ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

خوێندنەوەی تابلۆی سیاسی هاوچەرخ بۆ ڕەوشی دەوڵەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو قەیرانی سەرەکیمان بۆ دەردەخات کە بەیەکەوە گرێدراون، کە ئەوەش قەیرانی دەوڵەتی نیشتمانی و قەیرانی شوناسی نیشتمانییە لە قەوارەی پێکهاتەی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا.

بەشێک لە هۆکاری قەیرانی دەوڵەت بۆ پاشخانی دامەزراندنی دەوڵەت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە یەکەمین شەڕی جیهانیدا بە ئیرادەی سایکس پیکۆ و ڕێککەوتنەکانی دواتری و بڕیار و سازشکاری و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە کە بەریتانیا و فەرەنسا بوو، دروست بوو، و سنووری نێوانیان بێ ڕەچاوکردنی مێژووی پێکهاتە و گەلانی هەمەجۆری ناوچەکە کێشرا، و بەم جۆرەش ئەو ڕەهەندانەی کە پەیوەندی بە شوناسەوە لە ناوچەکەدا هەن بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کرا کە دابەشکردنی ناوچەکە و دانانی سنوور بە جۆرێک بێت، بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزە کۆلۆنیالیستەکان، و پاراستنی سەرچاوەی وزە و بواری وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانیان دابین بکات، نەک رەهەند و بنەماکانی شوناسی گەلان و نەتەوەکان و دابینکردنی ئازادییەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.

سەرەڕای ئەم بنەمایە لە دروستکردنی دەوڵەتی هاوچەرخ لە ناوچەکەدا، کۆمەڵێک بوار و فرسەت بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری ئەم دەوڵەتانە لە ئارادا بوون بۆ ئەوەی پێکهاتە و قەوارەی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا نەچێتە ئەو خانەیەی کە ئێستا پێی دەگوترێت دەوڵەتی فاشیل کە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە ئەو لیستەوە، و لە ئاکامدا بوونەتە چاوگی بارگرژی لە جیهان و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەردەم دابەشبوونەوەی بەسەر ناوچەی بەرژەوەندییە زیندووەکانی وڵاتە زلهێزەکان بە خۆوە بینیوە.

بەشێک لە گرفتی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا بۆ ڕۆڵی بۆرژوای نیشتمانی دەگەڕێتەوە کە خۆی بە هێزی بزوێنەری ڕزگاری نیشتمانی ئەو وڵاتانە لە کۆلۆنیالزم و سیستەمی ئینتدابی بەریتانی و فەرەنسی دادەنا. لایەن و پەلەکانی بۆرژوای نەتەوەی باڵادەستی ئەو دەوڵەتانە بە شێوەیەکی کردەیی پەنایان بردە بەر حوکمی عەسکەری و کۆدەتای سەربازی لە یەکتر، بەتایبەتی دوای قۆناغی شەڕی سارد و لە ژێر پەردەی دروشمی دیموکراسی و سۆشیالستدا حوکمی تاکەکەسی و لە باشترین حاڵەتیشدا حوکمی تاکە نەتەوە و تایفە و مەزهەبی ئاینییان، ئەنجام دا، و تێکڕای وزە و توانا ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانەیان لە جیاتی لە بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکراسی و ئەنجامدانی گەشەپێدان و پێشکەوتی کۆمەڵایەتی بەکاری بهێنن، لە بواری خەرجی سەربازی و شەڕی هەرێمایەتی و شەڕی ناوخۆیی بەکاریان هێنا، و ئاکامەکەشی ڕێگاخۆشکردن بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی پەیوەندییە عەشایەری و تەقلیدییەکانی پێش سەرمایەداری، و لەباربردنی کۆمەڵگای مەدەنی و بوژانەوەی تایفەگەری و عەقڵیەتی مەزهەبی بوو.

بەم جۆرە ئەوەی چاوەڕوان دەکرا کە بۆرژوای نەتەوەی باڵادەست ڕۆڵی بۆرژوایەکی نیشتمانی ببینێت و کار بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بکات و پرۆژەی پەرەپێدانی کۆمەڵگای هەبێت و سەقامگیری و ئاشتی دروست بکات، پەلەکان و هێزە سیاسییەکانی ئەم چینە جگە لە کۆدەتا کردن لە یەکتر، بە هاوکاری بەشێک لە بۆرژوای نەتەوەی ژێردەست کە لە ڕەوشی عێراقدا بەشێک لە بۆرژوای کوردستانی و ڕۆڵەکەی وەک بۆرژواییەکی قایل بە کۆلۆنیالی دەگرێتەوە، بوون بە هۆی سەرنەخستنی ئەزموونی بنیاتی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا و لەوانەش دەوڵەتی عێراق کە دوای ڕووخاندنی دیکتاتۆری و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی و ڕاگەیاندنی دەستووری ساڵی 2005 و هەڵبژاردنی فیدراڵی، بۆرژوای حوکمڕان بە تەواوی ئەو ڕۆڵە چاوەڕوانکراوەی کە دەبێ بۆرژوای نیشتمانی بیبینێت، لە ژێر پەردە و بیانووی جۆراجۆردا بە شێوەیەکی کردەیی بوو بە بۆرژوای تاڵان و ئاودیکردنی سەرمایە بۆ دەرەوی وڵات و بازرگانی بە نەوت و تلیاک و کەرەستەی شوێنەوار و پارە سپیکردنەوە، کە تێکڕای ئەم دیاردانە ڕەنگدانەوەی هەرەسهێنانی ئەزموونی ئەوەی پێی دەڵێن بۆرژوای نیشتمانی لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی نیشتمانی لە چوارچێوەی ئەو قەوارە دەوڵەتییانەی کە هەن. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا بۆرژوای تاڵانکەر بە گوتاری ڕق و قینە و پۆپۆلیستی و پەنابردنە بەر تێکەڵکردنی بنەماکانی دەمارگیری و شۆڤینی نەتەوەی باڵادەست و دەمارگیری ئاینی و مەزهەبی خۆی بە خاوەنی ئەم دەوڵەتە فاشیلە دادەنێت و سەرکوتی مافەکانی گەلان و پێکاتە و نەتەوەکانی دیکەی دەوڵەت دەکات.

لەم هەلومەرجەدا بەشێک لە هۆکاری قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا جگە لە پاشخانە مێژووییەکەی کە بە خورتی و دوور لە ئیرادەی گەلی باشووری کوردستان دوای چەندین ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بە دەوڵەتی عێراقەوە لکێنرا، بەشێکی دیکە لەو هۆکارانە بۆ ڕۆڵی بۆرژوای تاڵانکەر و هەڵگری هزری شۆڤینی دەگەڕێتەوە کە سەرەڕای پشتگیریکردنی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و هێزی نێودەوڵەتی بۆی، ناتوانێت دەوڵەت بنیات بنێت.

وەنەبێ قەیرانی بنیاتنانی دەوڵەتی نیشتمانی تەنیا بۆرژوای نەتەوەی باڵادەست لە عێراقدا بگرێتەوە. ئەم بابەتە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی باشوور دەگرێتەوە، و بۆیە سەرەڕای بەربەست و گرفتە بابەتییە نێودەوڵەتییەکان، کە لە بەردەم هێزە کۆمەڵایەتییە کوردستانییەکاندا لە پرۆسەی تێکۆشان بۆ مافی چارەنووس و بنیاتنانی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی، هەن، هێزی بۆرژوای کوردستانی لە وەرچەرخان و دووڕیانێکدایە کە دەبێ هەڵیبژێرێت. پرسیاری سەرەکی لەوەدایە کە ئایا هێزی بۆرژوای کوردستانی ئامادەیە ڕۆڵی مێژووی بۆرژوای نیشتمانی بگێڕێت کە ئەمەش وا پێویست دەکات کار بۆ گەشەپێدان و چاکسازی ناوخۆیی و بنیاتنانی دامەزراوەکان و پاراستنی سەربەخۆییان و دەستێوەرنەدانی حزب لە کاری دەوڵەت و پراکتیکی شەفافیەت، و نەهێشتنی گەندەڵی و بایەخدان بە ژیانی هەژار و کەمدەرامەتەکان، و گەڵاڵەکردنی شوناسی کوردستانی و هاووڵاتی کارا، بکات؟ یان دەبێتە بۆرژوایەکی تاڵانچی و مشەخۆر کە خەریکی گەندەڵی و سپیکردنەوەی سەرمایە و بەفیڕۆدانی سامانی کوردستان و گواستنەوەی سەرمایە بۆ دەرەوی کوردستان دەبێت؟

بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگای دووەم کۆتاییهاتنی ڕۆڵی مێژوویی ئەو چینەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، و هێزی زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانی گەلی کوردستان ئەو توانا و وزەیەیان هەیە کە بۆ تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی و وەدیهێنانی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی، بەردەوام بن.

 

  • 1