ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێم وایە بەلاى هاووڵاتییەکى سادەیشەوە ئاشکرایە بۆ سەرجەم حکوومەتەکانى پێشووى هەرێم. هەرچەندە لە دیوى دەرەوە وەک حکوومەتێکى یەکگرتوو دەبینرا، بەڵام وەکى تر حکوومەتى حزب بوو. لەژێرەوە دووئیدارە هەبوو. هەموو دام و دەسگا و بوارە سەرەکییەکان دابەشکرابوون. دارایى سەرچاوەى داهاتەکان هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس.... هتد. ئەم واقیعە تاڵ و نە خوازراوە نەک هەر بووبوو بەمایەى کێشمەکێش و ململانێی سیاسى خێڵایەتیش نەک هەر ئەم وڵاتەى خست بووە گێژاوى پاشاگەردانى ئیدارى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەوە، نەک هەر ببووە هۆى هەژارى و بێکارى و دواکەوتنیێکى لە بەرچاو لەهەموو بوارەکاندا، بەڵکو لە لایەکى دیکەوە هەلومەرجى لەبارى ڕەخساند بوو، بۆ دەستتێوەردانى زیاترى بێگانە و هەرێم کرابوو بە بازاڕێکى بەرەڵا. لەلایەکى تریشەوە لەلایەن حکوومەتى(بەغداد)وە کرابوو بە بیانوو بۆ چارەسەرنەکردنى کێشەکانى بەینى هەرێم و حکوومەتى مەرکەزى. بگرە ببوو بەهۆى پەرەسەندن و کەڵەکەبوونى ئەو کێشانە وەک ئەو حاڵەت و دیاردانەى کە لە ئۆکتۆبەرى2017 ڕوویاندا. حکوومەتى نۆیەم دەبێ ئا لێرەوە دەستپێبکات واتە لە ناوخۆوە. دەست بەکاربێت بۆ وەڵامدانەوەى هەر دیاردە و جوڵەیەک کە ئەو دووبەرەکى و پاوانخوازییەى پێوە دیار بێ ..

  پێم وایە هۆکارى بوون و ڕوودانى ئەو دیاردانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى دەستوورێکى هاوچەرخى عەلمانى کە تا ئەمڕۆ بەهۆى دووبەرەکییەوە نەتوانراوە پەرلەمان یان ڕاى گشتى بڕیارى لەسەر بدات، بە واتایەکى تر ئەمە دوو (دەیە)یە ئەم هەرێمە بێ دەستوورە. بێ ئەو سەرچاوە سەرەکییە کە یاساکانى لەسەر بڕیار دەدرێ. لەو ماوەیەدا یاساکان فەرمان و ڕێنوێنییەکان سەرجەم سەرپێىی و ئارەزوومەندانە بوون.. لایەک پێى پەسەند بووە و لایەک پێى ناڕازى بووە!! ئەم ئەرکە لە ئەستۆى پەرلەمانى هەموو خەڵکى کوردستان بێ. بەهۆى نەبوونى یاسایەکى هاوچەرخەوە سەبارەت بەدیاریکردنى و ڕێکخستنەوەى مووچەى کرێکاران و فەرمانبەران و کاربەدەستان، وەک باس دەکرێ بێ سەروبەرەیەکى ئاشکرا، ناهەقییەکى ناڕەوا، بەفێڕۆدانێکى بێ حساب لەم بوارەدا هەیە. 73% داهاتى هەرێم بەوەکەى بەغدایشەوە دەدرێ بە مووچە!! لە چ وڵاتێکى جیهاندا ئەمە هەیە!! ملیاردێرەکان ئا لێرەوە پەیدا دەبن!!

وڵاتێکى سوتاو و وێرانکراو هەژارى وەک ئەو گەلەى هەرێم بە (27%)ى بودجە ئاوەدان دەکرێتەوە و دەبوژێتەوە و پێشدەکەوێ؟! دەبێ ئەمە دووەم هەنگاوى ئەم حکوومەتە بێت .

بمانەوێ و نەمانەوێ ئێستا و تا ماوەیەکى دیارى نەکراویش هەرێمى کوردستان هەر بەشێکە لە دەوڵەتى عێراق بە هەموو خۆشى و ناخۆشییەکییەوە. پاشەڕۆژى ئێمە تاڕادەیەکى زۆر بەستراوە بەپاشەڕۆژى عێراقەوە، کێشەکانمان، داخوازییە سەرەکییەکانمان لە ڕێگەى حکوومەتەکانى عێراقەوە چارەسەر دەکرێ، بەڵام لە ڕێگەى حکوومەتێکى دیموکراسیخواز و پێشکەوتووەوە، لەبەرئەوە دەبێ حکوومەتى هەرێم بوونى حکوومەتێکى عێراقى ئا لەم جۆرە بکات بە ئامانجى خۆى و پشتیوانى بکات. بەدەر لە هەر دەستێوەردانێک یان گفت و بەڵێنى ساختەى ئەملاو ئەولا!!.

هەرێمى کوردستان لە ماوەى – هیچ نەبێ – 25 ساڵى ڕابردوویدا شارەزایى و ئەزموونێکى باشى لەلاکۆبووەتەوە سەبارەت بە هەڵوێستى دەوڵەتانى دەوروبەر و دوورتریش بەرانبەر بە مافە ڕەواکانى ئەم گەلە دابەشکراوە! کۆبوونەوەیەک لە دواى یەکەکانى (تاران و ئەنقەرە و دیمەشقى ساڵانى 993-994، بە ئافەرینى (سەدام) بۆ ڕووخاندانى حکوومەتى ئەوساکەى هەرێم . دەبێ ئەمڕۆ لەبەرچاوبن و سوودیان لێ وەربگیرێت ئەو دەوڵەتانە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە تەنیا و تەنیا لەبەر ڕۆشنایى بەرژەوەندى تایبەتى (ئابوورى و سیاسى و سەربازى ..هتد) مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن .

16ى ئۆکتۆبەر هەموویانى تاقیکردەوە! کورد واتەنى (قولى ڕەش و سپى لەبوارەدا دەردەکەوێ)، کەواتە کوردیش دەبێ بەپێى بەرژەوەندى نەتەوایەتى خۆى مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

ئەم کوردستانە وڵاتێکى بەپیت و بەرەکەتە. سامانێکى بێ پایانى ژێرزەمینى و سەرزەمینى تێدایە هەر لەبەر ئەمەیشە کۆمپانیاى دەوڵەتە زلهێزەکان پێشبڕکێ لەسەر قۆرخکردنى دەکەن و دەیانەوێ ڕەگى هەتا هەتا لەم وڵاتەدا دابکوتن حکوومەتى هەرێمى کوردستان نابێ ئەم واقعە پشتگوێ بخات. بەرژەوەندى گەلى کوردستان لە پێش هەموو مەبەستێکى ترەوەیە .

 

 

 

  • 1