ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

چەپی کوردستانی، بەشی زۆرییان، بەدەست چەقبەستوویی فیکری و چەقبەستوویی جەماوەری، بۆ چەقبەستوویی حزبی و جەماوەری دەناڵێنێ، ئێستا خەریکی چییە؟

کاری هاوبەشی حزب و لایەنەکانی چەپی کوردستانی، لەگەڵ ئەو مێژووە پڕشنگدارەی هەیەتی، تا هەنووکە نەیتوانیوە ئەو میکانیزمە بدۆزێتەوە، کە خۆی لەزەلکاوی فیکری تەقلیدی دەرباز بکات، بەمەش نەیتوانیوە، خۆی نوێ بکاتەوە، لەگەڵ ڕووداوەکاندا هەنگاوەکانی خێرا بکات و دەست بە شۆڕشگێڕییەوە بگرێت، بەڵام خوێندنەوەیەکی نوێ پێشکەش بەکۆمەڵگەی کوردستانی بکات!، بۆیە ڕووبەڕووی پرسیاری زۆر دەبێتەوە و وەڵامی پەرش و بڵاویشی لەبەردەستدایە.

کەسمان لەو بەرپرسیارێتییە بەدەرنین، کە چەپ بەم واقعە تاڵە گەیشتووە، ڕاستە هۆکاری دەرەکی و جیهانی، هۆکاری ناوخۆیی، هۆکاری بابەتی و خودی، هەموویان بەیەکەوە هۆکارگەلێکن، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر هێزی چەپی کوردستانی داناوە، بەڵام ئایا هەوڵی جدی بۆ دەرباز بوون و ڕێگای نواندنی نوێمان هەیە و گفتوگۆمان کردوون؟

چەند جارێک تاک لایەنە و چەند لایەنە بۆ کاری هاوبەشی چەپەکان هەوڵ دراوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بەبێ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە بەرنامەی لایەنەکانی چەپ خۆیان و لەسیاسەتی پەیڕەوکراوی لایەنەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە، یان جیاوازی دید و بۆچوونی گەورەی لەسەر بووە و نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک!!.

چەپی کوردستانی بەچەند ئاراستەیەکی سیاسی و فیکری کار دەکەن، حزبی شیوعی ئۆپۆزسیۆن بوون بڕیار دەدات بێ ئەوەی ئامراز و زەمینەی ئۆپۆزسیۆنی گونجاوی لەبەردەستدا بێت، زەحمەتکێشان، خۆی لەدەرەوەی دەسەڵات نابینێت و پێی وایە قۆناغەکە هێشتا پێویستی بەوەیە لەم ئاراستەیەدا بێت، ڕەوت و گرووپەکانی کە لە ژێر ناوی کۆمۆنیستدا کاردەکەن، لەچەند کەسانێکی لاپەڕی بێ کاریگەر زێدەتر نین، ئەوانی دیکە کێن؟ هەندێک کەسایەتی و ڕۆشنبیری کۆنە (حزبی)ی چەپ کە خۆیان لە حزبەکانی چەپ بەگەورەتر دەزانن.

ئەمە لەکاتێکدا، لەنێو خودی کۆمەڵگەی کوردستانیدا(باشور)، پێگەی داخوازی دروشمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەوڵەتی دامەزراوەیی و سەروەری یاسا و نەهێشتنی بێکاری لەنێو توێژی گەنجان و دەستەبەری خۆشگوزەرانی و چەند دروشمێکی دیکەی هاوشێوە، گوێگری زیاتری هەیە، نەک بەرزکردنەوەی دروشمی بەپیرۆزکراوی دەوڵەتی ئیشتراکی و کرێکار و جووتیار و ... هتد، بەڵی ئەمانە ئامانجی ستراتیژییمانن، بڕوامان پێ هەیە، بەڵام بۆ هەنووکە چەپ پێویستە دروشمی واقعی بەرز بکاتەوە بەدوور لە پۆپۆلیستیەت و هەنگاوی موزایەدەکردن، چونکە لە پۆلیڤیا و ڤەنزویلا و بەڕازیل و هەتا ئیتاڵیا و یۆنان ئەگەر چەپەکان هاتنەوە سەر دەسەڵات، بەدروشمی دەوڵەتی ئیشتراکی نەبوو، بەڵکو فەشەلی سیاسەتی هێزەکانی موحافیزکار و سەرمایەدارەکان بوو، لەساتێکی مێژووییدا، دروشمی چەپخوازانەی واقعی، بە نەهێشتنی بێکاری و بەهێزکردنەوەی کەرتی گشتی و هێنانەدی جۆرێک لەدادپەروەری کۆمەڵایەتی، بووە فریادڕەسی چەپ و هاوپەیمانەکانیان، هەرچەندە ئەم ئەزموونانەش هێشتا لەقۆناغی یەکەمدان و گەڕانەوەیان بۆ سەر حوکم بەدەنگی گەل نەک بە کودەتا و شۆڕش!، پێویستی بەهەڵسەنگاندنی زانستی هەیە.

ئێستا چی؟ وەڵامێکی دروستی کۆنکرێتی بەتەنێ لای من نییە، بەڵام پێم وایە لەقۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و لە قۆناغی ڕاگوزەردا، نابێت چەپەکان پەنا بۆ دروشمی پۆپۆلیستی و هەنگاوی دیراسەنەکراو ببەن، چونکە، لەم قۆناغەدا، حکوومەت لەهەر کێیەک پێک هاتبێت، لە کەشێکی وەهاش کە دیموکراسیەتی ڕاستەقینە نەبێت، دەتوانێت خۆی لەگەڵ داخوازی گشتییدا بگونجێنێت، چونکە ئامرازی سەربازی و دارایی بەتەواوی لەدەستدایە، هەروەها چونکە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە تاوەکو سنوورەکانی پارێزراو بێت، بەمەش هەر ناسەقامگیرییەک زیانی هەمووانی دەبێت پێش بەرپرسەکانی دەسەڵات، هاووڵاتییان زیانیان پێدەکەوێت و ئەوانیش کە بەسروشتی خۆیان بەدوای نان و سەقامیگری و ئاسایشدا دەگەڕێن بەر لەوەی بیر لە گۆڕانکاری بۆ داخوازییەکی مەزنتر بکاتەوە وەک ئێمەی چەپەکان داوای دەکەین، لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵات دەمێننەوە، کەواتە باشترین ڕێگا بۆ چەپەکان ڕێککەوتنە لەسەر بەرنامەیەکی واقیی و بەرەیەکی کاری هاوبەشە کە لەناو دەسەڵاتدا، بتوانن گۆڕانکاری بکەن و کاریگەری دابنێنن(با لەسەر بێت)، هەنگاو بەهەنگاو خۆیان وا پێناسە بکەنەوە کە جەماوەر قەناعەتیان لادروست بێت، کە چەپەکان زەروورەتن بۆ سەقامیگری و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا.

11/11/2019

 

  • 1