ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆرن ئەو تێکۆشەرە نەبەزانەی لەریزەکانی حیزبی شیوعیماندا دڵسۆزانە خەباتیانکردووەو بە ناکامی سەریان ناوەتەوە، لە کونجی زیندانەکانی رێژیمە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرەکانداو لەژێر ئازاردا، یان لە کۆڕی خەباتی ئاشکراو نهێنیدا تێرۆرکراون، یان لە پێدەشت و چیا سەرکەشەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەداو لە چالاکی پێشمەرگەییدا دژی رێژیمە دیکتاتۆرەکان شەهیدکراون، یان لە کۆپتەرە جەنگیەکانی رێژیمەوە فڕێدراونەتەخوارێ، یاخود لە"کۆشکی کۆتایی" بەدەستی نازم گزارو هاوکارە خوێنڕێژەکانی ولەسەر بڕیارو راوێژی سەدامی گۆڕبەگۆڕو حیزبە فاشیستەکەیان لەژێر ئازاردا یان بە تواندنەوە لەناو تێزابدا، یان کراونە خۆراکی ئاژەڵە دڕندەکان شەهیدکراون، زۆریشن ئەوانەی بە بەندیخانەو هەڕەشەو ئازاری دوژمنانی چینایەتیدا نەبەزانە تێپەڕبوون و پاشان لە خۆشاردنەوەو خەباتی نهێنیداو لە پێشمەرگەییداو لە جۆرەها بەسەرهات و نەخۆشیدا، بەبێدەنگی لە کۆڕی خەباتدا سەریان ناوەتەوەو بوونەتە قوربانیانی رێگای تێکۆشان کە هاوڕێ کەریم چنگنیانی یەکێکە لەو نەبەزانە.

ساڵی ١٩٥٩کە یەکێکبووم لە دەیەمین دەرچوانی یەکەمین دەورەی خانەی مامۆستایانی سلێمانی و بەوهۆیەوە لە قوتابخانەی چوارتای ناوەندی قەزای شارباژێروەک مامۆستا دامەزرام کە کەمالی برام و هاوسەرەکەشی یادیان بەخێر هەر لەچوارتا مامۆستابوون.

دوو مامۆستای بەڕێز بەرەودوا بەڕێوەبەری قوتابخانەکەبوون: مامۆستا ئەحمەد سەعید و مامۆستا ئەنوەر فەخری واصف کە هەردوکیان لە ئەرکەکەیاندا سەرکەوتووبوون.

پێشتر ناوی هاوڕێ کەریم عەبدوڵا چنگیانیم بیستبوو کە تێکۆشەرێکی ناسراوەو بەرپرسی رێکخراوەکانی حیزبە لە قەزای شارباژێڕ. کە گەیشتمە چوارتا دوای چەند رۆژێک هاوڕێ کەریم هات بۆلام و پەیوەندی لەگەڵکردم، وەک ئەندامی کۆمیتەی قەزا بانگیکردم بۆ کۆبونەوەی ئایندەی کۆمیتەی قەزاکەیان. لە کۆبوونەوەکەدا لە ماڵێک لە چوارتا ئامادەبووم، ئەم هاوڕێیانە کە ئەندامی کۆمیتەکەبوون ئامادەبوون: عوسمان کەریم، عەلی حەمە پچکۆل، سەدیقی حاجی قادر، مەلا رەسولی چوارتایی و قادر میرە. شایانی باسە سەرپەرشتیاری لیژنەکە هاوڕێ شێخ عەلی شێخ حسێنی بەرزنجەیی بوو. هەندێ هاوڕێی چالاکی ریکخراوەکە نزێکمانبوون وەک سەرۆکی کۆمەڵەی جوتیاران هاوڕێی نەمر ئەحمەد سەعید کە دواترشەهیدکرا، حاجی عەبدوڵا سوور، عومەری حەمە پچکۆل..تاد. وێڕای کەسایەتیی ناسراو هاوڕێ محێدین چنارەیی. 

شایانی باسە هاوڕێ کەریم چنگیانی دۆستایەتییەکی بەهێزی هەبوو لەگەڵ دۆستی حیزب شێخ لەتیفی نەمرو محێدین چنارەیی کەدۆست وراوێژکاری نزیکی شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفیدبوو. هاوڕێ کەریم جێی متمانەی شێخ لەتیف و حەلاوەخانی خێزانیبوو، ماوەیەکی زۆر لەسیتەک لە ماڵیان خۆی حەشاردابوو.

لەماوەی پتر لە ساڵێکدا پێکەوە خەباتمانکرد تا بەهۆی چالاکیی سیاسیمەوە بە بڕیاری بەڕێوەبەریی پەروەردەی سلێمانی دوای ئاگادارکردنەوەم گواسترامەوە بۆ قوتابخانەکەی گوندی خەراجیان وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە. لەوماوەیەدا لەنزیکەوە بۆم دەرکەوت کە هاوڕێ کەریم چنگیانی تێکۆشەرێکی نەترس و کۆڵنەدەرەو هاوڕێیانی کۆمیتەی قەزاو ئەوانیتر هاوکارییەکی باشی لەگەڵ دەکەن، وێڕای هاوکاری هاوسەرە بەڕێزەکەی( دایکی کاوە) کە دەستەبەری سەرکەوتن و بەردەوامبوونیبوو لە خەباتیدا.

سەرنجم دا هاوڕێ کەریم لەلایەن جوتیاران و هەموو دانیشتوانی شارباژێڕەوە ڕێزی لێدەگیرێ چونکە رۆڵێکی باشی هەبووە لە ناوچەکەدا بۆپشتگیریی شۆڕشەکەی ١٤ی تەموزو پێکهێنانی کۆمەڵەکانی جوتیاران وبەرگری لە داخوازییەکانیان و

وەرگرتنی مافەکانیان بەپێی یاسای چارەسەرکردنی کشتوکاڵ و رووبەڕوو بوونەوەی جموجوڵی ئاغاو دەرەبەگەکانی ناوچەکە لەدژی جوتیاران.

هاوڕێ کەریم چنگیانی وەک زۆر لە هاوڕێیانی ئەوکاتە لەڕێگەی یەکێتیی گشتی قوتابیانەوە هاتۆتە ناو ریزەکانی حیزبی شیوعی عێڕاقەوەو لەسەرەتای تەمەنیەوە رۆڵێکی چالاکی لە خەباتی ئەم رێکخراوەیەی قوتابیاندا گێڕاوەو، نەڕاونان وگرتن و ئازاردان و حوکمی دادگای عورفی و، دەرکردن لە خوێندن و دوورخستنەوەی بۆ شوعێبەوزەبرو زەنگ کۆڵیان پێنەداوەو پاکانەیان پێنەکرد لە حزب و بیرەباوەڕەکەی. بۆیە لە شارباژێڕیشدا ناوبانگێکی باشی هەبوو.

هاوڕێ کەریم لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٦بوو لە چوارتاو، پاشان وەک تێکۆشەرێکی جوتیاری لە شارباژێڕدا هەمیشە بەدەنگ داخوازیی جوتیارانەوە دەچوو، بۆ هێنانەدیی داخوازییەکانیان مەزبەتەی بۆ دەنووسین وئیمزای لەسەر مەزبەتەکانیان کۆدەکردەوە

هەر بەو رێگەیە توانییان لیژنەی فەحسی توتن بێننە چوارتا کە ئەمە زۆر لە بەرژەوەندیی جوتیارانبوو،

بۆ یەکەمجاریش لە کرێکارانی ئەم بوارە سەندیکای کرێکارانیان پێکهێنا.

کاتێکیش گواسترامەوە بۆ خەراجیان و لەناو حیزبیشدا بوومە بەر پرسی هەردو قەزای ناوەندی سلێمانی کە ئەوکاتە حەوت ناوچەبوو، هەروا بەرپرسی قەزای شارباژێر، هاوڕێ کەریم چنگیانی بەخۆشیەوە دەهات و پێی ئاسایی بوو کە ئێستا من بەرپرسی ئەوم تا ئەو کاتەی حیزب کۆمیتەی قەزاکانی دامەزاندو، بەرپرسی هەر قەزایەک ئەندامی ئەو کۆمیتەیەبوو، هاوڕێ کەریم دواتر بووە ئەندامی ناوخۆیی پاریزگای سلێمانی و بەرپرسی قەزای شارباژێڕ بوو. 

هاوڕێ کەریم وەک خۆی باسی دەکات لەساڵی ١٩٤٨ دا پەیوەندی لەگەڵ حیزبدا لەڕێگەی هاوڕێ فەرەج مەحمودەوە پەیدا کردوەو تەمەنی دوانزە ساڵانبووە کە پێکەوە دەستبەسەرکراون.

شایانی باسە هاوڕێ مامۆستا کەمال مەحمود کە ئێستا لەلەندەن دەژی و هیوادارین تەمەنی درێژبێت بەرپرسی رێکخراوەکانی حزب بووە لە شارباژێڕ، دوای ئەویش هاوڕێ مەنصور عەزیزو ئینجا هاوڕێ کەریم چنگیانی بۆتە بەرپرسی قەزاکە. کاتی خۆی چەند جارێک هاوڕێ کەمال مەحمود بە باشی باسی چالاکی و هەڵوێستەکانی هاوڕێ کەریمی بۆکردووم کە لە نزیکەوە ناسیویەتی. وەک شیوعییەکی وابەستە بە بڕیارەکانی حیزبەوەو پارێزەری نهێنیەکانی حیزب ناسرابوو.

لە ساڵی ١٩٦٧دا بۆ ماوەیەک ئەرکی بەرپرسێتی ریكخراوی قەرەداغی پێسپێردرا.

لە ساڵی ١٩٦٩دا لەگەڵ هاوڕێیان ئەحمەد بانیخێڵانی و مەجید عەبدوڕەزاق(مام قادر) دەنێردرێتە مۆسکۆ بۆ ساڵێک خوێندن لە (قوتابخانەی باڵای حیزب) کە بە سەرکەوتوویی ئەرکەکەی بەجێگەیاند.

لە کاتی شەهیدکردنی هاوڕێی برینپێچ عەبدوڵا تۆفیقی بەرپرسی ناوچەی سیوەیل بەدەستی چەند بەکرێگیراوێکی ئاغاو کاربەدەستە کۆنە پەرستەکانی پۆلیس لە ناوچەکەدا، هاوڕێ کەریم رۆڵێکی باشی گێڕا لە بەرێکردنی تەرمی ئەو شەهیدە قارەمانەداو لەوکۆبوونەوە جەماوەرییەی چوارتادا بەناوی حیزبەوە وتارێکی جوانی خوێندەوەو ئەو کارە تێرۆریستییەی کۆنە پەرستان و ئاغاکانی تاوانبارکرد، پاشان لە بەڕێکردن ومەراسیمی ناشتنیدا لە سلێمانی کە نووسەری ئەم دێڕانە وتاری حیزبی خوێندەوەو هاوڕێ مەلاعەلی وتاری سەندیکای برینپێچ و کار مەندانی تەندروستی خوێندەوە کە ئەویش پاشان لە کانی ماسی لەگەڵ هاوڕێی سەرکردە ئەورەحمانی ساڵحی خدر شەهیدکرا.

لەم ساڵانەی دواییدا هاوڕێ کەریم لەسلێمانی کرایە نوێنەری حیزب لە (لیژنەی تەنفیزیی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی)دا کە بەچاکی ئەرکەکانی خۆی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنەکانیتردا ڕادەپەڕاند.

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لەرۆژی هەینیی رێکەوتی ٧/٦/٢٠١٩دا هاوڕێ کەریم بە نەخۆشی کۆچی دواییکردو لەڕێورەسمێکی شایستەدا بەخاک سپێردراو بە هاوکاریی هاوڕێی هێژا فاروق مستەفا رەسوول، کە کاری لەو چەشنەو بەتەنگەوە هاتنی کەسایەتییە تێکۆشەرو رۆشنبیرەکانی زۆرەو شایانی سوپاس و پێزانینە، چلەی ریزلێنانی لەهۆڵی پرۆفێسۆر عێزەدین مستەفا رەسوول بەڕێوچوو. 

هەزار سڵاو لەیادی تێکۆشەری شیوعیی کۆڵنەدەرو نەترس هاوڕێ کەریم عەبدوڵا چنگنیانیی نەمر..!

ئەو تیکۆشەرەی بووە نمونەی بەردەوامی و دڵسۆزی و کۆڵنەدان لە خەباتی سەختی حیزبە سەربەرزەکەیدا.

 

 

  • 1