ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  مامۆستا ڕەوەند/ لەبەر تۆ نەبێت لێرە کێ من دەناسى .. !!

بەشى یەکەم

  لەسەرەتای مانگى تەموزى 1981، ئێوارەیەک هاوڕێ (ئەبو فارووق) ئاگادارى کردم کە بەیانى خۆم ئامادە بکەم و دەڕۆین، لەلاى کەس باس مەکە، ئیتر ئەوە بڕیارى هاوڕێ (ئەبو فارووق)ەو نەک هەر نابێت باسى بکەم، بەڵکو نابێت بشپرسم بۆ کوێ دەچین. بەیانى ئاگادارى هاوڕێ (ڕەفیق سابیر)م کرد کە بۆ لاى هاوڕێ (ئەبو فارووق) دەچم، هاوڕێ (ملازم گۆران و هاوڕێ سەربەست)یش ئامادە بوون، هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتى بۆ میراوە دەچین، میراوە گوندێکى گەورە بوو، ژمارەیەک دوکان و چایخانە و شوێنى نانخواردنى لێبوو، دەکەوێتە سەر ڕێگاى نێوان سەردەشت و خانە.

لە ڕێگا هاوڕێ (ئەبو فارووق) ئاگادارى کردم کە دەچینە دەفتەرى سیاسى حزبى دیموکراتى کوردستانی ئێران بۆ لاى دکتۆر (عەبدولڕەحمان قاسملۆ) بۆ ئەوەى هەوڵێک بدەین بۆ چارەسەکردنى گیروگرفتى نێوان پارتى و حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لەسەر مەسەلەى دەرهێنانى تەرمى بارزانى و هەوڵى دزینى دراوە، بەردەوام بوو، گوتى ئەوە ئیشى حکوومەتى بەعسى عێراقە، بۆ ئەوەى شەڕ لە نێوانیان دروست بێت، پارتى نەتوانێ هێزەکانى دابەزێنێتە خوارەوە بۆ شەڕى حکوومەت، بارودۆخەکە گەلێک ئاڵۆزە و مەترسى هەمەجۆر چاوەڕوان دەکرێت، پارتى، حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران تۆمەتبار دەکات... لەبەرئەوەى گۆڕى بارزانى لە شنۆیە و ئەم شارەش لە ژێر دەسەڵاتى حزبى دیموکراتدایە، لەم نووسینەمدا باس لە چۆنیەتى تاوانەکەى دەرهێنانى تەرمى بارزانى نەمر ناکەم، هەروا بابەتى لێژنەى لێکۆڵینەوە و پێکهاتەکەى و ئەنجامەکەى و ڕاپۆرتەکەى بۆ حزبەکانى بەشدار لە لێژنەکە بابەتى ئەم نووسینە نییە.

لە دەوروبەرى کاتژمێر (10)ى بەیانى گەیشتینە گوندى میراوە، خەڵکێکى زۆر و بەرچاو لە هاتوچۆ و خەریکى ئیش و کارى خۆیان بوون، هەروا ژمارەیەک لە دانیشتووانى گوندەکانى دەوروبەرى میراوە خەریکى فرۆشتنى بەرهەمەکانیان بوون و پێویستییەکانى خۆیان دەکڕى، لەهەمان کاتدا پێشمەرگەکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە هاتوچۆی بەردەوام بوون. هاوڕێ (ملازم گۆران و سەربەست) چوون بۆ ئەوەى ماشێنێک بۆ چوونە لاى دەفتەرى سیاسى حزبى دیموکرات بەکرێ بگرن، منیش دوور و نزیک چاودێرى هاوڕێ (ئەبو فارووق)م دەکرد، داوام لێکرد کە بچینە چایخانەکە و چایەک بخۆینەوە، گوتى تۆ بچۆ من لێرەم... ئەوەندەى پێنەچوو هاوڕێ (ملازم گۆران) هات و گوتى، وەرە وا هاوڕێ (ئەبو فارووق) لەلاى ئەو گوندییانە کە خەریکن وڵاغەکانیان ناڵ دەکەن خەوتووە، شوێنەکە گۆڕەپانێک بوو، ژمارەیەکى زۆرى گوندنشینەکانى لێبوو، خەریکى ناڵکردنى وڵاغەکانیان بوون، چەند ناڵبەندێکیش هەر یەکە و لەلایەک سەرقاڵى وڵاغ ناڵکردن بوون. بۆ شوێنى خەوتنى هاوڕێ (ئەبو فارووق) چووم، هاوڕێ (ئەبو فارووق) پاڵى لێدابۆوە و جەمەدانییەکەى خستبووە سەرچاوى. لە تەنیشتى دانیشتم و بانگم کرد، سەرى بەرزکردەوە، گوتى چیت دەوێ؟ گوتم؛ هاوڕێ بۆ لێرە نووستى؟ ئەگەر دەتەوێ بخەوى با بچینە چایخانەکە و شوێنى خەوتنى هەیە، گوتى؛ بڕۆ بابم... لەبەر تۆ نەبێت کێ لێرە من دەناسى...! پێکەنى و پاڵى لێداوە، تێگەیشتم ئیتر پێویست بە قسەکردن نییە، منیش کەمێک دوور کەوتمەوە و چاودێریم دەکرد، هاوڕێ (ملازم گۆران و سەربەست) سەیارەیەکیان هێنا و بەرەو سەردەشت بەڕێکەوتین و ماوەیەک ڕۆیشتین، شوفێرى سەیارەکە لایدا و ئێمەى بردە سەر ئەو ڕووبارەى لە سەردەشتەوە بەرەو خانە بوو، گوتى لێرە دەپەڕنەوە و دەتوانن بەرەو شوێنى خۆتان بڕۆن...

بارەگاى دەفتەرى سیاسى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە چیاکانى نێوان مەهاباد و خانە بوو. بەپیادە ڕێگامان گرتەبەر و بەرەو دەفتەرى سیاسى ڕۆیشتین.

بەر لە خۆرئاوا بوون گەیشتینە زارگەلییەکەى کە دەفتەرى سیاسى لێبوو، ژمارەیەک پێشمەرگەى دیموکرات لەملا و ئەولاى زارگەلییەکە هەبوون، پێشمەرگەیەکیش وەکو نۆبەتچى لەناوەندى ڕێگاکە وەستابوو، چووینە لاى کاکى پێشمەرگە و داوامان لێکرد ڕێگامان بدات بۆ دەفتەرى سیاسى حزب بۆ لاى کاک دکتۆر (قاسملۆ) بچین، گوتى ئێوە کێن و چ جەماعەتێکن؟ گوتم کاکە گیان ئێمە حزبى شیوعى عێراقین، مەوعیدمان لەگەڵ دکتۆردا هەیە، کاکى پێشمەرگە گوتى، نابێت بە چەکەوە بچن. چەکەکانتان لێرە دابنێن و ئینجا بڕۆن...! گوتم کاکە ئێمە بە ئاگادارى دکتۆر هاتووین، چۆن چەکمان دەکەن؟ بەرپرسەکەتان لە کوێیە دەچمە لاى؟ گوتى براکەم ئەمرە و کەس بەچەکەوە ناچێتە دەفتەرى سیاسى... گوتم بگەڕێینەوە؟ گوتى خۆتان دەزانن چى دەکەن... هاوڕێ (ئەبو فارووق) ئاماژەى بۆ کردم و تێیگەیاندم کە پێویست ناکات و چەکەکان دابنێین... چەکەکانمان دانا و بەرەو بارەگاى دکتۆر (قاسملۆ) ڕۆیشتین، تا گەیشتینە لاى دکتۆر، هاوڕێ (ئەبو فارووق) هیچ قسەیەکى نەکرد، بەڵام دیار بوو گەلێک نیگەران و تووڕە بوو لە هەڵسوکەوتى پێشمەرگەکانى دیموکرات و چەککردنمان. (دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر سادق شەرەفکەندى) پێشوازییەکى گەرم و گوڕیان لێکردین، بەڕێزەوە هاوڕێ (ئەبو فارووق)یان خستە پێش خۆیان و چووینە شوێنى دکتۆر قاسملۆ، دواى هەندێک گفتوگۆ و هەواڵپرسین هاوڕێیان لەلایەن دکتۆرەوە، هاوڕێ (ئەبو فارووق) ڕووى لە دکتۆر (قاسملۆ) کرد و گوتى؛ کارێکى واتان لەگەڵدا کردین، ناتوانین تۆڵەى خۆمان بکەینەوە، تەنیا دەبێت دەعوەتتان بکەین و لەسەر پردەکەى نۆکان چەکتان بکەین، دکتۆر تێگەیشت کە ئێمەیان چەککردوە، گوتى داواى لێبوردن دەکەم هاوڕێ (ئەبو فاروق) ئاگادار نەکراوین کە گەیشتوونە، ئەگەرنا خۆم و دکتۆر دەهاتینە پێشوازیت، جەنابت هاوڕێ (ئەبو فارووق)ى براى گەورە و هاوڕێی خۆشەویستمانى.

شەو گفتوگۆیەکى فرەلایەن و هەمەجۆر کرا و ئاڵوگۆڕى بیروڕا لە نێوان هاوڕێ (ئەبو فارووق و دکتۆر قاسملۆ) کرا، لەسەر هەندێک بابەت ڕێککەوتن، لەم نووسینە جێگاى باسکردن نییە. پاشان مامۆستا (عەبدولڕەحمان زادە)ش هات و ئامادەى کۆبوونەوەکە بوو. هاوڕێ (ئەبو فارووق) گەلێک سادە و بێ فیز و خۆنەویست بوو، بەڵام لەکردەوەکەى پێشمەرگەکانى دیموکرات نیگەران بوو، بۆیە بێزارى و نیگەرانى لە چەککردنەکەمان دەربڕى و ئاراستەى دکتۆر (قاسملۆ)ى کرد.

 

  • 1