ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

لۆژه‌لۆژ به‌ جاده‌كه‌دا ده‌ڕۆیشتمه‌ خواره‌وه‌، سه‌یری پاوپوزی ئه‌و هه‌موو كچه ‌جوانانه‌م ده‌كرد، كه‌ دڵنیابووم هه‌ریه‌كه ‌و پاش چه‌ند ساتێكی دیكه‌ شه‌ودادێت ده‌چنه‌ باوه‌ش و ئامێزی كوڕیژگه‌ی خۆیانه‌وه‌، ئه‌وان زۆربه‌یان ده‌ستیان له‌ نێو ده‌ستی كوڕێكدا بوو، یان هاوشانی یه‌كتر ده‌ڕۆیشتن، هه‌ندێك له‌ كوڕه‌كانیش ده‌ستیان له‌ شوێنی قاچاغدا بوو، مناره‌كانی سوڵتان ئه‌حمه‌د و هه‌موو مزگه‌وته‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ زه‌ق زه‌ق وه‌ك من ته‌ماشایان ده‌كرد و هیچیان ناگوت، من نایشارمه‌وه‌ له‌ دڵه‌وه‌ حه‌زم ده‌كرد زۆربه‌یان له‌ئامێز بگرم، نازانم ئه‌وه‌ حه‌ز و چێژ و تام بوو یان تۆڵه ‌و شتی تر، خه‌یاڵم لای قسه‌یه‌كی شه‌ماڵی كۆچكردوو بوو كه‌ ده‌یگوت له‌و باشوره‌ له‌ تۆڵه‌ی ئه‌نفالدا هیچ نه‌ماوه‌ نه‌یكه‌م، ئه‌و ئێواره‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی خواردبووه‌وه‌ ئیتر به‌یانی بۆ هه‌تا هه‌تا له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستا بوو، كوڕێكی تا بڵێی دڵپاك و خۆش قسه‌ بوو، له‌ پرسه‌كه‌یدا له‌ ته‌ك نوكته ‌و یاده‌وه‌رییه‌كانیدا پێده‌كه‌نین، به‌ڵام نه‌مانده‌هێشت برا و كه‌سه‌كانی ئاگاداری ئه‌وه‌ بن، له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ گوتم؛ "مرۆڤی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ مردنیشدا ئه‌وانی تر دڵخۆش بكات"، ئێمه‌ له‌ دۆخ و ڕۆژێكداین به‌ئاسانی كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌رمان دڵخۆش نابن .

له‌ هه‌ندێ‌ شوێن، كوڕوكاڵ گرووپ گرووپ گۆرانیان ده‌گوت، هه‌ندێك شیعره‌كانی یوسف خه‌یاڵ ئۆغڵوویان به‌ ئاوازه‌كانی ئه‌حمه‌د کایا‌ ده‌چڕی و جارجاره‌ش گۆرانی كوردی ده‌گوترا، من به‌و گۆرانییه‌ كوردییانه‌ خه‌نی ده‌بووم، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رگیز گوێم له‌ گۆرانی كوردی نه‌بووبێت، ئه‌وه‌م بیر ده‌كه‌وته‌وه،‌ جارێك به‌ سه‌رنووسه‌ری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌م ده‌گوت ده‌مه‌وێ‌ له‌ سه‌ر حه‌سه‌ن زیره‌ك بنووسم ئه‌و به‌خێرایی وه‌ڵامی دامه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، ناچار به‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم گوت؛ "ده‌مه‌وێت ڕۆمانێك له‌ سه‌ر عه‌لی مه‌ردان بنووسم"، بۆ ئه‌وه‌ هه‌ستام "گه‌ڵای پایز"م هه‌موو خوێنده‌وه‌، هه‌ندێك سه‌ره‌قه‌ڵه‌میشم نووسی، ڕۆژێك له‌ سه‌ر بڕانی كاره‌با به‌ هه‌موو تینم كێشام به‌ لاپتۆپه‌كه‌ی به‌رده‌ممدا، ئیدی هارده‌كه‌ له‌ كاركه‌وت، منیش نه‌ك هه‌ر ئه‌و سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مانه،‌ بگره‌ زۆر وێنه‌ و نووسینی تریشم تیاچوون، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جارم نه‌بوو له‌ ژیاندا به‌و ده‌رده بچم، ئه‌وه‌ی زۆر له‌به‌ر دڵم ناخۆش بوو له‌ناوچوونی ئه‌و هه‌موو وێنه‌یه‌ی ئه‌نجلینا جۆلی و له‌یلای فه‌ریقی بوو كه‌ فێر بووبووم وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی پوولی جاران كۆمده‌كردنه‌وه ‌و دوو فۆڵده‌ری لیپی ئه‌وانم هه‌بوو .

قاچ و قولی ئه‌و كچانه ‌و هه‌ندێ‌ جار سینگ و به‌رۆك و مه‌مكه‌ قووت و سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌یان په‌لكێشی خه‌یاڵاتی سه‌یریان ده‌كردم، له‌ لایه‌كه‌وه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك له‌ چه‌ند گه‌نجێك كۆبووبوونه‌وه‌ كه‌ گۆرانی له‌سه‌رخۆیان ده‌چڕی، منیش به‌هۆی جوانی یه‌كێک‌ له‌ كچه‌كانی ئه‌و شوێنه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وان كشام، به‌ڵام دوای چه‌ند چركه‌یه‌كی كه‌م كچه‌ قۆڵی كرد به‌ قۆڵی هاوڕێكه‌یدا، له‌ سه‌ر ڕۆیشتنی خۆم به‌رده‌وام بووم. 

چاوم بۆ كتێبخانه ‌و كتێبفرۆشان گڕده‌دا، ده‌مویست بزانم له‌وێنده‌ر خه‌ڵكی چۆن به‌ دوای خوێندنه‌وه‌وه‌ن، ده‌مگوت چه‌ند خۆشه‌ كتێب بۆ 80 ملیۆن كه‌س چاپ بكه‌یت، نه‌ك بۆ یه‌ك دوو ملیۆنی توڕه‌و بێ‌ حه‌وسه‌ڵه ‌و هه‌موو له‌ سیاسه‌تزان، یان باشتر بوو بڵێم هه‌موو ده‌م له‌ سیاسه‌توه‌رده‌ر بێ ئه‌وه‌ی هیچی له‌ باره‌وه‌ بزانن .

خۆم كرد به‌ كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا، چه‌ند كچێكی قشت و جوان لێره‌وله‌وێ‌ ده‌هاتنه‌ ده‌م كڕیاره‌كانه‌وه‌، دانه‌یه‌ك فه‌رمووی لێكردم، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوتم یه‌شار كه‌مال، بردمی بۆ ئه‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كانی یه‌شار كه‌مال، بێ‌ ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ بزانم كتێبێكی بچووكی یه‌شار كه‌مالم كڕی كه‌ پێشتر ناویم نه‌بیستبوو، خاتوونه‌كه ‌به‌ ڕوویه‌كی شیرینه‌وه‌ به‌ ڕێی كردم، له‌ كاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌مدا پیاوێكی ڕیش ماش و برنجی باریكه‌له‌ی باڵا مامناوه‌ند و سور و سپی ڕووگه‌ش به‌ كوردی گوتی؛ 

كوردی 

وه‌ڵامم دایه‌وه؛‌ به‌ڵێ‌ فه‌رموو 

ئه‌و گوتی منیش كوردم، ئێ‌ دیار بوو به‌ زمانی كوردی و به‌ سۆرانیش ده‌دوا، گوتی من پێشتر چه‌ند جارێك تۆم بینیوه‌، به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو له‌ بیری خۆمدا گوتم؛ "ئه‌م كابرایه‌ تێكه‌ڵی كردووه‌"، من ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جارمه ‌بێمه‌ ئه‌م شاره‌، ئه‌گه‌ر جاری تریش هاتووم هه‌ر پێیدا تێپه‌ڕیوم و لام نه‌داوه،‌ ئیتر له‌ كوێ‌ منی بینیوه،‌ ئه‌و گوتی سه‌رسام مه‌به،‌ من تۆم له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌ بینیوه‌، تۆ هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زۆر باسی كه‌ركووك ده‌كه‌یت، له‌ دڵی خۆمدا گوتم خۆزگا قه‌تم باس نه‌كردبا، تۆ چووزانی هیچ شارێك له‌ دنیادا به‌ قه‌د كه‌ركووك ئازاری نه‌داوم، كرێكاری، گرتن، عیشق، شه‌ڕوشۆڕی سینه‌ما و زۆر شتی تر، له‌م دواییانه‌شدا مه‌گه‌ر خودا بزانێ‌، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانیم بیر كه‌وته‌وه ‌و ئه‌و شیعرانه‌ی له‌ داخی كه‌ركووك گوتویه‌تی .

پیاوه‌كه‌ پێی گوتم من هه‌ندێ‌ كاری پێویستم پێته‌، ئه‌گه‌ر بوارت هەبێت و ڕازی بیت ده‌مه‌وێت بچینه‌ ماڵه‌وه‌ و ئه‌م ئێواره‌یه‌ میوانی من بیت، من بیستبووم كه‌ زۆرجار به‌ بیانووی میوانداری و ده‌ستبازی و خۆشچێژییه‌وه‌ له‌م شوێنانه‌ خه‌ڵك ده‌به‌ن و ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رچی سه‌یری ئه‌و بابایه‌م ده‌كرد له‌وه‌ ناچوو شتی وابێت، هه‌ندێك به‌ دوودڵییه‌وه‌ گوتم سوپاس، ئه‌و گوتی من زۆر پێویستم به‌وه‌یه‌ قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئۆتۆمبێلم پێیه‌ و به‌ ‌ئۆتۆمبێلی خۆمان ده‌ڕۆین، دوایه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌مایته‌وه،‌ ده‌تبه‌مه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی خۆت ده‌ته‌وێ، كابرا سور بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕۆینه‌وه‌، ئه‌و پێی گوتم من بایزم پێده‌ڵێن، بایزی كێلساز، من كارم جگه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كتێب و نووسینی په‌راوێز له‌ سه‌ر كتێبه‌كان، دروستكردنی كێلی گۆڕه‌. گوتم ده‌توانم ته‌له‌فون بۆ ئه‌و هاوڕێیه‌م بكه‌م چاوه‌ڕێم نه‌كات، گوتی زۆرباشە، ئه‌و له‌ چوونم دڵنیابوو بۆیه‌ زۆر گه‌شایه‌وه‌، به‌ چه‌ند كۆڵانێكی به‌رز و نزم و نسرما تێپه‌ڕین تا گه‌یشتینه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی، كه‌ قه‌مه‌ره‌یه‌كی بچووك بوو، پێكه‌وه‌ كه‌وتینه‌ ڕێ‌، له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ته‌له‌فونی كرد و گوتی "فاتیمه‌ سڵاو میوانێكی به‌ڕێزمان هه‌یه‌. " 

پاش بیست ده‌قیقه‌ ڕۆیشتن گه‌یشتینه‌ كۆڵانێك له‌ به‌رده‌م ئاپارتمانێكدا دابه‌زین و له‌ زه‌نگه‌كه‌ی دا و ده‌رگا كرایه‌وه‌. چووینه‌ نهۆمی سێیه‌م دیار بوو هه‌ر نهۆمه‌ی دوو ماڵی به‌رانبه‌ر یه‌كتر تیا بوو، ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه،‌ ئافره‌تێكی سپیكاری خان و مان به‌ گه‌رمی و به‌ كوردی شێوه‌ی سلێمانی به‌ خێرهاتنی كردم، پیاوه‌كه‌گ وتی هه‌ر من و فاتیمه‌ین، هه‌ر به‌ پێوه‌ بووین، ئه‌و گوتی گوتم به‌ر له‌وه‌ی پرسیاری منداڵ بكات با خۆم پێی بڵێم ئێمه‌ نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ هاوسه‌رگیریمان كردووه‌، منداڵمان نابێت، ماڵێكی پاك و ته‌میز و ڕازاوه ‌و خۆشیان هه‌بوو، فاتیمه ‌له‌ سه‌ر سینییه‌ك دوو گڵاس ئاو و دوو گڵاس شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵی هێنا و ئێمه‌ش دانیشتین، ئه‌و شوێنه‌ی لێی دانیشتین ده‌كه‌وته‌ نێوان چه‌ند ژوورێك و چێشتخانه ‌و سه‌رشۆرەكه‌وه‌، واته‌ ئه‌مه‌ زیاتر له‌ هۆڵ و شوێنی پێشوازی و كۆكه‌ره‌وه‌ی ژوره‌كان ده‌چوو، به‌ چه‌ند تابلۆیه‌ك دیواره‌كه‌ی ڕازێنرابووه‌وه‌، كتێبخانه‌یه‌كی قه‌شه‌نگیش له‌ لایه‌كه‌وه‌ بوو له‌ نێو دیواره‌كه‌دا، به‌ڵام دیزاینێكی زۆر جوان كرابوو. فاتیمه‌ به‌ گه‌رمی به‌رده‌وام به‌ خێرهاتنی ده‌كردم، به‌ بایزی گوت له‌ چێشتخانه‌كه‌ هاوكاریم بكه‌، منیش خۆم سه‌رقاڵی سه‌یركردنی كتێبه‌كان كردبوو، كه‌ كه‌مێك كتێبی كوردی و زۆرێكیش توركی بوون، كتێبخانه‌كه ‌300 كتێبێكی تیا ده‌بوو، یه‌ك دوو تابلۆی زۆر جوانیش به‌ دیواره‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسرابوو، تابلۆیه‌كیان وێنه‌ی ئافره‌تێكی كورد بوو كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوانێت، ئه‌وی تر كێڵگه‌یه‌كی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ بوو كه‌ ته‌به‌قه‌كان به‌ گشتی زه‌ردیان ده‌كرده‌وه‌، له‌ تابلۆیه‌كی بچووكتردا ئاسكێك له‌ كاتی بازدا به‌حه‌واوه‌ وه‌ستابوو، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ وێنه‌ی بایز و فاتیمه‌ش .

دوای نان خواردن، كه‌ هه‌مه‌چه‌شن خواردن كرابوو، بایز له‌ یه‌كێک‌ له‌ ژووره‌كانه‌وه ‌سندووقێكی بچووكی هێنا، سندووقه‌كه‌ ڕه‌نگی شین بوو، هێنده‌ی جانتای لاپتۆپێك ده‌بوو، به‌ڵام قه‌به‌ بوو، یانی له‌شێوه‌ی جانتای سه‌فه‌ر، به‌ڵام به‌ ئه‌ندازه‌ی قه‌باره‌ی لاپتۆپێك، دیار بوو سندووقێكی كۆن بوو، به‌ ئاسنێكی ته‌نك دروستكرابوو، له‌ هه‌ندێ‌ شوێنه‌وه‌ بۆیاغه‌ شینه‌كه‌ی لێبووبووه‌وه‌، بایز ڕووی تێكردم:

من بۆ ئه‌م ئه‌مانه‌ته‌ ویستم تۆ بانگهێشت بكه‌م.

به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ سه‌یری سندووقه‌كه‌م كرد، ئاخۆ ده‌بێت ئه‌و سندووقه‌ بچووكه‌ چی تیابێت، وا له‌و ئه‌سته‌نبوڵه‌دا كابرایه‌كی كورد من ده‌بینێت و ده‌یه‌وێت بمداتێ‌ .

بایز گوتی: سه‌رسام مه‌به‌، ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ تۆ ده‌توانی كاری له‌سه‌ر بكه‌یت، یان لانی كه‌م ده‌توانی له‌ من باشتر بیپارێزی، فاتیمه‌ دوو كوپ چای بۆ هێناین .

بایز سندووقه‌كه‌ی له‌ به‌رده‌ستی هه‌ردووكمان داناو به‌ كلیل قوفڵه‌ بچووكه‌كه‌ی كرده‌وه‌، ده‌رگای سندووقه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه ‌و باقه‌یه‌ك كاغه‌زی زه‌ردباوی به‌ جوانی پێچراوه‌ی ده‌رهێنا و پێی گوتم؛ "ده‌توانی سه‌یریان بكه‌یت " .

به‌رله‌وه‌ی كاغه‌زه‌كانم بداتێ‌ گوتی؛ ئه‌وه‌ ته‌نیا 22 نامه‌ن، 22 نامه‌كه‌ پێویسته‌ بیانخوێنیته‌وه ‌و بیانگه‌یه‌نیته‌ خه‌ڵكیش تا خه‌ڵك ڕووه‌ شاراوه‌كه‌ی شه‌ڕ به‌ چاوی خۆیان ببینن، نامه‌كان دوو نامه‌یان عه‌ره‌بی و توركین، نامه‌یه‌كیان له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیه‌وه‌یه‌ بۆ هاروون ئه‌وه‌ عه‌ره‌یبیه ‌و نامه‌یه‌كیشیان له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی عوسمانیه‌وه‌یه‌ بۆ سوڵتان سوله‌یمانی قانوونی، ئه‌وانی تر نامه‌ی كوردی سۆرانین و له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا جه‌نگاوه‌ره‌كانی كورد بۆ سه‌ركرده‌كانیان ناردووه‌، ده ‌نامه‌ی زه‌رد و ده‌نامه‌ی سه‌وز، ڕاستی ده‌مه‌وێ‌ پێت بڵێم ده‌شێت هه‌زاران نامه‌ و چیرۆكی تر هه‌بن هه‌ر نه‌نووسرابن . 

به‌ نیگه‌رانییه‌كه‌وه‌ نامه‌كانم وه‌رگرت، پێم گوت، به‌ڵام من توركی عوسمانی نازانم. 

خه‌می ئه‌وه‌ت نه‌بێت فاتیمه‌ توركی عوسمانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زۆرباش ده‌زانێ‌ و نامه‌كه‌ی بۆ كردووی به‌ كورمانجی، تۆش ده‌توانی بیكه‌یت به‌ سۆرانی .

بایز پێی گوتم به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌و نامه‌یه‌ به‌ توركی یان شێوه‌ زارێكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی توركی بۆ سوڵتان نێردراوه‌ له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی نامه‌ و نامه‌كاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌، یان عه‌ره‌بی یان فارسی بوونه‌، سوڵتان خۆیشی عه‌ره‌بی و فارسی و سربی زۆرباش زانیوه‌ .

  • 1