ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەرچەندە حکوومەتەکەمان موئەسەساتی نییە، یان هەر لە ئاستی پێویست نییە، مەبدەئی سزا و پاداشت (عقاب و سەواب) پراکتیزە ناکرێ، تا خەڵک ئەرک و فرمانیان بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەببەن، بەڵام بۆ خۆشمان لەو ئاستەدانین کە حەسوودیمان پێ ببردرێت.

هەر بۆ نموونە؛

*هێما و نیشانەکانی هاتوچۆ ناخوێنینەوە، بەڵام کۆسپ و ڕەمپەکان نەک هەر دەخوێنینەوە، بەڵکو شوێنەکانیان تەواو دەرخ دەکەین، چونکە گرێ و تەگەرە ڕەقەکان لە دڵمان جێگای خۆیان کردۆتەوە!

*بەسواری ئەمبوڵاس دەچینە کەبابخانە، کە تێریشمان خوارد دەست لەسەر هۆڕنە عەنتیکەکە هەڵناگرین تا دەگەینەوە ناو نەخۆشخانە!

*خۆم بە کابرایەکی خێرخواز و بێلایەن دەزانم، کەچی منداڵێم ناوناوە (زۆردار)، ئەوی دیکەیش (ڕێگر)!.

*ئەو شوێنانەی کە پێویستی بە سرەگرتن هەبێ، چەندەی خەڵک لە سرە ڕاوەستاون، هێندەش (سرەبەزێنی) خەڵکی هەژارمان هەیە، جگە لە ئاغا و بەرپرسی چەکمەڕەق.

*گەر بە (قەزا و قەدەر) بایەکی دەنگدارمان لە دامێن لێ بەربێ، هێندە شەرمەزار دەبین، تەنانەت ماڵیشمان لە گەڕەک بار دەکەین! بەڵام گەر بە تەقەی خۆشی یەک دوو زەلام بکوژین، هیچ ئارەقەی شەرمەزاری ناڕێژین!

*خۆم بە ئاشتیخواز دەزانم، تەنانەت کچەکەشم ناوناوە (ئاشتی)، کەچی قەوانی فیشەکە دەمانچەیەکم لەسەری زنجیرێکی جوان هەڵکێشاوە، وەکو مەدالیایەک بەردەوام هەر بای هەڵدەدەم!

*گەر بکۆخین یان بپشمین، دوو سێ جار تەوازووی هەستناسکی دەخوازینەوە، بەڵام لەتەک نەخۆشخانە، هۆڕنە زەبەلاحەکەی (بیابانی عەرعەر) لێدەدەین، نەک هەر شەرمەزار نابین، بەڵکو گەر بزانین ئافرەتێکی دووگیان لەگەڵ دەنگی هۆڕنەکە کۆرپەلەکەی لەبارچووە، دەچین هۆڕنێکی دژوارتر دەبەستین!

*تا تاخم و سێتێکم لە پێداویستییەکانی ماڵ کڕێوە، (قیڕ سپی بووە!)، کەچی پاش چەند ڕۆژێک لەژێر کاریگەری قسەی ئەم و ئەو، دەینێرمەوە سەر زبڵدان، کە گوایە (مۆدەی بەسەرچووە!)، ئیتر (عافیەت ئۆڵسەن) کۆمپانیا نازدارەکانمان!

*شتێک نرخەکەی (١٠) دینار بێ، کاکم دەچێ بە (١٠٠) دینار دەیفرۆشێ، کە بگاتە سەر هەر پردێکیش، دەست بە گریان دەکات! کە گوایە پردی سیراتی بە بیرهاتووەتەوە.. ئومێدەوارم (بە پێڵاوەوە بچێتە بەهەشت!).

*لە زۆر شوێنان، ئەوەندەی خەڵک لەژێر بەرزەپرد، لە شەقام دەپەڕنەوە، هێندە بەسەر بەرزەپردەکەدا ڕانابوورن!

*بە هەزار ناری عەلی ڕۆژە ئیشێکم چنگ کەوتووە! کەچی دەچم لە ڕێگای لاساییکردنەوەی کوێرانەی ئاغا و بەرپرسان سەرفی دەکەم. لەلایەک جوێنیان پێدەدەم، لەلایەکیش بە پەرۆشەوە لاساییان دەکەمەوە!

*گوڵە جوان و ناسکەکانی شوێنە گشتییەکان هەڵدەکێشم و ماڵی تایبەتی خۆمی پێ دەڕازێنمەوە.. کە پێم دەڵێن کابرا زیرەکە بۆ حاڵی خۆی، منیش دڵخۆش دەبم!

*دەچمە سەفرە، لە ڕێگا قودرەتوڵڵا، شەڕم پێدەفرۆشن، منیش دیارە پێویستیم پێی هەیە و لێیان دەکڕم، هەر لەو شەڕە سێ چوار ددانم دەشکێنن، کەچی دێمەوە ماڵەوە، زۆر دڵخۆش و بە کەیفم کە گوایە ئەمڕۆ چوویمە سەفرە و جەوم گۆڕیوە!

 

  • 1