ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەوانەیە ئەوانەى دور بن لە واقع و لە ئاستێکى بەرزەوە بڕواننە ئەم دیاردە نەشازو نادروستە واى لێکبدەنەوە کە پەرەسەندنى شار و شارۆچکەکان هەرێم ئەگەڕێتەوە بۆ نەشونماکردنى بارى کۆمەلایەتى و بەرزبونەوەى ئاستى ژیان خەڵک و ئارامى ولات و گەشەسەندنى بارى ئابورى وڵات و جێگیربونى دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم پەرەسەندن و قەرەباڵغیە ئەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێ خستنى ئاوەدان کردنەوەى (لادێ) و گوندەکان. کە ڕژێمى تاونکارى سەدام وێرانى کردن .. بۆ بەتەنگەوەهاتن و بوژاندنەوە و گەشەپێدانى کشت و کاڵ و ئاژاڵدارى و باخ و بێستان کە تا ئەمرۆ هەر بڕبڕەى ئابورى وڵاتن..

ئەگەڕێتەوە بۆ گردکردنەوەى خەڵکى لادێ گەنجەکان لە پیشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانى سنور و پۆلیسى هاتوچۆ و پاسەوان (حمایە) ى کاربەدستانى حکومەت و حزب هەروەها (سیخ ناخ) کردنى دام و دەسگاکانى حکومەت بەو گەنجانە...

بە واتایەکى تر دابڕینى سەدان هەزار کەس لە بوارى بەرهەم هێنان و چۆل کردنى گوندەکان و گردبونەوە لە شارەکان دا بون بە بخۆر!!

ئەمە سەرەراى دەیان هەزار لەو گەنجانە. کە لە تاو برسێتى و بێکارى ئاوارەى وڵاتان بوون و بەسەدانیان بێ سەرو شوێنن!!

لەلایەکى ترەوە، ئەگەر چى بوارى کشتوکال بەو جۆرە پشتگوێ خراوە و لادێکان هەر لەسەر تەرزە کۆنەکانى جارانن بوارى پیشەسازى ـ کارگەو کارخانە و پڕۆژەى هەمەجۆر بە تایبەتى ئەوانەى کەلەسەر کەرەسەى خاوى خۆوڵاتى دائەمەزرێن { خورى، موو، پێستە، لۆکە، کەتان، کونجى، توتن، میوە، گۆشت، شیرەمەنى، ئاردەمەنی، گوڵەبەڕۆژە، زەیتون، گەنمەشامى ... هتد} تا رادەیەکى زۆر بایەخى پێ نەدراوە و بەشى زۆرى بەرهەمەکانی ئەو پیشەسازیانە لە وڵاتى تر ئەکڕرێ!! چونکە ئەگەر ئەم بوارە گرنگە بەر فراوانە بە جۆرێکى هاوچەرخ بخرایەتەکار دەیان هەزار لەو گەنجانەى ئەخستەوە کارو مەیدانى بەرهەم هێنان. هەر لەبەر ئەوەیە کە هەرێم تا ئەمرۆ بۆ زامنکردنى (نانە روتەکەیش) بگرە بۆ زۆر پێداویستى ترى ژیان پەنامان بۆ دەرەوە بردوە و هەرێم کراوە بە بازارێکى زۆرى بەروبومى کشتوکال و وردە پیشەسازى!!

بێگومان بێجگە لەم هۆکارە ئابوریە بنەرەتیە هۆکارى سیاسى/ یش دەورێکى باڵاى هەبوە و هەیەتى واتە کێشەى نێوان دو حزبە گەورە کاربەدەستەکە!! بەرژەوەندى تەسک و پاوانخوازى خۆیان لە لایەکەوە ئەو دو بوارە سەرەکیەیان پشت گوێ خستوە و لەلایەکى ترەوە بەریان بۆ بازرگانە دەرەکیەکان بەرەڵاکردوە. بگرە بوون بە وەکیل و شەریکى کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانیان!!

لەلایەکى تریشەوە واتە بەهۆى هاوردەى دەرەکیەوە ئەو بەربومە خۆمالیەش کە خەڵکى لادێکان ( ئەوانەى کە ماون) بە رەنجى شان و لەسەر تەرزى کۆن بەرهەمى ئەهێنن. بازارى کەساس بوە و نا فرۆشرێ!! ئەوەتا ئەبینین بە پیکاپ لەسەر شەقام و رێگاکان فرێى ئەدەن!! چونکە حکومەت بەتەنگەوە نیە بازارەکەیان بۆ بپاریزێ لە بەروبومى بێگانە!!

ئەمرۆ لەبرێتى بایەخ پێدان و گەشە سەندنى هەردو بوارى کشت وکال و پیشەسازى حکومەتەکانى هەرێم بایەخى سەرەکیان بە بوارى بازرگانى دەرەکى (التجارة الخارجیة) داوە!!

ئەمانەن هۆکارى بنەرەتى کۆچ کردنى خەڵکى لادێ بۆ شارو شارۆچکەکان و هۆى پەرەسەندن و قەرەبالغ بوونیان کە ئێستا بون بە ئەرکێکى گران بەسەر حکومەتەوە (پەیداکردنى بوارى کار، شوێنى نیشەجی کردن، خزمەتگوزاریەکان، هاتوچۆ، ئارامى و ئاسایش ... هتد).

پشت بەستن بە داهاتى نەوت کە ئەمیش بوە بە گرفتێکى تر لە نێوان هەرێم و بەغداد / دا و لەگەڵ دەرەوەیش دا. هەرگیز جێگەى باوەرو متمانە نیە و پشتى پی نابەستری.

ئابورى ناسەکان ئەلێن "کشت و کال نەوتێکى لەبن نەهاتوە" بەڵام کاربەدەستانى هەرێم ئاگایان لەوە نیە. کە پەرەسەندنى شارو شارۆچکەکان بوە بە مایەى لە کیس دانى (دەیان هەزار بگرە سەدان هەزار دۆنم) لە نەرمە زەوى لەبار بۆ کشت وکال و تەنانەت بۆ (لەوەرگا ـ پاکز) بۆ بەخێوکردنى ئاژەل. کە بەرەبەرە زیانێکى گەورە بەبارى ئابورى وڵات ئەگەیەنێت!!

لەبەر ئەمانە ئەلێم: ئاوەدانکردنەوەى گوندەکان لەسەر شێوەیەکى هاوچەرخانە و بەرەو پێشەوە بردنى کشت وکال و ئاژەلدارى و باخ و بێستان و لقە کانى ترى هاوچەرخانە تەنها رێگایەکى ئاسان و ئوسەلیە بۆ بەرگرتن لە کۆچى خەڵکى لادێ بۆ شارەکان

 

                                       

 

  • 1