ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای تۆپبارانەكانی ئێران، ساڵی 1985 خانووی ماڵی مامۆستا "سارا فەقێ‌ خدر"مان بەكرێ‌ گرت، كە هەر بە تەنیشت خانووەكەی خۆیانەوە بوو، بەشی سەرەوەی خانووەكە سێ‌ ژوور و حەوشەیەكی فراوانی هەبوو، گەرماو و پێشاوەكەی، لە خوارەوە و لای دەرگای حەوشەكە بوو، دیواری نێوانمان زۆر نزم بوو، خانووی ماڵی مامۆستا سارا، ڕووی لە باكوور و ئەوەی ئێمەش ڕووی لە خۆرهەڵات بوو، خانووەكەی ئەوان، پێشی نیوەی خانووەكەی ئێمەی گرتبوو، بەتایبەتی ژووری سەرەوەی دەتگوت ژێرزەمینە، ئەوەندە تاریك و تنۆك بوو.
نازانم شەپۆل كەی دەستی بە خزمەتی پێشمەرگایەتی كردووە، بەڵام دەزانم دوو جار لە ماڵی ئێمەدا ماوەتەوە، یەكەمیان ساڵەكەیم لەبیرنەماوە، بەڵام لەبیرمە من دەبوایە لەبەر خاتری كاك سەڵاحی برام، بچم بۆ هەولێر، لەو كاتەدا شەپۆل دابەزیبوو، هەواڵیشی بۆ ناردبووم، كە دەیەوێت لە ماڵی ئێمەدا بمێنێتەوە، ناچار داوام لە كاك حەسەن باپیری ئاوەڵزاوام و گوڵەخانمی خێزانی كرد، كە لە ماڵی ئێمەدا بمێننەوە، تا من لە سەفەرەكەم دەگەڕێمەوە. بەڵام دوای ڕۆیشتنی شەپۆل، هەندێ‌ بەیاننامەیان لە ماڵی ئێمەدا شاردبووەوە، بەبێ‌ ئەوەی ئاگادارمان بكەنەوە، چونكە بە چەند ڕۆژێك دوای گەڕانەوەیان، هاتن بەیاننامەكانیان برد...
جاری دووەم، سەروبەندی ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ‌ و ناوچەی پشدەر بوو، هەواڵ، دەنگۆ، قسە و باس، تەنها ئەوە و هیچی تر نەبوو... دواتر لە شەپۆلم پرسی و گوتی ڕۆژی 4/4/1989 دابەزیوین.
ڕۆژێك مەریوان هات و گوتی: شەپۆل لێرە بووە و گەڕاوەتەوە، سەلامی لێكردوون.
منیش گوتم: زۆر باشە، ئەی بۆ قسەت نەكرد بیبینم؟
مەریوان گوتی: وەڵا بە پەلە گەڕایەوە.
ڕۆژی دواتر مەریوان هات و گوتی: شەپۆل لێرەیە و دەیەوێ‌ بێتە ماڵی ئێوە.
منیش زۆر تووڕە بووم و گوتم: ئەی تۆ نەتگوت گەڕاوەتەوە؟! ئەگەر متمانەتان بە من نییە، بۆ ماڵەكەشم مەیەن. ئینجا هەندێ‌ گلەییم لێ‌ كردن، بەتایبەتی شاردنەوەی بەیاننامەكان، چونکە ئەگەر هەڵە نەبم، هەر ئەو جارە، یان جارێكی تر بوو، شەوێك بە بێ‌ ئاگاداركردنەوەمان، شەپۆل و چالاک محەمەد سۆفی ڕەحمان بۆ ماڵی ئێمە هاتبوون، ئێمە لە ماڵ نەبووبووین، كۆمەڵێكی زۆر بەیاننامەیان لە ناو سەقفی گەرماوی ماڵی ئێمەدا شاردبووەوە. مەریوان و چالاک، بۆ بەیانی هاتن و ئاگاداریان كردمەوە، زۆر تووڕەبووم و گوتم: چۆن شەو بەبێ‌ ئاگاداریی ئێمە ئەو كارەتان كردووە، ئێستاش بڕۆن بە هەمان شێوە بیگوازنەوە، چونكە "كەژاڵ"یش لە قوتابخانەیە و منیش لە ماڵ نیم...
بۆ بەیانی كە ڕۆیشتمە دەرەوە، تا پێش ئێوارە نەگەڕامەوە، كە هاتمەوە ماڵ، كەژاڵ لە گەرماوەكەدا خەریكی جل شووشتن بوو، چووم بۆ لای و قسەم لەگەڵ كرد، گوتی: شەپۆل هاتووە.
گوتم: چۆن، خۆ من ڕێگەم پێ‌ نەداون؟!
كەژاڵ گوتی: نیوەڕۆ پاڵێك بە دەرگای حەوشەكەدا نراوە و شەپۆل هاتووەتە ژوورەوە.
منیش زۆر تووڕەبووم، چونكە بارودۆخەكە زۆر خراپ بوو، كە ڕەنگە وردەكارییەكانی تەنها لە ناو مێشكی مرۆڤدا هەبێت، هەرگیز بەتەواوی نانووسرێتەوە.
بە تووڕەبوونەوە بەرەو ژوورە تاریكەكە ڕۆیشتم، شەپۆل لە سووچی سەرەوەی ژوورەكە، بە هەڵترووشكاوی دانیشتبوو، تفەنگەكەشی لە باوەشیدا بوو. بێگومان من ئاگاداریی وردەكاریی ڕووداوەكە نەبووم.
دوای بەخێرهاتن، هەندێ‌ بۆڵەم بەسەردا كرد، لەبیرمە شەپۆل چاوی پڕبوو لە فرمێسك و گوتی: دۆخەكە ناچاری بووە، لە ماڵێك بووم و ئاشكرابووم، ئەو كەسەی منیشی گواستەوە، خزمی هەردووكمانە، لەبەر سەلامەتی، هەر ماڵی تۆم پێ‌ باشتر بووە...
منیش گوتم: بەهەرحاڵ و مادام وابووە، كێشە نییە، بەڵام منیش ماڵ و منداڵم هەیە، خۆت دەزانی ئەگەر ئاشكرا بین، چیمان لێ‌ دەكەن. نازانم پێش هاتنەكەی شەپۆل بوو، یان دواتر، ئێوارەیەكی دیكەیش منداڵێكیان بۆ تاقیكردنەوە بۆ ماڵی ئێمە نارد، هەروەها ژن و پیاوێكیشیان تووش كردم، كە گوایە پەنایان بۆ من هێناوە، تا هاوكارییان بكەم.
دوای نانخواردنی ئێوارە، هێشتا تاریك و ڕوون بوو، مەریوان سەیارەیەكی سۆپەری هێنا، كە هی ماڵی "خدر شێخە دێگەیی- خدر قادر شێخە" بوو، ئەبوبەكری كوڕی لێیدەخوڕی، شەپۆل-یان سواركرد و ڕۆیشتن.
نازانم چەندی پێچوو، نیو سەعات، سەعاتێك، هەر ئەوەندە دەبوو، لە دەرگای حەوشە درا، كە هاتمە خوارەوە، سەیرم كرد دەیان چەكدار بە سەربانی دراوسێكاندا بڵاوبوونەتەوە، كاتێك دەرگام كردەوە، مولازمێكی ئەمن، كە ناوی عەلی، یان عەلا بوو، دەمانچەكەی بە دەستەوە بوو، گوتی:
عدنا أمر بتفتیش بیتك "فەرمانی پشكنینی ماڵەكەتمان پێیە".
ئێستاش سەیرە بە لامەوە، نەشڵەژام و پێشیان كەوتم، بێگومان زمانی عەرەبیشم دەزانی.
گوتم: فەرموون.
گوتی: وێن سرداب مالتكم "ژێرژەمینەكەتان لە كوێیە"؟
منیش گوتم: ژێرزەمینمان نییە، فەرموو بگەڕێن، خۆم پێشیان كەوتم بۆ ژوورەكەی پشتەوە، فەرشەكەشم بۆ هەڵدانەوە، كەژاڵ-یش لە ژوورەكەی ناوەڕاستدا، خەریكی تێگرتنەوەی بەرگی لێفە بوو، کە پێم وایە هۆكارێكی سەلامەتیمان، بێدەنگی و خۆشلوێ‌ نەكردنی كەژاڵ بوو، چونكە هیچ هەڵوێستەیەكی نەكرد و لە شوێنەکەی هەڵنەستا.
ئیتر هەر چۆنێك بێت، زۆر ترساین، سوپاس بۆ خوای گەورە سەلامەت دەرچووین، هیچیشیان نەدۆزییەوە، لەكاتێكدا گونییەی چەكەكەی شەپۆل، هەر لە پشت دەرگای ژوورەكە بوو...
دوایی و پێش ڕاگواستنی قەڵادزێ‌، شەپۆل نامەیەكی گلەیی ئامێزی بۆ ناردم، وەڵامم نەدایەوە، كە هۆكارێكی ڕاگواستنی قەڵادزێ‌ و خراپیی دۆخەكە بوو. دوای ڕاپەڕین چاومان بە یەكتری كەوتەوە و ڕووداوەکەمان بەتەواوی بۆ یەکتر گێڕایەوە، ئیتر هەموو گلەیی و گازندەكانیش ڕەوینەوە و بووینەوە بە برا و هاوڕێكەی جاران، كە بەداخەوە بە هۆی ئەوەی شەپۆل ماڵی لە هەولێر و منیش لە سلێمانی، ڕەنگە لە دوای ڕاپەڕینەوە هەر 10 جارێك بە یەكتری شادبووبینەوە.
ئەمانە بەشێكی كەمی ژیانی گەنجی و منداڵیی ئێمە بووە، هیوادارم كەڵك بە سووچێكی بچووكی مێژووی كورد بگەیەنێت.

 

  • 1