ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مامۆستا ڕەوەند/ لەبەر تۆ نەبێت لێرە کێ من دەناسى .. !!

خاڵە بارزان مردووە

(بەشى چوارەم)

شەو لە ماڵى مامۆستا (حوسێن مەدەنى) ماینەوە و تا درەنگانى شەو پرس و جۆرەها بابەت خرانە بەرباس و وتووێژکردن، مامۆستا (عەبدوڵا حەسەن زادە) گەلێک بەسەرهاتى خۆش و ناخۆشى بۆمان باسکرد، دانیشتنێکى هاوڕێیانە و دۆستانەى تەژى لە خۆشەویستى بوو.. شەو ڕاشکابوو، خاڵە (بارزان) گوتى دەچم دەخەوم، دانیشتنەکەمان لەسەربانى ماڵەکە بوو، شوێنى خەوتنەکەشمان هەر لەسەر بانەکە بوو، خاڵە (بارزانى مەلا خالید) بۆ شوێنى خەوتنەکە چوو، منیش لەدواى ئەو ڕۆیشتم، بۆ ئەوەى بخەوم، لەم کاتەدا شتێکى زۆر سەیر و سەمەرە و پێکەنیناوى ڕوویدا، خاڵە (بارزان) لەسەر جێگاکەى ڕاکشا بوو، بێدەنگ بوو، ویستم قسەى لەگەڵدا بکەم و بڵێم بەیانى باشە زوو بەرەو ڕاژان بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەى کارەکانمان لەگەڵ سەرکردایەتى پارتى تەواو بکەین، بۆیە بانگى خاڵە بارزانم کرد، دووبارە و سێ بارە بانگى خاڵە (بارزان)م کرد، بێدەنگ بوو، جوڵەى لە خۆى بڕى بوو، وامزانى مردووە، بانگى مامۆستا (عەبدوڵا حەسەن زادە)م کرد و گوتم خاڵە بارزان مردووە!! ئەوانیش بەخێرایى هاتن و گەیشتنە لامان، لەناکاو خاڵە (بارزان) هەستاوە و دایە قاقاى پێکەنین، دیمەنێکى زۆر سەیر بوو، گوتمان خاڵە بارزان ئەوە چى بوو؟ لە وەڵامدا گوتى من لە خێزانێکى ئاینپەروەرم و باوکم مەلا بوو، هەر لە منداڵییەوە فێر بوومە کە دەچمە سەر جێگاى نووستنم (سورەتى ئایەت و ئەلکورسى) دەخوێنم، کە هاوڕێ (ڕەوەند) بانگى دەکردم، من خەریکى خوێندنى ئایەتەکە بووم، نەدەنگم بەرزکردەوە نەچوومە لاوە، ڕەوەندیش وایزانیوە من مردووم، و

گوتم خاڵە بارزان جەنابت لە ئێوارەوە خۆت بە وێسکى مەست دەکەى، جا من چۆن بزانم بەڕێزت خەریکى خوێندنى ئایەتى قورئانى؟

ئێستاکەش گەلێ جار کە خاڵە (بارزان) دەبینم ئەو ڕووداوەى بەیاد دەخەمەوە .

بەیانى زوو لەخەو ڕابووین و خۆمان ئامادە کرد، برادەرانى حزبى دیموکراتیش ماشێنێکیان بۆ ئامادە کردین و بەرەو گوندى زێوە بەڕێکەوتین، تا ئەو جێگایەى لە ژێر دەسەڵاتى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دابوو، لێخورى ماشێنەکە ئاگادارى کردین کە پێویستە دابەزین، چونکە لەمە زیاتر ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، لەبەر هێزەکانى ڕژێمى ئێران، دابەزین و بە پیادە بەرەو گوندى زێوە بەڕێکەوتین، لە زێوەوە بە ماشێن بەرەو ڕاژان کە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى لێبوو، ڕۆیشتین، لە ڕێگا خاڵە (بارزان) گوتى دەچینە لاى مام (هێدى) شاعیر و لەلاى ئەو ڕاپۆرتەکە دەنووسین، گوتم باشە و دەتوانم لە نزیکەوەش مام (هێدى) شاعیر ببینم، گەیشتینە ڕاژان و یەکسەر بۆ ژوورەکەى مام (هێدى) شاعیر چووین، دواى ئەوەى لەگەڵ خاڵە (بارزان) یەکتریان لەباوەش گرت و چاک و چۆنى گەرموگوڕیان لە یەکتر کرد، خاڵە (بارزان) منیشى بە مام (هێدى) ناساند، دواى پشوودانێکى پێویست، خاڵە بارزان داواى لە مام (هێدى) کرد کە ڕێگامان بدات هەندێ نووسینمان هەیە و دەمانەوێت لەلاى ئەو بینووسین، مام (هێدى) کاغەزى پێویستى خستە بەردەستمان و خۆى ڕۆیشت، لەگەڵ خاڵە بارزان ڕاپۆرتێکى ڕێکوپێکمان نووسى، هەرچى ئەنجاماندا بوو لە شنۆ و لەسەرى ڕێککەوتبووین بە ئاگادارى مامۆستا (عەبدوڵا حەسەن زادە)، کە لە شنۆ کۆبووینەوە و باسێک لەلایەنیەوە خرایە ڕوو کە گوایە بەر لە دەرهێنانى تەرمى (بارزانى نەمر)، (مجێور)ی (چاودێرى) گۆڕى بارزان، گۆڕستان و سەرگۆڕى بارزانى پاک کردۆتەوە، یەکێک لێی پرسیوە؛ ئەمە بۆچى گۆڕستانەکە پاک دەکەیتەوە؟ لەوەڵامدا (مجێورەکە) گوتوویەتی ماڵى بارزانى دێنە زیارەتى گۆڕستان، داوامان کرد ئەو پیاوەى ئەم قسەیەى کردووە دیدارى لەگەڵدا بکەین، گوتیان ئێستاکە لە شنۆ نییە، پاشان دەتوانن بیبینن، داوا کرا ئەم خاڵە لە ڕاپۆرتەکە بنووسین، من ناڕازى بووم، لەبەرئەوەى بەندە کە نوێنەرى پارتیش بووم هیچ زانیاریم دەربارەى ئەم مەسەلەیە نەبوو، بۆیە پێشنیارم کرد کە ئەو خاڵە جارێکى تر باس دەکەین، دواى ئەوەى لەگەڵ سەرکردایەتى پارتى باسى دەکەم، دیداریش لەگەڵ (مجێورەکە) و ئەو کەسەش دەکەین کە قسەکەى کردووە، (خاڵە بارزان و مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە)ش پێشنیارەکەیان پەسند کرد.

لەگەڵ خاڵە (بارزان) ڕاپۆرتەکەمان تەواو کرد، دەبوو بۆ کاک (ئیدریس بارزانى و مەسعوود بارزانى) ببەین، خاڵە (بارزان) گوتى من کارم هەیە و دەگەڕێمەوە بۆ بارەگاى حزب، خۆت دەتوانى ڕاپۆرتەکەیان بۆ ببەیت و هەموو کارەکانیش دەزانى چۆن کراوە، بۆیان باس بکە، خاڵە (بارزانى مەلا خالید) ڕۆیشت و بەندەش بەرەو بارەگاى هاوینەى سەرکردایەتى پارتى چووم، دواى ئاگادارکردنەوەى کاک (ئیدریس بارزانى) لە شوێنى تایبەتى خۆى چوومە لاى و دواى پشوویەکى کورت ڕاپۆرتى لێژنەى لێکۆڵینەوەم پێشکەش کرد، بەزارەکیش باسى کارەکانى لێژنەکەم خستە ڕوو، هەر لەباسەکەمدا گوتم ڕایەکانى کاک (مەسعوود)م بۆ ئەندامانى لێژنەکە باس کرد، کە بریتییە لەوە؛ کاک (مەسعوود بارزانى) حزبى دیموکراتى کوردستانى-ئێران، لە مەسەلەى گۆڕى بارزانى بە بەرپرسیار دەزانێت، هەروا شێخ ڕەسوولى بابى گەورە و نۆ پێشمەرگەى ترى حزبى دیموکراتى کوردستانى-ئێران بە ئەنجامدەرى کارەکە دەزانێت، داوا دەکەن شێخ ڕەسوولى بابى گەورە و نۆ پێشمەرگەکانى بدرێنە پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن، نوێنەرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران مامۆستا (عەبدوڵا حەسەن زادە)، ((ئەم تۆمەتە و داوایەى پارتى ڕەت کردەوە، داواى کردووە ئەگەر بەڵگەى سەلمێنەر هەیە با بیخەنە بەردەستى لێژنەى لێکۆڵینەوە، گوتیشى ئەم مەسەلەیەش لەگەڵ د . قاسملۆ باس دەکەم)). ئینجا گوتم شتێک هەیە کە نوێنەرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە لێژنەى لێکۆڵینەوە باسى لێوە کرد کە گوایە؛ ((مجێورى گۆڕى بارزان بەر لە ڕوودانى تاوانى دەرهێنانى تەرمى بارزانى، دەوروبەرى گۆڕى بارزانى پاک کردۆتەوە، کاتێک دانیشتوویەکی شنۆ لێی پرسیوە بۆچى ئەم ناوە پاک دەکەیتەوە؟ لەوڵامدا گوتویەتى خانەوادەى بارزانى دێنە زیارەتى گۆڕى بارزانى)). لە لێژنەى لێکۆڵینەوە داوامان کرد، دیدار لەگەڵ ئەو کەسە بکەین کە ئەم قسە و باسەى کردووە، گوترا ئێستاکە لە شنۆ نییە، هەر کاتێک بگەڕێتەوە دەتوانن دیدارى لەگەڵدا بکەن، بۆیە من داوام کرد ئەم مەسەلەیە نەخرێتە ناو ڕاپۆرتەکە لەبەرئەوەى ئەم مەسەلەیە لاى من ڕوون نییە، دەبێت پرسیار لە سەرکردایەتى پارتى بکەم بۆ ئەوەى مەسەلەکە بەتەواوى ڕوون ببێتەوە، کاک (ئیدریس بارزانى) گوتى من ئاگادارى ئەم بابەتە نیم، باشە لەگەڵ کاک (مەسعوود) باسى بکەیت... 

دواى دیدار لەگەڵ کاک (ئیدریس بارزانى)، چوومە لاى کاک (مەسعوود بارزانى) و ڕاپۆرتەکەم خستە بەردەستى و بەدەمیش باسى کارەکانى لێژنەکەم بۆ کرد. هەروا مەسەلەى (مجێورى) گۆڕى بارزانى و ئەو قسانەى بەناوى ئەوەوە باسى لێکراوە، کاک (مەسعوود) گوتى دەپرسم، پاشان ئاگادارت دەکەمەوە، هەروا لێژنەکە دەتوانێت (حەرەسى) گۆڕستانەکە ببینێت. باسى ئەوەشم کرد کە ئێوە حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بە بەرپرس لە ڕووداوەکە دەزانن و داواى شێخ ڕەسوولى بابى گەورە و نۆ پێشمەرگەى ترى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران دەکەن، بدرێنە پارتى و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن، لە لێژنەى لێکۆڵینەوە باسم کردووە، کە نوێنەرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بڕیارە لەگەڵ ڕابەرایەتى حزب باس لەم مەسەلەیە بکات، منیش دەگەڕێمەوە لاى هاوڕێیان و ئەگەر هاوڕێ (ئەبو فارووق) بە باشى زانى بچینە لاى بەڕێز د. قاسملۆ بەمەبەستى خستنە ڕووى ڕاوبۆچوونەکان و هەوڵدان لە پێناوى دۆزینەوەى ڕێگاچارەیەک و هێورکردنەوەى بارودۆخەکە، با بزانم حزبمان چ بڕیارێک دەدات دەربارەى سەردانى ڕێبەرایەتى حزبى دیموکراتى کوردستان ئێران.

  • 1