ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی چوارەم

 کۆنفیدراڵییەتی ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان سنوورەکانی ئیتنیک و نەژاد و هەرێمەکان رەچاو ناکات. هێشتا کوردستان هەر ناسنامەی جوگرافی هەموو بزووتنەوەکانە، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت ئەم شێوازی ڕێکخستنە بەشی گەورەی تورکیا یان سوریا بگرێتەوە و کۆمەڵگە ئیتنیکییەکانی تر بە یەکسانی تێکەڵ بکات – وەک دەردەکەوێت لە هەرێمە کوردییەکەی سووریادا (ڕۆژاڤا)، کە پەیەدە PYDی ڕێکخراوی دەستەخوشکی پەکەکە کۆنترۆڵی کردووە. کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) کە لە ساڵی 2007دا دامەزرا، دەستەیەکی کۆنفیدراڵیی ئاست بەرزە و ڕێکخراوێکی چەترە بۆ تۆڕە سەربازی و سیاسی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکان، بە پەکەکە و حزبە دەستەخوشکەکانی وڵاتانی دراوسێوە. سەرەڕای ئایدیاڵی دیموکراتیی ڕادیکاڵی، کەجەکە هێشتا هەر لە سەرەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، لەلایەن یەکێک لە سەرکردە سەربازییە باڵاکانی پەکەکەوە 13.

ڕاپەڕین لە سووريادا تاقیگەیەکی بۆ کوردەکان ڕەخساندووە بۆ ئەزموونکردنی چەمک و تێگەیشتنیان لەبارەی دیموکراسیی ڕادیکاڵەوە. ژمارەیەکی زۆر لە حزب و ڕێکخراوی کوردی لە سووریادا هەن و گەلێکیان بە هەر شێوەیەک بووە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و شوێنکەوتووانێکی کەم و دیاریکراویان هەیە. بەڵام پارتی پەیەدەی دەستەخوشکی پەکەکە یەکێکە لەو حزبە کەمانەی پێچەوانەی ئەوانیتر شوێنکەوتەی زۆری خۆی هەیە و بێجگە لەوەش ژمارەیەکی زۆری چەکدار هەیە و توانیوێتی باڵادەست بێت لە هەر سێ ناوچەکەی باکووری سووریا کە چڕیی دانیشتوانی کورد تێیاندا بەرزە – تەنانەت لە ناوچەی جزیرەش لە باکووری ڕۆژهەڵات کە پێشتر زۆر کاریگەر نەبوو تێیدا14. لە سەرەتادا ناوچە کوردییەکان بە پارێزراوی مانەوە لەو ناکۆکی و شەڕوشۆڕەی لە سەرانسەری سووریادا تەشەنەیان کردبوو، لەبەرئەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ) ڕاستەوخۆ بەرەنگاری حکوومەتی ناوەندی نەبوونەوە و قەناعەتیان بە سوپای سووریا کرد خۆبەخشانە لە ناوچەکە پاشەکشە بکات و کۆنترۆڵی ڕادەستی پارتی یەکێتیی دیموکراتی بکات. بڵاوبوونەوەی داعش لە ساڵی 2014دا و هێرشکردنی بۆ سەر کۆبانی بوو بە هۆی بەرپابوونی پشێوی و شڵەژان و بەشێکی زۆری خەڵکەکە لە شوێنی خۆیان هەڵکەنران، بەڵام لەهەمان کاتدا بوو بە هۆی ئەوەی کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی، کە قارەمانانە بەرگرییان لە ناوچەکە کرد، هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتیی بەرفراوان بەدەستبێنێت. 

ئەو ڕێکخستنە سەربازی و بەڕێوەبردنە مەدەنییەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی دایمەزراندبوو پشت بە ئایدیای دیموکراتیی ڕادیکاڵ دەبەستێت، لەگەڵ ئەنجوومەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی خۆبەڕێوەبەری و یەکسانیی نێوان ڕەگەز و ئیتنیک و ڕێکخستنی کۆنفیدراڵی لە بنەوە بۆ سەرەوە. هەر سێ کانتۆنەکەی عەفرین و کۆبانی و جزیرە کە پێکەوە کوردستانی ڕۆژئاوا یان کوردستانی سووریا (ڕۆژئاڤا) پێکدێنن، گەورەترین قەوارەی ناوچەیین. لەسەر هەموو ئاستێک، پارێزگاریی لە سەرەتای سەرۆکایەتیی هاوبەش دەکرێت (واتە پێگە و پۆستە وەزیفییەکان ژنێک و پیاوێک تێیدا هاوبەشن)، هەروەها هەوڵی ئاوێتەکردنی گرووپە نەژادی یان ئیتنۆ- ئاینییە غەیرە کوردەکان دەدا، وەک عەرەب و تورکمان و سریانی و ئێزیدی. هەندێک لە حزبە کوردییەکانی تر قایل بوون بە هاوکاری و کارکردن لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا، بەڵام ئەوانیتر هەر بە نەیار و بەرهەڵستکاری نەرێنی ماونەتەوە. بەهەمان شێوە، هەندێک لە کۆمەڵگە کریستیانەکان ڕۆڵێکی باش دەبینن لە چالاکییە مەدەنی و سەربازییەکاندا و ڕوون و ئاشکرا ئەوانیش هەر بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانیتر ئەو دانپیانانە ڕەتدەکەنەوە کە حوکمی پارتی یەکێتیی دیموکراتی شەرعی بێت.

بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە، زۆر زەحمەتە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت چۆنێتیی کاری ئەنجوومەنەکانی خۆڕێبەری دیاری بکرێت لە پراکتیزەدا و من ئاگام لە هیچ سەرنج و تێبینییەکی ڕاستەوخۆی جدی نییە15. ئەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی هەن کە هاوسۆزن لەبارەی بەرگری کردن لە کۆبانی و بەتایبەتی ژنە جەنگاوەرەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ، کە سەر بە پەیەدەن PYD و ئەمە هۆش و سەرنجی ڕۆژنامەوانە بیانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەکادیمییە ڕادیکاڵەکان زۆر پەسنی ئەم ئەزموونەیان داوە بەو پێیەی یەکێکە لە گرنگترین ئەزموونەکانی خۆڕێکخستنی بێدەوڵەت، بەڵام هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەزموونەکە پشتی بەوە بەستووە کە خانەخوێکانیان بۆیان باسکردوون، نەک سەرنج و تێبینیی ڕاستەقینەی خۆیان16. سەردانیکەرە هاوسۆزەکان وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن کەوا شۆڕشەکە بەردەوامە17، لەکاتێکدا کە ڕێکخراوە کوردییەکەی کورد وۆچ Kurd Watch، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومیی ئاگادارە و پەیوەندیدارە بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی ڕکابەرەوە، بەولایەدا دەیشکێنێتەوە کە ڕەخنەی توند بگرێت لە هەر شتێک کە پەیەدە PYD ئەنجامیدەدا18. بەهەرحاڵ، ئەوە ڕوونە کەوا زۆرێک لەو ئەنجوومەنانە پێکهاتوون کە لە ڕێگەیانەوە بەشێکی سەرەکیی دانیشتووان بەشدارن لە بڕیارداندا. بێگومان تا چ مەودایەک ئەم ئەنجوومەنانە دەتوانن بگەنە بڕیارگەلی سەربەخۆ لە ئامۆژگاری و راسپاردەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی پەیەدە و یەپەگە ئەوە هێشتا جێی مشتومڕە.

پێویستە ئەزموونی بەشداری لە گفتوگۆ و مشتومڕەکان لە ئەنجوومەنەکانی خۆڕێبەریدا لە خۆیدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕی بێت، وەک توانادارکردنی ژن لە ڕێگەی بنەمای هاوسەرۆکییەوە و هاوکاری و هەماهەنگی کردنی یەکسانی لە نێوان کۆمەڵگە ئیتنیکی و ئیتنۆ – ئاینییە جۆراوجۆرەکاندا. بەهەمان شێوە، لە تورکیادا ئەزموون و تاقیکردنەوە هەیە لەگەڵ ئەم ئەنجوومەنانە لە گەڕەکە شارستانییەکاندا، نەک تەنیا لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتدا، بەڵکو دیسان لە ڕۆژئاوای تورکیاشدا. لەڕووی تیۆرییەوە، ئەم فۆرمی خۆڕێکخستن و کۆنفیدراڵییەتە ڕەنگە فراوان بێت و تەشەنە بسێنێت بۆ دوورتر لە ناوچە کوردییەکان و پەنا و پەسێرە کوردییەکان و ببێتە نموونەیەک بۆ ڕێکخستنی هەموو سووریا و تورکیا بەتەواوی. ڕەنگە ئەمەش هەڕەشەیەک نەبێت بۆ سیستەمی ئێستای دەوڵەت، ئەگەر بتوانن پەیڕەویی ئاستێکی گەورەی ناسێنتراڵ بکەن. ئەوپەڕی زەحمەتە دیموکراتییەت بەدیبێنێت لە خوارەوە بۆ ترۆپکی سەرەوە، چونکە پێویستی بە هەڵوێست و ڕێگەیەکی بیرکردنەوەی تەواو جیاواز هەیە و لەڕووی پارادۆکسەوە پەکەکە لەوانەیە بتوانێت ئەوە بەدیبێنێت بەهۆی توندوتۆڵیی سێنتراڵیزە سەرکردایەتی و دەسەڵاتیەوە، کە لە ڕابردووە مارکسی – لینینییەکەیەوە بەجێماوە. ئەڵبەتە ئایدیاکانی ئیکۆلۆجی و دیموکراتییەتی میللیی ڕادیکاڵی و کۆنفیدراڵییەت لەلایەن کەسانی هەموو ئاستەکانی ڕێکخراوەکەوە دەخوێنرێت و دەتوانن بە ئەقڵانییەتەوە ڕوونی بکەنەوە – هەرچەندە ئەمان لەڕووی سۆزەوە هێشتا نەیانتوانیوە لە خەونی سەربەخۆیی کورد جیاببنەوە.

ناسیۆنالیزمی پدک و پشت ناسیۆنالیزمی پەکەکە دوو ئایدیۆلۆجییەتی ڕکابەری سەرەکین، کە ڕەنگدانەوەی ڕێگەی تەواو جیاوازن بۆ گوزارش کردن لە خودی کورد و جەختکردنەوەی خود19. هەروەها ئەم دوو حزبە هەردووکیان دوو هێزی سیاسیی سەرەکین و ڕکابەریی سیاسییان ڕوون و ئاشکرایە لە سەرانسەری کوردستاندا. بێگومان هەندێ حاڵەتی دەگمەنی هاوکاریی هەبوو، وەک ئەوەی مانگی نۆڤەمبەری 2014 کاتێ کۆمەڵێکی بچووکی پێشمەرگەی کوردی عێراق، بە چەکەکانیانەوە، بەسەر تورکیادا ڕۆیشتن بۆ کۆبانی بە مەبەستی بەشداری لە بەرگری کردن لەو شارە21، بەڵام زۆربەی کات لایەنەکان دژ بە یەکتری کاریان دەکرد. پدک پشتیوانی لە هاوپەیمانییەکی حزبە کوردییەکانی سووریا دەکات، کە زۆریان هاوکاری کردنی پەیەدە ڕەتدەکەنەوە. باسی ئەوەش هەیە کە پەیەدەش بە ڕۆڵی خۆی ڕێگە بە ئەندامانی ئەو حزبانەی تر نادات بچنە ڕۆژئاوا، کە مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان لە کوردستانی عێراقدا کردووە. پەکەکە زۆر بەتوندی ڕەخنە لە پدک دەگرێت بەهۆی "فیوداڵیزم" و گەندەڵییەوە کە ئەو حزبەی تێوەگلاوە، لەولاشەوە پدک لۆمەی پەکەکە دەکات لەبەر سیاسەتی توندی و تائیفییەت و ئامادە نەبوونی کە هاوکاری لەگەڵ ئەوانیتر بکات بێجگە لە هاوبەشە سەرەکییەکەی. حزب و جووڵانەوە کوردییەکانی تورکیا، کە نەچوونەتە ناو بزووتنەوە بەرفراوانەکەی هاوپەیمانن لەگەڵ پەکەکە مەیلیان بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە و خۆشەویستی بۆ شەخسی مەسعوود بارزانی دەردەبڕن وەک سەرکردەیەکی دیاری کوردەکان. ئەوانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە خۆیان خستووەتە ژێر ڕکێف و پارێزگاریی پدک. پێدەچێت کێبڕکێ و ململانێ لە نێوان ئەم دوو حزبە ڕکابەرە بمێنێتەوە و ئایدیۆلۆجیا فاکتەری گرنگ بێت بۆ چەند کاتێک لە داهاتوودا.

  • 1