ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

(( دیموکراسی و سەردەمەکان ))

مێژووی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵ ، مێژووی بەکارهێنانی زەبروو زەنگ بووە . بۆ بە دەست هێنانی سیستەمێکی نوێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ، واتە بۆ بە دەست هێنانی دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی خۆی ، هەموو جۆرە زەبرووزەنگێکی بەکار هێناوە . هیچ جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ئابووری نوێ ، لە خۆیەوەو بێ بەشداری کۆمەڵ و چینەکان بە دەست نەهاتووە . هەرکۆمەڵگایەکیش لە پەیوەندییەکانیدا ، ئەم پرۆسەیەی بە شێوەی تایبەتی خۆی بەکارهێناوە . کەواتە کاتێک کۆیلەکان بە ڕووی خاوەن کۆیلەکاندا ڕاپەڕین و داوای هەڵوەشانەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کۆیلەداریان دەکرد ، لەگەڵ ئەوەی کە خاوەنانی زەوی و زارە گەورەکان و گەشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەبەگایەتی ، لەناو کۆیلەداریدا ، کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکان دانا بوو . بەڵام ئەم گۆڕان کاریانە بە دەست نە دەهاتن ، هەتا کۆیلەکان بە توندترین شێوە و بە خوێن ڕشتنێکی زۆر بە دەستیان نەهێنایە . خاوەن کۆیلەکان ڕێگایان بۆ دەرەبەگایەتی چۆڵ نەدەکرد ، ئەو زەبروزەنگانە نەبووایە لەلایەن کۆیلەکانەوە لە گەڵیاندا بەکارهاتووە . واتە زەبروزەنگ لەپێناوی گۆڕانکاری بەشێکە لە شۆڕش ، شۆڕشەکانیش بەبێ بەکارهێنانی زەبروزەنگ ناتوانن سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەربکەن و بە دەست بهێنن .

ئەم زەبرو زەنگانە دەبنە دەسەڵات و چینێک ڕابەری ئەو دەسەڵاتە دەبێت و چینەکانی تر دەچەوسێنێتەوەو ڕێگەی ئەوە نادات کە نەشونمای خۆیان بە دڵ و ئارەزووی خۆیان بکەن .

لە ناوەندی ئەم دەسەڵاتەکانیشدا ، بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندی کۆمەلایەتی خۆیان ، پێویستیان بە بەشێک لە هاوکاری خۆیان هەیە ، بەمەش ناوەندی دیموکراسی تایبەتی بەخۆیان دەست نیشان دەکات . واتە ئەوان لەسەر ئەوە کۆک دەبن کە پارێزگاری بەرژەوەندییەکانیان بکەن .

کاتێک کە فرماسیێۆنێکی کۆن کۆتایی پێهات و هەموو پایە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی لە دەستدابوو، ناکرێت ئێمە بە هەمان شێوەو بە هەمان دەستوری کۆن ، دەسەڵاتی ڕابردوو و زەبرو زەنگە شۆڕشگێڕانەکەی ڕاڤە بکەین . کەواتە ئەبێت بۆ سەردەمی سەرمایەداری چیمان پێویست بێت ، تا بتوانین سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بە دەست بهێنین !؟ بێگومان پرۆلیتاریا پێویستی بە زەبرو زەنگی شۆڕشگێڕانەی خۆی هەیە ، تا بتوانێت دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران لە ڕەگو ڕیشەوە دەربهێنێت . لەبەرئەوەی بۆرژوازی و سەرمایەداران ، هەرواو لە خۆوە دەسەڵات ڕاگوێزی دەستی پرۆلیتاریا ناکەن . ئەوان هەرچیەکیان بۆ بکرێت ، ڕێگە لەو حەتمیەتە دەگرن کە پرۆلیتاریا جێبەجێی دەکات . بەڵام ئەم حەتمیەتە پرۆلیتاریا لە ڕێگەی شۆڕش و تەفروتوناکردنی سەرمایەداران و سیستەمەکەی بە دەستی دەهێنن . لە مێژووی ئەم شۆڕشەی پرۆلیتاریا دەسەڵاتێک دێتە پێشەوە کە پێویستی مێژووییە بۆ بەدەست هێنانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم . بێ گومان کاتێک پرۆلیتاریا دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت ، ئازادی بەمانای فراوانی ووشەکە ، بوونی خۆی لە دەستدەدات . واتە ئازادی لەوساتانەدا ، هێشتا ناتوانێ بوونی کرداری خۆی بسەلمێنێت ، لەکاتێکدا سەرمایەداران و بۆرژوازی پێکهاتەی چینایەتیان بەتەواوەتی هەڵنەوەشابێتەوە . بەم پێیە ستراتیژی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا ، بە لەناوبردنی سەرمایەداران و بۆرژوازی ، ئەتوانێت خۆشی وەک چینی بەرامبەر لەناوببات و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی ئابووری سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی بنیات بنێت . مرۆڤەکان لەوێدا دەستیان بە ئازادی و یەکسانی ڕادەگات . واتە دەسەڵاتی دیموکراسیانەی پرۆلیتاریا (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا)، لە ستراتیژ و هەوڵ و ئیش و کارەکانیاندا جیاوازی بنەرەتی و گرنگی خۆی هەیە ، لەگەڵ دیموکراسی سەرمایەداران . بەهۆکاری ئەوەی پرۆلیتاریا دەیەوێت دەسەڵاتی چینایەتی بە هەموو ناوەڕۆکەکانییەوە لە ناو ببات و دەسەڵاتی زۆرینە یان کەمینەی کۆمەڵ نەمێنێت . بەڵام لە دیموکراسی سەرمایەداراندا ، لە پێناو پارێزگاری و هێشتنەوەی دەسەڵاتیاندا بەکاری دەهێنن .

لە چ کاتێکدا دیموکراسی پرۆلیتاریا ، دیموکراسییەکەی بوونی و ماناو کاریگەری خۆی ناهێڵێت ، یان واتای پراکتیکی و تیئۆری خۆی لە دەست دەدات ، کاتێک سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی پێکهاتەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بێت . لەبەرئەوە لە ئێستادا قسەکردن لەسەر نەمان و لە بەینچوونی بەهای تیئۆری و کرداری دیموکراسی پرۆلیتاریا و یەکسان کردنی بە دیموکراسی بۆرژوازی ، ڕەگوڕیشەی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ، ووردە بۆرژوازی ئانارشیست ، سیاسەتی خۆی جووت دەکات لەگەڵ سەرمایەداریدا . هەرکاتێک سیستەمی سەرمایەداری لە ناوچوو ، هەموو بەشەکانی هەڵوەشایەوە ، ناوەڕۆکی دیموکراسییەکانی تر هەر هەموویان لە گەڵیدا لە ناو دەچن و هەڵدەوەشنەوە ، بەوهۆیەوە مرۆڤەکان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەگاتە پەیوەندی ئازاد و یەکسان .

پرسی فۆنەتیکی ئازادی و دیموکراسی دەربڕینی وەک یەکی ناوەڕۆک و جیاوازییەکانیان ، دەربڕینێکی پوچ و بێ بەهایە کاتێک سۆشیال لیبراڵ بە بیرێکی ئانارشیستانەی لە وەڵامی پرسیاری (پازدە)دا قسەی لەسەر کردووەو دەڵێت { من مخالەفەتێکی فۆنەتیکیم نییە لەگەڵ بەکارهێنانی ووشەی دیموکڕاسی، لە زۆر باردا خەڵک لە جیاتی مەفهومی ئازادی ، بەرقەراری مافە مەدەنییە ناسراوەکاندا، وە یان تەنانەت لە جیاتی بوونی تەحەمولی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر بیرو ڕاو ڕەسم و عادەتە جۆراو جۆرەکان و شتی لەم بابەتانەدا لەو عیبارەتانە کەڵک وەردەگرن . ئەوەی کە من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەم مەفهومە، لەو جێگایەدا کە وەکو ئایدیالێکی سیاسی بەکار دەبرێت و بە تایبەتی لەو جێگایەدا کە چەپ دەچێتە سەر ناساندن و پیاهەڵدانی، مەفهومێکی سەرلێ تێکدەرە و لە ڕووی سیاسییەوە زیان لە خەبات بۆ ئازادی واقعی دەدات. باسەکەی من ئەوەیە کە دیموکراسی هاوتای ئازادی نی یە . ل٣٨ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )}. چ کاتێک دیموکراسی هاوتای ئازادی دەبێت ؟ بێ گومان ئازادی و دیموکراسی دوو ناوەڕۆکی لێکجوودان و دوو تێگەشتنی دوو سەردەمی جیاوازن . تەنها لیبراڵەکانە بەناوی سۆسیالیزمەوە ئازادی و دیموکراسی پێکەوە دەبەستنەوە . ئازادی و یەکسانی ، لە کۆمەڵگای بێ چینیدا دەبێت و تایبەتمەندی پەیوەندی سۆسیالیزم وکۆمۆنیزمی زانستیە . بەڵام دیموکراسی، تایبەت مەندی دەسەڵاتی چینەکان دەبێت . لەلای هەر چینەو پەیڕەوی لە دیموکراسی و دەسەڵات دەکرێت و هەیە . واتە ئازادی بوونی نابێت لە پرۆسیسی دەسەڵاتی سەرمایەداراندا ، ناوەڕۆکی ئەم دەسەڵاتە ، پێشێل کردنی هەموو مافەکانی چین و توێژەکانی تری دەرەوەی خۆیەتی . بەڵام لە دەسەڵاتی پرۆلیتاریادا ، بەهرەمەند بوونی ئەو چینەیە لە پێناوی لە ناوبردنی تەواوەتی دەسەڵاتی سەرمایەداران و هەموو دەسەڵاتێکی تر . واتە لە هیچ بارێکیاندا ئازادی بوونی نابێت ، باس و خواست کردن لێیان تێڕوانین و دیدێکی بێ ناوەڕۆک و پوچ و بێ مانا دەبێت . بۆ ناساندنەوەی دەسەڵاتی چینایەتی چینەکان ، جیاوازییەکانیشیان فۆنۆتێکی نین و یان بەکارهێنانەکانیش، لە ڕووی فۆنەتیکییەوە ، ناچێتە ئاستی بەکار هێنانێکی دروست و ڕاستەوە .

قسە لەسەر ئەوە ناکەم کە چەپ چی دەڵێت و چ ناڵێت . لەگەڵ ئەوەشدا هەر لایەنێک و هەر ڕێخراوێک ، هەر بۆچوونێک ، بڕوای بەوە نەبێت کە دیموکراسی باشترین پێناسەی دەسەڵاتی چینایەتییە ، لە لێکدانەوەکانیاندا، ڕاستگۆ نین و بەیان کردنێکی نالۆجیکی و ناواقعیە و لەبەرژەوەندی بۆرژوازی و دەسەڵاتی سەرمایەداران کاردەکات . لەبەرئەوە دیموکراسی ڕێگا بە ئازادی گرووپەکانی دەرەوەی دەسەڵات نادات . هەروەها ئازادی لە لای کۆمۆنیستەزانستیەکان ، کاتێک بەرهەم دێت ، دەسەڵاتی چینایەتی لەناو چوو بێت . هەروەها کاتێک سۆشیال لیبراڵەکان دەڵێن ئازادی هاوتایی دیموکراسی نیە ! ئەی چۆن دەبێت دیموکراسی و ئازادی ، مخالەفەتێکی فۆنەتیکییان نەبێت !؟. ناکرێت بڵێین سەرمایەدارو پرۆلیتاریا، جیاوازی فۆنەتیکییان نییە و لە بەکار هێنانیشیدا هیچ کێشەکمان نییە ، بە سەرمایەدار بڵێین پرۆلیتاریا و بە پرۆلیتاریا بڵێین سەرمایەدارو ڕۆڵ و کاریگەریەکانیان و داخوازییەکانیان وەک یەک سەیربکەین و جیاوازی فۆنەتیکیشمان نەبێت . بێ گومان ئەوەی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی دەیەوێت ڕۆڵی ئانارشیستەکان فێڵبازانە ، لە ژێر پەردەدا بگێڕێت . دەبێت کۆمۆنیستەزانستیەکان ئەوەیان لەلا دیار و ڕوون بێت و لەو ڕاستییە بگەن ، کە پێش مەرجی بە دەستهێنانی ئازادی بەستراوەتەوە بە ڕۆڵی کاریگەر و بەدەست هێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە ، ئەو دیکتاتۆریەتە ئەگەر سەردەم و قۆناغەکە پێویستی کرد ، ڕۆژێک یان ساڵێک و هەر چەندێک بخایەنێت . واتە دیموکراسی ئەم دەسەڵاتە دیموکراسی تەواوو بەرکەماڵ دەبێت بۆ پرۆلیتاریا . کاتێکیش دیموکراسی پرۆلیتاریا زەرەرمەند دەبێت بۆ ئازادی ، کە مرۆڤ ، لە خۆیەوەو هەروا ئەو قۆناغە دابنێت و هیچ پەیوەندییەکی بە دەست هێنانی ئازادییەوە نەبێت . کاتێک قۆناغێکی پێویست بوو ئەوا نە سەرلێشێوان دروست دەکات و نە ڕێگڕیشی دەبێت لە بەردەم بە دەست هێنانی ئازادیدا . بێگومان بەدەست هێنان و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی ڕاست و دروستی سەردەمەکەی ، دەست نیشانی ئازادی دەکات .

ئەم قسەو قسەڵۆکانەی گوێ لەمستانی سەرمایەداری دەستیان داوەتێ ، لەسەردەمی سەرمایەداریدا ، نابنە ئەوەی یەک تۆز لە گرنگی و بەهای دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کەم بکەنەوە . بێجگە لەوەی کە تێڕوانینەکانیان بەها دەدات بە ئانارشیزم و کارو سیاسەتی ئانارشیستەکان بەڕێوە دەبات . هەموو ئەو قسانەی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی لە ژێر ناوی اجتهاد لە مارکسیزمدا ، دەیانەوێت ئاوەزی زۆرێک لە ئینسانەکان بە لای سیاسەتی ووردە بۆرژوازییانەی ئانارشیستەکاندا ڕابکێشێت .

لینین لە(شۆڕشی پرۆلیتاریا و هەڵگەڕانەوەی کاوتسکی)دا دەڵێت. " دیکتاتۆریەتی شۆڕشگێڕی بۆ پرۆلیتاریا بریتییە لەو دەسەڵاتەی بە دەستی هێناوەو وە پارێزگاری لێ دەکات ، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەسەر بۆرژوازی . وە هەروەها ئەو دەسەڵاتە یاسا سنووری بۆ ناکێشێت ." هەروەها لەسەر ئەو دیکتاتۆریەتەو لە وەڵامی کاوتسکیدا کە پێی وابوو دیکتاتۆریەتی پرۆلتیاریا ، هەمان ماناو ناوەڕۆکی دەسەڵاتی سەرمایەداری هەیە . لینین دەڵێت " پێویستە دیموکراتیەت بۆ چەوساوەکان و وە لەناوبردن بۆ چەوسێنەران . (تەئکید هی لینینە) لەو دۆخەدا ، لەناو بردنی ئەو چینە مانای نەبوونی یەکسانی ئەو چینەیە ، لەگەڵ چینی چەوساوەدا ، هەروەها لە دیموکراتییەتدا کورت دەبێتەوە ." کەواتە دیموکراسییەتی پرۆلیتاریا ، داواکاری و لێکدانەوەی کۆمۆنیستەزانستیەکان دەتوانێت ، بەرجەستەی بکات لە دەسەڵاتی خۆیدا .

سۆشیال لیبراڵەکان دەڵێن { دیموکراسی شکڵێکی حکومەتی و زنجیرە فکرەو پراکتیکێکی سیاسییە کە لەگەڵ ووجودی کۆمەڵایەتی سەرمایەو ئەو بێ مافی یە سیاسی یانەدا، دەگونجێت کە لێوەی سەرچاوە دەگرن . کە بە تایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا هیچ پەیوەندی یەکی بە بەرین بوونەوەی مافەکانی جەماوەری خەڵکەوە نەماوە . دیموکراسی، ناوێکی ڕەمزی سیاسی و ئاڕمێکە بۆ بارودۆخێکی سیاسی و ئابوری کۆنەپەرستانە کە پیرۆزی بازاڕ میحوەری ئەسڵی یەتی . ل٣٨ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەوەی ئەم ووردەبۆرژوازی لیبراڵە باسی لێوە دەکات ، بۆ دیموکراسی سەرمایەداری ڕاستە . بەڵام ناکاتە ئەوەی کە هاو جووت بێت لەگەڵ ناوەڕۆکی دیموکراسی پرۆلیتاریادا . واتە ئەوەی کە لە دیموکراسی سەرمایەداریدا بێت و وێنەێکیش بێت بۆ دیموکراسی پرۆلیتاریا ، لێکدانەوەیەکی پووچوو ئانارشیستانەیە . چونکە هەر دیموکراسیەو پەیوەندی بە ناوەڕۆکی بزووتنەوەکەی خۆی هەیە ، چ ئامانجێک هەڵدەگرێت و بۆچی کار دەکات . لینین لە (دەوڵەت و شۆڕش)دا دەڵێت " مارکس و برۆدۆن لە یەک شتدا بە یەک دەگەن کە هەردووکیان دەڵێن (( هەڵوەشاندنەوەی )) میکانیزمی دەوڵەتی تازە (واتە سەرمایەداری) لەمەدا چوونیەکن ( لە یەکدەچن ) مارکسیزم و ئانارشیزم (برۆدۆن و باکونین، لە گەڵیاندا) . نامانەوێت ئەوە وا ببینێن کە انتهازییەکان (ئۆپۆرتۆنیستەکان) وە نە کاوتسکیەکان لەبەر ئەوەی یەکدەگرنەوە لەم خاڵەدا لەگەڵ مارکسیزمدا ، وە جیاوازی مارکس لەگەڵ برۆدۆن و هەروەها لەگەڵ باکۆنیندا پرسی یەکێتیە لەسەر ڕووی پراکتیک کردن (بێجگە لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا) یەکێتی بیروبڕوا لە بڕواو بۆچوونی ئانارشیزمی ووردە بۆرژوازیەوە دەرەچێت . هەروەها مارکس لەو کەسانە بوو کە بڕوای بە ناوەندێتی (مرکز) هەیە هەروەها لە حکومەکانیاندا ئەبینرێت گەڕانەوە بۆ مرکزیەت (ناوەندێتی) بوونی نیە . هەروەها ئەو کەسانەی کە سەری خۆیان حەشارداوە لە حەشارگەی (بڕوابوون) بە دەوڵەتی (خورافی کوێر) و جووڵە جوڵکەر، ئەتوانێت ئەوە ببینێت بۆ لە ناوبردنی میکانیزمی دەوڵەتی بۆرژوازی ، لەناوبردنی مەرکەزییەتە (ناوەندێتی)." کەواتە مارکس دەیەوێت ناوەندێتی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەکار بهێنێت بۆ لە ناو بردنی ناوەندێتی دەسەڵات و تواناکانی سەرمایەداری . لەگەڵ ئەوەشدا ، ئانارشیزمەکان لەگەڵ مارکسیزمدا یەکدەگرنەوە ، ئەویش دەسەڵاتی سەرمایەداری دەبێت لەناو بچێت . لینین دەڵێت مارکس ناوەندێتی پرۆلیتاریا بەکاردەبات ، بۆ لەناو چوونی ناوەندێتی بۆرژوازی بەکاریدەهێنێت . مارکس بەرەنگاری ناوەندێتی بۆرژوازی و سەربازی و بیرۆکراتیەتی سەرمایەداری دەبێتەوە ، ناوەندێتی پرۆلیتاریای هۆشیارو دیموکراتیەتەکەی بەکاردەهێنێت . کەواتە دیموکراتی پرۆلیتاریا کاتێک بەهای خۆی لە دەست دەدات کە خودی چینەکان بە خۆشیانەوە نەمێنێت . لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستیدا ، باس کردن لە دیموکراتیەت شتێکی زۆر بێ بایەخ و مایە پووچ دەبێت . چونکە ئازادی و یەکسانی ، سنوری دیموکراسییەتەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە بەزاندووە و ناوەڕۆکی پەیوەندیەکانی هەڵوەشاندووەتەوەو لەناوبردوە .

لە وەڵامی پرسیاری (پازدە)دا دیموکراسی پرۆلیتاریا وا دەبینرێت کە پرسێکی تاکتیکییە . ووردەبۆرژوازی لیبراڵ دەڵێت { ئەوە ڕاستە کە تائێستا ووشەی دیموکراسی بە گشتی لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی دا ، لایەنێکی ئیجابی هەبووەو وەکو ووشەیەکی بنچینەیی لە خەباتی سیاسی داو لە مەسەلەی تاکتیکدا حساب کراوە . بەڵام ئەمە ئیتر بە بڕوای من دەبێ ئاڵ و گۆڕی بەسەردا بێت، چونکە بارودۆخی مەوزوعی و مانای عەمەلی دیموکراسی و هەروەها تێڕوانینی کۆمەڵگای ئەمڕۆ بۆ دیموکراسی ئاڵ و گۆڕی بەسەردا هاتووە . ل٣٨ (منصوری حیکمەت، دیموکاسی:لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)} . ئەوەی لێرەدا گوێ لەمستی بۆرژوازی باسی لێوە کردووە ، تەنها بە شێوەیەکی فریووکارانە دەیەوێت و زۆر زەلیلانە هەڵوێستی ئانارشیستانەی گرتووەتە بەر و چەواشەی خەباتی چینی کرێکار دەکات . چونکە پرسی دیموکراسی پرۆلیتاریا تاکتیکی نیە ، بەڵکو بەشێک لە میتۆدی ستراتیجی فکری و فەلسەفی مارکسیزمە ، بۆ بەدەستهێنانی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی . لەبەرئەوەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ، کاریگەرترین چەک و هۆی لەناوبردنی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەدارییە . کەواتە کاتێک دەبێتە تاکتیک ، کە ئەو تێگەشتن و زانیاریە ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت و قسەی ڕۆژ بێت . بۆیە پرسێکی ستراتیژیشە چونکە تاقە دەسەڵاتی زامن و بە دەستهێنەری ئازادی و یەکسانی ئینسانە . کەواتە ناتوانرێت هیچ کاتێک پشتگوێ بخرێت و بەکار نەبرێت لە شۆڕشدا . ئنگلس ئەڵێت "چەند لە بەدەست هێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دوابکەوین ، هەر بەو ئاستە لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دوا دەکەوین.." چونکە دەسەڵاتێکی دژی بوونی هەبوو ، دەسەڵاتێکی تری جیاواز لە ناوەڕۆکی چینایەتیدا ئەتوانێت لەناوی ببات و خواستی چینایەتی خۆی فەرز بکات بەسەر کۆمەڵگادا . هەروەها یەکێک لە شکستەکانی کۆمۆنەی پاریس ، مارکس واتەنی باش ڕاڤە نەکردنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بوو . واتە سەقام گیر نەبوونی دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار بوو . کەواتە سەردەمەکە کۆن بێت ، یان تازەونوێ یان بۆگەنی کردبێت ، ئەوا لە هەموو بار و کاتەکاندا ، واتە سەردەم سەرەتای دروست بوونی سەرمایەداری بێت ، یان بگاتە ئەوەی کە پەیوەندی دەسەڵاتی سەرمایەداری و سیاسەتی ئابوری و ئیمپریالیزمییانەی هێزە گەورەکانی جیهان ، بە بێ بەکارهێنانی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا (دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریا) ، لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە خەونەو یەکێکە لە بینینی خەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانی ووردە بۆرژوازی . بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ کە دیموکراسی خوازی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکەی بۆرژوازی ، ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بسڕێتەوە کە لە بەرامبەر ئەمانەدا دیموکراسی پرۆلیتاریا ، پێویستی مێژوویی خۆی هەیە . دیموکراسی بۆرژوازی بە هەر شکڵ و شێوەیەک خۆی بڕازێنێتەوە ، هەمان دیموکراسی و دەسەڵاتەکەیەتی ، کە لە ووڵاتانی ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئەمریکای سەروودا هەیە .

لینین لە (دەوڵەت و شۆڕش)دا دەڵێت "هەموو شێوەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی لە هەموو ڕەنگەکانیدا ، هەموویان یەکن ، بەڵام لە هەموو ئەم دەوڵەتانەدا بەم شێوە و بەو شێوەی تر ، لە کۆتاییدا بە دڵنیاییەوە دیکتاتۆریەتی بۆرژوازییە . (تەئکید هی لینینە) . " واتە جیاوازییەکان لە شکڵەکانیاندا نییە . نابێت وا بڕوانیتە دیموکراسی بۆرژوازی ، قسەی ووردەبۆرژوازی مافی مرۆڤ و هەندێک ئازادی ئاوەڵا کردووە . بەڵام ئەوە نابینرێت کە گۆڕی بە کۆمەڵ دروست دەکرێت بۆ ئینسانەکان و هەژارەکان شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە ، لە خانوی بە کارتۆن دروست کراودا ژیان دەبەنە سەرو هەزارو یەک دیاردەی دزێوی تری ئەم کۆمەڵگایە . واتە بارودۆخی بابەتی ئەمڕۆ ، هەمان بارودۆخی دەسەڵاتی سەرمایەداری کۆنە . واتە ئەڵقەکانی زنجیری ئەو دەسەڵاتەیە کە لە کۆنەوە هاتووە.. وە ناشتوانرێت مانای پراکتیکی دەسەڵاتی دیموکراسییانەی پرۆلیتاریا ، بە بارێکی تردا بگۆڕێت و تیڕوانینەکان ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت . لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی دەسەڵاتی چینایەتی سەرمایەداری گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە ، لە بەرامبەریشیدا دەسەڵاتی پرۆلیتاریا ، وەک پێویستی و تێگەشتن و ناوەڕۆکی خۆی گۆڕانکاری هەڵناگرێ.. واتە لێرەدا سەردەمەکان دەست نیشانی جۆری دیموکراسییەکان دەکەن . چەپی بۆرژوازی دەیەوێت بەو ئاڵوگۆڕە شکڵییانەی کە بەسەر هەندێ لە ڕوخساری پەرلەمانەکاندا هاتووە ، وا بەیان بکات کە دیموکراسی سەرمایەداری گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەبێت گۆڕان بەسەر تێڕوانینی مارکسیانە بۆ دەسەڵاتی پرۆلیتاریاش بە دەست بێت و ناوەڕۆکە کۆنەکەی نەمێنێت . دەیەوێت لەم ڕێگایانەوە ، پەردەپۆشی بڕواو بۆچوونی ئانارشیستانەی خۆیی و ووردەبۆرژوازی دژ بەخەبات و شۆڕشی کرێکارانی پێ بکات .

ئاغای چەپی ئێران لە وەڵامی پرسیاری (پانزە)دا دەڵێت { هەر چۆنێک بێت لە سەرەتای کاردا، مارکس و انجڵز تا ڕادەیەک سۆسیالیزمیان تەنانەت وەکو ئامانج و ناوەڕۆکی عەمەلی سەرکەوتنی دیموکراسی ، وەکو بەدیهاتنی دیموکراسی واقعی ، باسی لێ کردووە . ل٣٩-٤٠ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەمە درۆیەکی ڕووتە بە ناوی مارکس و ئنگلسەوە دەکرێت . مارکس و ئنگلس نە دیموکراسی بە سۆسیالیزم لە قەڵەم ئەدەن و نە سۆسیالیزمیش ناوەڕۆکێکی دیموکراسی دەبێت لە لایان ، وە تێکەڵ کردنی سۆسیالیزم و دیموکراسی ، بێ ناوەڕۆک کردنی سۆسیالیزم و دیموکراسی پرۆلیتاریایە . مارکس ڕەخنە لە هیگڵ دەگرێت لەسەر دیموکراسی و لە (هاوبەشی ڕەخنەی فەلسەفەی حق لە لای هیگڵ ) دا دەڵێت "دیموکراتی بریتی یە لە ناوەڕۆکی سیستەمی دەوڵەتی . هەموو سیستەمێکی دەوڵەت ." واتە لێکدانەوەکانی مارکس لە کۆندا لەسەر سۆسیالیزم و دیموکراسی بەم تێزەیە ، پێی وایە ، هەتا دەوڵەت بە هەموو شێوازەکانییەوە بمێنێت.. ئەوا سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەدی نایەت ، واتە ئازادی و یەکسانی ، لە نێوان پەیوەندیەکانی مرۆڤدا پێک نایەت . بەم پێیە ئازادی و یەکسانی بەندە بە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمەوە ، نەک بە دیموکراسی پرۆلیتاریا و بۆرژوازییەوە . وە لە شوێنێکی تردا ئنگلس لە ساڵی (١٨٧٣ز) دا لە گووتاری (بشأن السلطة‌) دا دەڵێت " شۆڕش بە بێگومان بریتییە لە دەسەڵاتی دوای دەسەڵات ، شۆڕش بریتییە لە کاری سەپێنراوی بەشێک لە دانیشتوان بەسەر بەشێکی تردا بە چەک و قەمە و تۆپ (مدافع) ، یان بە هۆییەک دەسەڵاتداری نەبێت ئەو دەسەڵاتە ." هەروەها لە هەمان گووتاردا لەسەر خیانەتی ئەوانە قسە دەکات کە بە شان و باڵی شتێکدا هەڵدەدەن بە بێ زانیاری و یان ئەیزانن و خیانەتی پێدەکەن . دەڵێت " یان ئەوەتا ئەوەی دژی دەسەڵاتە ، نازانن و بە شان و باڵیشیدا هەڵ دەدەن . لەم جارەیاندا هیچ ناکەن بێجگە لە دروست کردنی تشویش (ژاوەژاو)، یان ئەوەتا ئەیزانن و هەستی پێدەکەن ، وە لەم بارەیاندا خیانەت بە مەسەلەی پرۆلیتاریا دەکەن . وە لە هەردوو جارەکەدا هیچ خزمەتێک ناکەن بێجگە لە کۆنە پەرستێتی نەبێت ." هەروەها لە ئێستاشدا کۆنە پەرستی دروستدەکات کە سۆسیالیزم بە دیموکراسی یەکسان بکەیت . لێرەوە دەردەکەوێت چەپی ئانارشیست و ئاغای لیبراڵی ئێران درۆدەکات بە ناوی مارکسیزمەوە دەیەوێت تشویشێک (ژاوەژاوێک ) لە تێزو فکری مارکسیزمدا دروستبکات و بدات بە دەستەوە .

کۆنە پەرستی ئاغای چەپی لیبراڵ لەوەدایە کە بە ناوی نوێ خوازی و گۆڕانی بارو دۆخەکانی سەرمایەدارییەوە ، بەقازانجی بیری بۆرژوازی لیبراڵ ، لە میتۆدی مارکسیزم بدات و بیشێوێنێ و پاساوی قسەو قسەڵۆکەکانی بداتەوە . ئنگلس لە نامەیەکیدا بۆ بیبل لە ٢٨ ئازاری ساڵی (١٨٧٥) نوسیویەتی و دەڵێت " لەبەرئەوەی پرۆلیتاریا پێویستی هەیە بە دەوڵەت (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا (ن)) پێویستی بەوە نییە لە پێناوی ئازادیدا ، بەڵکو لە پێناوی سەرکوتی بەرهەڵستکارەکەیەتی ، هەروەها کاتێک ئەتوانین قسە لەسەر ئازادی بکەین ، کە لەگەڵیدا دەوڵەت بە مانای پیاهەڵدانی (وصف) دەوڵەت هەڵوەشێتەوە." ئەمانە و زۆری تری نوسینەکانی مارکس و ئنگلس و لینینیش ڕاستی ئەوە دەسەلمێنن کە دیموکراسی و سۆسیالیزم یەکسان نین و بەو شێوەیەش باس نەکراوە لە نوسین و فەلسەفەکەیاندا . کە چەپی لیبراڵ و ئانارشیستەکانی دەستەخوشکیان درۆ دەکەن بە ناویانەوە .

لینین حکومەتی کرێکاری، بۆ ئەوە بەکار نەهێناوە، کە ببێتە هۆی زیاتری ڕەخنە گرتنی لەگەڵ کاوتسکییەکان و ئانارشیزمەکان . بەڵکو لینین بڕوای تەواوەتی بەوە هەبووە کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ، پێویستی دامەزراندنی هەیە بۆ پرۆلیتاریا تا بتوانێت لەو ڕێگەوە ، زیاتر ئاڵووگۆڕی سیستمی سەرمایەداری و گوێزانەوەی بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بەرجەستە بکاتەوە . هەروەها ئەوەی کە لە (دەوڵەت و شۆڕش) دا باسی لێوە کردووە و ڕەخنەکانی ئاڕاستەی ووردە بۆرژوازی و ئۆپۆرتۆنیستەکان و هەروەها لاینگری تزاری و هەموو باڵەکانی تری دژی شۆڕشی کرێکاری کردووە و زۆر سەر سەختانە بەرگری لە دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کردووە . لەبەرئەوەی لینین لە مارکس و ئنگلس باش گەیشتبوو ، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایان بە پێش مەرجی دامەزراندنی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دەزانی . وە زۆرێک لە ناوەڕۆکی نوسینی دەوڵەت و شۆڕش بە هەندێک لە نووسینەکانی مارکس و ئنگلس شرۆڤەی کردووە و بەڵگەی دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا هێناوەتەوە .

چەپی ئێرانی لیبراڵ لە وەڵامی بەشێک لە پرسیاری (پانزە)دا دەڵێت{ بەڵام دەرکەوتنی سیمای حکومەتی کرێکاری وەکو دیموکراسی کرێکاری بۆ لینین زیاتر لە لایەنێکی دیفاعی هەیەو لە بنەڕەتدا پلیمێک لەگەڵ کەسانێکدا دەهاتە ئاراوە کە لە هەڵوێستی پێشداوەرییە لیبڕاڵییەکان و نیزامی پەرلەمانییەوە ئازادی سیاسی لە ژێر سایەی حکومەتی کرێکاریدا دەخستە ژێر پرسیارەوە . ل٤٠ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لەنێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. لە لای لینین حکومەتی کرێکاری و سۆسیالیزم یەک مانای نەبوە هەتا بەوشێوەیە لێکبدرێتەوە کە تەنها لە پێناوی ئەوە بووە لە گفتوگۆو مناقەشەکاندا بیباتەوە . ڕاستە لینین ، جەدەلێکی تووندو تۆڵی فکری کردووە لەگەڵ نەیارانی مارکسیزم و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا . بەڵام لە پێناوی ئەوەدا نەبووە کە تەنها جەدەلێک بێت و پراکسیس نەکرێت لە واقعدا . لینین دەڵێت "سۆسیالیزم هەموو دەوڵەتێک لە ناو دەبات و لە دواییدا هەڵی ئەوەشێنێتەوە . دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی هەموو دیموکراسیەکان ، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین سۆسیالیزم بنیات بنێین بێجگەلە لە پیاڕۆشتن بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا . کە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی تووندوتیژی دژی بۆرژوازی ، وە دژی کەمایەتی دانیشتوان بەکاری دەهێنێت و گەشە کردنێکی تەواوی دیموکراتییە بۆ گەشەیەکی تەواو و کەمال . ( تەئکید هی لینینە). "کەواتە ئەو وەڵامەی لینین بەسە بۆ ئەوەی کە وەڵامی خۆمانی پێ بدەینەوە ، بەرامبەر بە هەموو ئەو باس کردنە پێچەوانانەی کە چەپی لیبراڵ باسی لەسەر کردووە . لەگەڵ ئەوەشدا لینین لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لەسەر ئەوە سوور بوو کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ، خاڵێکە لە خاڵەکانی میتۆدی مارکسیزم کە بە گرنگەوە سەیری کراوە و قسەی لەسەر پرۆسیس کردن و چۆنیەتی ئەو کردارە کراوە . هەر لە نوسینی (دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاو هەڵگەڕانەوەی کاوتسکی) تا دەگاتە بە گووتار و نووسینەکانی دواتری ، زۆر بە گرنگەوە سەیری ئەو پرۆسە و پرسەی کردووە . نەک وەک مەیل و بۆچونێک و بزووتنەوەیەکی دژە پرۆلیتاری و جیاواز لە سۆسیالیزمی زانستی ، باس وخواستی لەسەر کردبێت . ئاغای لیبراڵی ئێران پێمان ناڵێت ، لە کام شوێن لە نووسینەکانی لینیندا ، دیموکراسی پرۆلیتاریا بە مەیل و بۆچون و بزووتنەوەی دژی کرێکاری زانیوە !؟.

لینین لەوە گەشتبوو، کە ناوەڕۆکی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ، ناوەڕۆکی بابەتیانەی خۆی لەسەردەمی سەرمایەداری لە دەست نادات هەتا بۆرژوازی و سەرمایەداران بوونییان هەبێت . لینین ، بە بەردەوامی لە ئەنترناسیۆنالی سێیەمدا ، باس وخواستی زۆری دەکرد بۆ بڵابوونەوەی ناوەڕۆکی بابەتیانەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ، لەسەر بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا لە پێناو لەناو بردنی سەرمایەداران و چەوسێنەران .

ئەوە درۆیەکی بێناوەڕۆکە سۆشیال لیبراڵی ئێران دەیخاتە پاڵ لینین و لە وەڵامی پرسیاری (پانزە)دا { بە واتایەکی تر دیموکراسی لە شێوە مامەڵەی لینین دا ڕەسەنایەتی و حەقانیەتی خۆی لە ووتووێژە کۆمەڵایەتییانەوە بە دەست دێنێ کە لە هەر دەورەیەکدا پایەو بناغەیەک پێکدەهێنن و ئەو بارو دۆخەشی بە دیموکراتیک دەژمێردرێ کە ڕێگرییەکانی بەڕێوە چوونی ئیدارەی سیاسی توێژە دەست تەنگەکان تیایدا لە نێوچوو بێت . ل٤١ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان ڕادەبڕین و ڕاستیدا)}. کاتێک لینین و بەڵشەفیکەکان شۆڕشیان کرد ، لینین داواکاری دەست بەجێی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا بە هاوکاری جووتیارانی دەست تەنگ و بە ڕابەرایەتی پرۆلیتاریا ، بەرز کردەو . دەیگوت دامەزراندنی ئەم دیکتاتۆریەتە بۆ ئەوەیە ، کە پرۆلیتاریا بتوانێت لە ڕێگەی پرۆسێس کردنی دیموکراسییەکەیەوە ، هەموو ئاسەوارەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری و حکومەتەکانی تزاری و کاتییەکەی کرنیسکی و دەستوورو یاساکانیان لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربهێنێت . وا بۆیدەچوو کە هەر ڕێگریەک دەکرێت لە پراکتیک کردنی ئەم دیموکراسییە لە لایەن ئانارشیستەکان و مەنشەفیەکان و کادێتەکانەوەو.... دەبێت بە تووندترین شێوە وەڵامی خۆیان وەربگرنەوە . بەمەش ڕێگەی لە بەشداریکردنی ووردە بۆرژوازی دەگرت لە دەسەڵاتی پرۆلیتاریادا . لەکاتێکدا ئەگەر ووردە بۆرژوازیی نەیەتە ژێر ڕکێفی دیموکراسی پرۆلیتاریا و لەو پێناوەدا کار نەکات . بەم بۆچوونەبێت کاتێکیش دەتوانن ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن ، بەرژەوەندی جیاواز بەیان نەکەن و گوێڕایەڵی تەواوی داخوازی و ئامانجەکانی پرۆلیتاریا بن لە پراکتیک کردنەوەیاندا . لینین ئەو دیموکراسییەی لە ڕێگای شوراکانەوە دەیوویست برەو پێ بدات ، کە کرێکاران و جووتیارانی هەژار ، بە ڕابەرایەتی پرۆلیتاریا بە دەستەوە بگرن . دەیگوت دیموکراتی بۆ چەوساوەکان و سەرکوتیش بۆ چەوسێنەران .

ناکرێت ئێمە دیموکراسی پرۆلیتاریا وا چاو لێ بکەین ، کە کات و شوێنەکەی نەگونجاو دەبێت لەگەڵ سۆسیالیزم و تێڕوانینی کۆمۆنیزمی زانستی ، لەناو کرێکاراندا . بەبەڵگەی ئەوەی گوایە دیموکراسی خەڵکی لە جیهانی سێیەم و لە دەوڵەتە گەلییەکانی وەک چین و لە سەردەمەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و دیموکراس لیبراڵییەکانی ئەورووپاوە چاوی لێبکەین و ببینرێت . ئەوانە دیموکراسی سەرمایەی دەوڵەتی و بازاڕی ئازاد بوون . واتە هەموو ئەو تێگەشتن و دیدانەی لەمەڕ دیموکراسی ناتوانێت یەک تۆزیش لە ڕەوا بوون و زیندوو مانەوەی دیموکراسی پرۆلیتاریا کەم بکاتەوە ، تا سیستەمی سەرمایەداری مابێت ، داواکردنی دیموکراسی پرۆلیتاریا ڕەواو بابەتیە .

داخوازیەکان پەیوەندیدارن بە پێکهاتنی کۆمەڵگاوە . لە هەر کۆمەڵگەیەکدا داخوازی جیاوازی خۆی هەیەو بۆ گۆڕینیشی ئامڕاز و هۆی خۆی هەیە . ئەو بۆچوونەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر دیموکراسی ، بۆچوونێکی ئانارشیستانەیە .

لە بەشیک لە وەڵامی پرسیاری (پانزە)دا گوێ لەمستی بۆرژوازی و سەرمایەداران دەڵێت { بە بڕوای من لەگەڵ پەیدا بوون دواتر بەسەر چوونی مەقولەی دیموکراسی خەڵکیدا ئیتر دەورانی شان بە شان ڕۆشتنی کرێکارو سۆسیالیزم لەگەڵ مەقولەی دیموکراسی دا بە ڕەسمی تەواو دەبێ . ل٤٣(منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان ڕادەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەوە گەمژەیی ووردە بۆرژوازییە ، وە یان خیانەتە بە سیاسەت و ستراتیژی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕو داواکارییە مێژووییەکەی . لەبەرئەوەی دیموکراسی پرۆلیتاری لەوێوە ڕوسوواو و بێ ناوەڕۆک نابێت کە دیموکراسی خەڵکی (دیموکراسی بۆرژوازی) ڕوسووابووە . لەبەرئەوەی دیموکراسی پرۆلیتاری ، لە بەرامبەر دیموکراسی خەڵکی و هەموو جۆرو ناوەکانی تری بۆرژوازیدا دەجەنگن و بۆ زیاتر ڕوسواکردنیان لە خەباتدایە . ووردەبۆرژوازی لیبراڵ پێی وایە کە دیموکراسی خەڵکی لە کاتی خۆیدا دیموکراسی پرۆلیتاریا بووە . لەبەر هاوبۆچونییان لەگەڵ ئانارشیستەکان ، لەلایان دیموکراسی پرۆلیتاریا و دیموکراسی خەڵکی یەک مانایان دەبێت و دیموکراسی بۆرژوازی دەگەیەنێت . هەموو ئەو بۆچوونانەی چەپی لیبراڵ و ئانارشیستەکانی دەستەخوشکیان ، نموونەی نادروست و بێ ناوەڕۆکن لەسەر دیموکراسی پرۆلیتاریا و یەکسانکردنی بە دیموکراسی بۆرژوازی ، لێکدانەوەیەکی درۆزنانەی ووردەبۆرژوازیی خزمەتکارانی سەرمایەداریە . دەیەوێت لەم ڕێگایەوە بەها بە واقعی بوونی بۆچوونەکانی بدات ، بێجگە لە بە دەستەوەدانی سیاسەتی ئانارشیستانە و لێکدانەوەکانیان هیچی تری لێ بەرهەم نەهاتووە .

چەپی سۆشیال لیبراڵ ، دەیەوێت جارێکی تر لە وەڵامی پرسیاری(پانزە) دا ئەوە ڕابگەیەنێت دەورانی بازاڕی ئازادو نەمر ناساندنی سەرمایەداری ببێتە هۆی لێکدانەوەو لادانی دیموکراسی پرۆلیتاریا وەکو ئەوەی لەم بەشەدا دەڵێت { ئەم واقعیەتەی کە دەورەی نوێ ی خوشەویست بوونی دیموکراسی کە لەم سالانە دا بینیومانە ، بە ڕەسمی لە جەرگەی بە پیرۆز دانانی بازاڕو بە نەمر ناساندنی کەپیتالیزم دا شکڵ دەگرێت، خۆی شایەدی ئەوەیە کە ئیتر دەورانی ڕادیکالیزە کردن و ((ڕەسەن)) کردن و کرێکاری کردنی مەقولەی دیموکراسی لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە بەسەر چووە . ل٤٣ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. سەرمایەداری دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بتوانێت ڕێگە لەدەسەڵاتی پرۆلیتاریا ببڕێت و نەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی خۆی . ئەو جاڕەی کە ئەمڕۆ بە گوێی مرۆڤیدا دەدەن ، هەر لە دیموکراسی و مافی مروڤ و ئازادی و کۆمەڵگای مەدەنییەوە ، هیچ ناگەیەنێت بێجگە لە پێناسەو بەهای پەیوەندی چەوسێنەرانەی ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی سەرمایەداری . کارەکتەرەکانی سەرمایەداریە لە ڕێگەی پاپاو قەشەکان و عەمامەبەسەرەکان و سیاسەتمەدارەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیانەوە ، دەیانەوێت ئەوە بە گوێی کرێکاراندا بدەن ، کە پەیوەندی کارو سەرمایە ، ئەزەلی و ئەبەدییە . ئەو هەموو دەهۆڵ کوتینەی سەرمایەداران ، ناتوانن ئەوە بکەن کۆمۆنیستیە زانستییەکان واز لە دیموکراسی پرۆلیتاریا بینن . بەڵکو زیاتر ئەوە دەخاتە بەردەمیان کە پێکهێنانی و پرۆسیس کردنی دیموکراسی پرۆلیتاریا ، زیاتر گەشەدارترو بەرجەستەتری بکاتەوە لە فکرو ئاوەزو پراکتیکیاندا .

پیاهەڵدانی بۆرژوازی بە دیموکراسییەکانیاندا ، ناکاتە بێ بەها بوونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا . واتە دەبێت نەزمی نوێ ، جیاوازی چی هەبێت لەگەڵ سەردەمی جەنگی ساردا ، لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری یەوە ! هەتا ئێمە گۆڕانکاریش بکەین لە تێگەیشتن و تێڕوانین لە دیموکراسی پرۆلیتاریادا ؟ ئەوەی لە ئێستادا بەرهەمهاتووەو جیهانی هەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی بە مانای دوو هاوپەیمانی سەربازی و سیاسی کۆتایی پێ هاتووە . تەنها ئەوە بووە لە جیهانی کۆن و نوێ دا ، بەرگێگ هەبوو بە ناوی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەوە ، درۆزنان و پەردە پۆشی سەرمایەداری دەوڵەتی بووە . ئەم دەمامکەی سەرمایەداری هەڵماڵراوە و کەوتووەتەوە سەر دەمووچاوی بنەڕەتی خۆی . حیلفی وارشو لە حیلفی ناتودا تواوەتەوەو ئەو هێزەی کە لە دەورانێکی کۆندا کرێکارانی لە خشتە دەبردوو بۆ زۆرێک ببونە جێگەی ئومێدی شۆڕشی ناوچە جیاجیاکان لەجیهاندا ، هیچ نەبوو ، تەنها ململانێ یەکی سەرمایەدارانە نەبێت .

لە ئێستادا جارێکی ترو بە جۆرێکی تر ، کارتێلەکان بەشی خۆیان خستووەتە ناوچە ئابوریەکانی ڕۆژهەڵات و تروستەکانیان بە پێی هێزی سیاسی و تووانای ئابوری و سیاسیان لە جیهاندا بەسەردا دابەش بووە . فرەجەمسەری درووست بووە لە شێوەو پێکهاتەی جیاوازی ئابووری و سەربازی و زانست و تەکنۆلۆجی دا . لە ڕابردودا بەشی کارتێلەکان بەشێکیان هی سەرمایەی دەوڵەتی بوون و بەشێکیان هی سەرمایەی بازاڕی ئازاد بوون . بەڵام ئێستا هەموویان هی سەرمایەی بازاڕی ئازادن بەجەمسەربەندی جیاوازجیاوازەوە . ئەمە هەموو ئەو گۆڕانەی سیستەمی نوێی جیهانیە ، کە یەک تۆز نەیتوانیوە لە پەیوەندییەکانی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و دیموکراسیەکەیان ، بچێت بەو لاوە . هەتا چەپی سەرمایەداری بیەوێت لە ڕێگەی ئەو چەواشە کارییەوە ، ڕاست و دروستی بۆچونەکانی خۆی لەسەر دیموکراسی پرۆلیتاریا بدات بە دەستەوە و لەو ڕێگەیەوە ڕایبگەیەنێت کە لێکدانەوەی نوێی لەسەر مارکیسیزم کردووە و سەرنجی دەوروپشتەکەی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت . بتوانێت هەنگاو و سیاسەتی ئانارشیستانەی ووردە بۆرژوازییانەی خۆی تاوبدات . ڕاستە سەردەم سەردەمی مارکس نییە ، بەڵام سەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاریاش نییە ، هەتا ئێمە لەم دیکتاتوریەتەدا قسە لەسەر ئەوە بکەین و هەموو هەوڵ تەقەلا و کۆششەکانمان بۆ ئەوە بخەینە گەڕ ، بەهای ناوەڕۆک و دەسەڵاتی خۆی لە دەست بدات ، ئازادی و یەکسانی بۆ مرۆڤایەتی بەرجەستە بێت لە کۆمەڵگادا . مارکس لە سەردەمی سەرمایەداریدا بووە و لێکدانەوەکانیشی لەسەر ئابوری سیاسی سەرمایەداری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی دەربڕیوە و کردووە . ئەو کاتە و ئێستاش بەهای سەرمایەداری بەند بووە بە بەهای شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندی کار و سەرمایەوە . هەر لەو کاتەشدا هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کارو سەرمایە بووە ، ئیتر بیەوێت لەڕێگەی ئەوەی گوایە سەردەم سەردەمی مارکس نییە و یان سەردەمی نوێی سیستەمی سەرمایەداریە ، لەبەرئەوەیە دەبێت گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی فەلسەفی مارکسیزم لەسەر دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بکرێت ، هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی ئانارشیستەکان و بە گەواهی ڕاستی بۆچوونەکانی دادەنێت . هیچ ناگەیەنێت ، بێجگە لە سیاسەتی دیماگۆجیانەی ووردە بۆرژوازی فریوکار .

کاتێک چەپی لیبراڵ دەڵێت سەردەمی لینین و یەکەم شۆڕشی کرێکاری نیە . دەیەوێت جارێکی تر لەم ڕێگایەوە دەلاقەیەک بۆ قوڕوچڵپاو بۆگەناوی بۆچونەکانی بکاتەوە و وەلانانی پرسی دیموکراسی پرۆلیتاریا و بۆچونەکانی جێکەوتە بکات لە ناو کرێکاراندا ئەگەر پەیوەندی سیاسیشیان بە کرێکارانەوە هەبێت . شۆڕشی کرێکاری بە تەواوی و کەماڵەوە بەرجەستە نەبووە لە جیهاندا . هەتا شۆڕشی ئۆکتۆبەریش نەیتوانی هەموو ئاستەکانی شۆڕشی کرێکاری ببڕێت و بتوانێت ڕۆڵی بەکردەوەی لە ڕاگوێزانی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم جێبەجێ بکات . تەمەنی شۆڕش کورت ماوە بوو...

کاتێک کە سەرمایەداری بۆگەنی کردووە و لەگەڵیشیدا شۆڕشی کرێکاریش گەشەی تەواوی خۆی نەکردووە لە جیهاندا . دەبێت بۆ کۆمۆنیستە زانستیەکان دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا خواست و وویستی ستراتیجی و شۆڕشگێڕانەی ئێمە بێت . بۆگەن کردوویی دیموکراسی سەرمایەداری و نیزامەکەیەتی ، کە ڕاستی و دروستی مێژووی دیموکراسی پرۆلیتاریا گەشەدارتر دەبێت . واتە بۆگەن کردنی سیستەمی سەرمایەداری و دیموکراسیەکەی نابێتە هۆی بۆگەن کردنی دیموکراسی پرۆلیتاریا . ناکرێت ئێمە وەک چەپی لیبراڵ و ئانارشیستەکانی دەستەخوشکیان ، بڵێین هەر کەس سەر پشکە لەوەی هەر ووشەیەک بەکار بهێنێ کە مەبەستەکەی ڕوون بکاتەوە . چونکە ناکرێت دەلالەت و ووشەی ئازادی لە جیاتی ووتەزای دیموکراسی دەبێت و دیموکراسی مانای ئازادی دەگەیەنێت . کە لەهەردوو بارەکەی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی سەربەخۆیی خۆیان دیاری دەکان . ئەو لێکدانەوانەی ئانارشیستەکان و سۆشیال لیبراڵ ، لە دیموکراسی پرۆلیتاریا و ئازادی و دیموکراسی بۆرژوازی دەیکات و بێ بەها سەیری دەیبینێت و شێوەی تازەی لێکدانەوەی ووردە بۆرژوازی و کۆمۆنیزمی کرێکاریە و فێڵبازانە ، سیاسەتی ئانارشیستی خۆیان بەیان دەکات. 

لە وەڵامی پرسیاری(پانزە)دا سۆشیال لیبراڵەکە دەڵێت { بە بڕوای من دەبێت ئەم دوو ووشەیە وەلا بنێین و هەرچەندە نا بەدڵیش بێت ، لەم شانۆگەریە منداڵانەیەی دوا دوای سەدەی بیستەمدا بەشداری نەکەین . ل٤٣ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لەنێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. وەلانان و وەلانەنانی دیموکراسی پرۆلیتاریا پەیوەندی هەیە بەسەردەمێکی مێژوویی خۆییەوە ، کە تیایدا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا سەرکوتی تەواوی سەرمایەداری و بۆرژوازی کردبێت . چونکە ئەو کاتانەی کە سەرمایەداری وەک چین بوونی لە دەستدەدات ، پرۆلیتاریاش بوونی خۆی لە دەستدەدات . واتە پەیوەندییەکان ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە دەسەڵاتی چینەکانەوە دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی مرۆڤەکان بەسەر سرووشتدا ، ئەوکاتە مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا هیچ دژایەتیەک و ململانێیەکی نامێنێت و مرۆڤی چەوساوەو چەوسێنەر پەیوەندیان لە دەست دەدەن و نامێنن .

کەواتە دەبێت لەو کاتانەدا پەیوەندی مرۆڤەکان ، پەیوەندیەکی ئازادانە و یەکسانی دەبێت . تەنها ئازادی و یەکسانی دەبێتە ناوەڕۆک بۆ پەیوەندیەکانیان . چەپی لیبراڵ بەوە خۆیان لەو شانۆگەرییەی جیهانی سەرمایەداری جیا دەکەنەوە و بەشداری ناکەن ، کە گوایە ووشەی دیموکراسی وەلا بنرێت و لە جیاتی ئازادی و یەکسانی بەکار بهێنرێت لە دەسەڵاتی چینایەتی چینەکاندا . یان ئەو کۆمۆنیستانەی کە داوای دیموکراسی پرۆلیتاریایان کرد ، بە دیموکراسی خواز لە قەلەم بدرێت . واتە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە چەپی لیبراڵ و کۆمۆنیزمی کرێکاری و بۆچوونەکانی تری ناو بزووتنەوەی کرێکاری و ئانارشیستەکان و ئۆپۆرتۆنیستەکان دەریدەبڕن ، گوایە بۆئەوەی دیموکراتخواز نەبن ، هیچ نابێت بێجگە لەوەی کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بە ناوی دیموکراسی سەرمایەداری و شتی لەو بابەتە لە قەڵەم دەدەن . هەموو ئەو ناونیشانانەی دیووی ئەودیووی بۆرژوازی و سەرمایەداری ، لەسەر شانۆی سەرمایەداری کارەکتەر و ئەکتەرێکی فاشلی شانۆگەریە مناڵانەیەی سەرمایەداریین ، کە لەم دوا دواییەی سەدەی بیستەمدا پیشان دەدرێ . لە فەلسەفەی چینی کرێکاردا ، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا جێگەیەکی تایبەتی و بابەتی و پێویستی بزووتنەوەی شۆڕشگیری کرێکارانی هەیە . کە لێرەوە تیایدا مرۆڤەکان دەگەن بە ئازادی و یەکسانیەکانی شایستەی ئینسان . مارکس لە پێشەکی بۆ (هاوبەشی لە ڕەخنەی فەلسەفەی حەق لە لای هیگل) دا دەڵێت " سەری (مێشک) ی ئەو ڕزگاری یە فەلسەفەیە ، وە دڵیشی پرۆلیتاریایە . وە ناتوانین ئەو فەلسەفەیە، بنیات بنێین لە واقیعدا بەبێ لەناو بردنی پرۆلیتاریا ، وە ناتوانێت پرۆلیتاریا خۆی لە ناو ببات ، بەبێ بنیاد نانی ئەو فەلسەفەیە لە واقعدا . (تەئکید هی مارکسە )."........

 

 

چاپی یەکەم لەمانگی نیسانی ١٩٨٨ دەرچوو

 

 

 

  • 1