ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرەسەندنی مافی ژنان لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی

گۆڕانکاریکردن لە ڕەوشی ژنان یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی لە چیندا. تێکۆشان لە بواری وەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، و بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی بزافی ڕووناکبیری و بەرپابوونی بزووتنەوەی 4ی مایو لە ساڵی 1919، و دامەزراندنی حزبی شیوعی چین لە ساڵی 1921دا، دەستی پێکرد، و ئەم تێکۆشانە لە میانەی شەڕی پارتیزانی و قۆناغی بزووتنەوەیڕزگاریخوازی نیشتمانی و تێکۆشان دژ بە داگیرکەران بەردەوام بوو، و بەشێکی بەرچاوی ژنان وەک پارتیزان و سەرکردەی سیاسی و سەربازی، بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد.

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی 1949، و دوای دامەزراندنی کۆماری نوێی چیندا، گۆڕانکاری لە ڕەوشی ژنان بوو، بۆیە دەبینین کە هاوکات لەگەڵ بریاردانی یاسا لە بواری چاکسازی کشتوکاڵی ساڵی 1950، بڕیاردانی یاسای خێزان لە هەمان ساڵدا بوو. گرنگی ئەم یاسایەش تەنیا لەوەدا نەبوو کە فرەژنی قەدەغە کرد، بەڵکو شان بە شانی ئەو یاسایە کار بۆ نەهێشتنی دیاردەکانی پیاوسالاری و قەدەغەکردنی کۆمەڵێک دیاردەی دزێو لە کۆمەڵگای چیندا کرا، وەک دیاردەی لەشفرۆشی و پاشماوەکانی کۆیلایەتی و چەندین دیاردەی دیکە کە زیانی بە تەندروستی ژنان دەگەیاند.

ماو تسی تۆنگ ئەمینداری گشتی حزب و سەرکردەی شۆڕش یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کە شێلگێڕانە داکۆکی لە مافی ژنان دەکرد، و ئەوەبوو ڕایگەیاند؛ "نیوەی ئاسمان لەسەر شانی ژنان ڕاوەستاوە"، و ئەم بانگەشەیەی ماو تسی تۆنگ بوو بە هاندەرێک بۆ پشتگیریکردنی تێکڕای کارەکانی پاراستنی ژنان کە پەیتا پەیتا گۆڕانکاری پۆزەتیڤانەی بە خۆوە دەبینی، و بەشداری ژنان بواری بەشداریکردنی ناوەندەکانی بڕیار و چالاکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری گرتەوە.

پاراستنی مافەکانی ژنان بە یاسا بابەتێکی گرنگ بوو لە ئەزموونی بنیاتنانی دەوڵەتی چینی نوێ، و جگە لە یاسای خێزان، یەکەمین دەستووری وڵاتی چینی میللی دانی بە یەکسانی مافە سیاسییەکانی نێوان ژن و پیاودا نا، و ئەم یەکسانییەش بواری مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن و بەشداریکردنیان بە یەکسانی لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و وەرگرتنی پلەوپایەی جیاوازی کاری حکومی، گرتەوە.

کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکانڕێککەوتنی قەدەغەکردنی سەرجەم شێوازەکانی جیاوازی دژ بە ژنان لە 18ی دیسەمبەری 1979دا بڕیار دا، چین یەکێک لەو دەوڵەتە سەرەکییانە بوو کە ئەوڕێککەوتنامەیەی مۆرکرد، و بەمەبەستی کاراکردنی پرەنسیپی یەکسانی نێوان ژن و پیاو و ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی بواری تەندروستی و خوێندن و ئابووری و بەشداری لە ناوەندەکانی بڕیار و بیمەی کۆمەڵایەتی و ژینگە و بواری یاسادا، دەوڵەتی چین پلانی پێنج ساڵە و دە ساڵەی بۆ ئەم بابەتە دانا.

لە ساڵی 1992 یاسای زامنکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی ئافرەتان لە کۆماری چینی میللی بڕیار درا، و تیایدا ئاماژە بۆ ماف و بەرژەوەندییەکانی ژنان لە بواری خوێندن و توێژینەوە و وەرگرتنی وەزیفە و کارکردن و وەبەرهێنانی زەوی لە ناوچە گوندنشینەکان و دابەشکردنی قازانج لە یەکە ئابوورییە بەکۆمەڵەکان لە ناوچە گوندنشینەکان و موڵکیەتی هاوبەش لە هاوسەری و خێزان و میراتدا کرا.

لە هەموارکردنی یاسای هاوسەری لە کۆماری چیندا کە لە ساڵی 1980دا لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی چین بڕیاری لەسەر درا و جارێکی دیکە لە ساڵی 2001 لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی نوێنەرانی گەلی چین هەموارکرایەوە، ئاماژە بۆ کۆمەڵێک پرەنسیپی گرنگ کراوە، لەوانە:

ــ مادەی دووەم لەم یاسایەدا ئاماژە بۆ ئازادی هاوسەری و نەهێشتنی فرەژنی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو، و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی ئافرەت و منداڵان و بەساڵاچووان دەکات.

ــ بە زۆر بە شوودان و بازرگانی کردن بە ژن قەدەغەیە.

ــ قەدەغەکردنی پەیوەندی سێکسی لە دەرەوەی پرۆسەی خێزان.

ــ قەدەغەکردنی توندوتیژی خێزانی و ڕاگواستنیان.

ــ جەختکردن لەسەر یەکسانی و خۆشەویستی خێزانی.

دوا بە دوای ئەم یاسایانە چەندین یاسای دیکە کە پاڵپشتی ئەم بۆچوونانە دەکات بڕیار درا، لەوانە: یاسای کار لە کۆماری چینی میللی کە تیایدا زامنی مافی کرێکاران و بەرژەوەندییەکانی دەکات، و یاسای چاودێریکردنی تەندروستی دایکان و ساوایان لە ساڵی 1995، و یاسای رێکخستنی کۆمیتەی گوندنشینەکان کە یەک لەسەر سێی ئەندامەکانی بۆ کۆتای ژنان دانرا، و یاسای دانیشتووان و ڕێکخستنی خێزان و یاسای وەزیفەی گشتی کە یەکسانی بۆ ژنان لە بواری وەزیفەی گشتی دابین دەکات.

لە 19ی کانوونی دووەمی 2014 کۆمیتەی ناوەندی حزب و ئەنجوومەنی دەوڵەت کۆمەڵێکڕێنمایی خستەڕوو بەمەبەستی قوڵکردنەوەی چاکسازی لە ناوچە گوندنشینەکان و خێراکردن لە نوێکردنەوەی ژێرخانی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی گشتی، و لە ئابی هەمان ساڵدا بڕیاردرا بەڵێندەرایەتی زەوی بە ناوی ژنانەوە تۆمار بکرێت.

یەکێک لە بوارە گرنگەکانی پاراستنی ژنان لە چیندا بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانیی ساڵی 2016 کە تیایدا سیستەمی گەیاندنی ئیلزامی کاری توندوتیژی بە دەزگای فەرمی، و سیستەمی شەلتری ئیلزامی بۆ ئەوانەی دووچاری توندوتیژی دەبنەوە، و سیستەمی پاراستنی سەلامەتی تاکەکەسی و وریاکردنەوەی تیایدا، بڕیاردراوە، و ئەمەش بوون بە چەکێکی یاسایی بۆ پاراستنی ژنان. شایانی باسە کار دەکرێت کە یاسای تایبەت بە گێچەڵیی سێکسی لە وڵاتدا بڕیار بدرێت.

حکوومەتی چین تا کۆتایی مانگی شەشی 2017 زیاتر لە 49 ملیار دۆلار قەرزی بۆ ژنانی خاوەنکار کە ژمارەیان گەیشتە 5.8862 ملیۆن ژن پێشکەش کرد. لە بواری تەندروستیدا حکوومەتی چین تا کۆتایی 2016 پشکنینی ملیڕەحمی بۆ زیاتر لە 60 ملیۆن ژن، و پشکنینی مەمکی بۆ پاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە ئەنجام دا.

ناوەندی تەمەنی ژنان لە چین لە ساڵی 2015 گەیشتە 79.43 ساڵ، و ژمارەی ئەو ژنانەی لە ماوەی منداڵبووندا دەمردن گەیشتە سەد هەزار کەس کە لە 10% کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2010دا. ڕێژەی ژنانی کارگەر 42.9% سەرجەم رێژەی کارگەرانی وڵات پێکدێنێت.

بەرنامەی گەشەپێدانی ژنانی چین لە نێوان ساڵانی 2011 تا ساڵی 2020 ئاماژە بە زیادبوونیڕێژەی ژنانی بەشداربوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری حکومی و بەشداری لە ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان دەکات، و بەپێی ئەو بەرنامەیە کار کرا بۆ زامنکردنی خوێندنی ئیلزامی بۆ ژنان و ڕاگرتنی دیاردەی خۆدزینەوەی کچان لە خوێندن، و کارکردن بۆ یەکسانی کوڕان و کچان لە وەرگرتن لە زانکۆکاندا، وبایەخدان بە خوێندنی باڵا.

شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ساڵی 2017 ئاماژەی بە ڕۆڵی ژن و یەکسانی لە مافەکاندا وەک هاووڵاتییەک شان بە شانی پیاو و ئەرکە جۆراجۆرەکانی لە کۆمەڵگادا لە بواری بەرهەمهێنان و پەروەردەی خێزان و بورایڕۆشنبیری و پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو کرد، ئەمە جگە لە ڕۆڵی ژنان لە نێو حزب و دامودەزگانی و بەڕێوبەردنی کارەکانی، و لە هەمووی گرنگتر بەشداریکردنی لەڕزگاری وڵات و بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی چین و ئەنجام گەشەپێدان تیایدا.

ئەمینداری گشتی حزب جگە لە جەختکردنی لەسەر گرنگی پێگەیاندن ژنان لە واڵاکردنی دەرفەتی بەتواناکردنیان لە سەرانسەری جیهاندا، پێی وایە مەسەلەی یەکسانی نێوانڕەگەزەکان بابەتێکی بایەخدار و گرنگە، و مێژوو سەلماندوویەتی کەڕزگاری مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی،بەبێڕزگاری و پێشکەوتن و گەشەپێدانی ژنان نایەتە دی.

بەشداری ژنان لە بواری سیاسیدا لە چین پەرەیسەندووە. ژمارەی نوێنەرانی ژنان لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چیندا 551 ژن بوو لە کۆی 2287 نوێنەر، واتە بە رێژەی 24.1%دا، لە کاتێکدا لە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب 23% بوو.

لە سەر ئاستی جیهانیدا ئەمینداری گشتی حزب لە ساڵی 2015 و لە حەفتاهەمین ساڵڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان و بیستەمین ساڵڕۆژی چوارەمین کۆنگرەی جیهانی ئافرەتان کە لە 1995 لەپەکین بەسترابوو، جەختی لەسەر پابەندبوونی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و گەشەپێدانی ژنان و دانانی نەخشە و پلانی باش بۆ گەشەپێدانی، کردەوە. لە هەندێ بۆنەی دیکەدا شی جین بینگ دووپاتی گرنگی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، و کارکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای هەماهەنگ و هاوئاواز تا گەیشتن بە نەهێشتنی تەواوی توندوتیژی و ئەنجامدانی  یەکسانی تەواو، و ئاشتی و گەشەپێدان و هێمنی لە جیهاندا، کردۆتەوە.

هەر لە سەر ئاستی جیهانیدا ئەمینداری گشتی حزب پرۆژەی پێنج ساڵەی پشتگیرکردنی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی ڕاگەیاند کە بریتییە لە بنیاتنانی سەد پرۆژە بۆ تەندروستی ژن و منداڵ و ناردنی تیپی پسپۆڕیپزیشکی بۆ خزمەتگوزاری و بنیاتنانی سەد پرۆژەی داڵدەی زانکۆیی بۆ پشتگیریی خوێندنی کچانی هەژار و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنیان. جگە لەمەش چین میوانداری 30 هەزار ژنی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کرد بەمەبەستی دانانی بەرنامەی مەشق پێکردن و تواناسازی بۆیان.

ستراتیجی گشتی بواری گەشەپێدان و بەرنامەی تواناسازی ژنان لە چیندا ئەم بوارانەی خوارەوەی گرتۆتەوە:

1ـ ماوەدان بەوەی هەر خێزانێک دوو منداڵی هەبێت لە کاتێکدا سیاسەتی سنووردانان بۆ لە دایکبوونی کۆرپەکان لە ساڵی 1978 تا ساڵی 2015 بریتی بوو کە هەر خێزانێک یەک منداڵی هەبێت. دوای هەندێک هەموارکردنەوە لەم بوارەدا کە بواردرا بوو بە کەمە نەتەوایەتییەکان دوو منداڵی هەبێت، لە 29ی ئۆکتۆبەری 2013 بڕیاردرا کە هەر خێزانێک دوو منداڵی هەبێت.

2ـ دامەزراندنی لێژنەی نیشتمانی تایبەت بە منداڵان و ژنان سەر بە ئەنجوومەنی دەوڵەت، وەک دەزگایەکی هەماهەنگی و ڕاوێژکاری کاری حکوومەت، بەمەبەستی داڕشتن و ڕێکخستنی هێڵە سەرەکییەکانی ستراتیجی گەشەپێدانی منداڵان و ژنان لە پارێزگاکان و ناوچەکانی ئۆتۆنۆمیدا.

3ـ دابینکردنی فرسەتی یەکسانی کارکردن لە نێوان ژن و پیاو و دابەشکردنی داهاتی ئابووری و بەرهەمی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەمەبەستی گەشەپێدانی ژنان و ئەنجامدانی یەکسانی.

4ـ هاندانی ژنان بۆ سەرلەنوێ کارکردن و بەشداری لە کاری بازرگانیدا.

5ـ یایەخدان بە خوێندنی باڵا و کارکردن لە بوارەکانی کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان و پیشەسازی تەکنۆلۆجیای بەرز و نوێ.

6ـ چەسپاندنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ژنانی شارنشین، و دابینکردنی مووچەی خانەنشینی و بیمەی بێکاری و تەندروستی و پاراستنی دایکایەتی.

7ـ بایەخدان بە ڕۆڵی ژن لە ئابووری لادێ و لە چالاکی کشتوکاڵیدا.

8ـ پەرەپێدانی بایەخ و چاودێری کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاری گشتی کۆمەڵگایی و ژیانی خێزان بە جۆرێک فرسەتی پشوودان بۆ ژنان واڵا بێت، و ئاسانکاری لە کاروباری ناوماڵ ئەنجام بدرێت، و ئاسانکاری بۆ ماڵەکانی بایەخدان بە ساوایان و باخچەی منداڵان بکرێت.

9ـ پاراستنی مافی یاسایی کچان لە خۆشگوزەرانی ژیان و گەشەپێدان و نەهێشتنی جیاوازی نێوان نێر و مێ لە بواریڕێکخستنی خێزان و ماوەنەدان بە دەستنیشانکردنی ڕەگەزی کۆرپەلە تەنیا بەمەبەستی پزیشکی نەبێت.

10ـ بایەخدان بە ژنانی بەساڵاچوو و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان.

11ـ بایەخدان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاری هاوبەش لەم بوارەدا بەمەبەستی نەهێشتنی توندوتیژی و تواناسازی ژنان لە سەر ئاستی جیهانیدا.

  • 1