ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەمە چەندەمین جارە، شەپۆڵی خۆپیشاندان خواروی عێڕاق دەگرێتەوە، هەندێك لەو خۆپێشاندانانە تایبەت بوون بە شاری دیاریکراو هەر لە سنووری ئەو شارەش مایەوە، هەندێکیان تەشەنەی دەساندو سەرجەمی شارەکانی خواروی عێڕاقی دەگرتەوە، ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا دەگوزەرێ هۆیەکەی هەرشتێك بووبێت ئێستا خۆی گەورەترە لەو هۆکارەی لەسەری دەستی پێکرد.

یەکێك لە هۆکارە لاوازەکانی سروشتی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئەوەیە : لە دەست پێکردن، لە ناوەڕاست ، لە کۆتایی خۆپیشاندانەکە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدایە کە کەسایەتیەکی سیاسی ، ئاینی ، خاوەن حیزب یان قەوارەیەکی پەرلەمانی لە نیوەی ڕێگا مۆنۆپۆلی بکات و ئیعازی وەستاندن یان خامۆش کردنەوەی بدات.

گرفتێکی بەشی زۆری ئێستای ئەم خۆپیشاندانە تازەیەو ئەوانەی پێشووش لەوەدایە کە دروشم و گوتاری خۆپیشاندەران هێشتا لە هێڵی هاوبەشدایە لەگەڵ هەموو ئەو سیمبول و گوتارە ئاینیانەی کە توێژی زاڵی حوکمڕانانی عێراق بەکاری دەهێنێ ، بە تایبەتی ئەو جۆرە لە گوتارەی کە بەر لە شوناسێکی گشتی هاوڵاتی بوون شوناسێکی ئاینیی یەك پێکهاتەیە بە تایبەتی کە خۆپیشاندەرانی ئێستا وەکو دیمۆگرافیا لە شارو گەڕەکە شیعەنشینەکان بەشداری زۆرینە پێك دەهێنێ، زووتریش لە ساڵانی پێشوو لە ناوچە سونە نشینەکان گوتاری زاڵ بریتی بوو لە گوتاری تەنیا پێکهاتەکە خۆی.

ئەو درزانەی لە نێو پێکهاتەکانی عێراق دروست بووە، ڕێگای خۆش کردووە کە شوناسی ‌‌هاوڵاتی بوون، لەوە قوڵتر شوناسی چینایەتی کاڵترین شوناسی هاوبەش بێت، لە کاتێکدا کە دۆخی هەژاری و بێکاری، نوقم بوونی حوکمڕانی لە عێراق لە گەندەڵی ئیداری، نەمانی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، هەر هەمووی وەکو باج بە یەکسانی بەسەر چینەکانی خوارەوەی هەموو پێکهاتەکان سەپێنراوە، بەڵام ، شەڕی تائیفی و تۆخ کردنەوەی ئاپارتاهیدی ئاینی هەموو ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و چینایەتیە لەق کرد، بە جۆرێك کە چینەکانی خوارەوەی هەر پێکهاتەیەك ئەگەر ناڕازیش بێ لە دۆخی خۆی وەکو " شوناس" لە پاڵ شوناسە چینایەتیەکە شوناسە تائیفی و قەومیەکەی خۆشی بەرز دەکاتەوە، واتە یەکلاکردنەوەی حیساباتە چینایەتیەکەش لە ژێر چەتری هەمان شوناسی پێکهاتە، ئەمە ڕێگرێکی جدیە لەوەی خۆپیشاندان لە یەك کاتدا هەموو عێراق بگرێ و هەموو پێکهاتەکان بەشداری تیابکەن ئەمەش لاوازیەکی بنەڕەتیە بۆ گەمارۆدان و تەریك کردن و خامۆش کردنی بە ئاسانی لە لایەن حکومەت و هێزە چەکدارەکان.

هۆکارێکیتری بنەڕەتی کە ڕۆڵ دەگێڕێت لە ڕەگەزی کاتیی بوونی خۆپیشاندانەکان لە عێراق، سەرەڕای ئەو هەموو ژمارە لە قوربانی و لە ئیرادەی پۆلاین بە تایبەتی گەنجان، بریتیە لەوەی کە هەر خۆپیشاندانێك یان هەر بزوتنەوەیەك لە عێراق دەست پێدەکات، یان ئەوانەی لە دوا رۆژیش دەست پێدەکەن گیرۆدەی بەستنەوەو گۆشەگیر کردنن بە پرسیاری کێبڕکێ ی ئێران و ئەمریکا لە عێراق ! تەنانەت ڕابەرانی خۆپیشاندانەکانیش چەندە ڕوون کردنەوە بدەن چەندە بیانەوێ خۆیان دوورە پەرێز بگرن لەوەی کە بزوتنەوەکەیان دووچاری ئەو تۆمەتباریە ئامادەکراوە نەبێت کەچی هەر لە ڕووی پروپاگەندەی سیاسی و ناوزڕاندندەوە توش دەبن، بە تایبەتی کە تەنیا حکومەت و حیزبە هاوبەشەکانی میدیان لەبن دەستەو دەتوانن لەو پەنجەرەیەوە بەشێك لە ڕای گشتی دوودڵ بکەن کە پەیوەست بن بەم خۆپیشاندانانە، تەنانەت دەست تێوەردانی ئەمنیانەی ئێرانیش ئەگەر هەبێت بە ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ سود لە دروست کردنی ئەم فۆبیایە دەبینێت و بەشداری دەکات لە ڕویی سەربازی و ئەمنی و لۆجیستی و موخابەراتی لە سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکان، چونکە حکومەتی ئێستای ئێران خیبرەی لە مامەڵە کردن لە گەڵ ئەم جۆرە لە خۆپیشاندان خۆی دەدا لە نیوسەدە.

گرفتێکی تری ئەم خۆپیشاندانانە زاڵ بوونی ڕەگەزی " خۆبەخۆیی" و پەشێوی و ناڕێکیە لە نەبوونی هەرەمی بەڕێوەبردن و ڕابەرایەتی بەردەوام و ئاسۆی سیاسی و ڕێکخستنی خۆپیشاندان . هەموو جارێك هەر لەسەرەتای خۆپیشاندان دیارترین ڕابەڕانی خۆپیشاندان تیرۆر دەکرێن ئەمە زۆر خەستر بووە هەر کاتێك هەست کرابێت کە ئەم رابەرانە هێڵی فیکری و شوناسیان جیاوازە لە شوناسی قەومی و تائیفی . تەکتیکی گونجاو بۆ دۆخی ئەمڕۆی عێراق ئەوەیە دەبێ بەلای کەمی لەسەردەمی گرژبوندا ڕابەرەکان ئەمنیەتی ژیانی خۆیان وەکو بەشێك لە ستراتیژی خۆپیشاندان مامەڵەی لە گەڵ بکەن، هەبوونی ئاسۆ و داواکاری دیاریکراو، بوونی تەونێك لە پەیوەندی کە بپەڕێتەوە بەسەر شوناسی تائیفی و قەومی ڕەگەزی سەرەکی دروست بوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەرین، بە داخەوە ئەم خۆپیشاندانەی ئێستا دەگوزەرێ بەهرەمەند نیە لە زۆر لەم ڕەگەزانە، بزوێنەری ئەم خۆپیشاندانە وورەی پۆلاین و چاونەترسیە، بەڵام ئایا ئەم وورەیە دەتوانێ بەر بەو چارەنوسە بگرێ کە یەخەی خۆپیشاندانەکانی پێشووی گرت ؟

  • 1