ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بێگومان پاش دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتەکەى عادل عبد المهدى. بۆشاییەکى سیاسى و ئیدارى لە عێراق دا پەیدا ئەبێ چونکە تەنها کاروبارە ڕۆتینیەکان بەڕێوە ئەبات و هیچى تر..

بە واتایەکى تر هەمو ئەرک و کارە کۆنەکان کەڵەکە ئەبن و ئەرک و کاری نوێی وڵات/ یش ڕائەوەستێ. لەم دو حاڵەتەیش دا ئەگەر بۆشاییە سیاسیەکە درێژە بکێشێ لە هەمو ئاستێک ئەبێ بە مایەى گیروگرفتی نوێ و هێندەى تر بارودۆخەکە ئاڵۆز ئەکات...

وەک ئاشکرایە خۆپیشاندەران داواى پێک هێنانی حکومەتێک ئەکەن, دور بێ لە دەستى لایەن و پارت و کەسایەتیە سیاسیەکانى پێشوو. واتە سەربەخۆ بێت. کارا و سەر بە جەماوەرى ڕاپەڕیو بێ و داواکاریە جۆراوجۆرکانیان جێ بەجێ بکات ... هتد..

جا ئاخۆ پێک هاتەى کۆمەڵگەى سیاسی عێراق کە لە ٢٠٠٥ وە حوکمی عێراق ئەکەن بوار ئەدەن ئەو جۆرە حکومەتە بێتەکایەوە؟ ئایە ئامادەن نەک تەنها هەر دەسەڵات و داهاتیان لە دەست بچێ. بەڵکو سبەى ڕۆژ بە کێش بکرێن بۆ دادگا دەربارەی دزى وجەردیی و مشەخۆری و تاڵان چیەکانیان!؟ یان بە تۆمەتى کوشتن و بریندارکردن و فڕاندن و گومکردن و کەم ئەندامکردنی هەزاران لە جەماوەری خۆپیشاندەران, کە ئەمانە داخوازی جدی و بەپەلەى خۆپیشاندەرانە

لە ساڵى ٢٠٠٥ وە ئەم دەستەو دایەرەیە بەتەواوى دەسەڵاتى سیاسی و ئابورى عێراق / یان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە بە پێى ئەو پلان و نەخشەیەى کە (پۆل پریمەر) ى حوکمڕانی ئەمریکا بۆى داڕشتون . ئێستا هەر لایەنێک لەوانە حکومەتێکى (سێبەریان) بۆ خۆیان و میلیشیاى تایبەتیان هەیە و لە نێو سوپاى ـ نیزامى ـ دەوڵەت / ی شدا پێگە و بنکە و کاربەدەستیان هەیە!! بێجگە لە حەشدى شەعبی. هەر بۆیە خۆپیشاندەران قەبوڵ ناکەن ئەمانە لە حکومەتى نوێ دا بەشداربن و نوێنەریان هەبێ.

کێشەکە لێرەدایە .. ئەم حکومەتە نوێ/ یە کامەیە؟ کێ پێکى دەهێنێ, کێ متمانەى پێ ئەدا؟! 

چونکە لەلایەکەوە وەکو دەرئەکەوێ خۆپیشاندەران نەیانتوانیەوە (بەدیل ـ جێگرەوە) بۆ حکومەتى پێشو دیارى بکەن و ڕای بگەیەنن و سوور بن لەسەر فەرزکردنى. لەلایەکى تریشەوە لایەنە نیشتمان پەروەرە چەپەکان کە بە ڕاستى پشتیوانى خۆپیشاندەرانن. هەرچەندە یەکگرتونین پاشەکشەیان کردوە نایانەوێ بێنەکایەوە کە ئەمە لە خۆى دا بەربەرەڵاکردنە بۆ کەس و لایەنى تر کە دەست لەکارەکە وەربدەن و گەمەى تێدا بکەن. چونکە کەس و لایەن هەیە. پێشنیاز ئەکەن کە خۆپیشاندەران لەگەڵ کەرت و لایەنە سیاسیەکان بە (تەوافق) حکومەتى نوێ پێک بهێنن!! واتە (پینەوپەڕۆى وەزعەکە بکەن)!!

ئەمانە هەموى لەلایەک, لایەکى تر هەیە. کە وەکو هەست ئەکرێ کە جەماوەرى ڕاپەڕیو پشتگوێى خستوە یان بێ ئاگایە لێى, ئەویش دەستى یگانەیە (دەرەکى دورو نزیک) کەلە پاش ڕوخاندنى ڕژێمى (بەعس) ەوە لەم, وڵاتەدا پێگەو جێگە و بەرژوەندى هەمە جۆرى خۆیان هەیە و بە هەردو شێوەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵ ئەدەن بارودۆخەکەى عێراق بەو بارەدا ئاڕاستەبکەن کە زیان بە بوون و بەرژەوەندیەکانیان نەگەیەنێت و بەردەوامبن لە دەست تێوەردان لەکایە سیاسیەکەدا. لە پێکهاتەى حکومەتى نوێ دا!! هەریەکەیان هێزو لایەنگرى خۆیان هەیە!! واتە ئەمەیش کۆسپێکى ترە لەرێى پێکەوەنانى حکومەتەکەدا!!

ئەوەتا ئەمریکا کێشەکەى عێراق / ى گەیاندە (ئەنجومەنى ئاسایش). واتە ئەیەوێ بیکات بە کێشەیەکى نێو دەوڵەتى گوایە. لەبەر ئەوەى مەترسى لەسەر ئارامى و ئاسایشى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و بەرژوەندى دەوڵەتانى تر هەیە. کورد واتەنى ئەیەوێ (( بەڕەکە لە ژێر پێى خۆپیشاندەران ڕابکێشێ)) لەو ڕیگەیەشەوە کاریگەرى ئێران لەسەر عێراق ناهێڵێ و ئەمەیش جەوهەرى مەسەلەکەیە. بە واتایەکى تر داکۆکى کردنى کاربەدەستانى ئەمریکا لە خۆپیشاندەران و ئەم هات و هاوارەى, لەبەر خاترى جەماوەرى ڕاپەڕیو نیە بەڵکو بۆ پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆیەتى لە عێراق دا.

لەلایەکى تریشەوە کەرت و هێزە دەسەڵاتدارەکان بە شێوازێکى تر دابەزیون بۆ کۆنترۆڵکردنى بارودۆخەکە. لەلایەکەوە ژمارەیەک پیاوکوژیان بە چەقۆ و خەنجەرەوە ـ لەبرى گازى خنکێنەر و گوللە ـ بۆ پەلاماردان و کوشتنى خۆپیشاندەران, لەلایەکى ترەوە لایەنگرانى خۆیان ئامادەکردوە و خۆپیشاندانى جیاوازى دژى جەماوەرى ڕاپەڕیو ساز دەکەن. بە مەبەستى شێواندن و تێکدانى بارودۆخەکە و پاشەکشە پێ کردنى خۆپیشاندەران کە هیچ دور نیە شەڕى ناوخۆى لێ پەیداببێ.