ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و تێکۆشانی بزوتنەوە رزگاریخوازە نیشتمانییەکەی هەردەم ڕووبەڕووی هەلومەرجی ئاڵۆز و ڕەوشی ناجۆر بۆتەوە، کە بەردەوام ئەم تێکۆشانە نەک هۆکاری زاتی و توانا و وزە و ئامادەبونی تێکۆشان و قوربانی دان فاکتەری یەکلاکەرەوە بوونە، بەڵکو هەلومەرجی بابەتی و بەتایبەتی کارتێکردنی ڕەوش و هۆکاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی زۆر جار لە سەر ئاراستەکردنی ڕووداوەکان لە سەرجەم ویستگەکانی خەباتی گەلەکەمان، فاکتەرێکی کاریگەر بووە.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژئاوادا لە سەرجەم ڕەوشی پارچەکانی دیکەی کوردستان و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بوونی قەیرانی دەوڵەت تیایدا، و ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان بۆ گۆڕانکاری کردن لە ڕێگای هەژمونی خۆساپندن و بەکارهێنانی شێوازی داگیرکاری کۆن و نوێ، جیاناکرێتەوە. لە کاتێکدا ئاستەنگەکانی تێکۆشانی گەلەکەمان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان هەردەم لە زیادبووندایە، و بەتایبەتی کە سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە سەڕەڕای تەواوی ناکۆکییەکانیان، لە سەر دژایەتی تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی و سادەترین مافەکانی، یەکگرتوون، سەرلەنوێ گەلی کوردستان بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی بەرامبەر مێژوو تاقیکردنەوەی نوێ دەدات.

لە کاروانی تێکۆشاندا، مێژوو چەندین جار و لە ویستگەی جۆراجۆردا گەلەکەمانی دووچاری تاقیکردنەوەی قورس و پرسیاری ئاڵوز کردۆتەوە، و ئێستاش سەرلەنوێ گەلەکەمان لە رۆژئاوا لە ئاکامی پلانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناکۆکی دەوڵەتە زلهێزەکان دووچاری مامەڵەکردن لە گەڵ هاوکێشەیەکی ئاڵۆز دەبێتەوە کە لەلایەکەوە هێرشی داگیرکاری تورکیا و هەڕەشەی گۆڕانکاری دیموگرافییە، و ئەمریکای ترامپ لە سەوداکردنێکی پڕ شەرمدا لە جیاتی دووای ئاگربەستی نێوان هێزەکانی دەسەڵاتداری رۆژئاوا و حکومەتی تورکیا رێگا بۆ دانوستان و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و دەستتێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی دابین بکات، ماوە بە مانەوە ئەو هێزە داگیرکەرە لە قوڵایی خاکی رۆژئاوا دەدات، و بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی سیاسی و جموجۆڵی سەربازی دەوڵەتی تورکیایە و مەترسییەکانی سزای ئابوری لە سەر سەرانی ئەو دەوڵەتە هەڵدەگرێت، و کارکردنە بۆ کۆتایهێنانی ئەزمونی بەرێوبەرایەتی خۆسەریی لە ڕۆژئاوادا. لەلایەکی دیکەو ئەلتەرناتیفی ئەم بۆچون و ئاراستەیە، رێکەوتن و ماوەدان بە سوپای حکومەتی دیکتاتۆری سوریایە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە و دەوڵەتی روسیا ڕۆلێ نزیکبوونەوەی حکومەتی تورکیا و دەسەڵاتی سیاسی رۆژئاوا دەبینێت.

لەوانەی ئەگەر بە سادەیی بڕوانینە ئەم هاوکێشەیە، تابلۆی ڕەوشی سیاسی و سەربازی تەنها بە یەک وێنە دەخوێنینەوە. داگیرکاری تورکیای پەیمانی ناتۆ و دەستبەسەراگرتنی تەواوی ناوچەی رۆژئاوا جا بە بەردەوامبوونی شەڕ و داگیرکاری سەربازی بێت یان وازهێنان لە موقاوەمەتی سەربازی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی رۆژئاواوە، و قایل بوون بە سەرجەم خاڵەکانی ڕێکەوتننامەکەی ئەمەریکا لە گەڵ ئۆردوگان بێت کە لە خزمەتی تورکیایە و بەشێکە لە رزگارکردنی سەرانی تورکیا لە سزای چاوەڕوانکراو ئەمەریکا، و ئەلتەرناتیفی ئەم ئاراستەیەش گەڕاندنەوەی بێ چەند چونی حکومەتی دیکتاتۆری سوریا بێت بێ هیچ رێکەوتنێکی سیاسی سەبارەت بە چارەنوسی رۆژئاوا.

بەڵام ئەگەر بە ووردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ڕەوشە سیاسییە نوێیە بکەین، و پشت بە میتۆدی بەرچاو ڕوونی لە شیکردنەوەی سیاسی و کاراکردنی وزەی مرۆیی ناوخۆیی تێکرای پەلەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی لە رۆژئاوا، و وەبەرهێنانی پشتگیری دۆستەکانی گەلەکەمان لە ڕای گشتی و حکومەتەکانی جیهان ببەستین، و لە ڕوانگەی عەقلیەتی تێکۆشانی سیاسی نەک وەک مامەڵەکردنی بازرگانی و ئابوری سەبارەت بەم بابەتە چارەنوسسازە کار بکەین، و بە دوو فاقی داگیرکاری تورکیا یان گەڕانەوەی دیکتاتۆری سوریا مامەڵە لە گەڵ ڕووداوەکاندا نەکەین، ئەوا بۆ سەرجەم هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و جەماوەری خۆڕاگر لە رۆژئاوا دەردەکەوێت کە رێگای تەسلیمبوون بە تورکیا بە پێی بەندەکانی رێکەوتننامەکەی ترامپ ــ ئۆردوگان ـــ کە ترامپ لە سەرەتاوە ئامۆژگاری ئۆردوگان دەکا و پێ دەڵێت گەمژە مەبە و ئەم رێکەوتنە لە بەرژەوەندی تۆدایە، و بەهەمان شێوە ترامپ دەیەوێ خۆی لە فشاری ئەنجومەنی نوێنەران و پیران و ئیدارەکەی خۆی رزگار بکات ـــ ئەم تەسلیمبوونە مانای کۆتایهاتنە بە ئەزمونی خۆسەری لە رۆژئاوا. لە هەمان کاتدا باسکردنی ئەوەی کە ئێمە واتە کوردستانی رۆژئاوا داواکارییەکانمان لە چوارچێوەی سوریایە و بۆیە دەبێ ڕوومان بەروە حکومەتی سوریا وەرگیرین دیسانەوە دەمانخاتە خانەی تەسلیمبوون بە ئیرادەی حکومەتی سوریا.

بریاردانی داواکاری و درووشم و ڕادە و شێوازی مسۆگەر کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانی ڕۆژئاوا بە تەواوی مافی گەلی رۆژئاوا و بزوتنەوەی رزگاریخوازی ئەو بەشەی کوردستانە، کە ئەرکی هەموومان پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی گەلەکەمانە بۆ ئەو داواکارییانە، و جا ئەگەر بریاری گەلی ڕۆژئاوا جێبەجێکردنی ئەو ماف و داواکارییە ڕەوایانە لە چوراچێوەی مانەوە لە سایەی دەوڵەتی ئێستای سوریا بێت، ئەوا ئەنجامدانی ئەو ماف و داواکارییانە بەندە بە وەدیهێنانی سوریایەکی مەدەنی و دیموکرات، و دەوڵەتێک کە مافەکان بەپێی میکانیزمی دەستوری مسۆگەر بکات، و ئامادەیی گۆڕانگاری لە شوناسی دەوڵەت هەبێت بە جۆرێک فرەیی و بەیەکەوە ژیان و مافی سەرجەم پێکهاتە و گەلان و نەتەوەکان مسۆگەر بکات، و کۆتایی بە بوونی میلشیای و هێزی بینانی لە وڵاتدا بینێت.

گومانی تێدا نییە کە بنەما و ڕەوابوونی تێکۆشانی گەلی کوردستان لە رۆژئاوا بەند نییە بە گۆڕانکارییەک کاتی لە تەرازوی هێزی سەربازی و یان شێوازی بڵاوبونەوەی هێزی سەربازی لە هەلومەرجێکی دیارکراوەدا. مەسەلەی کوردستان مەسەلەیەکی سیاسییە و زیاتر لە سەدەیەکە داگیرکەران تاوان نەما دژ بە گەلەکەمان بەکاری نەهێنن، و نەخشەی و پلانی گۆڕانکاری دیموگرافی نەما ئەنجامی نەدەن، بەڵام لە کۆتاییشدا هەر تێکۆشانی گەلەکەمان سەرکەوتنی وەدەس هێناوە و قۆناغی جۆراجۆری بڕیوە و مێژوو لە وەرچەرخانەکاندا موقاوەمەتی گەلی کوردستانی تاقیکردۆتەوە. گەورەترین وانە کە مێژوو بە گەلی کوردستانی بەخشیوە ئەوەیە: بە یەکریزی و گیانی موقاوەمەت، ئازادی و سەربەخۆیی و سەرکەوتن، بە دەس دێت. لە ڕەوشی ئەمڕۆدا، گەلەکەمان لە رۆژئاوا لەم تاقیکردنەوە پڕ سەختە و گرانە، سەرکەوتوو دەبێت.

  • 1