ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەردۆگان، چەشنی ترامپ لەو جۆرە کەسانەن ئەگەر لە دەسەڵات نەبن هیچ مرۆڤێك بە کەسانی دەوروبەری خۆشیان تاقەتی ئەوەیان نییە لە دە دەقیقە زیاتر تەحەمولیان بکەن. زۆربەی دیکتاتۆرەکان لە کاتی تێکشکانی غروریان تووشی شیزۆفرینیا دەبن، جۆرێکی تایبەت لە شیزۆفرینا کە لە هەموو کاتێكدا وای بەفەرز وەرگرتووە دنیاش لەگەڵ ئەودا، لەگەڵ خیتابە هیچەکان، موقارەنە هیچەکانی ئەودا دەژین.

مەزوڵوم کۆبانی وەکو کەس کەسێکی زۆر ئاساییە؛ تەنانەت دوا چاوپیکەوتنیشی لەگەڵ کەناڵی ڕووداو نیشانی دا وەکو مرۆڤ هیچ تایبەتمەندییەکی زیاتری لە کەس نەبوو. ئەوەی مەزوڵوم دەکاتە ئەو کەسە جیاوازە خۆی نییە وەکو "لێپرسراوێك"، بەڵکو پڕۆسەیەکی دوور و درێژە لەوەی چۆن "پرەنسیپ" وا دەکات نەك تەنیا کەسێك بەڵکو دانیشتووانی جوگرافیایەکی دیاریکراو لەگەڵ تێکەڵاو بوون لە ئەزموونێکی سیاسی، بە عەقڵ و لۆژیکی قوتابخانەیەکی پڕ لە دیسپلین و لەهەمان کات پڕ لە پراگماتیزمی هەڵبژاردە و ناچار، لە تەنگەبرترین و سەخترین ڕێگاکانی زۆرانبازیدا، جلەوی ئەو وشە پڕ لە تەم و مژە بگرن کە بریتییە لە "مێژوو" ! ئەوان ئەزموونەکەیان سەدایەکی جیهانی دایەوە، دوای ئەزموونی چەپی "ئەمریکای لاتین و گیڤارا" لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، یەکەم جارە بزووتنەوەیەکی وڵاتێکی جیهانی سێیەم ببێتە یەکێك لە شوناسە جیهانییەکانی بەرەنگاری.

ئەردۆگان کاتێ دەیەوێ بەراوردی بەغدادی و مەزولوم بکات خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە ئەم قسەیە هیچ نرخێکی نییە، بەڵام خۆ شیزۆفرینا لۆژیك نازانێ، بەڵام شیزۆفرینا لەیەك ڕووی زۆر بچووکیشەوە جۆرێکە لە خاڵیی کردنەوە.

ئەگەر لە دەرەوەی زانست و لۆژیکی پزیشکیدا وا ڕێکەوێت کە نەست یان لاشعور لە کاتی سەیرکردنی ئاوێنەدا مرۆڤە ڕاستەقینەکەی ناخ دەربخات ئەوا بە دڵنیایی دیکتاتۆرە نەخۆشەکان تووشی گرفتی زیاتر دەبن، چونکە ئەردۆگان لە ناخی خۆیدا دەزانێ ئەو موقارەنەیە بەتاڵترین و تروهاترین ڕیکلامی جەنگە، بەڵام هێشتا گرفتەکە لێرەش نییە! غروری تێکشکاوی ئەردۆگان فشارێکی دەروونی گەورەی بۆ دروست کردووە، ئەو هەرگیز مەبەستی ئەوە نییە بەغدادی بە مەزڵوم موقارەنە بکات، هاوارە بنەڕەتییەکەی دەروون ئەوەیە کە ئەو دەیەوێ خۆی لەگەڵ مەزڵوم بەراورد بکات !

تاسە دەروونییەکە قوڵە! ئاخر غروری دیکتاتۆرێکی یەکێك لە گەورەترین ‌سوپاکانی ناتۆ چۆن دەبێ بێتە ئاستی کەسێك کە ئەو ناوی لێ ناوە تیرۆریست؟ حەلکردنی ئەم هاوکێشە دەروونییە بە لە جیاتی دانان دەبێت، وەکو ماتماتیك بە دانانی "س" وەکو نرخێکی نەزانراو حەل دەبێت.

بەغدادی تا لە ژیان مابوو نەدەکرا بکرێتە ئەو نرخە نەزانراوەی ئەو موعادەلەیە، بەڵام کاتێك دەتۆپێندرێ و دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو، ئەوکاتە بۆ زۆر کەس بە تایبەتی بۆ ئەردۆگان بۆ ڕیکلام دەتوانێ وەکو "س" بەکاری بهێنێ .

دەبەنگی ئەردۆگان لێرە لەوەدایە ئەو تەنیا وا دەزانێ بە دانانی بێ نرخێك لەگەڵ نرخێکی زانراو ڕەنگە جۆرێک لە تێکەڵاوی نرخەکان و ئاژاوەیەك دروست بێت بە تایبەتی بۆ ئیستیهلاکی ناوخۆی تورکیا، بەڵام ئەم موعادەلە لەهەر لایەك دەستی پێ بکەیت هەر ئەو "س" بێ نرخە بە پێچەوانەی ماتماتیک یەکسان دەکات بە هیچ، بە ئەردۆگان !

  • 1