ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێوارەى (٩/١٠) ى ١٠/ ٢٠١٩ بەشى کوردى ڕادیۆى ئەمریکا لێکۆڵینوەیەکى سەبارەت بە ڕەوت و سیاسەتى ساڵێکى حکومەتەکەى عادل عبدالمهدى هێنایە کایەوە و بیروڕاى چەند پەیامنێرێکى سەر بەو ڕادیۆیەى وەرگرت. کە ئەو حکومەتە نەیتوانیوە بەڵێنەکانى , بەرنامەکەى جێبەجێ بکات. واتە سەرکەوتو نەبوە!! کورد واتەنى (( ئەم دوکەڵە بێ ئاگر نیە))!!

لەلایەکى ترەوە زۆر کەس و لایەن و حزب و گروپى جۆراوجۆر هەن کەلە سەرەتاوە ڕازى نەبون عادل عبدالمهدى بۆ سەرۆکى وەزیران ئیختیار بکرێ. هەر ئەوانە لەیەکەم ڕۆژەوە بواریان نەئەدا کە عبدالمهدى قەوارەى حکومەتەکەى تا ئەمڕۆ تەواوبکات!! 

سەبارەت بە خۆپیشاندان و ڕوداوەکان من ئەیانکەم بە دوو بەشەوە ـ

یەکەم ـ بۆ دو ساڵ ئەچو پێش ئەم حکومەتە لە زۆر شارو ناوچەى عێراق دا. خۆپیشاندان, مانگرتن , خۆگیردان (اعتصام) بەردەوام بو بە شێوەیەکى ئاشتیانە لەلایەن خەڵکى ڕەش و ڕوت و برسى و بێکارو وەلانراوەوە لە پێناو داواکاریە ڕەواکانیان دا (پێداویستیەکانى ژیانێکى مرۆڤانە, زامنکردنى خزمەت گوزاریەکان, پەیداکردنى بوارى کار, چارەسەرکردنى کێشەى نیشتەجێ بوون, دامەزراندنى دەچوانى کۆلێژو زانکۆکان... هتد.

هەروەها بۆ بنەبڕکردنى گەندڵى و مشەخۆرى و تاڵانچێتى و ساختەکارى و تایەفەو عەشرەتگەرى و بەشێنە.

ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنە ئاشتیانەیە لەلایەن کەس و کۆمەڵ و حزب و بزوتنەوە نیشتمانى و دیموکراسیەکانەوە پشتگیرى ئەکران و بە جوڵەیەکى دیموکراسیانە و ڕەوا دائەنرا.

بەڵام حکومەتەکانى پێش عبدالمهدى حسابیان بۆ نەکردن و پشتگویان خستن تا حکومەتى نوێ پێک هات.. واتە کێشەکانیان قوڵتر و سەختر بوەوە و بەو ئەندازەیەش ڕق و کینەى جەماوەرەکە گەرمتر بو !!

بە واتایەکى تر ئەم جوڵە جەماوەریە هۆکارێکى سەرەکى خۆپیشاندانە توند و تیژەکەى ئەم دواییەیە.

ئینجا با بێینە سەر بنچینە هۆکارە تازەکە واتە (( نەوت کردن بە ژیلەمۆکەدا و ئاورێک لە چەند هەنگاو بڕیارێکى حکومەتى عبدالمهدى ـ لەم چەند مانگى دواییە دا بدەینەوە...

١ـ ژمارەیەک زۆرى لە کەس و گروپ و تاقمە دزو ساختەکار و تاڵانچیەکان دۆزرانەوەو بە ملیارەها دۆلار گەڕێنرایەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت و بڕیاردا لەکار بخرێن و بدرێن بە دادگا. زوربەیان کاربەدەستى گەورەى دەوڵەت بون!!

٢ـ بڕیاردرا (حەشدى شەعبى) تێکەڵ بە سوپاى نیزامى بکرێ و لەعێراق تەنها هێزێکى چەکدارى یەکگرتو هەبێ.

٣ـ عبد الوهاب الساعدى لە کارەکەى خۆى گوێزرایەوە بۆ کارێکى تر لە بوارێکى تردا!!!

٤ـ بێ لایەنى حکومەتى عێراقى ڕاگەیاند سەبارەت بە کێشەى نێوان ئێران و ئەمریکا!!

٥ـ لە بوارى ئابورى و بازرگانى دا ڕوى کردە کۆمارى چین و ئەو گەمارۆیەى پساند کە فەرزکرابو بەسەر عێراق دا.

٦ـ بە نیازە بۆ پەیداکردنى چەکى نوێ و بەکارتر ڕو بکاتە ڕوسیا ئەوەبو (٨/١٠/٢٠١٩) وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا گەیشتە بەغداد.

٧ـ بە نیازە لەگەڵ حکومەتى هەرێم دا کێشەو گرفتە کەڵەکە بوەکان چارەسەر بکات و کار ئاسانى بۆ ئەکات. 

ئەمە بێجگە لە ژمارەیەک بڕیارو هەنگاوى چاکسازى تر بە بۆچونى من ئەم بڕیارو هەنگاوانە لەناوخۆدا زۆر حزب و تایەفەو گروپى نەیارو زەرەرمەندى بزوان ویەکخست دژى حکومەتەکە. لە دەرەوەیش بە پلەى یەکەم ئەمریکا و پلەى دوەم ئێرانى توڕەکرد. بەتایبەتى بڕیارەکانى [ بێ لایەنى عێراق, کڕینى چەک لە ڕوسیا, بازرگانى لەگەڵ چین] دا.

ئەم دو بەرەیە و هاوپەیمان و لایەنگریان ـ واتە رق و کینەیان ئەم تەوژە توندوتیژەى بەرپاکردو جەماوەرە ڕەش و ڕوتەکەى گەمارۆ داو دەستى بەسەرا گرت کردنى بە هێزى هاوکارى بۆ خۆى!!

هەندێ زانیارى دەربارەى خۆ پیشاندەرانى ئەم جارە ـ 

١ـ پێش ١/١٠/٢٠١٩ بە مۆبایل کەس و لایەنى ناسراو و نەناسراو بانگەشەیان بۆ کردو سەرپەرشتیان کردوە.

٢ـ داواى ڕماندن و هەڵوەشاندنەوەى سەرتاپاى دام و دەسگاکانى دەوڵەتیان کردوە.

٣ـ لەناویان دا کەسانێکى نێردراو هەبوە تەقەى لە هەردو لا کردوە پۆلیس و خۆپیشاندەران!!

٤ـ لەناویاندا بانگەوازکراوە بۆ شەڕى دەستەو یەخە !!

٥ـ لەناو هێزەکانى حکومەتدا کەسانێک هەبون کە بەنیازى گەرم کردنى بەیەکدادانەکە تەقەى بکوژیان لە خۆ پیشاندەران کردوە!!

لێرەدا بە ئاشکرا دەرئەکەوێ کە ئەم خۆپیشاندانە خوێناویەى عێراق دەستێکى نهێنى بە تواناى بە دواوەیە و هەوڵەکە بۆ ئەوە بو کە حکومەت سوپا دابەزێنێ و کودەتایەک ڕابگەیەنێت و دەست بگرن بەسەر وڵات دا.

کورد واتەنى با قسەیەکیش بۆ دز بکەین.

ئەم کێشە و گرفتە سیاسی و ئابورى کۆمەڵایەتیە کە لە ساڵى ٢٠٠٣ ەوە هەر کەڵەکە ئەبێ پەنگ ئەخواتەوە بە هیچ حکومەتێک بە ساڵ و دو ساڵ چارەسەر ناکرێ و شەڕ لەگەڵ داعش دا پەیتا پەیتا نیوەى داهاتى عێراق لوش ئەدات!!

 

  • 1