ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كاتێک وتە و لێدوانەکانی بەرپرس دووربێت لە عه‌قڵ و لۆژیک، واقعبینانه ڕووداوەکان نەبینێ و بەئارەزوو بۆ چوونەکان بخاتە ڕوو، بەتایبەتی ئەو بۆچوونانە لە کەسانێکەوە دەربچێ کە لە دەرەوەی دوو حزبی دەسەڵاتدارەی ھەرێم بن کە بە بەردەوامی ھاتووچۆی بەغدا دەکەن و بۆ جارێکیش کۆتایی ھێنانی تەوافقیان ڕانەگەیاندووە و بەھیچ شێوەیەکیش گفتوگۆیان نەکردووە، کە واتا جاڕدانی نەمانی تەوافق ده‌لاله‌ته‌ له‌:

١- به‌باشى ڕووداوه‌كان نابینێ. 

٢- دووره له‌واقیعه‌وه و دەربڕینەکانی به‌رهه‌می ئه‌و چوارچێوه ‌و دنیابینییه‌ ته‌سك و مه‌وداكورتەیە‌ كه ‌خۆی تێیدا ده‌ژی. 

٣- لەبری کەسانیتر یان حزبی تر ئەو بۆچوونانە ده‌رده‌بڕن، کە واتا شەڕی بریکاریی دەکەن. 

ئەرێ بەڕاست پێم بڵێن لەچییەوە ئەو بۆچوونانە سەریھەڵداوە؟ گەر تەوافق نەبێت چۆن سەرۆک کۆمار لەلایەنی کوردستانی دەبێت؟ ئەی چۆن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ٥٦ کورسییەوە بۆ لایەنی کوردستانی؟ یان سەرۆکی چەندین لێژنەی پەرلەمانی یان وەزیری دارایی و داد و سەدان پۆستی تر، ئەرێ بەڕێزان لەم ڕۆژانەدا نه‌بوو ڕیککەوتن کرا دوو ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بن؟ 

هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت هه‌یه‌ بۆ لێدان له‌ ته‌وافق، ویست هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی سازان، مه‌یل هه‌یه‌ بۆ هه‌ژموون و خۆسه‌پاندن و كاری تاكلایه‌نه‌. بەڵێ ئه‌م هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و ویست و مه‌یلانه‌ له‌ به‌غدا ئه‌و ڕاستیه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ته‌وافق هێشتا بونیادێكی گرنگی كاركردنه‌ له‌ به‌غدا، چونكه‌ وه‌ك گوتم: ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه ‌(لایه‌نی كوردستانی) چۆن ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ هه‌ستیاره‌یان بۆ مسۆگه‌ر ده‌بوو؟ 

سیاسه‌ت له‌ هه‌ر شتێك زیاتر كاركردنه‌ له‌ كێڵگه‌ و سه‌رزه‌مینی واقیعدا، سیاسیش له‌ ههموو كه‌س زیاتر پێویسته‌ بوونه‌وه‌رێكی ڕیالیستى بێت، نه‌وه‌ك سۆزدارانه‌ بكه‌وێته‌ هه‌ڵكردنى په‌رده‌یه‌ك به‌ڕووی بونیادێك كه‌ لانی كه‌می بابه‌تیبوون به‌سه‌ بۆ هه‌ستپێكردن و سه‌لماندنی بوونی، كه‌ ئه‌ویش بوونی (ته‌وافق)ه‌ له‌ عێراق دا.

  • 1