ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

لە بابەتێکی پێشوومدا، بۆچوونم لەبارەی هێزی چەپی کوردستانی خستە ڕوو، لەژێر ناونیشانی؛ "هێزی چەپ بەدوور لە پۆپۆلیستییەت!"، بابەتەکە سێ ئامانجی سەرەکی هەبوو:

ئامانجی یەکەم؛ نابێت حزبی شیوعی و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی بکەونە ژێر کاریگەری هێزەکانی پۆپۆلیستی کە دوورە لە فیکری مارکسی و هەتا ڕادەیەکیش دیموکراسی، چونکە، پۆپۆلیستەکان تەنیا لەسەر وروژاندن ئیش دەکەن، واتە قسە دەکەن و بەدەنگی بەرز هەرا دەنێنەوە، هەموو ڕەخنەیان ئاراستەی کەسەکان دەکەن نەک دامەزراوە و سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان، لەکاتێکدا، لەڕووی تێگەیشتنی سیاسی و ئابووری هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ هێزەکانی سەر دەسەڵات نییە، ئەوەتا، بزووتنەوەی گۆڕان بەنموونە، ئیسلامییەکانی وەکو کۆمەڵ بەنموونە، نەوەی نوێ، ئەمە جگە لەوەی پارتی و یەکێتیش لەنێوان هەردوولادا زۆر جار دەنگی پۆپۆلیستی بەسەر عەقڵانیەت لەسیاسەت و حکومەتداری زاڵ دەبێت، ئینجا ئەم هێزانەی ناومان بردوون، لە چ شتێک لەگەڵ پارتی و یەکێتی جیاوازن، بەتایبەتی ئەگەر بانگەشەیان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، یان هێنانەدی یەکسانییە، ئەوا مەبەستیان ئەوە نییە وەک حزبی شیوعی بانگەشەی بۆ دەکات، کاتێک حزبی شیوعی ڕەخنە لەسیاسەتی ئابووری حکوومەت دەگرێت، کە پێمان وایە پێویستە بەتەواوی هەموو سیاسەتەکانی پەیڕەوکراو لەبواری ئابووری و پیشەسازییدا، کە شکستی هێناوە، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دیدی خۆشگوزەرانی و هەلی یەکسان دابڕێژرێتەوە، هەروەها بەپێویستی دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەژێر پەیڕەوی سیاسەتە ڕەسمکراوەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەربهێنێت. شەفافیەتی دارایی و داهاتی فەرمی و نافەرمی بەکردەیی پیشان بدرێت، کەچی هێزەکانی پۆپۆلیست، لەچوارچێوەی ڕەخنەی توندی بێ ئامانج و وروژاندنی جەماوەر و سۆزی گشتیدا خۆیان بەبازاڕ دەکەن، لەهەر کاتێکیشدا بۆیان بگونجێت و هەلیان بۆ بڕەخسێت، بێ سێ و دوو دەچنە نێو ئەو فەزایەی کە ڕەخنەیان لێی هەبوو، بەدەیان پاساو و بیانووش بۆ ئەم سیاسەتەیان دەهێننەوە، بێ ئەوەی توانای هیچ گۆڕانکاریی یان کاریگەرییان هەبێت.

لەکاتێکدا، حزبی شیوعی بەتەجرەبە لەم کابینانەی بەشداری کردووە، راستگۆیانە داکۆکی لە بەرژەوەندی گشتی کردووە و هەردەم لەسەر هێڵە نیشتمانییەکان داوای یەکڕیزی کردووە و لەبواری ئابووریشدا، ڕەخنە لەسیاسەتە پەیڕەوکراوەکان دەگرێت، بێ ئەوەی هاووڵاتی دەستخەڕۆ بکات،، شەرمنانە داکۆکی لە سیاسەتەکانی بڕیاردراوی ناکات.

ئەی بۆچی دەبێت سیاسەتی پۆپۆلیستی–شەعبەوی، کاریگەری لەسەر سەرکردایەتی و کادیر و جەماوەرەکەی حزبی شیوعی دابنێت، لەکاتێکدا خاوەنی پاشخانی مێژوویی گەش و ژێرخانی فیکری و سەرخانی جەماوەر و هەڵسوکەوتی راستگۆیانەیە؟ کە نابێت شیوعییەکان جگە لەقسەی خۆیان و داکۆکی لەسیاسەتی خۆیان، گوێ بەهیچ بانگەشەیەکی دیکە بدەن.

بەڵام بەداخەوە، سیاسەتی پۆپۆلیستی بەشێکی زۆری شیوعییەکانی گرتۆتەوە و بەهەمان شێوەی نەیارەکانمان خەریکی سەرلەخۆشێواندن و بەکارهێنانی دەستخەڕۆکردنی یەکترن و گوتنەوەی دروشمەکانی ئۆپۆزسیۆنین لەکاتێکدا، کە لە حکوومەتیشدا بووین ئەم ڕەخنانەمان هەر دەگرت و کە ئەوکات کاریگەریشمان زێدەتر بوو، هەندێک لەناو سەرکردایەتی و کادیرانمان وادەزانن ئەگەر ڕەخنەی توند لە کەس و بەرپرسانی دەوڵەت بگرن، جەماوەر بەدەیان هەزار لەدەورمان کۆدەبێتەوە، لەکاتێکدا، ئەوە ڕاست نییە، چونکە حزبی شیوعی تێگەیستنی دروستی بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و هێزەکانی کاریگەر لەسەر گۆڕانکاریی و لایەنی سیاسی و لێکەوتەکانی هەیە، نابێت، لەسەر هەڵەی پەیڕەوکردنی پۆپۆلیستیەت بەردەوام بێت.

ئامانجی دووەم و سێیەمی ماوەتەوە، لە هەفتەکانی داهاتوو بڵاو دەکرێتەوە.

 

 

 

  • 1