ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تەمەنی هەڵمەتی تازەی فەرمی بایکۆتی کەلوپەلی دروستکراوی تورکیا لە مانگێک تێپەڕ ناکات، کەچی هەندێك لە نەیارانی بایکۆت بیانوو دژایەتی نالۆژیك دەخەنە ڕوو، هەندێکیتر پێیان وایە ئەمە هەڵمەتێکی ناسیونالیستییە! بە چاویلکەیەکی ئایدیۆلۆژی سەیری دەکەن، هەندێکیتر پێیان وایە بەربەستی ئابووری زۆر لەبەردەم ئەو بزووتنەوەیە. لێرەدا پێویستە هەندێ شت ڕوون بێت؛ ئەم بایکۆتە زۆر بە ڕوونی لە ئێستادا تەنیا یەك تارگێتی لەبەردەم خۆی داناوە کە ئەویش "ئابووری تورکیا"یە، لەبەرئەوە ڕەخنەی "ئەی بۆ کەلوپەلی ئێرانی یان ئەمریکی یان چینی ناگرێتەوە، ڕەخنەیەکی بەتاڵە!

هەر جەماوەرێك، هەر میلەتێك کە بڕیاری بایکۆت دەدا، مەحاڵە بتوانێ لە یەك کاتدا بایکۆتی هەموو دەوڵەتێك بکات، تەنیا دەتوانێ هەنگاو بەهەنگاو پشت ببەستێ بە تواناکانی خۆی.

بە داخەوە لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو، بە یارمەتی حکوومەتی هەرێم لە ١٩٩١و حکوومەتە تائیفییەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە، هەموو توانایەکی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق هێنرایە نزیکی سفر، هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە بەرنامە عێراقیان کردە شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، تەنانەت بە هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا داهاتی ساڵانەیان تەنیا لە بازاڕی عێراق خۆی دەدا لە ٢٦- ٣٠ ملیار دۆلار.

ئەم بازاڕ داگیرکردنە کە مێژوویەکی چارەکە سەدەی هەیە هەروا بە ئاسانی لە شەوڕۆژێکدا کۆتایی نایەت، بۆ بزووتنەوەی بایکۆت مەحاڵە لە سەرەتای تەمەنی خۆی کە لە ٢٥ ڕۆژێك تێنەپەڕیوە یەکسەر ئەم مێژووە بسڕێتەوە، بەڵام کارێکی مەحالیش نییە و ئەم بزووتنەوەیەش بۆ ئەوەی سەد لەسەد سەرکەوتوو بێت ڕەنگە لە نێوان پێنج هەتا ٢٠ ساڵێکی پێویست بێت، لە بەر ئەوە لە دوای ٢٥ ڕۆژ فیزی ئەوە لێمەدە و ڕەخنە مەگرە بڵێی سەرکەوتوو نەبووە! کەلوپەلی ئێرانی شوێنی گرتۆتەوە، با بیگرێتەوە! کەی ئەم بزووتنەوەیە گوتی بایکۆتی هەموو وڵاتانی دراوسێ بەرز کردەوە تۆ ئەو دەمی بۆت هەیە ڕەخنە بگریت، بەڵام ئێستا ئەمە بە تاڵترین ڕەخنەیە .

بە داخەوە بەشێك لە چەپ دەستی بۆ ئاسانترین و بێ بنەماترین تۆمەت بردووە کە ئەویش مۆرکردنی ئەم بزووتنەوەیە بە "ناسیۆنالیست"، ئەم جۆرە لە چەپ هەرچەند بتەوێ دەستی بگریت و کۆمەکی بکەیت لەو تەریکییە ئەبەدییە ڕزگاری بکەیت، ئەو پێداگری زۆرتر دەکات لە چێژ بینین لە تەریکی و گۆشەگیربوون.

تۆ دەبێ لەوە تێبگەیت لەهەموو بزووتنەوەیەکی جەماوەری، یان بزووتنەوەیەکی ئەنتی جەنگ و بەرگرتن بە داگیرکاری جەماوەرێکی دیاریکراو لە هەندێ ئامانجی دیاریکراو و سنوردار کۆدەبنەوە کە مەرج نییە هەموویان هەمان پەیوەندی ئایدیۆلۆژی سیاسییان هەبێت یان خاوەنی هەمان شوناسی فیکر و ئایدیۆلۆژیا بن، هاوڕێی زۆر "چەپ" تۆ لینین دەناسی؟ چەمکەکانی سیاسەتکردنی بەرەیی ئەوت قبوڵە بە تایبەتی کە باسی "هاوڕێیانی ڕێگا- رفاق الدرب" دەکات یان هەر خەبەرت لێی نییە؟ چەپ دەبێ یەکەم هێزبێت لە پێشەوەی "بەرەنگاری" بێت بە تایبەتی بەرانبەر سوپا فاشیستەکان، ئێستا کە بیر لە چەپەکانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمریکا دەکەمەوە کە چوون بۆ بەشداری لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دژ بە ڕژێمی فاشیستی فرانکۆ لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو تەرمەکانیان لە تەنیشت تەرمی چەپە ئیسپانییەکان ڕیز دەکرا ئەوا ئەوان هەڵە بوون! تۆ لێرە بێ ئەوەی یەك گولە بتەقێنی ئەو دەرفەتە مێژووییەت بۆ دروست بێت کە بەشداری لە شەڕی دژی فاشیزمێکی ئیقلیمی بکەیت، کەچی نەك هەر بەشداری ناکەیت بەڵکو شوناسی ناسیۆنالیست بکێشی بەسەر بزووتنەوەکە! ئەوە ئیتر لە "ناحاڵیی بوون" دەردەچێ، دەبێتە بێ زەوقییەکی بێ تامی مێژوویی.

من خۆم یەك دەنك تەحەموولی ڕۆژێکیترم نەماوە لەگەڵ ئەم جۆرە لە چەپ، هەتا دەمرم هەر پێمان بڵێن "ناسیۆنالیست"، هەتا دەمرن هەر پێتان دەڵێم دابڕاوی ناسیاسی .

  • 1