ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

لەسەر ڕووباری سیروان، چەندین کارگەی چەو و لم دامەزراوە، ئەم کارگانە لە قۆناغەکانی پێشووتردا بەشێوەیەکی ورد چاودێرییان نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکدانی ڕێڕەوی ڕووبارەکە و شێواندنی سرووشتی ژینگەکەی، ئەمه جگە لەوەی ئەو چاڵانەی کە بەهۆی هەڵکەندنەوە بۆ دەرهێنانی چەو ولم دروست بوون، دوای بەکارهێنانیان بە پرنەکراوەیی جێهێڵراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیان بگەیەنێت بە ژینگەی ناوچەکە.

زەینەب؛ دایکی ئەو گەنجەی کە لە یەکێک لە گۆماوەکانی سەر رووبارەکە خنکا کە بەهۆی ئەو چاڵانەوە دروستبوون و پرنەکراونەتەوە وتی؛ "ئێوارەیەك کوڕەکەم لەماڵ دەرچوو ، دوای دو سێ سەعاتێك هەواڵمان بۆ هات، کە لە قەراغی رووباری سیروان دوای ئەوەی ویستوویەتی مەلە بکات، لە یەکێک لە چاڵاوەکاندا خنکاوە". زەینەب وتیشی، "ئەو گۆماوە کە ئاوی تێدا کۆبویەوە، وتبوویان لەلایەن حەفارەکانی سەر ڕوبارەکەوە  چاڵ کراوە دواتر ئاوی تێدا کۆبووەتەوە و بەو هۆیەوە کوڕەکەم تێیدا خنکا". زەینەب، وەک قەدەری خودا باسی لە خنکانی کورەکەی کردوو وتی هیچ بەدواداچوون و سکاڵایەکمان لەو رووەوە نەکردووە.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان-یش بڕیاری گواستنەوەی ئەم کارگانە دەخاتە پلانی کارکردنەوە، کە ژمارەیان ۲۲ کارگەیە و بەچەند قوناغێك جێبەجێی دەکرێت.

یادگار فەتاح، بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، وتی "لەسەر ڕووباری سیروان لەم دیوی قەزای دەربەندیخان-ەوە تاوەکو نزیكی ناحیەی جەلەولا(گوڵاڵە) ۲۲کارگە لەسەر ڕووبارەکە دانراوە و ژمارەیان ۱٤ کارگەی چەو و لم-ە؛ ساڵانە لەلای ئێمە مۆڵەتی کارکردنیان بۆ تازە دەکرێتەوە، هەر کارگەیەک ۱٥ هەزار مەتر سێجا واتا ( ٦) دۆنم زەوی وەردەگرێت بۆ کارکردن، لە پای ئەو زەوییە ئێمە نزیکەی ٤۰۰ دۆلاریان لێ وەردەگرین بۆ هەر ساڵێکی کارکردن. لەئێستادا بڕیاردراوە تەواوی ئەو کارگانەی کە کار دەکەن دوای تەواوبوونی کارەکەیان دەبێت ئەو چاڵەی کە درووستی دەکەن پڕی بکەنەوە و هەر خاوەن کارگەیەك سەرپێچی بکات لە زیادە ڕەوی زەویدا یان لە هەڵگردنی کەرەستە ومەوادی زیادە، بۆ چوار مەتر ۱دۆلار ی لێ وەردەگرین، کاتێكیش بزانین کارگەیەك سەرپێچی کردووە، ئەوا لیژنەی تایبەت دەچێت شوێنەکە بە (GPS ) ئامێری دیاری کردنی ڕووبەر، ڕوبەرەكە دەپشکنێت و غەرامەکە دیاریی دەکات، بۆ نموونە ئەگەر ۱۰۰۰مەتر کەرەستەی بەزیادەڕەوی هەڵگرتبێت، لەبەرامبەردا نزیکەی ٥۰۰دولاری لێ وەردەگیردرێت".

یادگار وتیشی، "قۆناغی لابردنی ئەم کارگانە دەستی پێ کردووە، بەڵام بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەکرێت. لەپێشووتردا کارگەکان کەرەستەی (چەو ولم) یان هەڵدەگرت و کاریان پێ دەکرد، بەڵام لەئێستادا قەدەغەکراوە، هەموو خاوەن کارگەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت (کەسارە ) ئامێری شکێنەر دابنێن، هەندێك لە کارگەکانیش کە پابەندی ئەم رێنماییە نابن، دەیانگوێزینەوە بۆ سەر چەمە وەرزییەکان. ئەو خاوەن کارگانەش کە لەسەر ڕووبارەکە دەمێننەوە، ئێمه مەوادی کەسارەکەیان پێ دەفرۆشین، بۆ هەر چوار مەترێك یەک دۆلاریان لێ وەردەگرین. ئەو مەوادەش کە بەکاردێت لەسەر ڕووبارەکە بەشی یەك ساڵ دەکات، دوای تەواوبوونی ئەم مەوادە خاوەن کەسارەکانیش بۆ بەردەوامی ئیشی خۆیان دێنە سەر چەمە وەرزییەکان" .

یادگار لەدرێژەی قسەکانیدا وتی؛ "ئەم پلانە لەبەرژەوەندی ژینگەی ڕوبارەکە و خاوەن کارگەکانیشە، لەپاش گواستنەوەیان ڕووبارەکە سرووشتێکی خۆی وەردەگرێت،  هەر خاوەن کارگەیەک نەیەوێت کارگەکەی بگوێزێتەوە، ئەوا بەگوێرەی یاسای ڕێکخستن و وەبەرهێنانی کانزاکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، جاری یەکەم موڵەتی بۆ تازه ناکەینەوە و سەرپێچی لەسەر تۆمار دەکەین، جاری دووەمیش لەڕێگەی یەکەی ئیدارییەوە دەستدەگرین بەسەر ئامێرەکانییدا. دوای  ٥ ساڵیش، ڕووبارەکە مەوادی بەشی نزیکەی ٥۰ساڵ درووست دەکاتەوە، بەهۆی لافاوەوە مەواد دێتەوە نێو ڕوبارەکە و جارێکی کە درووست دەبێتەوە".

خاوەن گارگەکان دەتوانن ڕزگاریان بێت لە نەمان و کەمکردنی کەرەستە بۆ کارەکانیان؛ ئەمەش لەرێگای سود وەرگرتن لەچەمە وەرزییەکان کەوا کەرەستەیەکی زۆری تێدایە.

ەبدولموتەلیب رەفعەت، شارەزای ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو لەوبارەیەوە وتی؛ "ئەو کارگانە سرووشتی ڕووباری سیروانیان تێکداوە و کاریگەرییان کردووەتە سەر لایەنی ژینگەیی ڕووبارەکە. هەندێك ڕووەکی سروشتی لە نێو رووبارەکەدا درووستدەبێت بە خۆڕسکی، کە ئەرکیان پاککردنەوەی ئاوەکەیە، کارگەکان ئەو رووەکانە ناهێڵن و لەناویان دەبەن. ئەم کارگانە کار دەکەنە سەر قوڵکردنەوەی رێڕەوی ڕووبارەکە، بە بەردەوامی بەردی لێ دەردەهێنن و قووڵی دەکەنەوە و نایخەنەوە شوێنی خۆی".

ئەو شارەزایەی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەش کرد؛ "کاتێك بەرد لە رووبارەکە دەردەهێنرێت و ناخرێتەوە شوێنی خۆی، ئەوا کاردەکاتە سەر ئاوی ژێر زەوی ناوچەکه، بەو شێوەیەش زەوییەکە قووڵ دەبێتەوە و ئاوی ژێرزەوی تێکەڵ بە ئاوی روبارەکە دەبێت و بەفیڕۆ دەچێت" .

عەبدولموتەلیب باسی لەوەش کرد؛ "لە داهاتوودا شەڕی ئاو هەڵدەگیرسێت. ئەگەر ڕێگری لەو کارگانە نەکرێت، ئەوا ئاوی ژێر زەوی ناوچەکە دەکەوێتەوە مەترسییەوە. بەگوێرەی پێشبینیە زانستییەکان-یش؛ لە داهاتوودا ڕەنگە ئاوێك نەبێت بەناوی ڕووباری سیروانەوە، چونکە لە ئێستادا ئاوی رووبارەکانی کوردستان لەژێر مەترسیدان، بۆیە پێویستە بۆ داهاتوو سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەربگیردرێت. ئەگەر ئەم کارگانەش بەم شيوەیە بەردەوام بن، ئەوا ئاوی ژێرزەویش لە دەستدەدەین"..

بەڕێوبەری نەوت و کانزاکان لەدرێژەی قسەکانیدا؛ ئەوەشی ڕوونکردەوە؛ " تاوەکو مانگیی ١٠ ی ئەم ساڵ، خاوەن کارگەکان ٤هەزار دۆلار غەرامەکراون، ئەمەش بەهۆی سەرپێچییەوە. داهاتی کارگەکان بۆ حکومەت نزیکەی٥ هەزار دۆلارە".

ئایا ئەو ڕێژە داهاتەی کە کارگەکان هەیانە بۆ حکومەت، دەتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە ژینگەییە بکاتەوە؟

موشیر عارف، شارەزای ئابووری، دەڵێت، " کارگەکانی سەر ڕووباری سیروان ماوەی چەند ساڵێکە بوونەتە مەترسی بۆسەر ڕووبارەکە، ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا چەندین دەفتەر دۆلار قازانجیان هەبێت بەگوێرەی ئەو دیراسانەی من کردوومە ئەوا دیسان ناتوانن قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە درووستیان کردووە لەسەر ڕوبارەکە. تەواوی ژینگە و ڕێڕەوی ڕووبارەکەیان شێواندووە، ڕێگرن لەبەردەم درووستکردنی ناوچەی گەشتیاریی لەسەر ڕووبارەکە. ئەو زیانانەی کە کارگەکان داویانە لەڕووبارەکە چەندین قاتی تەواوی داهاتیان دەبێت، پێویستە حکومەت پلانی گونجاوی هەبێت بۆ ئەم کارگانە، چونکە مەوادەکانیان بەکاردێت بۆ بیناسازی و ڕێگەوبان وچەندین شتی دیکە".

 

بڕیاری لابردن و گواستنەوەی كارگەكانی سەر ڕووباری سیروان، دەبێتە هۆی ژیانەوەی ئەو ناوچەیە کە گونجاوە بكرێتە شوێنی گەشتیاریی. هەڵكەوتەی ناوچەكە شیاوە بۆ پرۆژەی گەشتیاریی و بوونی ئاوی ڕووبارەكە كۆمەك بە درووستكردنی پرۆژەی هاوشێوە دەکات، بەمەش دیمەنێكی جوانتر بە ناوچەكە دەبەخشێت و دانیشتووانی گەرمیان بە گشتی دەتوانن بۆ بەسەر بردنی كاتەكانیان رووی تێبکەن.

بوونی كارگەكان لەسەر رووباری سیروان، زیانی زیاتر بووە لە قازانج. ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو شوێنە موڵكی گشتییە، بەڵام نەخراوەتە خزمەتی گشتییەوە. گواستنەوەی كارگەكان بۆ شوێنيکی ترو بە كرێدانی شوێنەكە بۆ ناوچەیەكی گەشتیاریی، هاونیشتمانیانی ناوچەكە و هەرێمی کوردستان بە گشتی لێی سوودمەند دەبێت.

 

تێبینی/ دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێکخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نووسینی راپۆرتی ئابووری و سیاسی، نووسەر ئەم راپۆرتەی نووسیوە

  • 1