ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شەپۆل فەتحی كەریمی پوورزا و هاوڕێم، بە هۆی چارەسەری نەخۆشییەكەی، دوو ساڵێكە لە توركیایە، لە كۆمێنتێكی لەبارەی پۆستێكی فەیسبووكمەوە نووسیبووی:

خاڵۆزای گوڵ، خەرمان بەرەكەت، چاكەی ڕۆژە سەختەكانی پێشمەرگایەتیم لەبیرناچێت؟

منیش بۆم نووسیوە: شەپۆل گیان دەستخۆش و زۆر سوپاس، زۆریش ببوورە چاكە نەبوو، ئەرك بوو.. منیش قارەمانێتیی تۆم لەبیرنەچووەتەوە. هیوادارم بتوانین بینووسینەوە و دیكیۆمێنتی بكەین.

شەپۆل دووبارە نووسیویەتی: تۆ باشتر مەسەلەكەت ئاگا لێبوو، من كەمێكی دەزانم ئەویش لە زاری تۆوە؟ بمبوورە پیاو لەسەر خۆی بنووسێت، حەقی خۆی ناداتێ؟ من تا ئەو شوێنەی، كە سواری ئۆتۆمبێلەكە بووم (سۆپەر)، نووسینەكەی تۆ تەواودەكەم، لەگەڵ هاتنم بۆ ماڵی ئێوە؟

منیش بۆم نووسیوەتەوە: شەپۆل گیان دەستخۆش، كەواتە من دەینووسم و بۆ تۆی دەنێرم، چونکە هەر یەكێكمان ئاگاداریی دیوێكی ڕووداوەكانین.

لە ئەنجامی ئەو كۆمێنتانەدا، ئەم سێ‌ بەشە نووسینە پەیدابوون. بێگومان هیچ كەسێك ناتوانێت بیرەوەریی تەواوی خۆی لەسەر لاپەڕەكان بەتاڵ بكاتەوە، چونكە بەشێكیان دەچنە خانەی لەبیرچوونەوەوە، ئەوەی لە بیریشدا دەمێنێتەوە، لە ڕێگەی نووسینەوە بەتەواوی بەرجەستە نابێت.

باوكم سێ‌ خوشكی هەبووە، نەجیبە، فەخری و سەبری، نەجیبە و سەبری شوویان بە دوو برا كردووە، نەجیبە هاوسەری عومەر حاجی كەریم و سەبری-یش فەتحی حاجی كەریم. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ‌ تیشكی بخەمەسەر، ماڵی پوورە سەبریمە، كە لە منداڵیمەوە هۆگرییەكی زۆرم بۆ ئەو ماڵە پوورە و پوورزاكانم هەبووە، ئەوانیش بە هەمان شێوە، بەتایبەتی پوورم زۆر زۆری خۆشدەویستم...

مێردی پوورم، كە ئێمە لە زاری پوورزاكانەوە، هەر بە "مام فەتحی" ناومان دەهێنا، پیاوێكی كۆمۆنیست، تا بڵێی پاك و فەرمانبەری شارەوانی بوو، تەنها كەمێك زوو تووڕە دەبوو. ئەوەی لە بیرم ماوە، مام فەتحی لە شاری هەڵەبجە كەفیلی كەسێك بووبوو، كە دواتر پارەیەكی زۆری میری بردبوو، مانگانە بەشێكی زۆری مووچەكەی بۆ ئەو پارەیە دەچوو.. بە مەرجێك كۆشێك منداڵی هەبوو: سیروان، سەیران، شەپۆل، مەریوان، بەهار، دەوەن، دەریا، ڕووبار و كەنار. باری داراییان باش نەبوو.

مام فەتحی هاوڕێی باوكیشم بوو، كە هەر بە "فتووح" بانگی دەكرد، هەرچەند باوكم ئەندامێكی كارای پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەبیرمە چەندین جار لەسەر پارتی و شیوعی لە یەكتر تووڕەدەبوون، یەكێك لەو قسانەم لەبیرماوە، كە باوكم لە كاتی تووڕەبووندا بە فتووحی دەگوت: عەزیز محەمەد لە قەڵادزێ‌ موختەفی بووە، تۆ شوێنەكەیت نەزانیوە، من سەردانم كردووە. دوای ڕاپەڕینیش، ماوەیەك لە بەرەی كوردستانی پێكەوە كاریان كردووە، باوكم نوێنەری پارتی و مام فەتحی-یش نوێنەری حزبی شیوعی بوون.

ماڵی پوورە سەبریم، بە هۆی بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمەوە، دوای هەڵەبجە ماوەیەك لە سلێمانی و دواتر "سەرەتای ساڵانی حەفتاكان" بە یەكجاری بۆ قەڵادزێ‌ گەڕانەوە و خانووێكیان بە كرێ‌ گرت، كە شانی بە بارەگای ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە بۆردوومانی 24/4/1974دا ماڵیان وێران بوو، دەوەن شەهید بوو، ئەوانی تریش هەموویان برینداربوون، لەبیرمە سەیران هەردوو لاقی شكابوو، بە تەختە بۆیان هەڵبەستەوە و لەبری نەقالە، لە پەیژەیەكی داریان بەست و لە پشتی جێبێكی لاندرۆڤەر دانرا و بۆ شاری سەردەشت بەڕێكران، دەرگای لاندرۆڤەرەكە لە بەر پەیژەكە دانەدەخرا.. دوای نزیكەی ساڵێك "1975" لە شاری سلێمانی بە دیداریان شادبوومەوە، كە ئەو كاتە ماڵی ئێمە لە گەڕەكی شێخان بوو، ئای ئەو ڕۆژە چەند خۆش بوو، خۆزگەم بەو ڕۆژە..