ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرلەمان ئەو شوێنەیە كە تێیدا پارێزگاری لە ماف ودەنگی خەڵكی هەژار و ستمەلێكراو دەكات, كەئەمەش لەلایەن كۆمەڵێك ئەندامی نێو ئەوپەرلەمانەوە ئەم كارە دەكرێت, كە خەڵك دەنگی پێداون لەكۆتایش ڕەوانەی ئەو شوێنە دەكرێن كە پێی دەگوترێت(پەرلەمان).

كە بەبێ جیاوازی ئاین و فكرو مەزهەبەوە داكۆكی لە مافی تەواوی خەڵكی خۆیان دەكەن و دەبنە بەربەستێك بۆ حكومەت لە بەرامبەر گەندەڵی و نایەكسانی دا كە ئەمە خۆی لە بنەڕەتدا ماناو ئەركی پەرلەمان بەم شێوەیە كە لە وڵاتانی دیموكراسی و ئازاد پەیڕەوی دەكەن هەرچەندەش لەو وڵاتە دیموكراسیانەدا كە بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستەبەر كراوە زۆر جاران پەرلەمان تووشی ئیفلیجی دەكرێت بەڵام لەهەمان كاتیشدا پەرلەمان خاوەن هەژموونێكی بەهێزی تایبەت بەخۆیە كە چۆك بۆ هیچ لایەك نادات لە پێناو خەڵكەكەی, بەڵام لەو وڵاتانەی كە بەناو دیموكراسین كە خۆیان لەنێو بەرگێكی دیموكراسیدا شاردۆتەوە لەگەڵ ئەوەشدا هەڵستاون پەرلەمانیان درووستكردوە بۆ ئەوەی كە بگوترێت وڵات لە ئاستی دیموكراسی دایە كەچی دەبینین ئەو جۆرە پەرلەمانە لە ژێر هەژموونی حزبێكە یاخود لایەنێكە یاخود زۆرجاریش دەسەڵات گوێ بۆ پەرلەمانیش ڕاناگرێت و لەم نێوەندەشدا كێشە چینایەتییەكان قوتدەبنەوە وەك ئەوەی ئێستا لەنێو پەرلەمانە خۆماڵیەكەی خۆمان دەگوزەرێ‌.

جیاواز لەمانە قەوارەی باشووری كوردستان كە ماوەی 28 ساڵە نیمچە سەربەخۆییەكی خۆی ڕاگەیاندوە كە لە دەرئەنجام هەستان بینایەكیان بە ناوی پەرلەمان درووست كرد بۆ داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد, ڕەنگە لەو ماوەیەدا پەرلەمان چەند كارێكی لە پێناوی گەلی كورد ئەنجام دابێت, بەڵام لە ئاستێكی باڵا نەبووە كە خزمەتی تەواوی مافەكانی هاوڵاتیانی باشووری كوردستان بكات بە تایبەتی كە لەلایەن دوو حزبی سەرەكی نێو گۆڕەپانی باشووری كوردستان كە ئەویش پارتی و یەكێتیە كە بەردەوام هەوڵیان داوە پەرلەمان لە ژێر هەژموونی خۆیان دابێت و نەك لەژێر هەژموونی گەل.

ئەوەی جێگای تێبینیە كە لەم خوولەی پەرلەمان چەند مقۆمقۆیەكی سەیر دەبینرێت كە ئەمەش نازانرێت هۆكارەكەی بۆ ئەوەیە كە ئیتر پەرلەمان وا دەزانێت خەڵكی هیچ كێشەیەكیان نیەو سەرجەم پێداویستیەكانیان دابینكراوە ئەمانەش بەهۆی بێ كاریەوە بۆخۆیان كەوتوونەتە گۆڕینی وشەكان,

كەچی دەبوایە ئێستا پەرلەمان بیری لەیاسایەك بكردبایەوە كەچۆن حكومەت ناچار بكات مووچە پاشەكەوت كراوەكانی فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە یاخود هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ گەرانەوە ی دەڕماڵەی خوێندكاران و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجانی درچووی زانكۆ و پەیمانگاكان , نەك خەریكی گۆڕینی وشەی زیادەڕۆیی بۆ زیادەڕۆكار یاخود ڕێكەوت بۆ بەروار,ئەم جۆرە یاریانە لە كاتێك دا دەكرێت كە هەموو كێشەكانی خەڵك وگەنجان چارەسەر كراو ئەوسا بكەونە نێو هەموو وشەكانی كوردی و جارێكی تر سەرلەنوێ بۆخۆتان دایبڕێژنەوە بە نوێترین دەستەواژەی خۆتان .

ئەوەی جێگای نادادپەروەریە لەنێو ئەو پەرلەمانەدا دەگوزەرێت كە لەهەمان كاتیشدا جێگای داخە دەبینرێت ئەندامێكی نێو ئەو پەرلەمانە لەگەڵ بوونی بە پەرلەمان كەچی ڕاستەوخۆ شەش ملیۆن دیناری پێ دەدرێت جگە لە مخەسەساتەكانی دیكەی , بەڵام فەرمانبەرێك كاتێك دادەمەزرێت چوارسەد هەزارێكی بەزۆر پێی ڕەوا دەبینن كە لەبەیانیەو هەتاوەكو ئێوارە چەندین ئەركی قورس پێی ئەنجام دەدرێت, ئەی باشە ئیتر دەبێت دادپەروەری لە كوێ دا هەبێت؟ بێگومان هیچ كاتێك دادپەروەری بوونی نابێت ئەگەر كێشە زەقەكانی چینایەتی لە نێو خزدی پەرلەماندا چارەسەر نەكرێن..