ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دەشتی نەینەوا ئەو ناوچەیەیە كە دەكەوێتە نێوان رووباری دیجلە لە رۆژئاواو زێی گەورە لە رۆژهەڵات ودەكەوێتە باكوور و رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی قەزاكانی شێخان و حەمدانیە و تلكێف لەخۆدەگرێت.

ئەم ناوچەیە بە یەكێك لە هەمەچەشنترین ناوچەی عێراق و كوردستان ئەژمار دەكرێت لەرووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاین و ئاینزاوە كە پێكهاتەكانی (كلدۆ-ئاشوری وسریانی و ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی و توركمان و عەرەب و كرد لەخۆ دەگرێت).بەپێی هەندێك سەرچاوە ژمارەی دانیتوانەكەی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس دەبن.

یەكێكە لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا.لەسەردەمی بەعسدا ناوچەی پشتگوێ خراو بووەو تەنانەت بەشێكیشیان دەربەدەركراون بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان.لەوەتەی ساڵی 2003 وە ناوچەكە بۆتە جێگەی ململانێی بەردەوامی نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم لەلایەك و لەولاشەوە بۆتە جێگەی ململانێی مەزهەبی و تایفی. لەساڵی 2014 و لەكاتی داگیركاری داعش بۆ پارێزگای نەینەوا خەڵكەكەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ئێستاش بەشێكیان گەڕاونەتەوەو بەشێكی زۆریان لەهەرێمن بەتایبەتی مەسیحییەكانی ناوچەكە بەكەمی گەڕاونەتەوە.لەدوای گەڕانەوەش ئێستا دەشتی نەینەوا بەدەستی دەیان گرفتی سیاسی و تایفیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی كار و پڕۆژەی ئاوەدانییەوە دەناڵێنێت.

دەشتی نەینەوا ئەو دەمی كە هەندێك بیریان لەوە دەكردەوە بیكەنە پارێزگایەك بۆ پێكهاتەی مەسیحی و كەمینەكان ئێستا لە ململانێی نێوان زلهێزەكان بەتایبەتی ململانێی نێوان ئەمریكا لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی و ئێران بۆتە گۆڕەپانی ململانێ! هەروەها بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان باڵەكانی شیعە.

دەشتی نەینەوا لەدوای رووداوەكانی 16ی ئوكتۆبەرەوە كەوتە بەردەستی چەكدارانی حەشدی شەعبی و حكوومەتی عێراق.بەتایبەتی لەو ناوچەیەدا لیوای 30 كە بە لیای حەشدی شەبەكی ناسراون ،هەروەها گروپەكەی حەشدی بابلیون كە رەیان كلدانی سەرپەرشتی دەكات.بەشێوەیەك ناوچە مەسیحییەكان بۆ بابلیۆن و ناوچەكانی دیكەش بۆ حەشدی شەبەك.هەرچەندە كە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی چەندین جارە دەیانەوێت كە حەشدی شەعبی لەوێ نەمێنێت.بەڵام دواجار حەشدی شەبەكی نەچووە ژێر بڕیارەكەی عەبادی و دەستی بە خۆپیشاندان و مانگرتن كرد و بۆی هەیە ئاڵۆزی زیاتر بكەوێتە ناوچەكە.بەتایبەتی كە وەزارەتی خەزانەی ئەمریكاش هەر یەك لە رەیان كلدانی و وەعد قەدۆی برای حەنین قەدۆی خستۆتە سەر لیستی تیرۆر.

 

  • 1