ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: د.چواس حسن

کە پیر دەبین، هێواش هێواش دەوەستین تا ئەو ساتەی تەنیا ڕادەمێنین و بەس، تەنیا چاودەتروکێنین و بەس، وەک ئەوەی تەواو هێزی ژیانمان لەبەر بڕابێت... تا ئەوەی مناڵەکان بەگاڵتەوە سەودای گۆچانەکانمان لەگەڵ دەکەن، بێخەبەرن لەوەی رۆژگار خۆی بەدیاری بۆیان دێنێت.

ئەو پیرەی بەبێدەنگی سەری بەرداوەتە سەر زەویەکەی بەردەمی و دەنگی پێی ڕێبوارەکان سەری پێ بەرزناکەنەوە، ئەوە بزانە بەهەزاران جار لەژیانیدا ڕوخساری ڕێبوارەکانی پشکنیوە، هیچ ڕوخسارێک نەماوە نەیبینیبێت، بەڵکو هیچ ڕوخسارێک سەرنجی ڕاناکێشێت، ئیتر بۆچی سەربەرزبکاتەوە؟!!! هەموویان وەک یەک بوون، ئەو لەڕووکاری مرۆڤەکان تێربووە، بەڵکو بۆ گەوهەریان دەڕوانێت، بۆ ئەوەش پێوویستی بە سەیرکردنیان نیە.

ئەو پیرەی ئیتر رۆژنامەکان ناخوێنێتەوە، ئەوە چاوی نابینا نەبووە، بەڵکو بەدەیان هەزار هەواڵ و ووتاری خوێندۆتەوە، کەچی جیهان هەر وەک خۆی بوو بگرە خراپتریش، ئیتر بۆ ئەو گشت هەواڵەکان ساختەن و چیتر نایانخوێنێتەوە، ئەوە تۆیت تازە پێگەیشتووی و تێنەگیشتووی... بەهەواڵیک، بۆ هەواڵێک بەئاسماندا دەفڕی.

ئەو پیرەی چیتر چەپڵە بۆ ووتارەکان لێنادات، ئەوە گوێی گران نەبووە، بەڵکو ئەم ووتارانەی لەبەرە، دەزانێت بەچی دەست پێ دەکەن و بەچ ڕستەیەک کۆتاییان دێت، ئەکتەر و بینەرەکانیان کێن، کەی و لەکوێ و بۆچی پەخش دەکرێن، سیخناخن بەدرۆ، ئەنجامەکانیشیانی لەبەرە کە دونیایەکی خراپترە، بگرە کاولکاریەکانیشیانی لەبەرچاوە، ئیتر ئەو زۆر سەنگینترە لەوەی بەئاوازی ئەوان هەڵپەڕێت، ئەوە تۆیت هێشتا بە تەقەتەقی تەنەکەش دەبزوویت، ئەو لەسەمفۆنیاشی تێپەڕاندووە.

ئەو پیرەی دەست بۆ چەک نابات و ناچێتە شەڕگە، ئەوە لەبەر بێ توانایی جەستەی نیە، لەتەقە و چەک ناترسێت، بەڵکو لەژیانیش تێربووە، بەڵام بەهایەک شک نابات گیانی خۆی پێ ببەخشێت، هەموو بەها و ئایدیۆلۆژیاکانی تاقیکردەوە، لەپێشەوەی خۆپیشاندان و شۆڕشەکانەوە بوو، بەڵام چی بوو؟! چی بینی؟! ئەو بازنەیەی کە مرۆڤایەتی بەهەمیشەیی تێیدا دەخولێتەوە، لەنێوان خراپ و خراپدا یاری دەکات، لەنێوان شەڕ و شەڕدا بازبازێنیەتی، لەگێژاوی تاوانکاریدا خول دەخوات، سەرجەم شەڕەکان بە گفتی بەهەشتی دوای سەرکەوتن لەهەردوو بەرە دەستیان پێ کرد، بەڵام بەکاولکاری هەردوو بەرە کۆتاییان هات، چ بەهەشتمان نەبینی جگە لە تاوان و کاولکاری؟ ئەوە تۆیت هێشتا بە گفتی بەهەشت فریو دەخۆیت و چەک هەڵدەگریت... تۆیت نازانیت کە بەهەشت لە بێدەنگ بوون و وەستانماندایە، بەهەشت لە ڕامان و زەردەخەنەیەکدایە، چیتر بەهیوای بەهەشت دۆزەخ دامەخەن.

ئەو پیربووە و لەشوێنی خۆی وەستاوە، ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت:

ژیان پتر گوێگرتنە لە پارچە مۆسیقایەک، هاژەی تاڤگەیەک، گڕوگاڵی منداڵێک، تەنانەت قیڕەی بۆقێکیش.

ژیان پتر ڕامانە لە تابلۆیەک، لیکی سەرلێوی منداڵێک، پشکوشتنی گوڵێک، بریسکەی تاڵەخۆری سەر خوناوەیەک، نەک خوێنی ڕژاوی شەڕگەکان.

ژیان پتر پێوویستی بەحیکمەتە نەک بانگەواز و هوتاف کێشان، 

بەحیکمەت پتر لێی تێ دەگەین و قوڵتر دەیبڕین و زیاتر چێژی لێ دەبینین، 

حیکمەت لە وورد بوونەوەدایە نەک شیپڕەبەدۆ، 

بۆیە پێت سەیر نەبێت کە مەولانا لە سەدان ساڵ لەمەوپێشەوە قوڵتر لەئێمە بەژیاندا قوڵ بۆوە و بگرە لەئێمەشی تێپەڕاندووە، تا ئەوەی هێشتا فەیلەسوفەکانیشمانی سەرسام کردووە، هەروەها خیامیش.

تا ئەوەی ستیڤن هاوکنگ، پادشای عەرشی فیزیای سەردەم، بەبێ زمان و جوڵە، لەسەر کورسیەکەیەوە، تەنها بەبیرکردنەوە و بەتێڕامان لەهەموومان پتر بەرز بۆوە تا لە گەورەترین تێلیسکۆپەکانیش پتر بە گەردووندا قوڵبۆوە و گەیشتە لای تونێڵە ڕەشەکانی گەردوون، ئەو شوێنانەی کەس ناتوانێت پێیان بگات، ئەو شوێنانەی، تەنانەت بەبینینیش، کەس پەی پێ نەبردوون و نابەن.

بۆیە پێم سەیر نەبوو ئەوێ رۆژێ باپیرم لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا، کاتێک مۆبایلە زیرەکەکەمانی بەدەستەوە گرت و ووتی ئەمە چیە؟ پاش سەیر کردن و تێڕامانێکی قوڵ هێندێک هێنایی وبردی زۆر جوان ووتی (ئەوە بەس بۆ خۆخافڵاندن باشە) وەک ئەوەی پێمان بڵێت ئێوە بەوشتانەوە پتر گیرتان خواردووە وەک لەوەی بژین.

ئەوێ رۆژێ کە پیاوێکی پیرم بینی، لەنوێژەکەیدا، زۆر بەسپایی نیوە کڕنوشێکی بۆ خواوەند دەبرد و ڕازیشی کرد، ئاخر ئەژنۆکانی رەق هەڵاتبوون، ئیتر تێگەیشتم کە بڕوای پتەو لەکڕنۆشی تەواودا نیە، بەڵکو لەدڵێکی میهرەباندایە.

کەواتە بزانە پیریی سەردەمی لاوازی مروڤ نیە، بەڵکوسەردەمی حیکمەتیەتی.

********************

  • 1