ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە سەرەتای پەنجاکان ماڵمان لە گوندی قەرەچناغە بوو. هەموو ساڵێ پاش ئەوەی دەغڵودان دەدوورایەوە، پەرێزەکان مەڕ و ماڵات و ورستیان تێدەکرا. لاچکی قەسەر لەژێر پێی مێگەل دەشکا و دەکەوتنە سەر عەرد. ئافرەتیش دەچوون گوریس و (شەن) شەنەیان دەبرد قەسەرەکانیان کۆدەکردەوە و دەکرا ئامێز. ئامێزەکان دەپەستران و دەکران بە یەک (پشتی) یان (تێلەگە) کە پانییەکەی نزیکەی مەتر و نیوێک و بەرزییەکەی دوو مەتر دەبوو. بە گوریس زۆر توند دەبەسترا. ئافرەتیش دەچوو ئەو (تێلەگە) گەورەیەی بە پشتی خۆی دادەدا، بەڵام دەبووایە یەکێک هەبێ تا لەکاتی هەستانەوە نەختێ تێلەگەکەی بۆ بڵند بکات تا بتوانێت لەژێردیدا هەڵسێتەوە!

دایکم ڕۆحی شاد بێ، هەموو جارێ منی لەگەڵ خۆی دەبردە قەسەران، دەیگوت زرار دەچینە قەسەران لەگەڵمان وەرە ئاقاری تێلەگەمان بە پشتدا بدە. ژنێکی ڕەشتاڵەی کەڵەگەت و بەخۆوە هەبوو گیانی شادبێ، ناوی (خاسێ) بوو، دراوسێمان بوو. منداڵێکی (شیرەخۆرە)یان هەبوو، هەموو جارێ تێر شیری دەکرد و دەینوواند، ئینجا لەگەڵ دایکم و ژنەکانی دیکە بەرەو ئاقار بەڕێدەکەوتین. گەلێ جار هەر لە ماڵ بەڕێدەکەوتین، دەمبینی پلە (خاسێ) کچۆڵەیەکی ٣-٤ ساڵانی هەبوو، دەگریا و بە غارەغار دەهات و پیاڵەیەکی بەتاڵی بەدەستەوە بوو بانگی دەکرد؛ دایە، دایە، دایە ڕاوەستە شیرم دەوێ! دایکیشی لەگەڵ ژنەکان ناچار ڕادەوەستان، پلە (خاسێ)یش مەمکی دەردەهێنا، بە دەستێک پیاڵەکەی لەژێر گۆی مەمکی ڕادەگرت و بە دەستەکەی دیکەشی مەمکی خۆی دادەدۆشی و فیزی دەکردە ناو پیاڵەکەوە. گەلێک جار بەهۆی کەفی شیرەکەوە دەستی ڕادەگرت و نەختێ پیاڵەکەی دەلەقاند تا دڵنیابێ کە ئایا پیاڵەکە پڕ بووە یان نا؟! 

ئیتر پیاڵە شیرەکەی دەدایە دەست منداڵەکە و منداڵ بەرەو ماڵ دەبۆوە. یەک دوو جاریش بە چاوی خۆم دەمبینی کە منداڵەکە دەگەیشتە ماڵەوە، ئەو جارە منداڵێکی دیکە بە پیاڵەیەکی بەتاڵەوە دەهات و هەر لە دوورەوە دەیگوت؛ دایە ڕاوەستە ئەمنیش شیرم دەوێ! ناچار ژنەکان هەموویان ڕادەوەستان، ئەوجارە پلە (خاسێ) مەمکەکەی دیکەی دەردەهێنا. بەهەمان ڕێ و شوێن نیو خولەکی نابرد ئەو پیاڵە بەتاڵەی بۆ ئەویش پڕ لە شیری مەمکی دەکرد. دەیدایە منداڵەکە و زۆر بەخۆشی و شادییەوە دەگەڕایەوە ماڵەوە، ئێمەیش بەرەو ئاقار ملمان دەنا.

خۆ هەموو لایەکیشمان تەنیا هەر (نان و پیاز و چەند مریشک و جووجیلەیەکمان هەبوو!)، بەڵام نانەکە گەنمی ئاقاری گوندی قەرەچناغە بوو، لە ئاشی گوندی (گردمەلا) دەکرایە ئارد. پیازەکەش لە گوندی (قۆڕیتان و مزەحەمەد) دەهێنرا. مریشک و جووجیلەکانیش لە کۆڵیتەکەی خۆمان بوو، نەک لە تورکیا و جووجەخانەکانی ئێران! کەچی ئێستا دەبینم بە چرکەش بەبێ خۆراکی تورکی و ئێرانی ماوەبەسەرچوو ناحەوێنەوە! شیری مەمکیشمان تەواو چکی کردووە (وشکی کردووە!)، وەک ئەوەی خوانەکا دایکی (تورک و فارس) شیریان پێدابین! بۆیە دەڵێم؛ سەد حەیف و هەزار مخابن بۆ میللەتی کورد و سەرکردایەتییەکەی!

 

  • 1