ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هێڵی ئاینی لە تورکیا لە بنەڕەتەوە بۆ بەرگرتن دروست بوو بەرانبەر چەپ و پێشکەوتنخوازی. ئەم هێڵە لە ئایدیۆلۆژی ئاینی سەردەمانێك بە دەستی برا ئادیۆلۆژیەکانی خۆیان (پان - ناسیۆنالیزم) تورك یان لە سێدارە دەدران یان بە کاردەهێنران بۆ دژایەتی بزووتنەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازی، بە تایبەتی لە لایەن دەزگای میت و سوپای تورکیا. ئەم دۆخەش بەپێی پیوستییەکانی ڕەهەندی ناسیۆنالیزمی تورك ڕێك دەخرا.

خودی ئەردۆگان کە سەردەمانێك هیچ پۆستێکی حکومی نەبووە بە پاسپۆرتی تورکی و بە بەرچاوی میت و سوپا هاتوچۆی پاکستانی دەکرد و لەگەڵ موجاهیدە ئەفگانییەکان پەیوەندی هەبوو، چونکە سەر بەهەمان جیهانبینی بوو.

پاشەکشەی ڕەهەندێك لە ناسیۆنالیزمی تورك لەسەرداری تەواو بەسەر ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدار جێگۆڕکێی زۆری بەسەرهات لە شکستی چەند پرۆژەیەك، لەوانە پڕۆژەی ئابووری، پرۆژەی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، هەروەها ئیشکالی ساغ بوونەوە لەسەر "شوناس"ی تورکیا !

ئایا تورکیا وڵاتێکی ئەوروپییە، وڵاتێکی شەرقی ئیسلامییە؟ لە کاتێکدا کە دەکرێ هەردوو پرسیار کە لە هەمان کاتیشدا وەڵامی ڕاست و دروست بن، لەهەمان کاتیشدا دەکرێ هەردووکیان گیرۆدەی ئەو بنەمایانە بن کە بتوانێ بەیەك لادا ساغی بکاتەوە، بۆیە هاتووچۆ لە نێوان ئەم شوناسانە بەدەر نەبووە لە یارمەتیدانی ڕەهەندی ئاینی لە نێو توێژی حوکمڕانی تورکی کە بتوانێ ڕکێفی پرۆژەی تورکیای مۆدێرن بە ئەلگۆیە توندڕەوییەکەی لە بن دەستی ناسیۆنالیزمی کەمالیست دەربێنێ و لە دەیەی نەوەدەکانەوە" گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات" دەبێتە بەشێك لە ستراتیژی ڕەهەندی ئاینی و گەڕان بە دوای هەژموونێکی ئیقلیمی سوپای تورکیا ڕازی دەکات کە بە یەکجاری وەلائی خۆی لە ڕەهەندی کەمالیستی بێ ماسك بگۆڕێ بۆ هەمان ڕەهەند، بەڵام بە ماسکێکی ئاینی.

لە دوا دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا هەموو حزبەکانی تورکیا بێجگە لە هەدەپە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەردۆگان ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووکەشدا هەندێکیان خۆیان بە ڕکابەری حزبەکەی ئەردۆگان زانیوە.

ئەم پاڵپشتییە خۆشەویستی نییە بۆ ئەردۆگان، بەڵکو عەوداڵ بوونێکە بە دوای هەر دەرگا و وەهمێك کە قەیرانی ئابووری و قوڵی تورکیا لەبەرچاوی ڕای گشتی ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت پەردەپۆش بکات، هەروەها خوی خۆڕسکی ناسیۆنالیزمی تورك بە ماسك و بێ ماسك بریتییە لە چەتری میلتاریزەکردنی ژیان و کۆمەڵگە بە دروستکردنی دوژمنی ناوخۆ و دوژمنی دەرەکی و بە ئۆپیراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات، بۆیەش لەسەردەمی ئەتاتورکەوە ڕێگای سەرەکی ڕاکردن لە قەیرانی ئابووری بریتی بوو لە " جەنگ" و " نیمچە جەنگ" .

ئەم پشتگیرییە درزی تێدەکەوێ، ئەردۆگان شکست دێنێ و ئەو دەمی هەموو لە هەوڵی ئەوە دەبن شکستەکە بە مل ئەویتردا بهێنن، لە کودەتایەکەی ٢٠١٦ سوپای تورکیا لە ئاستی ناوخۆ شکۆی شکاوە، ڕەنگە وەهمی داگیرکردنی ڕۆژئاوا گەڕانێك بێت بۆ گێڕانەوەی ئەم شکۆیە، کاتێك ئەم سوپایە بە تێکشکاوی لە ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە، ڕەنگە چاری نەبێ تۆڵەی شکۆکەی لە "شکۆبەر"ی هەموو ناسیۆنالیزم بە ئاینی و نائاینی لە "ئەردۆگان" بکاتەوە، ئەو دەمی کۆدیتا مەجالی ئەوەی تیا نییە شانۆگەری بێت!

 

  • 1