ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی لە هەفتەی پێشوودا گوتمان بەرەو ئاڵۆزتر دەچن، ئەو هێزەی کە بە ناوی داعشەوە لە سنوورى داقووقدان یان لە سنووری خورماتوودان، ئێستا لە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر بڵاوبوونەتەوە، تەوقى دەڤەرەیەکەیان کردووە، ئەگەر پێشتر داعش لە هێڵی تەماسی گوندە کاکەییەکانەوە بوونیان هەبوو کە هاوسنوور بوون لەگەڵ گوندە عەرەبییەکان وابەستە بوو بە زنجیرە چیای حەمرینەوە، ئێستا ئەو هێزانە لە (مەرقەدى زەین عابدین)ەوە سەریان دەرهێناوە کە دەکەوێتە ناوچە کوردنشینەکانەوە، دیارە ئاراستەى پەلاماردان و تاکتیکى نوێیان گرتۆتەبەر بە پانتایى ئەو ڕاستە هێڵەدا دێهاتى کوردنشینە . 

قەزاى خورماتووش ئەگەرچى لەپێشتردا ڕووبەڕووى پەلامارى دڕندانەى چەکدارەکانى داعش بووبوونەوە، ئەزموونى تاڵیان لەوبارەیەوە هەیە. ئەو هێزانە بە هەمان شێوەى پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر تەنیا لە هێڵی تەماسی ئامرلییەوە بوونیان نییە. واتە ئێستا خورماتوو و داقووق کەوتوونەتە ناوەڕاستى چەقی ئەو هێزە چەکدارە نادیارانەوە، ئەگەرچى هەموو هەواڵەکان بە داعش ناویان دەبەن. من ناتوانم پشتڕاستى ئەو دەنگۆیانە بکەمەوە، دەشێت لەپاڵ داعشدا هێزى ئامادەکراوى تر بوونیان هەبێت. ڕاستە هێڵی ناوچەی داودییە کە ناوچەیەکى کوردنشینە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە، ئەو هێزە چەکدارە نادیارانە بە ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدار بەرەو دیالە دەڕۆن. مەترسییەکان لەم ناوچانەدا لە هەڵکشاندایە، خەڵکى ناوچەکە ماڵەکانیان باردەکەن بۆ سنووری گەرمیان و کەرکووک، چونکە ترسێک لەوێ دەبینرێ کە بارودۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات .

هێرش و پەلامارى شەوی 24/25ی ئاب لەلایەن ئەو هێزە چەکدارانەوە بۆ سەر ئاوایی و گوندەکانى سنوورى داقووق و شەهیدبوونى ژمارەیەک لە هاووڵاتى بێتاوان، شوێن و جۆرى پەلاماردانەکە و هێرشەکان فراوان بوونى ئەو هێزانەمان بۆ ئاشکرا دەکەن. بۆیە پێویستە خەڵکى ناوچەکە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دوخەکەدا بکەن، بەتایبەتى گوندە کوردنشینەکان، چونکە لەپاڵ ئەو هێزانەشدا دەبێت ئاگادارى پیلانگێڕى شۆڤینێتى عەرەبى ناوچەکە بین.

 

  • 1