ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شۆڕشی ئاشتیخوازانەی گەلانی عێڕاق، بە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەر گەیشتۆتە قۆناغێکی نوێ کە بەردەوامی شۆڕشەکە و داخوازییە ڕەواکانی و فراوانییەکەی و بە قوربانییەکانی ڕۆژبەڕۆژ لە هێنانەدیی ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە و پێبەپێی هەنگاوی سەرکەوتنەکانی، کەسان و لایەنی دیاریکراو لە فەرمانڕەواکان و هاوکارەکانیان و هێزە هەرێمییەکانی نەیاری شۆڕشەکە هەوڵدەدەن دروشم و ئامانجەکانی شۆڕش بە لاڕێدا ببەن و بە دەستڕێژیکردن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بۆمبی فرمێسکڕێژ و شیوازەکانی تر شەقامەکانیان بەخوێنی لاوان و کیژانی خۆپیشاندەر نەخشاندووە.

شێوازێکی دیکەی هەوڵدان بۆ لەڕێ لادانی خۆپیشاندەرەکان و شۆڕشەکەی گەلی عێراق هێنانە ناوەوەی دروشم و داوای دیارکراوە کە مەبەستیان ئاشکرایە و یەکێک لەو دروشم و داوایانە (دەستکاریکردن و واژۆکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقە!) کە لە ڕۆژی ٣٠/١/٢٠٠٥دا ڕاپرسیی گەلی عێراقی لەسەرکراو و واژۆکرا.

ئەم دەستورە بە چاوپۆشین لە هەندێ کەم و کوڕی و ناتەواوی دەستورێکی باشە و لەم کاتەدا شایانی واژۆکردنەوە نییە. 

ناتەواوی سەرەکی لەوەدایە کە ئەم دەستورە و قانوونە باشەکانیتر پەیڕەو ناکرێن و لە جێبەجێکردن دوورخراونەتەوە.!

لە باوەڕە سەرەکییەکانی دەستورەکەدا سەرنجی ئەم چەند بەندە بدەن:

بەندی یەکەم: کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆیە و خاوەنی سەروەرییەکی تەواوە و ڕژێمی حوکمڕانییەکەی کۆماری نوێنەرایەتی(پەڕلەمانی) دیموکراسییە. ئەم دەستورە یەکێتیی عێراق زامن دەکات.

بەندی ٢

ب- نابێت قانوونێک دابندرێت پێچەوانەی سەرەتاییەکانی دیموکراسی بێت.

ج- نابێت قانوونێک دابندرێت پێچەوانەی ماف و ئازادییە بنچینەییەکانی ناو ئەم دەستورە بێت.

بەندی ٤

یەکەم – زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا.

دووەم - چوارچێوەی زمانێکی فەرمی دیاریی دەکرێت، لەگەڵ چۆنیەتی پەیڕەوکردنی حوکمەکانی ئەم بەندە بە قانوونێک کە ئەمانەش دەگرێتەوە:

أ- دەرکردنی ڕۆژنامەی فەرمی بە هەر دوو زمانەکە.

ب- قسەکردن و وتار و دەربڕین لە بوارە فەرمییەکاندا وەک ئەنجوومەنی نوێنەران و، ئەنجوومەنی وەزیران و، دادگایەکان و کۆنگرە فەرمییەکان، بە هەرکام لەو دوو زمانە.

ج- دانپێدانانی بەڵگەنامە فەرمییەکان و نامە ناردن بە هەردوو زمان و دەرکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان بە هەردوو زمان.

د- کردنەوەی قوتابخانەکان بە هەردوو زمان بەپێی ڕێوشوێنەکانی پەروەردەیی.

ه- هەر بوارێکیتر کە باوەڕی یەکسانی دەیسەپێنێت وەک کاخەزەکانی دراو، پەساپۆرتەکان و، پوولەکان.

سێیەم: دامەزراوەکانی فیدراڵی و دامەزراوە فەرمیەکان لە هەرێمی کوردستاندا هەردوو زمان بەکاردێنن.

ئەمانە وێڕای بەندەکانی دیکەی دەستورەکە لەسەر دەسەڵاتداریی قانوون و گەل کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە ئاشتی و شێوازی دیموکراسی و، هێزە چەکدارەکان و ئاسایش کە بێ جیاوازیکردن لە هەموو پێکهاتەکان دەبن و، قەدەغەکردنی میلیشیای سەربازی دروستکردن و، ئازادیی بیر و ویژدان و بڕوای هەموو کەسێک و، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و، هەروا بەندی (١٤٠) دەربارەی ناوچەکانی کوردستان کە داگیرکراون و بە کێشەلەسەر ناویان دەبەن!! کە دەبوو تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ پەیڕەوبکرێت، بەڵام پەیڕەویان نەکرد.

مەبەستی لایەنە نەیارەکان و دوژمنانی شۆڕشەکەی گەل لەواژۆکردنەوەی دەستور چییە؟

- سەرقاڵکردنی شۆڕش بە واژۆکردنەوەی دەستور، کە شەش مانگ زۆرتری دەوێت.

- بڵاوەپێکردنی شۆڕش بە ڕێگەی چاوەڕوانیی ئەو واژۆکردنە.

- کەمکردنەوەی ماف و ئازادییەکان و بەرتەسککردنی دیموکراسی.

-لابردنی بەندی (١٤٠) بە بیانووی بەسەرچوونی کاتەکەی.

- کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.

- هەوڵدان بەرەو نەهێشتنی فیدراڵی لە عێراقدا.

- جێبەجێ نەکردنی زۆر لە بەندەکانی دەستورو ئەو قانوونانەی بەپێی دەستور دانراون.

- گریمان دەستور واژۆ بکرێتەوە، دیسان جێبەجێی ناکەن.

-ڕاست نییە حکوومەتی هەرێم و حزبەکان و کەسانیتر بە دروشمی واژوکردنەوەی دەستور هەڵبخەڵەتێن. گەلی ڕاپەڕیو بەو پیلانە هەڵناخەڵەتێت.

- خۆپیشاندان و شۆڕشەکە خۆی لە خۆیدا ڕاپرسییەکی زیندووی گەلی عێراقە کە لەهەندێ داخوازیی ڕەواوە پەرەی سەندووە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم کە بۆتە مایەی کوشتن و برینداربوونی هەزاران کەس.!!

داخوازی و دروشمەکانی ئەم شۆڕشە مەزنەی وەک ڕاپرسییەکی زیندووی گەلی عێراقە لەم دێڕەدا چڕ دەبێتەوە:

نا بۆ ئەم ڕژێمە تاوانبارە گەلکوژە..! بەڵێ بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراتیی ڕاستەقینەی گەل.!

  • 1