ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

قسەیەكی باو هەیە دەڵێ‌ (مریشك خۆی خۆڵ بەسەر خۆیدا نەكات، كەس ناتوانێ‌ تزبارانی بكات) ئەمە رێك بۆ كورد دەبێ‌، ئەم پەندە سەلمێنەری ئەوەیە كە كورد خۆی زەمینەی سازكردووە بۆ نەیارەكانی، تاكو یەك نەگرێت لەیەك قەوارەدا، بۆنموونە دوای ململانێیەكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، هەروەها لەنێوان یەكێتی و پارتی بەفیتی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان، سەرەنجام هەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیەی لەكەشێكی زۆر دیبلۆماسیانەدا وەكو شانۆیەكی زیندوو پێشكەش كرد كە دەتوانێ‌ ببێـە خاوەن سەرۆكایەتی بۆ دوو زۆن و دوو هەرێمی رانەگەێنراو، چونكە هێشتا ئەو سەرۆكایەتییە نییە كە بتوانێ‌ كوردەكان یەك بخات و بیانكات بەیەك كورد، چونكە هێشتا دیاردەی دوو زۆنی و دوو قەڵەمڕەوی ماوە كە ئەمە پێشتریش هەروابوو، بۆیە تەنها شتێكی كردبێ، ئەوەیە كە نەیهێشت بەفەرمی ببێتە دوو هەرێم، یان دوو ئیدارەی شەرعی و یاسایی، چونكە هێشتا ئەو سیقەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ یەكێتی و پارتی، تاكو كێشەی كورد لەهەموو ناوچەكانی دیكە بە كێشەی هاوبەشی بزانن.

ئەوەی كە هەموولایەكی رازی كردبوو بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی دوا كابینە، بەبەشداری هەموو حیزبێكی سیاسی و رێكخراوو و سەندیكا و قونسوڵی دەوڵەتان، وایكرد دونیا سەرسام بكات لەباری ئەتەكتێت و دیبلۆماسییەوە، تەنها شتێك بوو وەكو فۆڕم نەك جەوهەری بابەتی كوردی وەكو نەتەوە، ئەویش رازیكردنی لایەنەكان بوو بەوەی هەر كەس پشكی خۆی هەبێت لەمانەوەی ئەم هەرێمە بەهەڵواسروی بەهەموو كێشە هەڵواسراوەكانییەوە، چونكە ئەوەی لەكۆنەوە گرێی بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە درووست كردبوو، پۆست و زیندووكردنەوەی دەزگا شەرعییەكان نەبوو وەكو ئامانجی سەرەكی، بەقەد ئەوەی دابەشكردنەوەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان بوو لەرووی ئابورییەوە، بەوپێیەی ژیانی ئەو دوو حیزبە وەكو ساڵی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو نییە، چونكە لەدوای ساڵی 2003 ەوە یەكێتی لە سنووری پارتی وەبەرهێنانی ئابوری كۆمەڵایەتی دەكات و پارتیش لە سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی وەبەرهێنان دەكات، ئەگەر ئەمە نەكرابایە، بەرژەوەندی هەردوولا دەكەوتە مەترسییەوە، ئێران و ئامریكاش ئەمەیان بەباش دەزانی، بۆیە بەناڕاستەوخۆ فشاریان لەهەریەك لە حكومەتی عێڕاق و شیعەكان و یەكێتی كرد، تاكو دان بەو دۆخەدا بنێن بەكێشەی جیاوازەوە. 

ئێمە وەختێك دەبێ شانازی بە سەرۆكایەتی هەرێمێك و حكومەتێكەوە بكەین، ئەگەر ئامریكا و توركیا و ئێران زەمینە بۆ یەكگرتنەوەی هەرێمی كوردستان هەبێت تاكو ببێت بە هەرێمێكی راگەێنراوی نێودەوڵەتی و لەوێوە بەرەو سەربەخۆیی دەوڵەت، یان لەئاستی نێوخۆییدا هەردوولا بگەنە ئەو قەناعەتەی ژیانی سیاسی نابێت لە تموحی سیاسی و ئابوری ئەو دوو حیزبە كۆبكرێتەوە و خەڵك هۆشیاربێتەوە لە بەشداریكردنی سیاسەت، هەربۆیە هەریەك لەو دوو حیزبە خەریكی زیندووكردنەوەی خێڵ و بنەماڵە و گرووپی جیاوازن، ئەمەش بەشێكە لە درووستكردنی قەوارەی كۆمەڵایەتی لەپێناو پتەوكردنی قەوارەی سیاسی حیزب، ئەگەرنا چۆن دەبێ‌ حیزبێك بڕوای بە دیموكراسی و سۆسیال دیموكراتی هەبێت، كەچی نەریتی كۆن زیندوو بكاتەوە و چەك و تەقەمەنی بەسەر خێڵ و عەشیرەتەكان دابەش بكات، هەر خودی ئەو جوڵەیە، مانای وایە هەریەك لەماڵی خۆی ساحێب ماڵە، چونكە بڕوایان بەكێشەی جیاواز هەیە، بەتایبەتی لەئاستی بەشداریكردن لەگەڵ حكومەتی عێڕاقی، هەروەها بۆ ناوچە كوردستانییەكان كە بەمادەی 140 ی سڕكراو ناسراوە، هەربۆیە هەرێمی كوردستان پارلەمانی هەیە، بەڵام ناتوانێ‌ ببێتە خاوەن دەستوور، یان بنبڕكردنی كێشە ریشەییەكان كە كەس نەتوانێ‌ بڵێ‌ كێشەی كوردستان، كێشەی كوردەكانە.

ئەم كابینە نوێیە كە توندترین رێوشوێنی ئیداری گرتۆتە بەر، لەبەردەم ئەزموونێكی قورسی دەوڵەتدارییە، ئەویش بەداخەوە لەرێكخستنی كاردا كۆكراوەتەوە، كە لەراستیدا دەبوو لە ئەمنیەتی كۆمەڵایەتی و لە مەدەنی كردنی كۆمەڵگە و لەهاوڵاتی بووندا كۆبكرایەتەوە، چونكە مەسەلەی چەكداری كەبەشی زۆری لەلای عەشیرەت و بنەماڵە و گرووپە دەسەڵاتدارەكانن، مەترسییەكی زۆری بۆ ژیانی ئەمنی خەڵك لەهەموو كایەكان درووست كردووە، بۆ نموونە هیچ رەقیبێكی مالی و تەندروستی و ئابوری بازاڕ، لەترسی چەكدار و گرووپی چەكداری ناتوانێ‌ ئیجرائاتی توند بكات، هیچ دەزگایەكی حكومی ناتوانێ‌ لەگەڵ لایەنە سیاسی و گرووپە چەكدار و دەسەڵاتدارەكان ئیجرائات بكات، چونكە ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەمە جگە لەوەی تائێستا حكومە تلە ناوەند و شارە گەورەكان و لە سەنتەر نەترازاوە، نەچۆتە شارۆچكە و كەنارەكانی كوردستان، هێشتا باسی چاكسازی لەو شوێنانە جێگەی بایەخ نیین و گاڵتەی پێدەكرێت، ئەمە سیقەی حكومەتی لاوازكردووە، چونكە بەئاشكرا گرێدراوە بە كێشەی كوردەكانەوە لەهەردوو زۆنی زەرد و سەوز. 

 

  • 1