ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆژى دووى مانگى ئابى ساڵى 1990 ڕژێمى ڕەفتار فاشى حزبى بەعسى دەوڵەتى کوێتى داگیرکرد و، حکوومەتێکى داتاشراوى دامەزراند، ئەمیرى کوێت و بەرپرسان و خەڵکێکى زۆرى دانیشتووانى کوەیت ڕایانکرد و، لە دەوڵەتى سعودیە بوونە ئاوارە، لە کاتژمێرى هەشتى بەیانى هەمان ڕۆژ، واتە ڕۆژى 2/8/1990 بروسکەیەکى بە پەلەم لەمەکتەبى سیاسى حزبەوە پێگەیشت، ئەو کاتە مەکتەبى سیاسى حزب لە شام بوو، نوێنەرى حزب بووم لە بەرەى کوردستانى، بارەگایەکەى لە گوندى ڕاژانى کوردستانى ڕۆژهەڵات بوو، بارەگای مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى پارتیش لەهەمان گوند بوو.

مەکتەبى سیاسى حزبمان لە بروسکەکەیدا داوا دەکات کە هەوڵبدەم لەگەڵ لایەنەکانى بەرەى کوردستانى بەیانێک بەناوى بەرەوە دەربکەین دژى داگیرکردنى کوەیت و ڕیسوا و ئیدانەى ڕژێمى بەغدا بکەین، هەروا لە بروسکەکەدا هاتبوو، ڕژێمى بەعسى ڕەفتار فاشى عێراق دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى و، ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکارى دەوڵەتانى عەرەبى و کۆنگرەى دەوڵەتانى ئیسلامى و، دەوڵەتانى بێلایەنی داگیرکردووە، ئەم ڕەفتار و کردەوەیەى ڕژێمى عێراق دژى تەواوى یاساکانى نێودەوڵەتى و مرۆڤایەتییە.

بۆ باسکردنى ئەم بیرۆکەیە پێشەکى دیدارێکم لەگەڵ شەهید (فەرەنسۆ هەریرى) کە لە بەرەى کوردستانى نوێنەرى پارتى بوو، ئەنجامدا و بیرۆکەکەم بۆ باسکرد، گوتى باشە و بڕۆ لەگەڵ سەرۆک باسى بکە و ئاگادارى بکەوە و، ڕەزامەندى ئەو وەربگرە، لەم کاتەدا تەنیا کاک (مەسعوود بارزانى) لە کوردستان بوو، ڕێنمایى و سەرپەرشتى ئیش و کارەکانى بەرەى لە ناوەوەى وڵات دەکرد و، ڕێزدار (مام جەلال تاڵەبانى)ش لەدەرەوەى کوردستان سەرپەرشتى چالاکییەکانى بەرەى دەکرد، سکرتێر و سەرۆکى حزبەکانى دیکەى ئەندامى (بەرە)، گەشتى دەرەوەیان کردبوو .

چوومە لاى کاک مەسعوود بارزانى لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى و بەکورتى هەندێ قسە و باسمان کرد و هەندێ پرسیارم لە بەڕێزیان کرد دەربارەى کردەوەکەى ڕژێمى بەعسى عێراق. کاک (مەسعوود بارزانى) بەکورتى هەندێ ڕوونکردنەوەى پێشکەش کرد و گوتى ئەم کارەى (سەدام) کارێکى شێتانەیە و دژ بە تەواوى دەوڵەتانە و پێم وایە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دژى ئەم کارەى (سەدام) دەبێت و کردەوەکەش سەرى ڕژێمى عێراق و (سەدام) دەخوات ...

پاشان بەندەش بیرۆکەى بەیانێک بەناوى بەرەم خستە بەر دیدى بەڕێزیان و هۆیەکانیشم باس کرد، کاک (مەسعوود بارزانى) گوتى باشە و لەگەڵ (فەرەنسۆ) پەیوەندى بە نوێنەرى لایەنەکانى بەرە بکەن و بەیانەکە دەربکەن، شەهید (فەرەنسۆ هەریرى) پەیوەندى بە کاک (جەبار فەرمان) کە نوێنەرى یەکێتى بوو لە بەرە کرد و منیش پەیوەندیم بە (مامۆستا ئەمین قادر) کە نوێنەرى (حسک) و کاک (هۆشەنگ) کە نوێنەرى پارتى گەل بوو ئەنجامدا، بەڵام نوێنەرى (پاسۆک) بەهۆى سەفەرى بۆ دەرەوەى کوردستان لە ناوچەکە نەبوو، نوێنەرەکان هەموویان ڕەزامەندییان دەربڕى و بەڕێز نووسەر و ڕۆژنامەنووس (مامۆستا فەلەکەدین کاکەیى) بەیاننامەکەى لە بەر ڕۆشنایى بیرۆکەکەى ئێمە نووسى و کاتژمێر یەکى هەمان ڕۆژ، واتە ڕۆژى 2/8/1990، بەیانەکە ئامادەکراو لە ڕێگاى بێتەلەوە بۆ مەکتەبى سیاسییم لە شام ڕەوانە کرد و، هەمان ڕۆژ بە فراوانى لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە دیمەشق بڵاوکرایەوە .

لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە کاک (جەبار فەرمان) ئاگادارى مەکتەبى سیاسى و کاک (نەوشیروان)ى لە دەرکردنى بەیانەکە نەکرد بوو، و ئەو کاتەش کاک (نەوشیروان مستەفا) جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى بوو، هەر خۆى سەرپەرشتى یەکێتى دەکرد، چونکە بەڕێز (مام جەلال) لە دەرەوەى کوردستان بوو، کاک (جەبار فەرمان) لەم کاتەدا بەینى لەگەڵ کاک (نەوشیروان مستەفا)دا نەبوو، و هاتوچۆى مەکتەبى سیاسى یەکێتى کە لە قاسمەڕەش بوو، نەدەکرد .

دواى بڵاوبوونەوەى بەیانەکە لە دەرەوە و، دواى ئەوەى کاک (نەوشیروان مستەفا) پێیزانى، زۆر توڕەبوو، و دژى بەیانەکەش بوو، داواى کرد کە نابێت ئەم بەیانە لە ڕۆژنامەى بەرەى کوردستانی بڵاو بکرێتەوە، بەندەش داوام کرد کە ئەگەر بەیاننامەکە لە ڕۆژنامەى بەرە بڵاونەکرێتەوە، نابێت چیتر ڕۆژنامەکە دەربچێت و ڕۆژنامەى بەرەى کوردستانى وەستێنرا، کاک (نەوشیروان مستەفا) پەیوەندى بە کاک (مەسعوود بارزانى)یەوە کردبوو، ڕاوبۆچوونى خۆى سەبارەت بە بەیانەکەى بەرە دیار کردبوو، بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو بەیانەکە بڵاو ببۆوە .

پاش دوو مانگ چوومە سەردانى کاک (مەسعوود بارزانى) لەبارەگاى مەکتەبى سیاسى لە ڕاژان، دواى باسکردنى هەندێ بابەت، کاک (مەسعوود بارزانى) گوتى پرسیارێکت لێبکەم و بفەرمووى بەڕاى تۆ بەیانەکەى بەرەى کوردستانى پەلەکردنى تێدا نەبوو؟ لە وەڵامدا گوتم؛ بەڕاى بەندە بەیانەکە لە کات و ستاتێکى گونجاو بوو، لەبەرئەوەى بەرەى کوردستان ئەگەر بەبەیاننامەیەک ڕاى خۆى دەرنەبڕێ، دەبوو چى بکات و پاشان ئێمە لە بەیانەکەماندا نەمانگوتووە لە بەرەى کوردستانى چەک هەڵدەگرین و، دەچینە کوەیت و شەڕى سوپاى عێراق دەکەین، ئەوەى گوتوومانە ئیدانەى ڕژێمى عێراقمان کردووە و، داوامانکردووە، پێویستە سوپاى عێراق لە کوەیت بکشێتەوە و سەروەرى بۆ دەوڵەتى کوەیت بگەڕێتەوە، هەموو دەوڵەتانى دنیا و هێز و لایەنە سیاسییەکانى جیهانیش ئەو داوایە دەکەن، پاشان بۆ بەڕێزتان دواى (20 – 30) ساڵ دەبێتە سامانێکى سیاسى و مەعنەوى زۆر گەورە و گرنگ لەبەرئەوەى ڕۆڵى سەرەکى لە دەرکردنى بەیاننامەکە بۆ جەنابتان دەگەڕێتەوە و خاڵێکى پڕشنگداریش دەبێت لە مێژووى تێکۆشانى بەرەى کوردستانى، لە مێژووى تێکۆشانى سیاسى گەلەکەمان بەیاننامەکەى بەرەى کوردستانى وەک بەڵگەنامەیەکى گرنگ باسى لێوە دەکرێت هەر ئەوەندە و کاک (مەسعوود بارزانى) بابەتەکەى داخست .

ڕۆحى (کاک جەبار فەرمان و کاک فرەنسۆ هەریرى و مامۆستا ئەمین قادر و مامۆستا فەلەکەدین کاکەیى) شادبێت، کە ڕۆڵییان هەبوو لە دەرکردنى بەیاننامەکەى بەرەى کوردستانى .

- گیانى کاک (نەوشیروان) شادبێت .

تێبینى: لە کاتى دەرکردنى بەیاننامەکەى بەرەى کوردستانى بزووتنەوەى دیموکراتى ئاشوورى و حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان ئەندامى بەرەى کوردستانى نەبوون .

 

9/8/2019

  • 1