ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شۆڕش بە بەشداریی میللەت دەکرێ و هیچ ئاغاو بەگ وشێخ و سەرکردەیەک ئەگەر گەڵ پشتیوانی نەبێ هێچی بۆ ناکرێ . لە مێژوودا هەمیشە چینی چەوساوە کە بریتی بوون لە ڕەنجدەرانی سەر زەوی و جووتیاران پێکیان هێناوەو ,سووتەمەنیی هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشێک بوونە و زیانی زۆر و کەمەرشکێن بەر ئەوان کەوتووە و ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوژران بەشیان بووە . من نامەوێ زۆر بە مێژوودا ڕۆ بچم و نموونەی زۆر بێنمەوە , چونکە ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ . بۆیە شۆڕشی مەزنی فەرەنسا دەکەم بە دەربازگە کە بە ماکی شۆڕشەکانی سەردەم دەژمێررێ . ساڵێ ١٧٨٩ دەرگای هەڵسان و ڕاپەڕینێکی گەورە بوو کە لە مرۆڤایەتی کرایەوە. شۆڕشی فەڕەنسا بە وەرچەرخانێکی گەورە دادەنرێت لە مێژووی ڕاپەڕینی سەرتاسەری مرۆڤایەتیدا و هەموو چینە بەشخوراوەکانی فەڕەنسا تێێدا بەشدار بوون , بەڵام دوای ئەوە هەندێک لێی بوون بە براگەورە و کەلێنی تێ کەوت و سەردەمێک دەستی پێ کرد کە پێی دەڵێن سەردەمی تۆقاندن و لە سێدارەدان بە گیۆتین.

شۆڕشی فەڕەنسا چاوی هەموو ئەوروپای کردەوە وبە تایبەتی دوای دەرکەوتنی مارکس و ئینگلس قۆناغێکی دیکەی کاری سیاسی سەری هەڵدا حزبی تازە دامەزران کە بڕبڕەی پشتی کارکردنیان چینی کرێکار بوو بەو پێیەی کە کرێکار هیچ سەرمایەکی نییە جگە لە توانا و جەستەی کە لەکارکردندا بە خەرجییان دەدا . بزووتنەوەی کرێکاری لەئەڵمانیا زۆر بەهێز بوو و چینی کرێکار لەو وڵاتە ڕیکخراوتر بوو لە وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپاو ڕێکخراوەکانی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا زۆر تۆکمەو پتەو بوون , لەبەر ئەوە بیر بۆ ئەوە دەچوو کە ڕەنگە کرێکاران لە ئەڵمانیا شۆڕش بکەن و بێنە سەر حوکم , بەڵام وا دەرنەچوو و شۆڕش لە روسیا سەری هەڵدا و لینین خۆی گەیاندەوە روسیا و سەرکردایەتیی شۆڕشەکەی کرد . ئەوەی جێی سەرنجە جووتیاران ڕۆڵی بەرچاویان لە شۆڕشدا بینی لە کاتێکدا کە دەبوایە چینی کرێکار ڕۆڵی سەرەکیی تێدا ببینێ و ئەوەش لە دروشمەکەی سۆڤیەتدا دەرکەوت بە تێکەڵ بوونی چەکوچ و داس , واتە سۆڤیەت بە تەنیا حوکمەتی کرێکاران نییە , بەڵکو هی هەردوو چینی جووتیار و کرێکارە . پشت بەستن بە چینی جووتیار لە چین زیاتر بەرجەستە بوو چونکە شۆڕشی چین بنکەو بارەگاکانی زیاتر لە گوندەکان بوون . لە زۆر وڵاتی دیکە چینی جووتیار ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەیان دیوە لە شۆڕشی وڵاتەکەیاندا و هاوپەیمانی سەرەکی و بەهێزی چینی کرێکار بوون . 

ئەگەر سەیرێکی شۆڕشەکانی کوردستان بکەین , دەبینین جووتیاران ڕۆڵی گرگیان هەبووە لە هەموو شۆڕشەکاندا , بە تایبەتی لە شۆڕشی ئەیلول و دوای نسکۆش شۆڕشی نوێێ گەلەکەمان پشتی تەواوی بە جووتیاران بەستبوو و لە گوندەکاندا , گوندنشینەکان ئەرکێکی قورسیان کەوتبووە سەرشان لە داڵدەدان و ژیاندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە دەمی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەگرتەوە بۆ دەمی پێشمەرگە . لێرە شتێکم بیر دێتەوە کە پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولە بە ماوەیەکی کەم . شەو بوو لە نازەنین دەگەڕامەوە بۆ هەولێر . ئەوسا پاسی تەختە هەبوو . ماوەیەک ڕۆیشتین , سەیرمان کرد لۆرییەکی پڕ لە ئەسپیندار لە ناوەڕاستی ڕێکاکە شکابوو هێچ رێگایەکیش نەبو پاسەکەی ئێمە تێپەڕێ . من و پیاوێک کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە پێکەوە جادەو جادە ملی ڕێگامان گرت . زۆر ڕۆیشتین و هیلاک بووین , ویستمان لادەین . گوندێک بوو نازانم گەرۆتە بوو یان پونگینە , لامان دایە ماڵێک لە پەرگەی گوندەکە . سەگ بۆمان هاتن و خۆمان گەیاندە ماڵێک . لەخەو هەستان , تەنیا ژن و پیاوێکی گەنج بوون . جێگایەکیان بۆ ڕاخستین و خەوتین . بەیانییەکەی لە بۆنی ڕۆنی قرچاوە خەبەرمان بووەوە . دانیشتین , ژنەکە ساوارێکی وردی لێ نابوو و پیازی سوور کردبۆوە و لەجیاتی گۆشت خستبوویە سەر ساوارەکە و وا دیار بوو لەوە باشتریان نەبوو . تا ئێستا خواردنی وا بە تام و چێژم نەخواردووە . ئەو جۆرە جووتیارانە پێشمەرگەیان بەخێو کرد و پێیان گەیاندن . دوای گەڕانەوەیان بۆ ناو شار گەلێکیان بوونە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و شتی دیکە . زۆریان ئەو ڕۆژانەیان لە بیر چۆوە و کەوتنە ژیانی خۆش و ئاسوودەوە و ئەوانەی خزمەتیان کردوون بۆیان ناکرێ بچنە لایان چونکە دەبێ بە پرسگەدا تێپەرن و زۆر جار هەر ئاوڕیشیان لێ نادرێتەوە . جارێکیان یەکێک لەو بەڕێوەبەرە گشتییانە تووشی ناسیاوێکی خۆی دەبێ و پێی دەڵێ ئەوە دیار نیت . هاوڕێکەی دەڵێ چۆن بێم ناتگەمێ . ئەویش پێی دەڵێ ئاسانە خەمت نەبێ وەرە . دوای چەند ڕۆژێک دەچێ و مل لێ دەنێ , بەڵام لەپرسگە ڕێی پێ دەگرن و دەڵێن خاڵۆ بۆ کوێ . ئەویش دەڵێ دەچم بۆ لای بەڕێوەبەر . پێی دەڵێن کاکە دەبێ لێرە دانیشی تا مۆڵەتت بۆ وەردەگرین . ئێستا جەنابی بەڕێوەبەر کۆبوونەوەی هەیە . وا دیارە تۆ پرسگەت نەدیوە . ئەویش دەڵێ چۆن نەمدیوە , ئێمەش لە گوندی پرسگەمان هەبوو . ئەوان دەست دەکەن بە پێکەنین و دەڵێن چۆن ؟ ئەویش دەڵێ بەسەری تۆ ئێمەش هەمان بوو . سەگێک لەبەر دەرگا وەرکەوتبوو هەرکەسێک بهاتبایە لێی دەمڕاند و بۆی دەچوو و ئێمەش دەچووین بەردەمی سەیەکەمان دەگرت و کابرا دەهاتە ماڵەوە . ئەوەش پرسگەی ئێمە بوو .

  • 1