ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئێوارانێک  بەسەفەر گەرامەوە بۆ شارەکەم بۆ  ئەو گەڕەکە لۆکاڵییەی سەردەمانێک وێستگەی خۆشبەختی منداڵییمان بوو ،  لەدواین کورسی  پاسێک دادەنیشم ، بەدەم تێروانێن لە شەقام و گردۆڵە و چیایەوە ، خەیاڵ دەمبردمێەو بۆ کۆڵانەکەی خۆمان، ئەو کۆڵانەی تێیدا گەورەبووین و دراوسێی ماڵی ئێوە بووین، کاتژمێر چوار و دە خولەک لەبەردەم ئەو شوێنەی ھەمیشە چاوەروانت بووم  لەجێژوانت ڕاوەستام، لەگەڵ کۆمەڵێک کیژۆڵەی نەرمونیانی حۆری ئاسا ملی رێگای ماڵەوەت گرتبووە بەر، کیژۆڵەکانی گەڕەکەکەی ئێمە ھەموویان جوان بوون، بەڵام تۆ ڕووی درەخشانت وەکو مانگی یەکشەوە دەدروشایەوە، تۆ بۆتۆکس و مکیاج و سپیاوت بەکار نەدەھێنا، کیژوڵەکانی گەڕەکەکەمان ھەموویان سروشتیی وەکو کیژی کافرۆش جوان بوون، ئەو ئێوارەیە وانەکانی قوتابخانە ماندووی کردبوویت، کاتێک لەسەری کۆڵانەکە لە ھاورێکانت جیابویتەوە ھەر بەخاتری ئەوەی لە کۆڵانە تەنگەبەرەکەمان  شانم بەرشانت بکەوێ لەھاوشانت دەڕۆیشتم ، لە ترسی ژنە پەیامنێرەکانی گەڕەک، کە ھیچ کات دۆش دانامێنن بۆ سازکردنی ھەواڵ لەسەر کەسانی دی ، ئەو ژنانەی ھێندە چێژیان لە قسە و باسان وەردەگرت ژەمە خۆراکی ئێوارەیان دەسوتا، بەدزییەوە پێت دەڵێم خۆشمئەوێت و ئەم ئێوارەیە دایکم دۆڵمەی گەڵامێوی لێناوەو کاتی بانگی ئێوارە دەفرێکت بۆ دەھێنم ، تۆ دەڕۆیت و منیش لەگەڵ ئەو کوڕە کۆتربازە لاسارەی  بەرامبەری ماڵی ئێوەیە بەشەڕدێم ، ھەموو ئێوارانێک کە دەگەرێیتەوە  لەسەربانەوە تەماشای دەکردی ، ھەموو منداڵانی گەرەک ئێرەیم پێدەبەن ھەموویان رقیان لێمە تەنھا تاوانم ئەوەیە خۆشم ئەوێیت،  ئێوارێ پێش بانگی شێوان لەدایە دەپارێمەوە تا دەفرێک یاپراخم پێبدات بۆ ماڵی ئێوەی بھێنم ، لەترسی بابە بەخێرای پێم دەدا، چونکە بابە حەزناکات دایکم شت بەخەڵکی بدات، ھەر ئەوکاتە و بەخێرایی بەرەو ماڵی ئێوە بە ڕێ دەکەوم، ھەستێکی سەیر بەرۆکم دەگرێ  زەنگ لێ دەدەم لە بەدشانسی من براگەورەکەت دەرگام لێ کردمەوە، تەواو بێ ئومێد بووم  ووتی فەرموو خۆشم نازانم بۆچی ھاتووم دوای چەند چرکەیەک دەڵێم دایکم یاپراخی بۆ ناردون و دەفرەکەشمان زوو بۆ بگەڕێننەوە، دوای دەست خۆشی بەنائومێدی و شکستەوە بەرەو ماڵ بەرێ کەوتم وەک ئەو ڕاوچییەی نێچیرەکەی لەدەست دابێ ، گەرامەوە حەوشە خنیجلانەکەمان دایە و بابە لەسەر سەکۆکە چاوەرێمان دەکرد، بەخاتری دڵی بابە دوو پارو نان دەخۆم، شەو دوای ئەوەی تەواوی بەرنامەکانی منداڵان تەواو بوو داپیرەم چیرۆکی بۆ دەگێرامەوە ، بەسەرھاتی دەنکە ھەنارە و مام ھۆمەری بۆ باس دەکردم، لەپڕ لەزەنگی دەرگامان دەدرێت ، دڵم زۆر بەخێرای دەکەوێتە لێدان ، بە پێ خاوسی بەرەو دەرگاکە ڕادەکەم ، کاتێک دەرگا دەکەمەوە و روی مانگت بەدەر دەکەوێ ، بەدەفرێک کولیچەوە ھاتوی و رەنگت لەشەرمان سورھەڵدەگەڕێت، پێت دەڵێم گەڕەکت ئاوەدان کردەوە دەڵیی فانۆسی جادویت ، لەشەرمان ئارەقە دەکەیت ، پێت دەڵێم ئەمشەو نامەیەکت بۆ دەنوسم کەی بگەینمە دەستت ، دەڵێت سبەی کاتژمێر حەوت و سی خولەک دوای نانی بەیانی لە شوێنەکەی جاران، لەخۆشیان لەبیرم دەچێ شەوشادت لێ بکەم دەرگاکە دادەخەم و بەرە و ژوری نوستنەکە ھەڵدێم، دایە دەڵێ ئەوە کێ بوو ، پاش سێ دەقە گوێم لێیە دایە دەڵێ کەڕ بوویت ئەوە کێ بوو دەڵێم ئەو منداڵەی  ماڵی جیرانمان بوو دەفرەکەیان ھێنایەوە پڕە لەکولیچە، دەچمە ژوری نوستنەکەمان ئەو ژورەی کە پێنج منداڵ لەژێر دوو لێفە دەنوستین، لەبەر شەوقی چراکە پێنوسەکەم ھەڵدەگرم و چەند دێرێکم بۆت نووسی،  نووسیم خۆزگە دەگەراینەوە بۆ منداڵی و دەگەراینەوە بۆ ئەو رۆژانەی تاکە ئاواتمان گەورەبوون بوو، سبەی کاژێر حەوت نانی بەیانیم خوارد و لەپاش خۆدزینەوە لەچەندین پرسیاری دایە و بابە، ئەو بلوزە رەشەی دایە بە سوف بۆی چنیبووم لەبەرم کرد، جوتێک پیڵاوی لاستێکی مەرەدۆناو تاک شەرواڵێک لەپێ کرد، پرچم دەفتەری دانا و کەمێک جێڵی ماکسم لە پرچم دا، بەخێرایی لەماڵ دەردەچووم  لەترسی کورانی گەرەک کە گەشتمە ھاوشانت نەموێرا سڵاوت لێ بکەم، بەخێرایی لەپێشت ملی رێگام گرتە بەر ، ئەو پارچە کاغەزەی بۆم نوسی بویت، لەپێشت فڕێیم دا و ھەڵت گرتەوە، بۆ ئێواراێ کاتی تەواو بونی قوتابخانە لە ھەمان شوێن چاوەرێت بووم بەڵام بۆ ئەبەدی  نەگەرایتەوە  و نەگەرایتەوە ، لەپڕ بە دەنگی مسەجەلی پاسەکە بەئاگادێمەوە،  ئەو گۆرانیەی کەریم کابانی لەسەر بوو دەیگوت: "ئەی تەمەنی پر ئەسرینم ئەرۆی ئاور نادەیتەوە"،  شۆفێری پاسەکە دەڵێت کاکە  لەوە زیاتر ناڕۆم ئێرە دواین شوێنی ڕاوەستانە،  دەڵێم ئێرە فڵانە گەرەکە، دەڵێت زۆر لەمێژە تێمان پەڕاندوە و ناتوانین بگەرێنەوە، ئاخر من دەمەوێ ئەو گەرکە ببینم کاکەی شۆفێر،  نەخێر ئەوگەڕەکە ئێستا نۆژەنکراوەتەوە و ماڵی بەرپرسەکانی شاری لێ یە، رێگەنادەن کەسانی ئاسایی لەوێوە تێ بپەرێ بۆیە ھەر گیز ناتوانیت بگەرێتەوە بۆ ئەو گەرەکە.

 

ئاراس سەعید

2ئابی 2019

  • 1