ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشى پێنجەم و کۆتایى ڕەوەند

ڕۆژى 1/9/1988 لە شارۆچکەى چوارقوڕنە لە هاوڕێیان (مەلا حەسەن و حەمە سەعید) جیا بوومەوە، هاوڕێیان ئەوانییان بۆ ماڵى هاوڕێیان برد، لەبەرئەوەى ئەوان بەرەو شارى هەولێر دەچوون، ئیتر نازانم چۆن و کەى بەرەو هەولێر بەرێکران.

لە شارۆچکەى چەمچەماڵ بۆ ماڵى خاڵم چووم، ئەوەى چاوەڕوانى نەبووم، ڕووبەڕووم بۆوە، دایکى (ساوێن) لەوێ بوو، ئاگادارى کردم کە لەشاخ گەڕایەوە بۆ هەولێر بۆ هیچ ماڵێک نەچووە و ڕاستەوخۆ بۆ چەمچەماڵ هاتووە، لە هەولێر کەس نازانێت کە لە شاخ گەڕاوەتەوە، گوتى لێرە مەترسیمان لەسەر نییە و جێگایەکە گونجاو و باشە، بڕیار بوو لەم ڕۆژانە بۆ سلێمانى بچین... ئاگادارى خاڵم کرد کە من زۆر بەپەلەم و دەبێت هەر ئەمڕۆ بچمە سلێمانى بۆ ماڵى کاک (زاهیر)، گوتى ئاسانە و ئاگادارى دەکەین کە بێت، منداڵەکانیشى بێنێت، بۆ ئەوەى بە سەیارەکەى ئەوان بچن، ئێمە سەیارەمان نییە. دواى نیوەرۆ کاک (زاهیر) خۆى و هاوسەرەکەى هاتن و دواى ساڵانێکى زۆر بەدیدارییان شادبووم.

بە تەنیا ئاگادارم کرد کە پێویستە هەر ئێستاکە بەرەو سلێمانى بڕۆین و هەوڵى پەیوەندى کردن لەگەڵ هاوڕێ هۆگر بکەین، ئەگەر ئەو دەست نەکەت دەبێ دکتۆر (عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ) ببینم، کارەکەم زۆر گرنگ و بە پەلەیە، ئاگادار بووم کە (د. عیزەدین) بۆ هەندێ کاروبارى حزبى گەلێک جار سەردانى برادەرانى دیموکراتى دەکرد، کاک (زاهیر) گوتى دەتوانم پەیوەندى بە هاوڕێ (هۆگر)ەوە بکەم کە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى حزب بوو، یەکێک بوو لە بەرپرسەکانى ناو شارەکانى کوردستان، دواى ئەو وتووێژە بەیەکەوە بەرەو ماڵییان لە سلێمانى بەڕێکەوتین، (ساوێن و دایکیشى) لەتەکمان بوون، بەبێ گیروگرفت گەیشتینە ماڵەکەیان و کاک (زاهیر) بۆ دۆزینەوەى هاوڕێ (هۆگر) ڕۆیشت، شەو کە گەڕایەوە، ئاگادارى کردم کە بەیانى کاتژمێر هەشت هاوڕێ (هۆگر) بۆ ماڵەوە دێت ...

لە کاتى دیاریکراودا هاوڕێ (هۆگر و حاجى ئەکرەم) گەیشتن و گەلێک دڵخۆش بووین لەبەرئەوەى دواى چوار ساڵ بە هاوڕێ (هۆگر) گەیشتمەوە و دواى نۆ ساڵیش بە (حاجى ئەکرەم)ى هاوڕێى دێرینم شادبوومەوە، هاوڕێ (حاجى ئەکرەم) گوتى هاوڕێ (تاهر) هەر وەکو خۆتى هیچ نەگۆراوى، بەڵام هەندک پیربووى، گوتم (حاجى) خۆزگە قسەکەى کۆتاییت نەکردبایە ... هێشتا ڕێگاکەمان زۆرى بە بەرماوە!

لەگەڵ هاوڕێ (هۆگر) باسى بارودۆخى هاوڕێیانى پێشمەرگەم کرد، هەروا مەسەلەى گەمارۆى جاش و جەیش و خەستى ناوچەکە و ژیان، ڕێگاکان گیراون ... بۆیە دەبێت پەیوەندى لەگەڵ حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بکەن، بۆ ئەوەى بە سەیارەکانى خۆیان هاوڕێیان لە دۆڵەڕەقە بۆ ناوچەى قەڵادزە دەرباز بکەن. گوتى هەر ئەمڕۆ واتە 3/9/1988 پەیوەندى دەکەین و ڕێکدەکەوین لەسەر گواستنەوەى هاوڕێیان، گوتم هاوڕێیانى ڕانیە دەتوانن پەیوەندى لەگەڵ هاوڕێیان بکەن، هاوڕێ (هۆگر) گوتى خەمت نەبێت، لەماوەیەکى کورتدا تەواوى هاوڕێیان دەرباز دەکەین، هەروا گوتى دواى دوو ڕۆژى تر دێمەوە سەردانت و لەسەر گەڕانەوەت ڕێکدەکەوین، لەم کاتەدا من نەخۆش بووم، تایەکى زۆر گەرمم لێبوو، گوتى شەو دەتوانى سەردانى دکتۆرێک بکەیت، هاوڕێ (هۆگر و حاجى ئەکرەم) ڕۆیشتن. هەتاکو ئێوارە تەواو نەخۆش کەوتم و قورگم ئاوسا بوو، سەرە ئێشە و تایەکەم گەرم بوو، شەو لەگەڵ (ئازاد)ى برازام بۆ لاى دکتۆر چووین، دکتۆرەکە پشکنینى بۆ کردم، گوتى قورگت ئیلتهابێکى زۆرى کردووە، دەرمانى پێویستى بۆ نووسیم، لەکاتى قسەکردندا دکتۆرەکە گوتى؛ تۆ ئێرانیت، گوتم نەخێر، خەڵکى هەولێرم بە سەردان بۆ سلێمانى هاتووم، لە دڵى خۆمدا گوتم، ئەو ئێرانییەم لە کێوە بۆ هات، پاشان بۆم دەرکەوت کە شێوەزارەکەم هەندێ لە قسەکردنى برا کوردەکانى ڕۆژهەڵات دەچوو، چونکە کاتى خۆى ماوەى نۆ مانگ بە بڕیارى حزب لەگەڵ فیداییانى خەلقى ئێران کارم کردبوو.

ڕۆژى 5/9/1988 هاوڕێ (هۆگر) هاتەوە سەردانم و ئاگادارى کردم کە تەواوى هاوڕێیان لەڕێگاى حزبى دیموکراتەوە بۆ ناوچەى قەڵادزێ گوازرانەتەوە، هەواڵێکى خۆش بوو، هەستم بە ئاسوودەییەکى تەواوکرد، ڕێککەوتین کە ڕۆژى 8/9/1988 کاتژمێر هەشتى بەیانى ئامادە بین بۆ ئەوەى بچینە قەڵادزە و لە ڕێگاى دیموکرات بگەڕێینەوە بۆ لاى هاوڕێیان لە ناوزەنگ. ڕۆژى 8/9/1988 لە کاتى دیاریکراودا هاوڕێ (هۆگر) بە سەیارەکەیەوە ئامادە بوو، بەیەکەوە لەگەڵ (ساوێن و دایکى) بەرەو قەڵادزێ بەڕێکەوتین، ڕاستەوخۆ چووینە بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە قەڵادزێ، برادەرێک لە بارەگایەکە بەرپرس بوو بەناوى (محەمەد وەلەدبەگى) دیار بوو ناسیاوى لەگەڵ هاوڕێ (هۆگر) هەبوو، بەبێ چاوەڕوانکردن منییان بۆ ماڵێکى خۆیان لە بەستەستێن نارد، کە چوومە ماڵەکە سێ پێشمەرگەى حزبى لێبوو، دواى هەواڵ پرسین، گوتیان بەدوو ڕۆژ برادەرانى دیموکرات هەموو مانییان بۆ قەڵادزێ گواستەوە، هاوڕێیان هەموویان بە شەو لەگەڵ پێشمەرگەى حزبى دیموکرات بەرەو ناوزەنگ چوون، ئێمە ماوین، بڕیارە ئێمەش ڕەوانە بکەن، باشە ئەوە تۆش هاتیتەوە، برادەرانى دیموکرات ئاگاداریان کردم کە دایکى (ساوێن) بە ماشێن ڕەوانەى ناوچەى سونێ دەکەن.

هەر ئێوارەى هەمان ڕۆژ واتە 8/9/1988 ئاگادارییان کردین، کە ئامادەبین شەو بەرەو بارەگاى حزب لە ناوزەنگ دەڕۆین، شەو داهات و لەماڵەکە بۆ دەرەوەى بەستەستێن دەرچووین، لە شوێنکى دیاریکراودا لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەى یەکێتى یەکمان گرتەوە و کاک (شێخەڵا)ش هات کە کادرێکى پێشکەوتووى پارتى بوو، هەموومان لەگەڵ دوو پێشمەرگەى دیموکراتى کوردستان ژمارەمان (13) پێشمەرگە بووین، دوو پێشمەرگەکەى دیموکرات کە شارەزاى ڕێگاکە بوون، پێشمانکەوتن بەبێ دەنگى و بەوریاییەکى تەواوەوە دەڕۆیشتین، ماوەیەک لە ڕۆیشتن بەردەوام بووین و لە بەستەستێن دوورکەوتینەوە، دەنگێک پەیدا بوو، لە دەنگى ترەکتۆر دەچوو، ڕۆناکى لایتیش دەرکەوت، دوو پێشمەرگەکەى دیموکرات داوایان کرد کە لە ڕێگاکە دوور بکەوینەوە، لامانداو دوورکەوتینەوە و دانیشتین، کە ترەکتۆرەکە گەیشتە نزیک ئێمەوە، دیار بوو سێ (سەربازى) عەرەب بوون و بەدەنگى بەرز قسەیان دەکرد، لە قەڵادزێوە بەرەو (ڕەبییەکان) دەچوون، بەبێ ترس بوون، چونکە دەیانزانى پێشمەرگە لەم ناوە نەماون، برادەرانى حزبى دیموکرات داوایان کرد، کە کەس تەقە نەکات، چونکە ڕێگاکەمان لێدەگیرێت و هاتوچۆمان زەحمەت دەبێت. سەربازەکان ڕۆیشتن و ئێمەش بەرەدەوام بووین لە ڕێکردن، بەیانى لەگەڵ ڕۆژهەڵات گەیشتینە ناوچەى گوندى (سونێ) لەوێوە هەموومان شارەزا بووین، دوو پێشمەرگەکەى حزبى دیموکرات دواى ئەوەى سوپاسمان کردن، بەرەو بارەگاى خۆیان ڕۆیشتن، ئێمەش هەریەکە و بۆ بارەگاى خۆى ڕۆیشت، ئێمە بارەگاکەمان لە ناوزەنگ بوو، گەیشتینە لاى هاوڕێیان، هەموویان خەریکى قوڕکارى بوون، ماندوو و شەکەت بوون، خانوویان بۆ بارەگا دروست دەکرد، بە هاوڕێیان شادبوومەوە و یەکە یەکەیانم لەباوەش گرت و ماچم کردن. بۆ ڕۆژى دواتر ئێمەش دەستمان بە کارکردن کرد، مانگى ئەیلوول تاکو سەرەتاى تشرینى یەکەم چەند ژوورێکمان دروستکرد، هەروا گەرماو و ناندنیشمان دروستکرد، ئینجا بڕیاردرا ڕۆژانە بچینە داربڕین و هێنانى بۆ بارەگاکەمان بۆ زستان.

پاش ماوەیەک هاوڕێ (مەلا حەسەن و حەمە سەعید)یش بەڕێگاى حزبی دیموکرات گەڕانەوە بۆ لاى هاوڕێیان، کاتى خۆى ئەگەر برادەرانى یەکێتى ئاگادارى هاوڕێیانییان دەربارەى ئینسحاب بکردایە، ئەو هەموو بینەوبەردە و گیروگرفتەمان تووش نەدەبوو، هاوڕێیانیش لە ڕێگاى گوندى (وەرتێ)وە دەرباز دەبوون . 

تێبینى :-

ئەم نووسینەم بەر لە کۆچى دوایى دکتۆر (عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ) نووسیوە .

  • 1