ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ساڵی 2014 وە کە مالیکى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم / ى بڕی. ئەم وڵاتە توشى تەنگژەیەکى سەخت کراو لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابوردودا هەژاری و بێکارى بە جۆرێکى سەرنج راکێش پەرەیان سەندو بە کەم کردنەوەى موچە و پاشەکەوتى زۆرە ملێشەوە.

کاسبى و ووردە بازرگانى و بیناسازى بازاریان کەساس بو، ئاستى ژیان و گوزەرانى زوربەى زۆرى هاوولاتیان بە جۆرێکى لەبەر چاو دابەزى. شان بە شانى ئەمەیش هەزاران خوێندکارى زانکۆ و پەیمانگاکان کە ساڵانە خوێندیان تەواو ئەکرد ئەچونە نێو لەشکرى بێکارانەوە پەیتا پەیتا پەنگى ئەخواردەوە.

ئەمە یەکێکە لەو کێشە کۆمەڵایەتى و ئابوریانەوە کە روبەروى حکومەتى هەرێم ئەبێتەوە و پێویستى بە چارەسەرى بنەرەتى هەیە.

ئەم کێشەیە لەمەو بەریش هەر هەبوە. بەڵام پینەوپەرۆ کراوە. دام و دەسگاکانى حکومەتى بە جۆریک لێی پر کراوە کە ئیشى کارمەندێک (3 یان 4) کارمەندى بۆ دانراوە. یان لەناچاریدا لێرەو لەوى هەڵپەسێنراون!!

ئەم کێشەیە ئەگەر بەپێى پلانێکى زانستانە واقعى چارەسەرى بۆ نەدۆزرێتەوە. ساڵ بە ساڵ لە پەرەسەندندا ئەبێ و گیروگرفتى سیاسى/ شى لێ ئەکەوێتەوە.

لە پێش هەمو شتێکى ترەوە. کردنەوەى زانکۆ و کۆلیج و پەیمانگاکانى حکومەت هیچ پەیوەندیەکیان نیە بە ڕادەى پێویستى وڵاتەوە (هەردو کەرتى گشتى و تایبەتەوە) بەڵکو بە جۆرێکى بێ سەرو بەرى و ئارەزوخوازرانە ئەکریتەوە و خوێندکاریان تێدا وەرئەگیرێ.

بۆ نمونە ئەوە حساب نەکراوە کە ساڵانە هەرێم پێویستى بە چەند مامۆستاى (اعدایە) هەیە. یان هەردو کەرتى گشتى و تایبەتى پێویستى بە چەند ئەندازیار هەیە. تا بەو پێیە کۆلیج / یان بۆ بکریتەوە و خوێندکار وەربگرن

سەرەڕاى ئەمەیش دەرگاکراوەتەوە بۆ زانکۆ و کۆلیج و پەیمانگاى جۆراوجۆرى کەرتى تایبەت (بێگانە) کە دەرچوەکانیان ئەبن بە بار بەسەر حکومەتەوە!!

کێشەى بێکارى بە تێکڕایى و بە جۆرێکى ئاسایى لە بوژاندنەوە و گەشەپێدانى هەردو بوارى کشت وکاڵ و پیشەسازى دا چارەسەر ئەکرێ. بەرفراونکردنى کشت وکاڵ و ئاژەڵدارى و باخ و بێستان لەسەر تەرزێکى هاوچەرخ. کەرتى تایبەت بێ یان گشتى لادێکان ـ گوندەکان ئاوەدان ئەکاتەوە و دانیشتوانى ئەخاتە کارو بوارى کۆچ کردن بە تەواوى کەم ئەکاتەوە و پەیتا پەیتا پێویستیان بە کادر و شارەزا و نوێ خواز و کارمەندى تر ئەبێ.

بوارى پیشەسازى گەورە و بچوک، کارەبایى و میکانیکى هاوچەرخ و خۆماڵى. بەتایبەتى ئەو کارگەو کارخانانەى کە پشت بە کەرەسەى خاوى خۆوڵاتى (نەباتى و حەیوانى) ئەبەستن و بە زۆرى بەکاردەهێنرێن ( بەرگ، پێڵاو، خواردەمەنى، خواردنەوەیش) کە کەرەسەکانیان ئەگەر بایەخیان پێ بدرێ بە ئاسانى پەیدائەکرێن.

لە یەکدانى هەردو بوارى پیشەسازى و کشتو کاڵ و ئاژەڵدارى ( واتە بەروبومەکانیان) بازاڕى خۆوڵاتى و دەرەکیش پەرەپێ ئەدا و ساڵانە بە هەزاران بوار بۆ بەکارخستنى دەرچوان و بێکارانى تر زامن ئەکات و زامنیش ئەبن بۆ بەرەو پێش بردنى ئاستى ئابورى وڵات و گوزەرانى هاووڵاتیان.. وڵاتەکیشمان نابێ بە بازاڕ بۆ بێگانە...

 

  • 1