ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کارکردن بۆ نەهێشتن و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی خەڵک وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای هاوئاواز

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای ئابوری چین و بەرز بوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی، کارکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کرا کە پەیوەندییان بە و زیادبوونی بۆشایی نێوان کەمدەرامەتان، و ناهاوسەنگی لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە شارستانییەکان و هەرێمەکاندا هەن، و هاوکات لە گەل مامەڵەکردن بۆ چارەکردنی ئەو فشارانەی کە لە سەر ژینگەدا هەن. تێکڕای ئەم دیاردانە لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژەی پێکرا بوو. هاوکات لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەم دیاردانە و شێوازی چارەسەرکردنی، کۆنگرەی حزب کۆمەڵێک خاڵی گرنگی دەستنشان کرد کە پەیوەندییان بە شێوەیەکی ڕێژەیی بە دواکەوتنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکانەوە هەیە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە ڕاستەخۆ پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە زیندوویەکانی خەڵکەوە هەن، وەک بوار و هەلومەرجی کار و ڕەوشی کرێکاران و ئەنجامدانی یەکسانی لە پەروەردە و خوێندن و پاراستنی ئاسایشی خەڵکی و نەهێشتنی تاوانەکانی توندوتیژی و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵک. 

بەشێکی سەرەکی ئەو گرفتانە پەیوەندییان بەو گۆڕانکارییانەوە هەیە کە بواری سروشتی ئابووری چینی گرتەوە، ئەمەش لە ئاکامی گواستنەوە بۆ ئابووری بازاڕ کە گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتی لە ڕێڕەوی گەشەپێدانی وڵات بوو.

حزبی شیوعی چین بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو دیارە نێگەتیڤانە و بەو ئاراستەیەی کە گەشەپێدان مۆرکی کۆمەڵایەتی هەبێت و خۆشگوزەرانی مرۆڤ و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی مەبەستی سەرەکی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی، بێت، چەمکی "گۆمەڵگای هاوئاوازی" خستە ڕوو. وشەی "هاوئاواز" لە کەلتووری تەقلیدی شارستانی وڵاتی چین بوونی هەیە و ئاماژەیەکە بەوەی کە هەموو شتەکان لە کۆمەڵگادا پێویستە لەگەڵ یەکتردا هاوتەبا و ڕێکوپێک و گونجاو بێت. بە بۆچونی حزبی شیوعی چین کە لە شانزەهەمین کۆنگرەی حزبدا ئاماژەی پێکردووە دیاردەی گونجاندنی کۆمەڵایەتی تەنیا بەشێک نییە لە کامڵبوونی کۆمەڵگای ترادسیۆنی چین، بەڵکو مەرجێکی سەرەکییە بۆ سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی و دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی نیشتمان، و بوژاندنەوەی نەتەوەی چین و خۆشگوزەرانی گەل. هەر بۆیە لە شانزەهەمین کۆنگرەی حزب لە 2006دا بڕیاری گرنگ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆشیالستی هاوئاواز، وەرگیرا.

مەبەست لە چەمکی کۆمەڵگای سۆشیالستی هاوئاواز ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایە دەبێ دیموکراسی و دادپەروەر و ڕاستگۆ و هاوبەشی یەکتر و چالاک و زیندوو بێت، و سەقامگیری و ڕێکخستن تیایدا سەقامگیر بێت، و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بە پلەی یەکەم بەهەند وەربگیرێت.

ئەم ئاراستەیە لە حەڤدەهەمین کۆنگرەی حزب ساڵی 2007 جەختی لەسەر کرایەوە و دواتر لە تێکڕای کۆنگرەکانی حزب تا دوا کۆنگرە ڕێگا و شوێنی گونجاو بۆ بنیاتنانی ئەم کۆمەڵگایە گیرایەبەر.

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین شی جین بینگ لە وتار و کۆبوونەوەکانیدا جەختی لە سەر کردۆتەوە خۆی لە تایتڵی "ڕەواندنەوە و نەهێشتنی نیگەرانییەکانی خەڵک"، کۆدەبێتەوە.

لە وتاری کۆبوونەوەی مەراسیمی یەکی ئایاری 2015 ڕۆژی جیهانی کرێکاران کە تیایدا ڕێز لە کرێکاری نموونەی نیشتمان نرا، ئەمینداری گشتی حزب باسی لەوە کرد کە پێویستە حزب و دەوڵەت کاری پێشوەخت بۆ دابینکردنی کار و باشکردنی زەمینەی کارکردن و زیادکردنی مووچەی کرێکاران و کارمەندان بەگشتی و ئەوانەی لە ئاستەکانی خوارەوەن لە بواری داهاتدا، بکات. ئەمەش وا پێویست دەکات میکانیزمەکانی دابینکردنی فرسەتی کارکردن و ڕاهێنانی پێشەیی، و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی، مسۆگەر بکرێت.

شی جین بینگ لە وتارێکی دیکەیدا لە خولێکی توێژینەوەی بە کۆمەڵی مەکتەبی سیاسی هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب لە 29ی ئایاری 2015دا ئاماژە بۆ گرنگی سەلامەتی شوێنی کارکردن دەدات، و دەڵێت: سەلامەتی شوێنی کار هێڵی سوورە، و هەرگیز نابێت بیانبەزێنین.. نابێ گەشەپێدان لە سەر پاراستنی ژیانی مرۆڤ بکەوێت... پێویستە بزانین کە سەلامەتی شوێنی کار پرسێکی ئاڵۆز و سەختە و دەبێت بەو بنەمایەوە پابەند بین کە خەڵک و ژیانی خەڵک لە پێشەوەی کارەکانمان بن... پێویستە سیستەمی بەرپرساری لە سەلامەتی شوێنی کار و ڕێوشوێنی بەڕێوەبردن و چاودێری و لێکۆڵینەوەی سەلامەتی و ڕێگرتن لە مەترسی و پاداشت و سزا، پیادە بکرێت. 

شی جین بینگ لەم وتارەیدا ئەم ئەرکە دەخاتە سەر ئەستۆی حزب و دەوڵەت و کۆمپانیاکان کە دەبێ یەرپرسیاری لە سەلامەتی شوێنی کارکردن هەڵگرن، و لەو شوێنانەی کە مەترسییان زۆرە دەبێت هەنگاوی ورد بە مەبەستی بەرگرتن لە مەترسی و بنبڕکردنی هۆکارەکانی، بنرێت.

یەکێک لە بابەتەکانی دیکە کە پەیوەندی بە بنیاتنانی کۆمەڵگای هاوئاوازەوە هەیە و بنەمایەکە بۆ نەهێشتنی نیگەرانی خەڵک مەسەلەی یەکسانی لە بواری پەروەردە و خوێندنە.

شی جین بینگ لە وتارێکیدا لە ڕێککەوتی 9ی ئەیلولی 2016 کاتێک سەردانی قوتابخانەی "بایی پیۆنگیانگ" دەکات، ئاماژە بۆ گرنگی یەکسانی لە پەروەردە وەک بناغەی یەکسانی کۆمەڵایەتی دەکات، بە جۆرێک تێکڕای خەڵکی دادمەندانە لە گەشەی پەروەردە سوودمەند بن. بۆ ئەم مەبەستە باس لە پشتیوانی پتر بۆ پەروەردەی بنەڕەت و پەروەردەی پێش قۆناغی قوتابخانە دەکات، بە ئاراستەی دڵنیابوون لە هاوسەنگی گەشەسەندنی خوێندنی خۆڕایی نۆ ساڵەی قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندییەکان، و خوێندنی باڵاش بۆ هەموو قوتابییانی ئارەزوومەند دەستەبەر بکرێت.

لەم وتارەیدا ئەمینداری گشتی لە بواری دابینکردنی سەرچاوە و کەرەستە پەروەردەییەکان باس لە نەهێشتنی جیاوازی نێوان قوتابخانە لە شار و گوند و ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکە دەکات، و داوا دەکات کۆمەکی حکوومەت بۆ خوێندنی بنەڕەتی ئەو ناوچانە زیاد بکرێت کە لانکەی شۆڕش بوون، یان کەمینەکان تیایدا نیشتەجێن، یان دوورەدەستن، یان بە دەستی هەژارییەوە دەناڵێنن، و باس لە زیادکردنی کۆمەک و سیستەمی دەڕماڵەی قوتابییانی بنەماڵە هەژارەکان دەکات، کە ئەوەش ڕێگایەکە بۆ ڕێگرتن لە گواستنەوەی هەژاری لە باوانەوە بۆ نەوەکان.

یەکێک لە بابەتەکانی دیکە کە پەیوەندی بە ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی خەڵکەوە هەیە، مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی توندوتیژییە.

ئەمینداری گشتی حزب لە وتارێکدا بە ڕێککەوتی 27ی تشرینی یەکەمی 2016 لە کۆبوونەوەی شەشەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی دوای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب، باس لە کۆمەڵێک گرفت دەکات کە پەیوەندییان بە ئاسایشی گشتییەوە هەیە، وەک کۆکردنەوەی نایاسایی کۆمەک، و دزەکردنی زانیاری و فێڵ و تەڵەکەبازی کە بڵاوبوونەتەوە، و ئەو گرفتانەی کە پەیوەندییان بە تەکنەلۆجیای زانیارییەوە هەیە، جگە لە ڕوودانی تاوانی توندوتیژی.

لە وتارەکەیدا شی جین بینگ جەخت لە سەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێکوپێک و چڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانانە دەکات، کە ئەمەش پێویستی بە چاککردنی سیستەمی بەرەنگاری و کۆنتڕۆڵکردنی تاوان هەیە، و کار بۆ ڕاڤەکردنی پرسە هەستیارەکان و حاڵیبوون لە ڕای گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی گشتی، بکرێت... و بۆیە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ڕێوشوێنی کاریگەر لە پێناوی نەهێشتن و کۆنتڕۆڵکردنی هەر مەترسییەک بۆ سەروماڵی خەڵک بگرێتەبەر... دەبێ هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و جیاخوازی ئیتنی، و توندڕەوی ئاینی و هاوکات بەهێزکردنی دژەتیرۆر، و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بخرێتە گەڕ.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دیکە کە دیسانەوە پەیوەندە بە ڕەواندنەوی نیگەرانییەکانی خەڵک، مەسەلەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکە. شی جین بینگ لە وتاری کۆنفرانسی ناوەندی کاری ئابووری لە 14ی کانوونی یەکەمی 2016دا ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگی ئەم بوارە دەکات کە پەیوەندییان بە خستنەسەرکار، و چاودێری بەساڵاچووان، و پەروەردە و تەندروستی و پاراستنی ژینگەوە هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە لە وتارەکەیدا باس لە زیادکردنی هاوکاری بۆ دەستە و تاقمە تایبەتییەکان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا ئاماژە بۆ دابینکرنی ژیانی ئەو کرێکارانە دەکات کە تەمەنیان سەروو 40 ساڵ بۆ ژنان و 50 ساڵە بۆ پیاوان کە لە کۆمپانیا حکومی و تایبەتییەکان لە کار دوورخراونەتەوە و فرسەتی کاریان لەبەردەم نەماوە و پێی وایە کە تێکڕای ئەم بۆچوونانە پێویستی بە سیاسەتی چاکسازی لە پەیکەری کارکردن هەیە بە جۆرێک بودجەی خستنەسەرکار هەموار بکرێتەوە.

کێشەی نیشتەجێبوون بابەتێکی دیکەی نەخشەی ڕەواندنەوەی و نەهێشتنی نیگەرانییەکانی خەڵکە کە ئەمینداری گشتی حزب دیسانەوە لە کۆنفرانسی ناوەندی کاری ئابووری ئاماژەی پێکرد. هەر لەو وتارەدا باس لە پابەندبوون بە پرەنسیپی دابینکردنی خانوو بۆ خەڵک کە تیایدا بژین، دەکات، کە ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی تایبەت بە دارایی و زەوی و سەرمایەگوزاری و یاسا پەیوەندیدارەکان هەیە، کە پێویستیان بە ڕێکخستن هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی داڕشتن و دانانی سیستەمێکی بنچینەیی و میکانیزمی درێژخایەن و خێرا بە مەبەستی سنووردانان بۆ هەڵاوسانی کەرتی خانووبەرە و بەرز و نزمی لە نرخی ئەم سیکتەرە. 

  • 1