ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا جەماوەری گەلی کوردستان بەتایبەتی لە باشوردا، مامەڵەیان لە گەڵ دوو ڕووداودا کرد. یەکەمیان خۆپیشاندانەکانی عێراق بوو کە حکومەتی عێراق و پۆلیسی ئیتیحادی و حەشدی شەعبی و بە پێی گوتەی حکومەتی عێراق قەناسی نادیاریش ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، و دووەمیان هێرش و پەلامەردانی داگیرکەرانەی حکومەتی ئۆردوگانە بۆ کوردستانی رۆژئاوا و بەکارهێنانی گەورەترین هێز و چەکی کوشندە و جاش بە ناوی ئۆپۆزیسۆنی سوریاوە کە بریتین لە گروپە چەکدارەکانی ئیخوان موسلمین سوریا و نوسڕە و پاشمەوەکانی داعش کە هەر رۆژێک بە ناوێکەوە خۆیان دەنوێن و تێکرایان لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت، و جیهانیش ئەم ڕاستییە دەزانێت و خۆی لێگیل دەکات.

سەبارەت بە ڕووداوی یەکەم بەشێکی سنووردار لە ڕای گشتی کوردستان کە لە هەڵوێست و بڵاوکراوەکانی سوشیال میدیا وەک پێوەرێک دەردەکەوێت، هاوسۆزییان لەگەڵ داواکاری خۆپیشاندەرانی عێراقدا هەبوو، کە بەشێکیشی بیرکردنەوە بوو کە ئەگەر حکومەتی عێراق و سەرۆک وەزیران بگۆڕدرێت مەسەلەی بودجە و موچە بەچی دەگات، و لە هەمان کاتیشدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە هێمنی ئەو هەڵوێستەی کە لە گەڵ بارودۆخەکەدا دەشیا، دەڕبڕی.

بەڵام کاتێک شاڵاوی داگیرکردنی رۆژئاوا لە لایەن حکومەتی ئۆردوگان دەستی پێکرد و پێش ئەوەی کارەسات و ئاکامە پڕ مەینەتی و کارەساتبارەکان لە لایەن میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو بێتەوە، جەماوەری گەلی کوردستان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان خرۆشاو و بەتایبەتی لە باشوردا کە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان خۆپیشاندانی مەزنی دژ بە شاڵاوی دڕندانەی تورکیا بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا دەڕبری و سەرجەم هاولاتیانیش تا ئێستا شەو و رۆژ بەرامبەر دەزگاکانی هەوڵاەوە دانیشتوون و بەدوواداچوون بۆ هەواڵی بەرەکانی شەڕ دەکەن. هەڵوێستی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی باشور و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمیش جەختکردنەوە بوو لە سەر یەکریزی و دوورکەوتنەوە لەوەی کای کۆن بەبابکرێت، و بە پێی پەرەسەندنی ڕەوشی ڕووداوەکان رێگری لە گۆڕانکاری دیموگرافی لە ڕۆژئاوا و لە سەرجەم سوریادا بگیرێت.

جیاوازی لە نێوان ئەم دوو هەڵوێستە لە ڕووداوەکانی عێراق و شاڵاوی تورکیا بۆ رۆژئاوا، سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە کوردستان یەک نیشتمانە بە تێکرای پارچە دابەشکراوەکانی، و ئەمەش هەوینی هەڵەوێستی کوردستانییە لە رۆژئاوا.

هەڵوێستی کۆمەڵگای نێَودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەکان سەبارەت بە شاڵاوی داگیرکەرانەی سوپای تورکیا، ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزی و قورسایی تێکۆشانی گەلی کوردستان لەم ڕەوشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە لایەک تورکیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و هەڕەشە لە ئەوروپا و ناتۆ دەکات بە ڕوو وەرگێران بەرەو ڕوسیا، و ناردنی ملیونەها پەناهەندە بۆ ئەوروپا، و لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا پشی پشی بۆ تورکیا دەکات بۆ ئەوەی نەچێتە ژێر رکێفی هەژمونی ڕوسیاوە، و لە هەمان کاتدا ئەمەریکا ئەوە دەزانێت کە هێزەکانی سوریای دیموکرات داستانی دەوڵەتی خلافەتی ئیسلامیان شکاند و ئەو پایتەختەیان (رقە) کە خەوی لە چاوی جیهاندا زڕاندبوو، لەلایەن ئەو هێزەوە کە پەیەدە بناغەیەتی بە قوربانی هەزاران شەڕڤان رزگار کرا، وەک چون پێشمەرگەکانی کوردستانی باشور داستانی داعشیان بە خوێنی هەزارن پێشمەرگە شکاند، و تەنها ئەو دوو هێزە هاوپەیمانی نێودەوڵەتین دژ بە تیرۆر.

لە لایەکی دیکەوە ڕوسیا دەست لە هاوپەیمانی مێژووی خۆی کە حکومەتی ئەسەدە هەڵناگرێت و گەیشتن بە "ئاوە شلەتێنەکان" ستراتیجی سەرەکی ڕوسیا لە سەردەمی ئیمبراتۆری سزاری و سوڤیەتی و یڵتسن و پۆتین بووە، بەڵام بەشێک لە سیاسەتی ستراتیجی ڕوسیا لاوازکردنی پەیمانی ناتۆیە بە کەلینخستنە نێو پەیمانی ناتۆ و تورکیا، و بۆ ئەم مەبەستەش ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش ماوەی نەدا بریار دژ بە داگیرکردنی تورکیا بۆ خاکی سوریای هاوپەیمانی خۆی دەربچێت لە کاتێکدا خودی ڕوسیا لە دەیان بۆنەدا باس لە یەکریزی خاکی سوریا و پاراستنی سەروەری ئەو دەوڵەت دەکات.

لە نێو ئەم تابلۆ پڕِ ئاڵۆزەدا، کە هەڵوێستی ئەمەریکا و ڕوسیا یەک بوون، گەلی کوردستان تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی و سەروەری و مافە ڕەواکانی و سەربەخۆی دەکات. لەم تێکۆشانە سەخت و پڕ ئاڵۆزەدا گەلەکەمان چەندین وێستگەی جۆراجۆری تێکۆشانی بڕیەوە و ناکرێ لە هیچ ئەو ویستگانە پەشیمان بێتەوە و تەنانەت ئەگەر لە وێستگەیەکیشدا گەلەکەمان و بزوتنەوەی رزگرایخوازەکەی دووچاری کەموکوڕی و نشوستی بۆتەوە، ئەوا نابێت تێکۆشان و قوربانیدانی تێکۆشەران بەکەم هەڵ بسەنگێنین، و ببێتە مایەی سڕبوون و وازهێنان لە بەرەی گەل و موقاوەمەت.

هەرچەندە تا ئێستا ناڕەزاییەکی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە ئەوروپادا و ڕای گشتی جیهان بەرامبەر تورکیای داگیرکەر هەیە، بەڵام بەشێکی ڕای گشتی وڵاتە عەرەبییەکان کە تائێستا لە لایەکەوە لە ژێر کارتێکردنی بیری شۆڤینستی نەتەوە باڵادەست و لە عەقلیەتی ئیخوان مسولمین بە تێکرای گروپەکانییەوە بە نوسڕە و داعشەوە، و لەلایەکی دیکەوە لە ژێر کارتێکردنی ئیسلامی سیاسی شیعە دەرنەچوون، بە گوتاری رق و قینە و دژایەتی لەگەڵ سەرجەم نەتەوە و گەلان و پێکهاتە نا عەرەبییەکانی ناوچەکەدا بە گەلی کوردەوە، مامەڵە دەکەن، و هاوکات گەلی کوردستان نەک تەنها بە دەست شۆڤینستی عەرەبەوە دەناڵینێ، بەڵکو شۆڤینی تورک و فارس بە شێوازی جۆراجۆر بەشدارە لە شاڵاوی قڕکردنی گەلی کوردستان.

بەشێک لە مەبەستی داگیرکردنی تورکیا بۆ رۆژئاڤا گۆڕانکاری دیموگرافییە لەو ناوچانە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی ئەسەدە لە سوریا، بەڵام لە هەمان کاتدا فشارخستنە لە سەر کوردستانی باشور و کارکردنە بۆ دانانی خاڵی سنووری لە گەڵ عێراقدا و پەراوێزخستنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و خاڵە سنورییەکانێتی کە ئەمەش بەشێکە لە نەخشەیەک کە خزمەتی حکومەتی عێراق دەکات.

تێکرای ڕووداوەکان بە گەلی کوردستان و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی دەلێت: سەڕەڕای تایبەتمەندی هەر پارچەیەکی کوردستان لە درووشم و شێوازی تێکۆشان کە دەبێ رێزی لێبگیرێت، ئاسایشی نەتەوەیی گەلی کەوردستان یەکە و پێویستی بە کاری هاوبەش و هەماهەنگی سەرجەم لایەنەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان هەیە، و دەبێ بەو پەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵی لە گەڵ بکرێت.

گەلی کوردستان بە شانازییەوە خاوەن مەسەلەیەکی نیشتمانی ڕەوایە و لە پێناوی ئازادیدا تێدەکۆشێت.

 

  • 1