ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆربوونی تاوان بەتایبەتی کوشتن لەهەرێمی کوردستان لەحاڵەتەوەبووە بەدیاردەیەکی ترسناک، تاوان بەجۆرێک ئاسایی بووە، کاتێک گویبیستی هەواڵی کوشتنی کەسێک دەبیستین یان دەبین نەک تەنها توشی شۆک نابین، بەڵکو زۆر ئاساییە بەلامانەوە، دیمەنێکی نامۆنیە بۆمان چونکە لە ناو فیلمە توند و تیژەکان یاخود یاریە توندوتیژەکان زۆرجار هەمان دیمەنی کوشتن دەبینین.

کوشتن تاوانێکە دورلەهەموو بەهایەکی ئەخلاقی و لێسەندنەوەی مافی ژیانە لەکەسی کوژراو کەپێچەوانە و پێشێلکردنی سەرجەم مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە.

ئەوەی لەکۆمەڵگای ئێمەدا ڕوو دەدات کێشەی سایکۆلۆجی و گرێیەکی دەرونی بۆتاکەکانی تریش دروست کردوە، چونکە ئەم تاوانانە لەبەردەوامی دان و بەردەوام دوبارە دەبنەوە، فاکتەری زیاد بونی تاوان بەتایبەتی تاوانی کوشت بەرپرسیاری سەرەکی سیستمی حوکمڕانی و یاسا و خانەپەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستانە.

بەهۆی کەمی تەرخەمی ئەو سێ دەزگایەوە ئاماژەم پێکرد زۆر جار بکوژ و کوژراویش دەبنە قوربانی سیستمەکە.

دەزگا پەروەردەییەکانمان بەمیکانزمێکی ئەخلاقیەوە نەبونەتە کارخانەیەک بۆ دروست کردنی تاک وەکو کائینێکی ئەخلاقی، ئەمەش لەخێزانەوە تاقوتابخانە لەقوتابخانەوە بۆ مزگەوت، هەریەکێک لەمانە کەمتەرخەمەن لە پەروەردەکرنی مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و عەقڵانی.

مامۆستایانی ئاینی ڕۆژانە خەریکی تەفکیر کردنو وتاری توند و تیژین، تاکی پڕ لەڕق و توندڕەو بەرهەم دەهێنن، حەرام کردن و تەفکیرکردن وای کردووە خۆشەویستی وەکو تاوانێکی حەرام و قێزەون بەدزیەوە بکرێت و تاوانیش بەئاشکرا.

یاسا نەک لەهەرێمی کوردستان لەژێر پرسیار و گوماندایە، بەڵکو لەلایەن جووت حزبی دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، لەهەمان کاتدا کەمتەرخەمن لە بنبڕکردنی دیاردەی چەکداری و قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، سزادان لەنێوان هاوڵاتیەکی ئاسایی و دەسەڵات دارێک زۆر جیاوازترە، لەهەمان کاتدا نوغبەیەکی دەسەڵات دارانی حیزبەکان کەهەم هێزی چەکدار و هەم یاسا و هەم ئابوری هەرێم لەژێر دەسەڵاتی خۆیان دایە، زۆر جار دەبنەحەشارگەیەک بۆ شاردنەوە و پاراستنی تاوان باران، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن چەک دەبەخشێننەوە، ئەمە هۆکارێکی بۆدەست کەوتنی چەک لەلایەن هاوڵاتیان و ئاسانکاری زیاترە بۆ تاوانی کوشتن.

زۆریک لەم حیزبانە مەکتەبی کۆمەڵایەتی تایبەتیان هەیە بۆ سوڵحکردن بۆتاوان باران و ڕزگارکردنیان لەسزایی یاسایی بەنەریتێکی کۆن و عەشایەری.

سیستمی حوکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا، سیتمێکی دۆڕاو و پڕاو پڕ لەشکستە، نوغبەیەکی حیزبی بوون بەبڕیاردەر و حاکم و حکومڕانی ئەم ووڵاتە، سیاسەتیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی ئابوری و سامانی ووڵاتیان وەک دەخیلەیەکی شەخسی بۆدەوڵەمەند کردنی خۆیان قۆستۆتەوە، لەبازاڕی ئازادیش دا هەریەکێکان خودان بازاڕ و کۆپانیاو بازرگانی زەبەلاحن، هێزێکی چەکدار و شەق وەشێنیشیان لەدەوری خۆیان کۆکردۆتەوە بۆ سەرکووت کردن و بێ دەنگ کردنی هاوڵاتیان.

دۆخێکیان دروست کردووە کە مرۆڤ ئامادەبێت لەپێناوی پارەدا هەموشتێک بکات و هەمو بەها نائەخلاقیەکانی ئەم دونیایە قبوڵ بکات.

هەلومەرجێکیان سازاندندووە کە تەواوی هاوڵاتیانیان بێ ئومێد کردووە، مرۆڤ لەم باردۆخەدا لەتەواوی دەرگاکانی خۆشبەختی بێ ئومێدە، بێ ئومێدی لەدامەزراندن دوای خوێندن، بێ ئومێد بوون لە چارەسەربونی سەرەتای ترین پیداویستی مرۆڤ بێ ئومێدە لەوەی لەنەخۆشخانەیەکی حکومی چارەسەری بۆ بکرێت، بڤەیە منداڵێک خەون و ئومێدی ئەوە بێت ببێتە سەرۆکی ووڵات لەداهاتو دا، جووت حیزبی دەسەڵات سەرجەم دەزگاکانی ئەم ووڵاتەیان کۆنرۆڵ کردوە بۆخۆیان، بێ ئومێدکردنی مرۆڤ هیچ جیاوازی نیە لەکوشتنی مرۆڤ، ئومێد یەکێکە لە ئۆرگانە تایبەتەکانیی هەست کەمرۆڤ بەزیندو دەهێڵێتەوە، مرۆڤی بێ ئومێد بەردەوام ڕق لەناخیدا دروست دەبێ بەرامبەر بەخود و بەخەڵکی تریش، لەم ڕقەشەوە ڕقی کۆمەڵایەتی دروست دەبن، بەمەش مرۆڤی بێ ئومێد پەنا بۆخۆکوشتن و توندو تیژی دەبن یاخود لەبێ ئومیدیدا پەنا دەبەنە بەر تاوان و ڕوبەڕوی کێشەی سایکۆلۆجی دەبنەوە.

ووڵاتی ئێمە لەسەربنەمایی ڕق دروست بووە ڕقی ئەم سیاسی لەو سیاسی ئەم حیزب لەو حیزب ، زۆر جار ڕقی کۆمەڵایەتی وەکو باسم کرد ئەم ڕقە لەدەرئەنجامی بێ ئومێد کردن و سیستمی حوکومڕانی دروست دەبێت، ڕقی ئاینیش یەکێکی ترن لەو ڕقە سۆسۆلۆجیانەی تاکی ناهۆشیار و نادروست بەرهەم دێنن، ئەم ڕقانە لەسەرە شۆڕدەبنەوە بۆناوکۆمەڵگا بۆیە مرۆڤ لەو هەلومەرجە حوکمڕانیە دا پەنا دەباتە بەر تاوان و کردنی دزی و کوشتن و توندو تیژی، چونکە بێ ئومێد کردن مرۆڤی ڕق لەدڵ و توندو تیژ بەرهەم دەهێنێ، لێرەشدا تاوان بار و قوربانیش قوربانیەکی گەورەن کە حکومەت و یاسا و دەزگاپەروەردەییەکان بەرپرسیاری سەرکی ئەم قوربانیانەن.