ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەر لە ھەر شت ھەموومان وەک مرۆڤ تادێت ناچار بەوە دەکرێین کە سیاسەت و کۆی ژیانیش بەرژەوەندییە و هیچی تر. کاتێک بەرژەوەندی دەکرێت بە تاکە ڕێسای ژیان, ئەوا زەمینە بۆ دونیایەکی سەرتاپا فاشیستی خۆشدەکەین. فاشیستی بەو مانایەی کە «دەبێت بگەین بەوەی کە دەمانەوێت». گرنگ نیە ئەو شتە چیە دەمانەوێت و چۆنیشە, بەڵکو گەیشتنەکە خۆی گرنگە. فاشیزم لە پێناسە پەتییەکەی خۆیدا هەر ئەمەیە: گەیشتن لەپێناوی گەیشتندا, بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە ئامرازەکەت چیە و ئامانجەکەشت چەندە عەقڵانییە. دەمێکە هەموومان دەمانزانی کە شتەکان «بەرژەوەندیین», بەڵام نەدەبوو بیهێنینەگۆ, باسی بکەین, بیسەپێنین.

 فاشیزم خۆی لەڕوانگەیەکی ماتریالیستییەوە ئەنجام(effect)ـە نەک هۆکار(cause). ئەنجامی شکستی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و چینی ناوەڕاست, پەروەردەی خراپ, زاڵبوونی جەنگ, هتد. واتە فاشیستبوونی تۆ ئەنجامی کۆمەڵێک هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییە و شتانێک هەن تۆیان کردووە بە فاشیست نەک ئەوەی تۆ هەر خۆت فاشیست بیت. بەڵام پەیوەندیی «کورد» لەم ناوچەیەدا و بە جیهانییشەوە, لەم پێناسەیە تێدەپەڕێت. فاشیزم بۆ کورد هۆکار بووە نەک ئەنجام. ئەویتری غەیرەکورد, لەبەر ئەوەی لە پەیوەندییدا بە کوردەوە فاشیست بووە بۆیە هەمیشە «کوردێکی خەفەکراو»ـی ویستووە. ئەوەی وایکردووە کورد کەمتر لە مرۆڤ سەیربکرێت, جۆرە فاشیزمێکی نیشتووی مێژووییە کە لەبنەوە هۆکارە سیاسی و ئابورییەکان دەتەقێنێتەوە. واتە دالی “کورد” بووە بە گەورە مەدلولی ھەموو ھۆکارێکی دیکە. فاشیزمەکەی ئەردۆگان, کتومت لەو فاشیزمەی سەدەی بیست ناچێت- گەرچی لە خاڵە گشتییەکاندا بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتووە. بەڵام جیاوازییەکانیشی ئەوەیە کە, بۆنمونە, وەک ئەوەی جەنگیز ئاکتاری لێکۆڵەر لە نوسینێکیدا دەیڵێت: فاشیزمی نیۆعوسمانی لەسەرەتاوە لەگەڵ گەشەی ئابورییدا دەستیپێکردووە نەک هەرەسی ئابوری. بە تەپینی ئابورییەکەشی ئەم فاشیزمە لەناوناچێت. فاشیزمی تورکی سەرەتا لەڕێگەی سەرکردەیەک و نوخبەیەکەوە بنیاتنرا و ئەمڕۆ پشتیوانییەکی کۆمەڵایەتیی هەیە و جەماوەرێکی بەرخۆر ئەم هەستەیان لە خۆیاندا نیشتەجێکردووە(لێرەوە فاشیزمی تورکی بەرامبەر بە هەر ئەوێکی تری کوردە و بەپێچەوانەوە کاردانەوەی کوردەکان زیاتر ڕووەو تاقمە باڵادەستەکەی ئەو فاشیزمەیە نەک تاک بە تاکی تورکەکان).

 ئاشکرایە پەنابردنیشی بۆ دین, مانای ئیشکردنی دین نیە وەک خۆی, بەڵکو پەنابردنی فاشیزمە بۆ دین. دین لە مۆدێرنەدا تادێتە پێش بارگاوییە بە فرمانێکی فاشیستی چونکە ئەو هەلومەرجە ماتریاڵی و کۆمەڵایەتی و واقیعییەی پێشووی خۆی لەدەستداوە. دین ئیتر وەک شتی تر کاردەکات نەک دین خۆی. کاتێک شتێک ئامانجەکەی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە ئامرازی ڕووت ئەوا بنەماکانی فاشیزم تیایدا گەشەدەکات. دین لەم پەلامارەی ئێستای ئۆردووگاندا بۆ کەمکردنەوەی شوێنەواری تاوانەکەیە لە زەینی «کوردە مسوڵمانەکان»دا. سورەتی فەتح بەر لەوەی بۆ تورکەکان بێت, بۆ کوردەکانە(ئەمەش شەڕێکی ئایدۆلۆژیی ناخودئاگایانەیە دەربارەی ئەوەی کە هەسەدە و پەیەدە و پەکەکە و هتد کۆمەڵێک چەپی کافرن). بەڵام ئەوەی تا ئێستا سەرنجڕاکێش و جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان لە هەموو درووشم و ناتۆرەیەکی فاشیستی پاراستووە و جەنگ وەک سرووتێکی کەمتازۆر دایۆنیزۆسی وەرگیراوە کە بەر لەوەی ڕ‌ووی لە سڕینەوەی ئەویتر بێت ڕووی لە خۆپاراستنە لەپێناوی ژیانکردندا: واتە جەنگ بۆ بەرگرییە نەک سڕینەوەی ئەویتر(فاشیزم لەبنەڕەتدا پێت دەڵێت: تۆ بۆیە هەیت تا بجەنگیت و هیچی تر). بمریت وەک لەوەی فاشیست بیت, باشترە. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لە دەرەوەی ڕۆژاڤاوە و بۆنمونە لە باشور بواری ئەوە هەیە ئەگەری فاشیستی چەکەرەبکات وەک: یەکەم، نەبوونی متمانە بە عەقڵ(کە سەرەکییترین خەسڵەتی فاشیزمە). کاتێک هێزی چەکت لاوازترە, کاتێک بوونت بەر مەترسی دەکەوێت, ئەوا هێشتاش ئەو دەرفەتە بۆ عەقڵ دەمێنێتەوە بەشێوەیەکی ئیرۆتیکی لە ناعەقڵانیەت و فاشیزمدا نەتوێتەوە. دووەم, گریان تا ئاستی نەشوە و خۆ-ونکردن لەناو کۆدا. سێهەم, سڕینەوەی دوژمن لە ئاستی سڕینەوەی “ناو”ەوە تادەگاتە بەحەیوانکردن(تەنانەت بەحەیوانکردنی ئەویتری خۆیشت- هەزاران کۆمێنت و بۆچوون دژی قەندیل و قەرەیلان و هتد کە ئەوان بەشەر نین و دانیشتوون و ...). ‌‌ڕاستە دوژمن سەر بە بەرەی خراپەیە, بەڵام مامەڵەمان بەم خراپەیەوە کاریگەریی دەبێت کە سبەی و دووسبەی چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەین و شتەکە بەرەو ناو خۆمان دەشکێتەوە. لێرەشەوەیە کە فاشیزمی دەسەڵاتی کوردییش وەک "چۆنیەتی"، ھیچی لە فاشیزمی دەرەکی کەمتر نەبووە و ناشبێت.

 مێژووی مۆدێرن, بە هەموو ڕەخنەکانی سەریەوە مێژووی “دەوڵەت-نەتەوە”یە و گەر ئەو فۆرمە سیاسییەت نەبێت لە لێواری مێژوودایت. مێژوو و مرۆڤایەتی خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک پێشهاتی گەردوونیدایە, بەڵام ئێمە پشکێکی ئەوتۆمان تیایدا نیە. لە سیستەمی زەینیی ئەم ناوچەیەدا کورد هێشتاش هەر دەرکراو(مگرود)ێکە, و بوونێکی هەڵپەسێراوی هەیە. بەداخەوە کێشەکەش بە ڕەتکردنەوەی ‌ڕەھای کاڵای تورکی و درامای تورکی چارەنابێت کە ئەمانە پاشهاتەکانی جیهانگیریین و بەتەواوی دیاردەی "تورکییانە" نین.

 هیواداریشین ئەم هەنگاوەی ئۆردووگان ئەو شتە بێت کە "گرامشی" وەک قوربانییەکی فاشیزم ناویدەنێت: پەلەقاژەی فاشیزم.

  • 1