ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئومێد بابان / سێ هەرێم و یەك دەوڵەت

 

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، كە توندوتیژیی لێ كەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتیی سڤیل و هێزە ئەمنییەكانیش بوونەتە قوربانی، پتر لە خوێندنەوەیەك هەڵدەگرێت.

هۆكار و ئامانجەكانی پشت ئەو خۆپیشاندانانە، كە خۆپیشاندانی هێمنانە و ئاشتیانە نین و پێدەچێ ئاڕاستەكراویش بن، رەنگە پاڵنەری نێوخۆیی و دەرەكییشیان لە پشت بێت، بەو پێیەی هەم لە نێوخۆدا خەڵكی ئەو پارێزگا و شار و شارۆچكانەی عێراق لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان بێبەشن و هەم فۆكسی وڵاتانی ئیقلیمییش لەسەر عێراق و ناوچەكەیە و دەخوازن لە بەرژەوەندیی خۆیاندا شەقامی عێراقی بجووڵێنن.

كەواتا، بە گوزارشتێكی زۆر سادە، دەكرێ تووڕەیی و ناڕەزایی هاووڵاتیانی عێراقی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتییش قۆزرابێتەوە و لەوێوە هەم بەشێك لە لایەنە سیاسییە عێراقییە پێكناكۆكەكان و هەم دەوڵەتانی دراوسێ و هەمیش ژماریەك لە وڵاتانی جیهان، حسابات لەگەڵ یەكتردا بكەن و شەڕی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی خۆیان لێرە (عێراق) دەست پێبكەن و هەر لێرەش یەكلای بكەنەوە.

هەرچۆنێك بێت، درووشم و هوتافەكانی خۆپیشاندەران و دەربڕینی ئەوپەڕی بێزاری لە دەست ناعەدالەتی و جیاكاری و گەندەڵیی ئیداری و دارایی، ئەوەی لێ هەڵدەهێنجرێت، كە كپكردنەوەی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە، ئەمجارە كارێكی ئاسان نییە و لێوردبوونەوە و سەرنجی هەمەلایەنەتری گەرەكە، چونكە ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت، پێشتر لە عێراق خۆپیشاندانی هاوشێوە كراون و دواتر بە شێوەیەكی كاتی دامركێندراونەتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا كە رۆژ بە رۆژ بەرەی خۆپیشاندەران فراوانتر و گشتگیرتر دەبێت و نزیكەی هەموو چینوتوێژەكان تێیدا بەشدارن، چارەسەری حەقیقی و لۆژیكی و بژاردەی دیكەی دەوێن و ئەمەش پێویستی بە هەڵوێست و ناوبژیوانیی سەركردە عێراقییەكان خۆیان و تەنانەت سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر دۆخەكە لەوە زیاتر ئاڵۆز بێت، رەنگە هەرێمی كوردستانیش بێ زیان لێی دەرنەچێت.

بە هەموو بارێكدا، باشترین بژاردە بۆ عێراقێكی سەقامگیر ئەوەیە، سەركردە عێراقییەكان و سەركردە باڵاكانی هەرێمی كوردستانیش، دەستپێشخەری بكەن و هەوڵ بدەن ئەوەی لە دەستووردا سەبارەت بە فیدڕالیزم هاتووە، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و شیعە و سوننەش وەك هەرێمی كوردستان، هەرێمی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا و تەواوی ئەو دەسەڵاتانە مومارەسە بكەن كە بەپێی دەستوور و یاسا پێیان دراوە، لەوێ بەولاوە، هەر بژاردەیەكی دیكە، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و بگرە زۆر زیاتر ئاڵۆز دەبێت و دووریش نییە لە ئەگەری درێژەكێشانی خۆپیشانداندا، پێكدادانی چەكداری دروست ببێت.

بیریشمان نەچێت، ئەگەر هاوشێوەی هەرێمی كوردستان هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننە هەرێمی خۆیان هەبێت و سنووری دەسەڵاتیان لە چوارچێوەی عێراقدا دیاریكراو بێت، هەروەها ھێزی سەربازیی تایبەت بە خۆیان ھەبێت و لە رووی ئابووری و دەستووریشەوە خاوەن بڕیار و سەربەست بن، هیچ كام لەو سێ هەرێمانە ناتوانن سنووری ھەرێمێكی دیكە ببەزێنن، بەم جۆرەش ھیچ پێكھاتەیەك ناتوانێت ستەم لە پێكھاتەیەكی دیكە بكات و لە رووی گەشەی ئابووری و پەرەدان بە سەرجەم سێكتەرە جیاوازەكانیشەوە، هەرسێ هەرێمەكە دەكەونە كێبەركێوە، تا زۆرترین خزمەت بە هاونیشتمانیان بكەن.