هێڵی ئاسنینەکە دابنێینەوە، لە وتاری داهاتوودا تەقینەوەکە ڕوودەدات، لەژمارەی داهاتووی (ڕێگای کوردستان) ئەگەر ئارەزووتان بوو بیخوێننەوە.

   تێبینی:

-     ماڵەکانی کە لە کەپرەکانی نزیک گوندی ئاخوڕە بوون و شەڕەکەی لێوە ڕوویدا و، ماڵەکانی خەڵکی گوندی ڕەسول بچکۆل بوون.

  • 1