ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەبارەت بەچەمکی (بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی)

لە کاتێکدا جیهانی ئەمڕۆ گۆڕانکاری قوڵ و ئاڵۆز بە خۆوە دەبینی، و بابەتی ئاشتی و گەشەسەندن وەک دوو بابەتی گرنگی سەردەم، خۆی بە سەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی جیهان دەسەپێنێت، زانستی سۆسیۆلۆجی سەرمایەداری کار دەکات کە تێکڕای ناکۆکی و ململانێیەکان کە لە سەر ئاستی جیهان و نێوان دەوڵەتاندا ڕوو دەدات، بخاتە ژێر لێکدانەوەی تیۆری "ململانێی شارستانییەکان" وەک بنەمایەک بۆ شیکردنەوەی ناکۆکی و ململانێیەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە گوایە ململانێیە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی لە ئایندەدا بۆ سەرچاوەی ململانێی شارستانییەکان دەگەڕێتەوە، و ئەم ململانێیە دەستنیشانی ئاسۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکات.

سیاسەتی گشتی چین لە ڕوانگەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا، بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە کە زۆر بە مەترسیدار دایدەنێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جیاوازی نێوان شارستانییەکان بابەتێکی ڕێژەییە، و شارستانییەکانی جیهان بە شێوەیەکی ڕەها لەگەڵ یەک ناکۆک نین و دژ بە یەکتر نین. بەم پێیە تێکڕای ئەو بۆچوون و تیۆرییانە کە پشت بە ململانێی شارستانییەکان دەبەستێت، لە بنەمای سیاسەتی گشتی چین، بە بۆچوونی هەڵە و ترسناک لە سەر دواڕۆژی مرۆڤایەتی دادەنرێت. بەپێی خوێندنەوەی سیاسەتی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی کە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا دووچاری مرۆڤایەتی بەتایبەتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی کارتێکردنی قەیرانی دارایی نێودەوڵەتی و زیادبوونی توخمی ناسەقامگیری لە گەشەسەندنی ئابووری جیهانی، و زیادبوونی ناهاوسەنگی گەشەسەندن لە ئاستی جیهانیدایە. لە جیاتی بیرکردنەوە لە چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دیاردانە، وڵاتە سەرمایەدارەکانی جیهان پەنا دەبەنە بەر خولیا و هەژموونی دەستبەسەراگرتن، و سیاسەتی بەکارهێنانی هێز و دەستێوەردان و وروژاندنی چاوگەکانی بارگرژی و کێشەکان کە نەک چارەکردنی کێشە سەرەکییەکان بە لاڕێدا دەبات، بەڵکو کێشەی نوێی دیکە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بە تایبەتی لە بواری ئاسایشی خۆراک و وزە و بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ... هتد.

بە پێچەوانەی ئەم سیاسەتەی وڵاتە سەرمایەدارەکان یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی، خستنە ڕووی چەمکی (بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی)یە کە بنەماکەی بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئەو چانسانەی لە بەردەم مرۆڤایەتیدا هەیە، و خۆی لە فرە جەمسەری و جیهانگیری ئابووریی جیهانی، و پێشکەوتنی فرە کەلتووری و واڵاکردنی زانیاری کۆمەڵایەتی، و ئەنجامدانی بازدانێکی داهێنەرانە لە شۆڕشی تەکنۆلۆجی لە سەرجەم بوار و ئاستەکاندا، و زیادکردنی هێزی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان، و ئاراستەکردنی تەرازووی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرەو پاراستنی ئاشتی جیهانی، و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی سەقامگیری گشتی لە ڕەوشی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە.

چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی بەشێکە لە سیاسەتی جێبەجێکردنی خەونی چین لە بواری مامەڵەکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە بە ڕێگای کارکردن بۆ یەکسانی و متمانەی هاوبەش و هاریکاری هەمەلایەنە و لە یەکتر فێربوون و بردنەوە و قازانجی هاوبەش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدی دێت، و ئەمەش پێویستی بە پاراستی ئاشتی جیهانی و چەسپاندنی گەشەپێدانی هاوبەشە.

نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کە لە 2017 بەسترا لە میانەی ئاماژەکردن بە ناوەڕۆکی بیروبۆچوونی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا باس لەوە دەکات کە خەونی گەلی چین لە خەونی گەلانی دیکەی جیهان جیاناکرێتەوە، و بەندە بە سەقامگیری هەلومەرج و سیستەمی نێودەوڵەتی لە جیهاندا، و پێویستە هەردوو بابەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم ڕەوشە گشتییەدا لە بەرچاو بگرێت.

بۆیە ڕاپۆرتەکە جەخت لە سەر ڕێگای گەشەپێدانی ئاشتییانە، و گرتنەبەری ستراتیجی کرانەوە لە سەر بنەمای سوود و قارانجی هاوبەش، و یەکسانی و عەدالەت و پەیڕەوکردنی چەمکی نوێگەری لە ئاسایشدا دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە هاریکاری و بەشداری و تەواوکاری و بەردەوامبوون لەگەڵ یەکتردا بە مەبەستی ئایندەیەکی گەشەسەندوو کە کرانەوە و داهێنانی و گشتگیری و قازانجی هاوبەش دابین بکات. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە پتەوکردنی پەیوەندی ئاسایی شارستانی و لەیەکتر حاڵیبوون هەیە لەگەڵ ڕەچاوکردنی مەسەلە جیاوازەکان، و کارکردن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئایکۆلۆجی کە بە مەزن ڕاگرتنی سروشت و بانگەشە و کارکردن بۆ گەشەپێدانی سەوز دابین بکات.

یەکێک لەو ئەرکانەی کە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین دەستنیشانی کردبوو، کارکردنە بۆ بەرەوپێشبردنی بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی کە لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت بەشداری مەزن بۆ مرۆڤایەتی پێشکەش بکرێت.

لەم ڕوانگەیەوە ڕاپۆرتی کۆنگرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چین ئاڵای (ئاشتی و هاریکاری و بردنەوەی هاوبەش) بەرز هەڵدەگرێت، و پەیڕەوی ئامانجەکانی سیاسەتی دیپلوماسی دەکات کە لە سەر بنەمای پاراستنی ئاشتی جیهانی و پشتگیری گەشەپێدانی هاوبەش، و چەسپاندنی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهاندایە لە سەر بنەمای پێنج پرەنسیپی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برەودان بە پرۆسەی بنیاتنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی بە ڕێنمایی تەرزی نوێ کە پشت ببەستێت بە ڕێزگرتنی بەرانبەر و بەویژدان مامەڵەکردن و عەدالەت و هاریکاری و قازانجی هاوبەش.

ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین لە بواری گۆڕانکارییە نوێکانی ڕەوشی نێودەوڵەتی، و ئاسۆی ئاراستەی پەرەسەندنەکان کۆمەڵێک خاڵی هەستیار و گرنگی خستۆتە ڕوو کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوە کورتی بکەینەوە:

1ـ جیهان بە قۆناغی گەشەپێدانی خێرا و گۆڕانکاری بەردەوام و گەورەدا دەڕوات، و تا ئێستا ئاشتی جیهانی و گەشەپێدان بابەتی سەرەکی ئەم سەردەمەن، و فرە جەمسەری جیهانی و جیهانگیری ئابووری و شۆڕشی زانیاری و فرە کەلتووری پەرەدەسێنێت، و گۆڕانکاری لە سیستەمی حەوکەمەی جیهانی و سیستەمی نێودەوڵەتی بە خێرایی ڕوو دەدەن، و کاری پەیوەندی و پشتبەستن بە بەرانبەر لە نێوان سەرجەم دەوڵەتاندا قوڵتر دەبێتەوە، و تەرازووی هێزی نێودەوڵەتی بەرەو هاوسەنگی تر و بۆ بەرژەوەندی گەشەپێدانی ئاشتییانە دەچێت، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا مرۆڤایەتی دووچاری بەربەست و ئاستەنگی هاوبەش دەبێتەوە وەک گرفتەکانی ناسەقامگیری و بێ متمانەیی لە جیهان، و زیادبوونی دیاردەی بەردەوام "دەوڵەمەند، دەوڵەمەندتر دەبێت و هەژار، هەژارتر دەبێت"، و بەردەوامبوونی بارگرژییە هەرێمایەتییەکان، و زیادبوونی هەڕەشەی ئەمنی نوێ وەک تیرۆر و ئاسایشی سیبرانی، و نەخۆشییە مەترسیدارەکان و گۆڕانکاری ژینگە و کەشوهەوا.

2ـ جیهانی ئەمڕپ پڕە لە هیوا و ئاستەنگ و بەربەست لە یەک کاتدا، و ناکرێ ئاڵۆزی واقیع وامان لێ بکات کە خەونەکانمان لە پێناوی بەها و نەریتی بەرز و باڵا، فەرامۆش بکەین و وازی لێبهێنین. هەڵبەتە هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا ناتوانێ ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانەی کە بەربەستە لە بەردەم مرۆڤایەتی ببێتەوە، و لە هەمان کاتدا ناکرێ هیچ دەوڵەتێک لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا پاشگەز ببێتەوە و خۆی بە دوورگەیەکی دابڕاو لە جیهان دابنێت.

3ـ بە پشتبەستن بەو هەڵسەنگاندنەی خاڵانی سەرەوە، چین بانگەوازی خۆی ئاراستەی سەرجەم گەلانی جیهان دەکات کە تواناکانیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی یەکخەن، و کار بۆ بنیاتنانی جیهانێکی پاک و خاوێن و جوان بکەن کە تیایدا ئاشتی بەردەوام و ئاسایشی گشتی و خۆشگوزەرانی هاوبەش و کرانەوە و یەکتر قەبوڵکردن مسۆگەر بێت.

لەم ڕوانگەیەوە چین داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە پەیوەندییەکانی لە سەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر و گفتوگۆی هاوسەنگ، و دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی شەڕی سارد و سیاسەتی بەکارهێنانی هیز بێت، و رێگای نوێ لە بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەتاندا بگرێتەبەر کە پشت بە "گفتوگۆ نەک ڕووبەڕووبونەوە، و شەراکەت نەک تەرەفگیری" ببەستێت. هەڵبەتە لەم ڕێگایەوە چارەسەری ناکۆکییەکان و نەهێشتنی جیاوازییەکان بە دانوستان دەکرێت، و کار بۆ نەخشەکێشانی گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە کۆن و نوێکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دژایەتیکردنی تیرۆر بە هەموو شێوازەکانی دەکرێت. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە یەکگرتوویی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کاتی قەیرانەکاندا هەیە، کە ئەمەش دەبێتە مایەی ئاسانکاری بازرگانی و وەبەرهێنان و بەرەوپێشبردنی جیهانگیری بە ئاراستەیەکی کراوە و فراوانتر و هاوسەنگتر، کە قازانج و خێری گشتی هەبێت.

لە هەمان کاتدا بنەمای ئەم ئاراستەیە پێویستی بە ڕێزگرتنی فرەبوونی شارستانییەکانی جیهان و بەیەکەوەژیانیان، و دوورکەوتنەوە لە پێکدادان و خۆبەزلزانین هەیە. 

بەشی تەواوکەری ئەم چەمکە گرنگیدانە بە پاراستنی ژینگە و هاریکاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە لە پێناوی پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی. 

4ـ سیاسەتی دەرەکی چین پشت بە سەقامگیرکردنی ئاشتی و ڕێزگرتن لە مافی گەلانی جیهان لە هەڵبژاردنی ڕێگای ئارەزوومەندانەی خۆیان بۆ گەشەپێدان و پاراستنی عەدالەتی نێودەوڵەتی و دژایەتیکردنی سەپاندنی ئیرادەی هەر دەوڵەتێک لە سەر ئەوەی دیکەدا، و دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی و بەکارهێنانی هێز بۆ چەوساندنەوەی لایەنی لاواز و بێ هێز دەبەستێت. لە هەمان کاتدا چین بیر لە گەشەپێدانی خۆی لە سەر حسابی دەوڵەتانی دیکە ناکاتەوە، و لە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆی خۆش نابێت، و سیاسەتی بەرگری نیشتمانی پەیڕەو دەکات، و نابێتە مایەی هەڕشە بۆ هیچ دەوڵەتێک.

5ـ وڵاتی چین بەرژەوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان هەیە، بۆیە کار بۆ شەراکەتی نێودەوڵەتی دەکات، و هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان لە سەر بنەمای سەقامگیری گشتی و گەشەپێدانی هاوسەنگ دەکات. بەهەمان شێوەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کار بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای ناسیاوی و ڕاستگۆیی، و سوودی هاوبەش، و یەکتر قەبوڵکردن دەکات، بەو پێیەی "دراوسێکان دۆست و شەریکن". سەبارەت بە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان وڵاتی چین لەسەر بنەمای دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و ڕوونی، جەخت لە سەر بەهێزکردنی هاریکاری و هاوکاری لەگەڵیان دەکاتەوە. 

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە چەمکی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی بەشێکە لە پەرەسەندنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە چین دەستی پێکرد، و ئێستا بنەمایەکە بۆ کرانەوە بەرانبەر جیهان و هاندەرە بۆ دەستپێشخەری لە هاریکاری نێودەوڵەتی کە یەکێک لە نموونەکانی "دەستپێشخەری پشتین و ڕێگایە"، جگە لە بوارەکانی دیکەی کارکردن بۆ هەماهەنگی کردن لە داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە دەبێتە مایەی نزیکبوونەوە و کاری هاوبەش لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دووچاری مرۆڤایەتی لە بواری ئاشتی جیهانی و لە بواری گەشەپێدان بەتایبەتی لە نێوان باکور و باشور دەبێتەوە.

کرۆکی چەمکی گۆمەڵکای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە چارەنووسی جیهان موڵکی سەرجەم گەلانە، و دواڕۆژی مرۆڤایەتی خودی ئەو گەلانە دەستنیشانی دەکەن، و گەلی چین ئامادەیە کە کار لەگەڵ سەرجەم گەلانی جیهان بۆ پێشخستنی ڕێڕەوی بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و دروستکردنی دواڕۆژێکی جوان بۆی بکات.

a

  • 1