ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەهەموو وڵاتانی جیهان وەك ئاشكرایەو دەبینرێت كەرتی تەندروستی ھەستیارترین كەرتە و لە ھەموو كەرتەكانی دیكە زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە ، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان لە سایەی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی بازرگان و مافیا ، ئەم كەرتە بووە بە ئامرازێكی بازرگانیكردن و سەرتاپا وەك كەرتەكانی دی بە حیزبی كراوە . بازرگانیكردنی دەرمان لە لایەن سەرمایەدارێكی حیزبێكەوەو چەندان كەسی نەخوێندەواری هاوشێوەی خۆی و دەوروپشتی خۆی قۆرغكراوە وەهەروەها بەپێی قسەی شارەزایانی دەرمان كوالێتیەكی نزمی دەرمان ھاوردەی ئەم ھەرێمە دەكرێت . بەڵام ھیچكام لەو شارەزایانە ناوێرن ڕەخنە بگرن یاخود سكاڵایی یاسایی لەسەر ئەو دۆسیە گەندەڵیە تۆمار بكەن ، چونكە ڕووبەڕوی زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە . ئەو سەرمایەدارە مافیا ئاسایانە لەم ھەرێمەدا لە سەروو یاساوەن. بەنموونە لە ماوەی ڕابردوودا پزیشكێك بە ناوی ( بەختیار ئەمین ) ڕووبەڕوی ئەشكەنجەدان بویەوە تەنھا لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لە كوالێتی دەرمان گرتبوو ! وەهەروەها كارمەندێكی تەندروستی لەنەخۆشخانەی قەڵادزێ كەناوی (عبدلرحمان هەڵشۆی ) ە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بەدواداچونێكدا گەندەڵییەكی گەورەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەرین و بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی ژاراوەی سەر بەقەزای قەڵادزێ ئاشكرا دەكات

رەحمان هەڵشۆیی پێشتر لەسەر ئاشكرا كردنی گەندەڵی لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ نەقڵ كرا بۆ ژاراوە، چونكە لەو مەڵبەندە تەندروستییەی قەڵادزێش گەندەڵییەكی گەورەی ئاشكراكرد وەك كارمەندێكی بوێرو چاونەترس و خەمخۆری خەڵك و خەمخۆری كەرتی تەندروستی بەڵام بەداخەوە تاوانبارانیش ھیچ ئیجرائاتێكی یاساییان ڕووبەروو نەكرایەوە ! سەرەڕای سكاڵای یاسایی پزیشكەكە !

ئەوە لەلایەك لەلایەكی ترەوە شانبەشانی دەستبەسەراگرتنی نەخۆشخانە (بە ناو) حكومیەكان ، نەخۆشخانە ئەھلیەكانیش لە لایەن سەرمایەدارانی دوو حیزبەكەوە دامەزرێندراون . بۆیە بە شێوەیەكی بەرچاو نەخۆشخانە حكومیەكانیان پشتگوێ خستوە و خەڵكی متمانەیان بەو نەخۆشخانانە نەماوە ، بەمشێوەیەش ژمارەی سەردانیكەرانی نەخۆشخانە ئەھلیەكان زیادی كردووە و لەم ڕێگەیەوە خزمەتی سەرمایەی خۆیان كردووە . 

ئەم گەندەڵكاریەش تەنھا لە ئاستی باڵادا نیە ، بەڵكو شۆڕبۆتەوە بۆ كارمەندانی تەندروستیش ( پزیشك ، دەرمانساز ، كارمەندانی تەندروستی ..ھتد) .بە شێوەیەك لە كاتی دامەزراندنی نۆرینگەیەكی پزیشكیدا پێویستە ڕێكەوتنێك لە نێوان پزیشك و دەرمانساز و كارمەندی تاقیگەدا ئەنجام بدرێت . كە زۆربەی ڕێكەوتنەكان بەم شێوەیەیە ( پارەی ئۆفیس و سكرتێری پزیشكی پسپۆڕ لەلایەن دەرمانساز و خاوەنی تاقیگەوە دابین دەكرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا پزیشك دەرمان و پشكنینی زیاتر بۆ نەخۆش دەنوسێت ) . بەمشێوەیەش كارمەندانی تەندروستی بازرگانی بە ژیانی نەخۆشەوە دەكەن و بڕە پارەیەكی زیاتریان دەستدەكەوێت ! و تاكە زەرەرمەندیش كە فریودەدرێت نەخۆش و ھاونیشتمانیانن . بەم شێوەیە كەرتی تەندروستی بووە بە تۆڕێكی بازرگانیكردن . كە شكۆی یەكێك لە پیرۆزترین پیشەكانی ( كە پزیشكیە ) بێ بەھا كردووە .

سەرەڕای ئەم ھەموو گەندەڵیە ، ھیچ لێپرسینەوەیەك لەو گەندەڵكارانە ناكرێت و لیژنەی نەزاھەش بێدەنگی ھەڵبژاردووە ! ئاخۆ ئەبێت كەی بێت و ئەو گەندەڵكارانە بدرێنە دادگا ؟! كەی سیستەمێكی پێشكەوتووی تەندروستیمان ھەبێت ؟! كەی نەخۆش و كارمەندانی تەندروستی خاوەن مافی خۆیان بن ؟ كەی حیزب و سەرمایەداری لە خزمەتكردن جیا بكرێتەوە ؟ 

ئەم پرسیارانە و چەندان پرسیاریتر بێ وەڵام ماونەتەوە و تاكو ئەم دوو كۆمپانیایە حكومەت بەڕێوەبەرن گەندەڵی بنەبڕ نابێت و خەونی من و ھەزارەھا گەنجی وەك من بەدی نایەت و هەرگیز هەنگاوێك ناچینە پێشەوە بە ئاراستەی پێشكەوتن.

 

 

  • 1