ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمریكا رێگەی بە توركیا دا ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدا، پێشتریش لە رێكەوتنی (ئەدەنە) روسیا و ئێران مۆڵەتیان بە توركیا دا پەلاماری رۆژئاوا بدا، ئەوڕوپاش بە بێ دەنگی تەسلیمی هەڕەشەكانی ئەردوغان بوون كە هەڕەشەی 2 ملیۆن ئاوارەی لێكردن . جارێكیتریش كورد هەر بێكەس بوو و بۆیەش خۆی بە تەنیا ماوە و لە گۆشەی بێكەسی تەنها هەردوو ئەژنۆكەیەتی بخاتە باوەش و توند بیگری !!! بەڵام ئایا دەبێت كورد تەسلیمی ئەو چارەنووسە رەش و شوومە بی و بۆ ئەو چارەنووسە بگریێ ؟ یا دەبێت بە پەلە كاربكا دژی ئەو چارەنووسە رەشەی كە زلهێزەكان و داگیركەران بۆیان نووسیوەتەوە ؟ ئەردوغان دەیەوێت كورد بەدەردی ئەرمەنەكان ببا كە تا ساڵی 1915 پێكهاتەیەكی گرنگی توركیا بوون و جوگرافیایەكی گەورەیان هەبوو لەناو خاكی توركیای ئێستا . ( ئەنادۆڵ یا ئاسیای بچووك بەر لە هاتنی ئیسلام تەنها نیشتمانی ئەرمەن و كورد بوە لە بەری رۆژهەڵات و یۆنانیەكانیش لە بەری رۆژ ئاوا ) بەڵام توركەكان بە هاوكاری كوردە بەكرێگیراوەكان ئەرمەنەكانیان كۆمەڵكوژ كرد و زێدی باو و باپیرانیان جێهێشت و بە سەر لێشێواوی پەڕاگەندەی وڵاتانبوون . ئێستاش هەمان چارەنووس چاوەڕێی كورد دەكا، بەر لە 2 ساڵ ئەردوغان بە سورەتی ( فتح ) ەوە پەلاماری عەفرینی دا و لە 90000 هەزار مزگەوتی سەرانسەری توركیا جاڕی جیهادیدا دژی كورد و دوای كوشتن وبڕینی دەیان هەزار، توانی عەفرین داگیربكا و ئێستا بوەتە بەشێك لە جوگرافیای توركیا و لەسەر نەخشەی كورد سڕایەوە، هەر بەوەندەش نەوەستا، لە بەرامبەر بێدەنگی دنیا %80 تەتریك و تەعریب كردوە .       ئێستا ئەردوغان دەیەوێ خراپتر بەسەر رۆژئاوا بێنی و لەسەر نەخشەی كوردستان بیسڕێتەوە، پلانی نیشتەجێكردنی پتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی عەرەبی هەیە . هەر بەوەش ناوەستی، وەك عەفرین ئەوانەی پشتگیری شۆڕشیانكردوە ئاوارەی وڵاتانیاندەكا . دیسان دۆخەكە هەر بەوە ناوەستی، ئایا توركیا و داگیركەران بەوەندە رازیدەبن ؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئەوانە لە دێرین زەمانەوە هەرچەندە ناكۆك و ناتەبابن بەڵام لە سەر پرسی كورد كۆكن لە تێكشكاندن و لاوازكردنی ئیرادەی كورد لە هەر چوار پارچە و هەموو پشكی خۆیاندەوێت لە جەستەی تێكشكاوی كورد، بۆیەشە كورد لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیەكی گەورەدایە . كەواتە لەو بارە هەستیار و ناسكەدا كورد دەبێ چیبكا، یا وەك ئەرمەنەكان لە سەدەی 20 دا تەسلیمی چارەنووسی شوومبین، یا چۆكدابنێین بۆ ئەو چارەنووسە رەشەی كە بۆمانیان نووسیوە ؟ ئایا دەبێ نەوەی نوێ ئەو نەنگی و خۆبەدەستەوەدانە قبوڵبكا كەلەسەردەمی ئەواندا تەسلیمی ئیرادەی داگیركەرانبووین ؟ ئەگەر چاوەڕێی پەرلەمان یا حیزبەكان بن، چاوەڕێ مەبن چونكە هەر لە زوەكەوە هەڵوێستیان دیارە كە ئەویش لە راگەیانراوێك تێپەڕ ناكا، هەندێكیان چەند ئیدانەی هێڕشەكە دەكەن و ئیتریش پتر یەپەگە و رۆژئاوا تاوانبار دەكەن . كەواتە دەبی چیبكرێت ؟ وەڵامەكەی زۆر ئاسانە، تەنها تاكی كورد، ئەوەی خۆی بە مرۆڤدەزانی، لە نیشتمانپەروەران و وڵاتپارێزان لە سەرجەم چین و توێژەكان، دەبێ هەڵوێستی هەبێ وبە هەر شێوەیەك بەڕەنگاری ئەو داگیركاریە ببێتەوە و رێگە نەدرێت داگیركەران سەركەوتووبن لە پلانە گڵاوەكەیان، دەبێ بەشداربی لەو بەرخودانەی لە رۆژئاوا دەكرێت، خۆ ئەگەر هیچت پێنەكرێ دەتوانی هیچ بەرهەمێكی توركی نەكڕی و ئەو پارەیەی لە گیرفانی تۆی دەستدەكەوێ چەكی پێدەكڕی و خوێنی كوردی رۆژئاوای پێدەڕێژی .مێژوو سەلماندوویەتی هیچ هێزێك بەرگەی هێزی جەماوەری ناگرێت كە هەمیشە قەڵغان و پشتێنەی بەڕەنگاربوونەوە دروستدەكەن، خۆ كورد لە هەر چوار پارچەكە بێنەمەیدان، چارەنووسەكە پێچەوانە دەبێتەوە . كوردانی تاراوگەش دەتوانن كاری گەورە ئەنجامبدەن و شەقامی رۆژئاوا بهەژێنن و وڵاتان ناچاربكەن هەڵوێست وەرگرن . هەرێمی باشووری كوردستان، بەرهەمی كۆڕەوەكە بوو، بەرهەمی شلەژانی رای گشتی و شەقامی رۆژئاوا بوو كە زلهێزەكانی ناچاركرد بێنە وەڵام . مامۆستایان.

رۆشنبیران، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئاینی و ...... دەتوانن رێنیشاندەری خەڵكبن، ئەگەر لەو بار و دۆخە ناهەموارەدا بەبێ هەڵوێست و كردار لێیدانیشن سوودی چیان هەیە ؟ پیاوە ئاینیەكانی تورك، هونەرمەندان سەردانی بەرەی جەنگدەكەن و بەناوی جیهادیش پاڵپشتی سوپاكەیاندەكەن . ئەی بۆ مەلاو پیاوانی ئاینی كورد بەو ئەركە پیرۆزە هەڵناسن ؟ بۆ پێتانوانیە بەرگری لە خاك و نیشتمان بەشێكە لە ئەركی ئاینی ؟ لە بیرتان نەچی، لە كۆتاییەكانی جەنگی جیهانی یەكەم كە هاوپەیمانەكان خەریكی سڕینەوەی توركیا بوون لەسەر نەخشە، ئەتاتورك بە سەربازە خۆبەخشەكانی دەوت ( لە پێناو پاراستنی توركیادا من فەرمانتان پێناكەم بچن شەڕ بكەن، بەڵكو فەرمانتان پێدەكەم بچن بمرن ) بۆیە لە شەڕی چانە قەڵادا تەنها 500000 سەربازیان بە كوشتدا، توركەكان بەمجۆرە توركیایانپاراست، ئەدی كورد بۆ خاكی خۆی نەپارێزی ؟ لە ماڵەوە دابنیشن و چەپڵە بۆ شەڕڤانانی رۆژئاوا لێبدەن !!!

  • 1