ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆپیشاندانەكانی ئەم جارەی عێراق زنجیرە خۆپیشاندانێكی درێژی بەخۆیەوە بینی كە پێ دەنێتە نێو 50 ڕۆژ , لەدەرئەنجامی بەردوامی ئەم زنجیرە خۆپیشاندانەدا چەندان كوژراو برینداری لێ كەوتەوە , كە ئەمە زیاتر خۆپیشاندانەكانی درێژتر كردەوە, بێگومان هیچ كەسێكیش ئارەزووی ئەوە ناكات كە بێتە سەر شەقام و گیانی خۆی بكاتە قوربانی بەڵام كاتێك هەژاری و برسیەتی گەیشتە سەر ئێسقانەكانی مڕۆڤ , ئیتر ئەو مڕۆڤە جەستەی خۆی بە لایەوە هیچ بایەخێكی ئەوتۆی نامێنێت, یاخود كاتێك سەیر دەكات منداڵەكانی لە تاو برسیەتی دا ئازار دەكێشن, ئیتر چۆن بەرگەی ئەو هەموو ئازارانە دەگرێتەوە , هەر بۆیە ناچار دەبێت دەنگی برسیەتی منداڵەكانی لەسەر شەقام دا بە بەرپرسان ڕابگەیەنێت كەچی بەرپرسان بە گولە وەڵامیان دەدەنەوە, 

ئەوەی كە لێرەدا جێگای داخە كە ئەمڕۆ ئەم بارودۆخە ناخۆش و نائارامەی كە لە عێراق دەگوزەرێت بێگومان دەرئەنجامی گەندەڵی و بێ یاسایی چەندین ساڵەی عێراقە نەك تەنها هی ئێستا, عێراقێكی دۆڵەمەند و بە پیت كە دەبوایە تاكەكانی لە خۆشترین ژیاندا بژین بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆری گرووپی گەندەڵكارەوە تەواوی سامانی عێراق بە درێژایی ئەم چەند ساڵەدا لە تاڵانكراویدا خۆی بینیوەتەوە, عێراق سامانێكی گەورەی هەیە كە ناوی(نەوتە) ئەم سامانەش دابەش كراوە بۆ سەر دوو بەشەوە, بەشێكیان بەسەر بەرپرسان دابەشكراوە كە ئەویش لە بەشە چەورەكەیدا خۆی دەبینێتەوە, بەشەكەی تریشی بۆ هاوڵاتیەكانی عێراقە كە بریتیە لە دووكەڵە زیان بەخشەكەیی و هیچی تر...

عێراق پێویستی بە كەسانی ڕاستگۆ و دڵسۆزە كە حوكمڕانی میلەتەكەی بكات كە دووربێت لە هەموو جۆرە ئایدیایەكی تایفی و مەزهەبی و حزبی, واتە دەبێت عێراق ئاڵایەكی مەدەنیانەی حوكمڕانی بەرپا بكات كە تێیدا هەموو گەلەكەی لە ژێریدا بحەسێتەوە, وە ئیتر كاتی ئەوەیە گەنجانی خێر لە خۆنەدیوەكەی عێراق هاوشانی گەنجانی دونیا بە خۆش گوزەرانی ژیانیان بەڕێ بكەن نەك بە ژیانێكی ڕەزالەتەوە بژین كە لە ئەنجامدا سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەبنە قوربانی لە نێو ئاوی ڕووبارەكاندا.

15|11|2019

  • 1